سازانی یاسایی لە هیچ شوێنێكی دونیادا نیە

Wednesday, 12/08/2015, 20:49

2053 بینراوە


ئەوەی تۆزێك لە ناوەرۆكی سازان ورد بێتەوە بۆی روون دەبێتەوە كە سازان پێش هەموو شتێك دانوستان و تەنازولی لایەن و كەسایەتیەكانە بەرامبەر یەكتر، واتە سازان گەیشتن بە دەرئەنجامی قەناعەتپێكردنی سەرجەم لایەنەكانە ئەگەر لەسەر حەق بن یا نا، بە دانوستان، ئەمەش هیچ حەقێكی یاسایی تیدا نیە و هەر وەك مامەڵەی كرین و فروشتنی كاڵایەك لێدێت و لەسەر حسابی یاسایە.بۆیە بە هیچ شێوەیەك سازان بە یاسا ناگونجێنرێت بەڵكو بە پێیشێلكردنی یاسا و ناوەرۆكەكەی لەبەر خاتری لایەنی ناحەق مەیسەر دەبێت.بۆیە بۆ زۆر بابەتی گرنگ و فرەهەند و پەیوەست بە بەرژەوەندی خەڵكەوە، بەهیچ شێوەیەك ناكرێت سازش لەسەر بەشێكی بكرێت یان لەسەر بۆچون و حەقێك بكرێت بۆ ئەوی تری بەرامبەر، ئەگەر ناوەخنی سازانیش لێك بدرێتەوە ئەویش جگە لە سازش و لێكنزیكبونەوە لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندی هەمەچشنی دانوستانكار هیچ شتێكی تر ناگەیەنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هیچ پەیوەندیەكی بە یاسا و ئەحكام و رێوشوێنە یاساییەكانەوە نیەكە حەق لە لای یەكێكە لە هەر پرسێكی جێی جیاوازی نەك لای هەمووان.لەم بەینەشدا دەتوانرێت سازان بە سوڵحێكی كۆمەڵایەتی لە كێشەیەكی عەشایەری بشوبهێنرێت كە پێش دادگا بگەنە ئەنجام و لێكحاڵیبون و رازیبون.
لە پرسێكی كتومت یاسایی وەك هەڵبژاردنی سەرۆكی هەریمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی و سیستمی سیاسی لە كوردستاندا، جگە لە بابەتێكی یاسایی رووت و فرە رەهەند ناتوانرێت ناوی هیچ شتێكی تری لێبنرێت.ئەگەر لایەنەكان بیانەوێت بە رێگە عەشایەریەكەی و دوور لە یاسای رەق و تەق چارەسەر بۆ پرسەكە بدۆزنەوە و سەرجەم لایەنەكان بە حەقانی و ناحەقانیەكەوە رازیكەن، ئەوە سازان خۆی فەرز دەكات بەسەر یاسادا نەك لەگەڵ یاسادا بگونجێنرێت.لە یاسادا شوێنێكی ناوەراست نیە، تۆمەتبار یان بێ تاوانە یان تاوانبارە.بۆیە یاسا لە پرسی سەرۆكایەتی یان حەق بە پارتی دەدات لە راوبۆچون و هەڵوێستی و داواكانی یان بە چوار لایەنەكەی تر، كە لە بۆچون و هەڵوێستەكانیان سەت وهەشتا پلە پێچەوانەی یەكترن و، لایەنی تر وەك خەڵكی خێرخواز دەیەوێت بەو شێوە عەشایەریە نیزیكیان بكاتەوە.بۆیە باشتر وایە، یان سازان دوور لە ناو و ناوەرۆكی یاسا بە ئەنجام بگەیەنن و ناوی یاسا لەكەدار نەكەن یان یاسا وەكو خۆی جێبەجی بكەن.
ئەم بۆچونانەش دەربارەی سازان و پشت بێبەستنی وەنەبێت تەنها لە كوردستاندا هەبێت و لە شوێنەكانی تر بێ یاسایی نەكرابێت، ئەوە عیراقە بە پێی حیاوازیە ئیتنی و رەگەزیەكان لە روخانی سەدامەوە تاوەكو دوێنێ لەسەر سازان و لێكنزیكبونەوە و ریككەوتنی دەرەوەی یاسا كارەكان و بەرێوەچون و بە رێكخستنی شەكلی بە یاساوە گرێدراوە، ئەگینا زۆرینە و كەمینە و یاسا رۆڵی یەكلاكەرەوە لە چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و گرێكوێرە و ئاڵۆزیەكاندا دەبینێت و مافی هەموان دابین دەكات بێ زوڵم و ناحەقی لە هیچ لایەن و كەسێك و، لەوێشدا دەستور مەرجەعی سەرەكی یاسا و تەفسیری یاسا و بریارەكانە.بەڵام سازان ئەگەر لایەنەكان بگەیەنێتە یەك بۆ ماوەیەك لە دواجاردا هەر دەبێت یاسا خۆی فەرز بكات بەسەریدا چەند كاتەكەش دوا بكەوێت، بەڵام ئەو دەردانە سەلبیەی لە سازاندا دەبینرێت هەمیشە گەل باجەكەی دەدات.
بۆیە ئەگەر بە راشكاوی لە پرسی ئەمرۆی سەرۆكایەتی هەرێم براونین وا بە باشتر دەبینرێت، كە یاسایەك ئەمرۆ خۆی فەرز بكات و، لایەنێك یان چەند لایەنێك باجی بدەن باشترە كە سازان خۆی فەرز بكات و لە دواجاردا گەل باجەكەی بدات، ئەمە ئەگەر یاساكە لە بەرژەوەندی پارتی و بۆچون و ویستەكانی كەوتەوە، یان بۆ لایەنەكانی تر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە