هەژاری ئاستەنگ لەبەردەم تەواوکردنی قوتابخانە درووستدەکات (بەشی دووەم)

Saturday, 15/08/2015, 21:35

5433 بینراوە


ئامانجی من ئەوەیە کە قوتابخانە و ژووری کلاسەکان ببنە جێگایەک کە هەموو قوتابیەکان بە بێ ئەوەی گوێ بدرێتە پاشخانی ئابووریان هەستی متمانەیان بە گەورەکان و هاوڕێکانی کلاسەکەیان لادرووستبێت ئەو کاتە مناڵەکان دەتوانن بیریان بخەنە سەر خوێندنەکەیان.
--------------------
زۆر لە مناڵەکان شەرمدەکەن لەو دۆخەی کە خێزانەکەیان تێدادەژی. تەنانەت هاوڕێکانیشیان نابێت بزانن کە ئەوان لە چ دۆخێکدا دەژین. کاتێک ستینا فێرنکڤیست بە قووڵی هەڤپەیڤینیکرد لە گەڵ مناڵەکان و گەنجەکاندا دەربارەی ژیان لە دۆخێکدا کە تێدا توانای ئابووری زۆر لاوازبێت، چ واتایەک دەبەخشێت. ستینا فێرنکڤیست دەڵێت کە وەک ئەوانی تر پارەت نەبێت لە رووی کۆمەڵایەتیەوە شتێکی تابۆیە. 
کە پارەت نەبێت واتای وایە کە ناتوانێت لە گەڵ هاوڕێکانتدا بچیت بۆ سینەما، ناتوایت بچیت بۆ قاوەخانەیەک و قاوەیەک بخۆیتەوە یان هاوڕێکانت لە گەڵ خۆت بەریتەوە بۆ ماڵەوە لە بەر ئەوەی دەترسیت کە خواردنەکەتان بخۆن و تەواوی کەن. بەڵام بەکارهێنانی شێوازی خۆدزینەوە لەو دۆخانە زۆر مەترسیدارە. مناڵەکان خۆیان دەخەنە ژێر مەترسیەکی کۆمەڵایەتی گەورەوە کە ئەوانی تر پێیان وابێت کە ئەو جۆرە مناڵانە کەسانێکی بێزەوقن و هاوڕێیەتیان خۆش نیە. لە کۆتاییدا تەنانەت پرسیاریشیان لێناکەن و ئەو مناڵانە بەتەنها دەمێننەوە. بەڵام بێشک زۆر ئاستەنگترە کە بڵێیت پارەم نیە لەوەی تەنها بمێنیتەوە. هەژاری لە ژینگەی جیاوازدا بە شێوەی جیاواز خۆی دەردەخات. 
برونا کولیچ کە مامۆستای ناوەندیە راهاتوە لە گەڵ ئەوەی مناڵە هەژارەکان دەبینێت کە توانایان نیە رەوشی خۆیان بشارنەوە. ئەو دەڵێت مناڵە هەژارەکان لەوێندەرێ راوەستاون بە پێڵاوی وەرزشی و پانتۆڵێکی تەنکەوە کاتێک دەمانەوێت خۆخلیسکێنەبکەین. بۆیە پیاو راهاتوە لە گەڵ ئەوەی کە دەستکێش و پانتۆڵی ئەستووری دژە تەڕی و تووشی لە گەڵ خۆیدا بێنێت بۆ ئەوەی مناڵە هەژارەکانیش بتوانن بەشداری خۆخلیسکێنەکەبکەن.
برونا کولیچ ماوەی هەشت ساڵ لە قوتابخانەیەک کاری دەکرد کە دەکەوێتە دەرەوەی سیگتوونا، لەو قوتابخانەیە قوتابی هەموو قوژبنێکی جیهانی لێبوو هەروەها زۆرێک لەو خێزانانە رەوشی ئابووریان زۆر خراپ بوو. برونا کولیچ دەڵێت کاتێک خێزانێک رەوشی ئابووری خراپ بێت ئەوە رەوشی کۆمەڵایەتیشی خراپ دەبێت، ئەو دوو رەوشە لەیەک جوداناکرێنەوە. برونا کلیچ دەڵێت ئەزانیت بۆ ئەو مناڵانە قوتابخانە هەموو شتێکە. قوتابخانە و مامۆستاکان دڵنیایی بەخشی ئەوانن. پیاو زۆر بە ئاشکرا ئەوە دەبینێت. لە رۆژانی هەینیدا هەندێک لەو مناڵانە خۆیان لە قوتابخانە دەهێڵنەوە و نایانەوێت بچنەوە بۆ ماڵ. ئەو مناڵانە لە کلاسەکەیان دێن و دەچن و دادەنیشن یان وێنە دەکێشن تاماوەیەکی درێژ دوای ئەوەی کە وانەکەیان تەواوبوە، ئا تاوەکو مامۆستاکە پێیان دەڵێت ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە بچنەوە ماڵ بەڵام رۆژی دووشەم جارێکی تر یەک دەبینین.
رۆڵی مامۆستا بەپێی رەوشی کۆمەڵایەتی قوتابیەکان شێوە دەگرێت و برونا کولیچ دەڵێت ئەو بەئەندازەی ئەوەی دەرسی وتۆتەوە مناڵەکانیشی پەروەردەکردوە. ئەو هانی قوتابیەکانی دەدا لە رێگەی ئەوەی بەبەردەوامی پێیان بڵێت گرنگە کە لە کاتی خۆیدا بێیت بۆ وانەکەت، تۆ پێویستە نان بخۆیت، لە بیرت نەچێت وانەکانت لە ماڵەوە بکەیت یان پرسیاری لێکردوە ئایە ئەمڕۆ دەرمانەکانت خواردوە.
ئەو پێی وایە کە گومانی تێدا نیە کە رەوشی خراپی ئابووری ماڵەوە کارتێکردنی خراپی هەیە لە سەر نمرەکانی قوتابخانەی ئەو مناڵانە و دەگێڕێتەوە کە جارێکیان کچێک لە حەیبەتا نایزانی چیبکا بەهۆی ئەوەی کە پشتیەکەی دڕابوو. ئەو کچە هەر دەگریا و دەگریا لە حەیبەتا ئاگای لە خۆی نەمابوو. کاتێک بۆیم دووریەوە پێوتم برونا تۆ نازانیت باوکم چەندێک کاردەکات. باوکم ئەوەندە لە دوکانەکەیدا کاردەکات و دەمێنێتەوە کەچی هێشتا ئەوەندە پارەی دەستناکەوێت کە بەشمان بکات. کچەکە وتی بیر لەوەبکەرەوە کە باوکم ناچاربوایە پشتیەکی نوێی بۆم بکریایە، پارەکەمان بەشی ئەوە ناکات. کولیچ دەڵێت ئەوە گومانی تێدا نیە کە کاری خراپ دەکاتە سەر نمرەکانی قوتابخانەی.
ستینا پرسیاری لێدەکات ئایە مەترسی ئەوەنیە کە تۆ وەک مامۆستا ئەوەندە بیر لە بەخێوکردنی مناڵەکان دەکەیتەوە کە دەرسوتنەوەکەت بکەیتە قوربانی؟
کولیچ لەوڵامدا دەڵێت: بەڵی وایە بە نیسبەت هەندێ لە مناڵەکان وایلێدێت. بەڵام ئەوە پێویستە بۆ ئەوەی بەلای کەمەوە بۆ ئەم مناڵانە بەجۆرێک قوتابخانەکەیان بەڕێوەبچێت. ئارمانجی من ئەوەیە کە قوتابخانە و ژووری کلاسەکان ببنە جێگایەک کە هەموو قوتابیەکان بە بێ ئەوەی گوێ بدرێتە پاشخانی ئابووریان هەستی متمانەیان بە گەورەکان و هاوڕێکانی کلاسەکەیان لادرووستبێت ئەو کاتە مناڵەکان دەتوانن بیریان بخەنە سەر خوێندنەکەیان. ئەوەش واتای ئەوەیە کە من هەندێ جار ناچاردەبم کە وانەی زیاتر بە هەنذی لەو مناڵانە بڵێمەوە و کۆمەکی زیاتریان پێبکەم.
وەک مامۆستای ئەم مناڵانە رۆڵێکی زۆر گرنگم هەیە لەوەی کە پێاندا هەڵدەم و پەسنیان دەم و تواناکانی مناڵەکان لەبەرچاوبگرم. کارکردن بەمەبەستی ئەوەی کە باوەڕیان بەخۆیان توندوتۆلکەیت و وێنەیەکی جوان دەربارەی خۆیان لادرووستکەیت پرنسیپێکی بنەڕەتیە بۆ ئەوەی ئەو مناڵانە بە توانای و هێزی خۆیان لە قوتابخانەدا سەرکەوتووبن سەرەڕای ئەوەی کە رەوشی ئابووری ماڵەوەیان خراپە.
وا بۆ شەش مانگ دەچێت کە کولیچ لە قوتابخانەیەک دەستی بەکارکردوە کە تەنها مناڵی سویدی وردە بۆرژوای لێدەخوێنن. بارە ئابووریەکان هەر وەک یەک وایە لە نیوان قوتابخانەکاندا بەڵام پێداویستیەکان زۆر زیاترن لە قوتابخانە کۆنەکە. لەوێندەرێ ژمارەیەکی زۆری پرۆگرامی تایبەتمان هەبوو کە ئێمە ناپەرژاین بەدواداچوونی بۆبکەین. لێرە هەر لە کلاسی یەکەوە پێداگۆگی تایبەت یارمەتی ئەو قوتابیانە دەدات کە ناتوانن بە باشی بخوێننەوە.
ئەم نووسراوەیە لە گۆڤاری جیهانی قوتابخانەکان، ژمارە ١٠ی مانگی دیسامبەری ٢٠١٤  سەرچاوە:
سویدیەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی.
لە نووسینی: ڵۆتتا نویلاندەر
وێنەکێش: جێف تۆمسۆن
وەرگێڕ: کاروان سەعید کەرکووکی
----------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە