چیرۆک بۆ منداڵان .. میـنا و نـازە

Saturday, 15/08/2015, 15:55

7593 بینراوە


شایەک هەبوو، تەنها کچێکی بچووکی جوان و روخسارشیرینی هەبوو . 
کچەکەی ناوی مینا بوو، تەمەنی یانزە ساڵ بوو .. شا و شاژن  مینایان
زۆر خۆش دەویست .. هەموو بابەتێکی یاری کردنی جوان و سەیریان
بۆ کڕیبوو .. چەند مامۆستایەکی تایبەتیش فێری نووسین و خوێندنەوە و زانست و زانیاری گشتییان  دەکرد . 
شا هەستی بەوە کرد ، کە مینا دڵتەنگ و بێزارە ، زۆر کەم پێ دەکەنێت .
شا چەند پزیشکێکی پسپۆر و چەند شارەزایەکی بانگ کرد .. تا چارەیەک
بۆ بێزاری و دڵتەنگییەکەی مینای کچی بدۆزنەوە .. بەڵام هیچیان پێ نەکرا. 
شا رایگەیاند و بەڵێنی دا .. کە هەرکەسی بتوانێت مینای کچی دڵخۆش بکات
و بیهێنێتە پێکەنین .. بە قەی سەنگی خۆی زێڕی خاوێنی پێدەبەخشێت. 
لە گوندێکی قەشنگ و خۆشی نزیکی شانشیندا ، خێزانێکی جووتیار هەبوو .. بە خۆشی و بە شادی دەژیان .. پیاوەکە ناوی شاباز و ، ژنکەشی ناوی شاناز بوو، کچ و کوڕێکی جوانیشیان هەبوو .. کچەکەیان ناوی نازە بوو ، تەمەنی دوانزە ساڵ بوو .. کوڕەکەشیان ناوی دیاکۆ بوو ، تەمەنی دە ساڵ بوو .
نازە : باوکە ، من دەتوانم خۆشی و شادی بخەمە دڵی مینای کچە شامانەوە .
شاباز ( بە پێکەنینەوە) : نازە گیان .. ئەو هەموو پزیشک و شارەزایانە ، هیچیان پێ نەکرا ، پێم ناڵێیت تۆ چیت پێدەکرێت .. ؟!  
ئەم هەواڵە گەیشتە شا ، یەکسەر ناردی بە دوای شاباز و نازەی کچیدا .
شا ( بە پێکەنینەوە) : نازە خان .. بیستم کە وتووتە دەتوانیت مینای کچم دڵخۆش بکەیت و .. بیهێنیتە پێکەنین .. ئەمە راستە .. ؟!
نازە : بەڵی خاوەن شکۆ راستە .. من دەتوانم خۆشی و شادی بخەمە دڵی میناوە .. بە مەەرجێک .. بەڕێزتان بە ئەم مەرجانەی من قایل بن .
شا ( بە سەرسوڕمانێکەوە ) : مەرج .. بڵێ ، چین مەرجەکانت .. ؟!
نازە : دەبێت بۆ ماوەی نۆ مانگ مینا لەگەڵ ئێمەدا بژێت .. جلوبەرگێکی سادەش لەبەر بکات .. ئێمە چیمان خوارد ، دەبێت ئەو خواردنە لەگەڵ ئێمەدا بخوات .. ئازادیی یاری کردن و تێکەڵبوونی لەگەڵ منداڵانی گوندەکەماندا هەبێت .. لەم ماوەیەدا ئەوەش لە بیری خۆی بەرێتەوە کە کچە شایە .
شا ( هێندەی تر لە مەرجەکانی نازە سەری سوڕما ) : مینا .. کچی شیرینم ، گوێت لە نازە بوو .. بەم مەرجانەی رازی دەبی ..؟ پێت جێبەجێ دەکرێن ..؟
مینا : بەڵی باوکە گیان من بە هەموو داواکانی نازە رازیم و جێبەجێیان دەکەم. 
مینا ماڵئاوایی کرد و .. لەگەڵ شاباز و نازەدا بەرەو گوندەکەیان بەڕێکەوتن . 
مینا لەگەڵ نازە و دیاکۆ و ، منداڵانی گوندەکەدا بوون بە هاوڕێ .. پێکەوە یارییان دەکرد ، پێکەوە دەچوون بۆ قوتابخانە .. بەهار بوو دوای نیوەڕوان دەچوون لە ناو گوڵزارێکی سروشتی .. پڕ لە گوڵاڵە سوورە و گوڵە زەردە و گوڵە حاجیلە ، پێکەوە تیر یاری و چاوشاركێیان دەکرد و .. گۆرانیان دەوت و هەڵدەپەڕین .. تا خۆیان مەستی شادی و خۆشی  دەکرد .. ئینجا هەریەکەیان تاجەگوڵینەیەکی لە گوڵی رەنگاوڕەنگ دەکرد و ، لە سەری خۆی دەکرد .. بە چەپڵەڕێزان و بە خۆشی و شادییەوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە .. پێکەوە نانیان دەخوارد .. شەوانیش داپیرەی نازە نەنە ( گـوڵە ) چيرۆک و هەقایەتی خۆشی بۆ دەگێڕانەوە .. بە خۆشییەوە  دەیکردنە خەو . 
لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ، مینا دڵی پڕبوو لە خۆشی و شادی .. لیۆ بە بزە و دەم بە پێکەنین بوو .. دڵتەنگی و ژیانی تەنیایی ناو کۆشکی شاهانەی لە بیرچوونەوە .. بوو بە کچێکی سادە و خاکی .. زۆر دڵخۆش و رووخۆش و قسەخۆش بوو .. بوو بە هاوڕێیەکی دڵسۆزی منداڵانی گوندەکە . 
دوای نۆ مانگەکە .. شا و شاژن چون بۆ گوندەکە .. خەڵکی گوندەکە و .. مینا و نازە و هاوڕێکانیان بە گۆرانی و چەپڵەڕێزان پێشوازیان لە شا و لە شاژن کرد .. شا و شاژن کە مینایان بە دڵخۆشی و رووگەشی و پێکەنینەوە بینی .. زۆر گەشانەوە و دڵخۆشبوون .. تێر تێر مینایان ماچ کرد .. تێریش نازەیان ماچ کرد و زۆر سوپاس و ئافەرینیان لێکرد .. بە قەی سەنگی خۆشی زێڕیان پێ بەخشی .. خەڵاتیشیان بە هەموو منداڵانی گوندەکە بەخشی .
شا : دەی مینا ماڵئاوایی لە هاوڕێکانت بکە و .. با بچینەوە بۆ کۆشک .
مینا : بە مەرجێک دێمەوە بۆ کۆشک .. کە رێم لێ نەگرن .. رۆژانە دێمەوە بۆ ئەم گوندە .. چونکە من ناتوانم نازە و هاوڕێکانم و ، نەنە گوڵە و تەواوی خەڵکی دڵسۆزی ئەم گوندە و .. ژیانی خۆش و سادەی گوندەکە لە یاد بکەم .
شا بە مەرجەکانی مینا رازی بوو .. بڕیاریشی دا کە قوتابخانەیەکی تازە و باخچەیەکی جوان و قەشەنگیش بۆ منداڵان لە گوندەکەدا دروست بکەن . 
نەرویــج : ٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە