تاوانەکانی (الحشد الشعبي) بەرانبەر بە کورد

Friday, 14/08/2015, 10:01

2803 بینراوە


هێزەکانی (الحشد الشعبي) کە لە چەندین گروپی چەکداری بێ سەرەوبەرەی شیعەکان پێکهاتووە، کە زۆربەیان سەر بە حیزبەکانی شیعەکانن..بەشێکی زۆریان توندڕەوی مەزهەبین و، گوێ بە یاسا و رێسا و، بە بەها کۆمەڵایەتی و مرۆیی و رەوشتییەکان نادەن..تا ئێستا بە ئاشکرا و بە نهێنی چەندین تاوانی ناڕەوا و قێزەوەنیان بەرانبەر بە خەڵکی سڤیل و بێ تاوان ئەنجام داوە، بە تایبەتیش بەرانبەر بە سونە عەرەبەکان و بە کورد..چونکە لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە پێکهاتووە، ئەوەندەی هاوبەستەبوونیان بۆ حیزب و تایفە و مەزهەبەکەیان هەیە، ئەوەندە سۆزی نیشتیمانییان و بۆ عێراق نییە.
لە ناوچەی حەمرین و دوزخورماتوو و جەلولا و سەعدی یە و داقوق تا ئەمڕۆ ئەمە هێزە شیعە مەزهەبییانە، گێچەڵێکی زۆریان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی ناوچەکە کردووە کە زۆربەیان کوردن..هەر شەقاوەکانی (الحشد الشعبي) لە دوزخورماتوو، تا ئێستا چەند کوردێکی بێ تاوانیان کوشتووە..لە نێوان چیای حەمرین و (قەزای عوزێم) ی سەر رێگای کەرکوک و بەغدا، تا ئێستا چەندین کوردیان رووت کردۆتەوە، چەندین کوردیشیان گرتووە، کە لە نێوانیاندا، چوار لە پاسەوانی سەرۆک کۆماری عێراقی تێدان، کە تا ئێستا بێ سەر و شوینن، چارەنووسیان نازانرێت، سەرەڕای هەوڵێکی زۆر بۆ دۆزینەوە و ئازاد کردنیان.
دوای رزگارکردنی قەزای جەلولا و ناحیەی (سەعدیە) کە پێش ئەوەی بەعس و بیانخاتە سەر پارێزگای دیالە بۆ بە عەرەبکردنی ئەو ناوچە کوردستانییانە کە سەر بە پارێزگای کەرکوک بوون..دوایی کەوتنە ژێردەستی داعش..ئەوە بوو پێشمەرگە جەلولا و سەعدیە و زۆربەی ئەو ناوچانەیان لە داعش پاک کردەوە..بەڵام هێزێکی نێراوی (الحشد الشعبي ) دوایی بەسەر حازریدا هاتن و، گێچەڵیان بە هێزەکانی پێشمەرگە و بە خەڵکی ناوچەکە دەکرد، کە بە زۆری کوردن..(الحشد الشعبی) چەند بازگەیەکی پشکنینیان لە سنووری شارۆچکەی سەعدیە دانا..بۆ ئەوەی نەهێڵن و رێ لە گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان بگرن کە (سوننە)ن، کە زێدی هەزاران ساڵەی باو و باپیریانە..بەڵام دوای فشارێکی زۆر، بەشێک لە خێزانە کوردەکانی سەعدیە گەڕانەوە بۆ سەعدیە و، چوونەوە ناو خانووە وێرانکراوەکانیان.دەستیان بە خزمەتکردنی باغ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کرد..بێگومان (الحشد الشعبي) بە گەڕانەوەی ئەو خێزانە کوردانە پێخۆشحاڵ نەبوون، لە بەر ئەوەی کە کوردن و سەعدیە زێدی خۆیانە..ئەمەیە وەکو دەڵێن : ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام کراوە..ئەم فشارخستنە سەر کوردەکانی سەعدیە، نەخشەکێشراوە و، دەستی کاربەدەستانی حکومەتی عێراق و سەرکردەکانی شیعەکانی لە پشتە.
لە شەوی شەممە لەسەر یەک شەممە (١١/ ٧/ ٢٠١٥)، لە سەعدیە گروپێک لە شەقاوەکانی (الحشد الشعبي)..تاوانێکی قێزەوەنی تریان دەرهەق بە جووتیارە کوردەکانی سەعدیە ئەنجامدا..رووبەرێکی زۆری باغ و زەویی کشتوکاڵی کوردی(سەعدیە) یان سووتاند..بۆ ئەوەی خێزانە کوردەکان سەعدیە ناچار بکەن کە چۆڵی بکەن و بە جێی بهێڵن..ئەم سیاسەتە رەگەزپەرستی و شیعەپەرستییەی کە هێزەکانی (الحشد الشعبی) پەیڕەویی دەکەن، کردەوە قێزەوەنەکانی (الجیش الشعبي) حیزبی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بە بیری ئێمەی کورد دەهێنێتەوە..خۆ (الحشد الشعبي) ش لەسەر ئاواز و سەروای (الجیش الشعبي) یە..هواتاوان و هاوکردەوە قێزەوەن..(الحشد الشعبي) بەرانبەر بە کوردی سڤیلی ئەو ناوچانە، خۆیان کردووە بە شێر..کە چی لە شەڕەکانیاندا لەگەڵ داعشدا بوونە بە رێوی و لە باشکشە و هەڵهاتندان.
 ئاشکرایە کە ئامانجی گڵاوی (الحشد الشعبي) بە عەرەبکردن و بە شیعەکردنی ئەو ناوچە کوردستانییانەیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی و مەزهەبی لە بەرژەوەندی خۆیاندا..ئەم سیاسەتە رەگەزپەرستی و شیعەپەرستییە، ترسناک و ئەنجام خراپە.
پێویستە حکومەتی کوردستان و هەموو حیزبە کوردستانییەکان بێ دەنگ نەبن و رووبەڕووی ئەم سیاسەتە ببنەوە، رێیان پێنەدەن کە بۆیان بچێتە سەر.
ئێمە زۆر بە توندی پرۆتستۆی ئەم تاوانانە دەکەین، داواش لە سەرانی شیعە و سەرکردەکانی (الحشد الشعبي) دەکەین دەست لەم سیاسەتە جیاوازی و ناشارستانی و نامرۆییانەیان هەڵبگرن و پەڵەیەکی رەش و شەرمەزاری بە تەوێڵی خۆیانەوە نەنێن..ئەگیانە چی بەسەر (الجیش الشعبي)ی گۆڕبەگۆڕدا هات..ئەگەر لەم تاوان و کردەوە چەوتانەیان پاشگەزنەبنەوە..هەمان ئەنجامیش بەسەر (الحشد الشعبي) دا دێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە