دەسەڵات لە لایەن گەلەوە ئەدرێ

Saturday, 15/08/2015, 23:47

3482 بینراوە


لە کۆمەڵگای مەدەنی و دیموكراسیدا دەسەڵات لەلایەن گەلەوە ئەدرێ ، بە واتا گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە. كەس لە سەرو یاساوە نیە و هەموو تاكێكیش دەبێت دەستی بگات بە دەسەڵات. دەسەڵاتدارانی حكومەت بە یاسا سزا ئەدرێن و حكومەت خۆیشی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی یاساوە و دەسەڵاتەكان بەپێی یاسا و دەستور دەستنیشان و سنوردار دەكرێ. هەربۆیە یاسا و پڕۆسەكانی دارشتنی یاسا دەبێت ڕوون بن و كاریشی پێ بكرێت. گەل ئاسایی دەبێت سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بێت. گەل خزمەتی حكومەت ناكات، بەڵكو حكومەت خزمەتی گەل دەكات. حكومەت تەنها ئەو دەسەڵاتەی هەیە كە گەل پێی بەخشیوە بۆنمونە لە رێگای هەڵبژاردنەوە.
دەسەڵاتێكی فیرعەونی دراوەتە سەرۆكێكی ماوە درێژكراوەی هەرێم وەك سەرۆكی حیزبێكی دەسەڵاتدار و سەرۆكی خێلێكی كۆمەڵایەتی ، دەسەڵاتێكی فیرعەونی بەسەر كۆمەڵگایەكی بەدبەختدا. دەسەڵاتەكان لە هەرێم دەسەڵاتی تەنیا حیزب و خێزانە گەورە و بچوكەكانە و سیمای دیكتاتۆریەتی هەڵگرتوە و سوپایەكیشی لە كاسەلێس و وەلاو وەفا بۆی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە. ئەگەر گەل سەرچاوەی دەسەڵات بوایە و لە دەسەڵاتی ئەمدا بوایە گەندەلی و مافیایی و ڕوتاندنەوە و هەژاریی نەدەهێشت و وەك مرۆڤ دەژیا..
گەل سەرچاوەی دەسەڵات نیە بەڵكو سەرچاوەی ڕوتاندنەوەیە
كەواتە لێرەدا دەپرسم گەل لە كوێدا سەرچاوەی دەسەڵاتە لەم هەرێمەدا بە عێراقیشەوە جگە لەوەی كراوەتە كەرەسەی ڕوتاندنەوە و كۆیلایەتی و بە ناویشیەوە قسە دەكرێت و بڕیار دەردەكرێت ..  لێرەدا كێشەی بڕوا نەبوون بە دەسەڵات و بە سیاسەت دروستبووە و خەڵكیی وای دەبینێ كە دەسەڵات شتێكی خراپە و بێبەختە و خەڵكانی تریش بێبەخت دەكات. ئەم بیروڕایە ئەوەندە كاریگەر بووە كە كۆمەڵانی خەڵکیی ئەم وڵاتە لە مەسەلەی دەسەڵاتدا ئیتر سیاسەتیش لەگەڵیدا بە شتێكی خراپ دەبینن. هیچ كام لەو حیزبە سیاسیانە نەیانتوانیوە و بەم سروشتەی ئیستەیانەوە ناتوانن بڕوای گەل بە دەسەڵات و بۆ سیاسەت بگێڕنەوە.
ئێستە شتێك نیە لەناو پەرلەماندا پێی بوترێت ئۆپۆزیسۆن
ئێستە شتێك نیە لەناو پەرلەماندا پێی بوترێت ئۆپۆزیسۆن بەڵام ئۆپۆزیسۆنی دەرەوەی پەرلەمانمان هەیە ئەویش بە پلەی سەرەكی بریتیە لە گەل ، لە جەماوەرێكی گەورەی بێمافی ڕوتێندراو ، هەربۆیە كاتی ئەوە هاتوە بەرەو ئالتەرناتیڤی تر بڕۆین و هێزی گەل و سەدان لە رێكخراوەكانی کۆمەڵگای مەدەنی نەك ئەوانەی سێبەر و حیزبە بچوكە ڕەسەنەكان و ڕۆژنامەنووسە كاراكان و بە هەزاران نووسەری داهێنەر و چاودێر و چالاكوانی سیاسی و ئەكادیمیستە بە هەڵوێست و بوێرەكان و رێكخراوەكان ژنان و ...تاد. بە پلاتفۆرمێكی هاوبەش و لە بەرەیەكی فراواندا و لە ژێر چەترێكدا رێكبخرێن كە ئەوەش لە تەوەرێكی تردا وردتر قسەی لەسەر دەكەم و وەك تاك كار لەسەر پڕۆژەیەك دەكەم بۆ خستنە بەردەم ڕای گشتی. 
پرۆژەكەم بۆ كۆنفرەنسێك بۆ ئۆپۆزیسیۆن
بەر لەوەی گۆڕان بچێتە ناو دەسەڵاتەوە كە من دەمزانی بە سەقەتی لێی دێتە دەرەوە،  پڕۆژەیەكم بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێك لەسەر بابەتی ئۆپۆزیسۆن بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نارد كە تەنیا بشتگیریەكی مادی و مەعنەوی بكرێین بۆی و هەروەها هەتا ئێستە شتێكی لەم جۆرە لە هەرێم نەكراوەو بە سوودی خۆشیان دەگەڕێتەوە بەڵام وەڵامی كاك نەوشیروان بریتی بوو لە ڕەت كردنەوەی و ئەنجام نەدانی. لە ئایندەدا پرۆژەكە وەك خۆی دەخەمە بەردەم خوێنەران. چیتر بە دوای بەدیلی تردا نەگەرام .. لە كۆتایدا دەڵێم من لەوە تیگەیشتووم كە ئازادی و یەكسانی نرخی گرانە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە