دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە 2020دا


مێژووی موکریان و دەوڵەمەندبوونی لە سەرجەم بوارەکاندا

Friday, 08.14.2015, 21:51

3169 بینراوە


ئیماڕەتی موکریان لە سەدەی 9 تاوەکوو 13ی کۆچی لە زۆربەی کتێب و نووسراوە مێژووییەکاندا باسکراوە، بەڵام پێشتریش وەک "واسیلی نیکیتین" لە کتێبەکەی خۆیدا شیی دەکاتەوە، چیرۆکی زۆر دەربارەی مێژووەکەی باس کراوە، بە بۆچوونی ناوبراو زاراوەی دانیشتوانی موکریان زیاتر لە هەموو زاراوەکانی دیکەی کوردی لە زمانی ئەوێستایی زەردەشت نێزیکە و موکرییەکان ڕەچەڵەکیان دەگەرێتەوە بۆ "مادەکان". 
بە باوەڕی من وشەی موکری بۆچۆنی زۆری لەسەرە، بەڵام من زۆرتر "موغری" و "موغرا"  کە دواتر بووەتە "مقران" و موکران بە نزیکتر لە مانا ڕاستەکەی دەزانم، بەڵگەی ڕاست و سەلمێنەر بۆ ئەم مانایەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی پاشا و سەردارەکانی ساسانی و موغەکان لە تیسفوونەوە دەکەونە ڕێی بۆ بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی ئایینی لە" تەختی سولەیمان" لە نزیک شاری "شید" یان تیکاو. ئەو دەشتە پان و بەرینەی موغەکان ڕێگەی سەفەرەکەیانی پێدا تێپەڕ دەبوو و دەڕۆیشتن تا دەگەیشتنە شوێنی مەبەست و "پەرستشگەی ئازەر گوشەسب" ، ناوی دەنێن "موغرا واتە ڕێگای موغان یان ئەو ڕێگەیەی موغەکان پێیدا دەرباز بووەن".
موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە لە ناوچەیەکی گەورە و بەرفراوان و شارستانەکانی مەھاباد،بۆکان،شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، نەغەدە، و باشووری ورمێ، سائین قەڵا، تیکاو و ھەروەھا بەشێکی بچووک لە شاری سەقزیش دەگرێتەوە. لە بواری ئابوورییەوە، سەرچاوەی ئاوی زۆر، کانزاکانی دەوڵەمەندی ژێر زەوی وەک زێڕ، مس، ڕووی و سورب لە ناوچەکانی سەردەشت، تیکاب و سائین قەڵادا، چاوگەی جیوە لە مەھاباددا، سیلیس لە دەوروبەری پیرانشاردا و ئاڵمینیۆم لە بۆکان و ...ھتد بوونەتە ھۆی ئەوەی بە ناوچەیەکی گرنگی ئابووریش بزانرێت.
  لە کتێبی" فرمانروایی مکریان در کردستان از دوران باستان تا عصر قاجار" لە نوووسینی  کاک محەمەد جەمیل ڕۆژبەیانی دا هاتووە کە پێش سەدەی 3ی کۆچی مانگی، ناوی هیچ یەک لە شار و گوندەکانی ئەم ناوچەیە تورکی نەبووە و دوابەدوای هێرشی تاتار و مەغۆل و هەروەها هاتنی هۆزە تورکمانەکانی " آق قویونلو" و "قراقویونلو" زۆربەی گوندەکان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تەتریک(بە تورک ردن) و هێرشی دڕندانە و دوای ئاگر تێبەردانی شار و گوندەکان ناوەکانیان گۆڕدراوە بۆ تورکی و ئەمەش درێژەی هەبووە تا سەردەمی درووستبوونی ئیمارەتی موکری و بەرگری قارەمانانەی "میر سەیفەدین خانی موکری" و دواتر سارم بەگی موکری" و  کوژرانی ئەم میرە ئازاییەی ناوچەی موکریان کە لە شەڕی شا ئیسماعیلی سەفەویدا دەیکوژن و داستانی بە ناوبانگی "موکری قڕانی" لێدەکەوێتەوە.
دەگەڵ هەموو ئەمانەش دا جینایەت و کوردقڕانی دیکە لە لایەن هەر یەک لە پاشاکانی سەفەوییە و قاجاڕییە و پەهلەوییەوە و ویلایەتی فەقێی لە دژی دانیشتوانی ناوچەی موکریان ئەنجامدراوە و دەیان داستانی بەرگری و حەماسەتی قارەمانانە تۆمار کراوە، نموونەکانی وەک قەڵای "دمدم" و ئەمیرخانی لەپ زێڕین، قارەمانیەتی هەمزئاغای مەنگوڕ، بە دەسەڵات گەیشتنی سەردار عەزیزخانی موکری لە سەردەمی قاجاڕ و شۆڕشی سمایل خانی سمکۆ و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە لایەن پێشەوای نەمر قازی محەمەد لە شاری مهاباد لە سەردەمی پەهلەوییەکان، و دواتر دوای هاتنی خومەینی و دەرکردنی حوکمی جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد کوشتنی دانیشتوانی گوندەکانی ئیندرقاش و قومقەڵاو...هتد، بەشێکی کورتە لە مێژووی کۆن و نوێی ناوچەی موکریان و خۆڕاگری لە هەمبەر پیلانی دوژمنانی داگیرکەری کوردستان بە مەغۆل و تورک و فارسەەوە.
هاوکات دەوڵەمەندیی ناوچەی موکریان لە بەشی کشت و کاڵ و ئابووری تا ئەو ڕادەیەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن لە باس کردن و ناوهێنانی خۆیان ببوێرن.
سەرۆكی رێكخراوی پیشەسازی و كانگاكانی پارێزگای ورمێ بە ئاژانسی هەوالنێریی خوێندکارانی ئێران"ئیسنا"ی ڕاگەیاندوو کە لە یەكێك لە گوندەكانی شاری سەردەشت كانگایەكی نوێی زێڕیان دۆزیوەتەوە کە مۆڵەتی دەرهێنانی ئەم کانگای زیڕەيش دراوە بە كۆمپانیایەكی تایبەت و بەپێی قسەكانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی چاوەڕواندەكرێ لەو كانگا نوێیەدا 763 هەزار تەن بەردی زێڕ هەبێت.
کەس نیە نەزانێت کە خودی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەدەدەن كە ئێستا جیاواز لە دوو كانگای بە ناوبانگی(زرەشوران و ئاغدەرە) لە نزیک شاری تیکاو، لە هەر یەک لە شارەكانی پیرانشار و سەردەشت و سائین قەڵا  لە ناوچەی موکریان کە هەموویان سەر بە پارێزگای ورمێن، تیمی هەڵكەندن و لێكۆڵینەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی كانگای دیكەی زێڕدان.
كانگای (زرەشوران)ی تیكاو، گەورەترین كانگای زێڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرانە كە پێشبینیكراوە نزیكەی 4 ملیۆن تەن بەردی زێری هەبێت كە لە هەر تەنێكدا 6.8 گرام زێر هەیە.
دۆزینه‌وه‌ی سێهه‌مین کانگای زێڕ کە له‌ ناوچه‌یه‌ک به‌ ڕووبه‌ری 36کیلۆمه‌تر، له‌ ڕۆژهەڵاتی شاری پیرانشار دۆزراوەتەوە و پاشه‌که‌وتی شیمانه‌یی زێڕ له‌و کانگایه‌196 هه‌زار تەنه‌ و پاشه‌که‌وتی خه‌مڵێندراوی نێزیکەی 96 هه‌زار تەنه‌.
هاوکات دۆزینەوە و دەرهێنانی زێڕ لەم کانگایەش له‌ ئه‌ستۆی "ڕێکخراوه‌ی زه‌ویناسی و دۆزینه‌وه‌ی کانگای ئێرانه"‌ و مۆڵه‌تی دۆزینه‌وه‌شی به‌ ناوی ڕێکخراوه‌ی زه‌ویناسی ئێران ده‌رکراوه‌ و به‌رهه‌م هه‌ڵگرتن له‌ ڕێگای مه‌زایده‌وه‌ ده‌درێته‌ که‌رتی تایبه‌ت کە لە ڕێزی پێشەوەی لیستی کەس و کۆمپانیایی خوازیاری ئەم مامەڵەیە، سپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامی دەبیندرێت.




(دەنگدراوە: 1)