دوو پێشبینی ڕاست

Sunday, 16/08/2015, 9:25

5124 بینراوە


 یەکەم
پرۆسەی ئاشتی حکومەتی تورکیا لەگەڵ پەکەکە. لەیەکەمین پەیامی سەرۆکی زیندانیکراوی کورد(ئاپۆ) کە لەنەورۆزی ٣ ساڵ لەمەو پێش لەشاری ئاماد خوێندرایەوە بەئامادەیی زیاتر لە ملوێنێک هاوڵاتی کوردی باکوور،هەر ئەو ڕۆژە گومانمان کرد کەوا تورکیا ئامادە بێ بۆ جورێ لە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کورد و تورك. نەمانتوانی ئەو گومان و ترسەمان بشارینەوە سەبارەت بەو حکومەتەی کە ئایینی ئیسلامی وەك پەردەیەك بۆ داپۆشینی سیاسەتەکانی بەکار هێناوە. ئەو کات پێمان وابوو بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی پێوستە سەرۆك ئاپۆ لانی کەم لەڕێگای وێنەی خۆی و بەدەنگی خۆیەوە لەڕێگای سکایپ وەیان هەر جۆرێکی تر ،بڵاو بکرێتەوە،لێ ئەوە نەکراو ڕێگەی پێ نەدراو لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە بڵاو کرایەوە. ئەمە بۆ ئێمە جێگای گومان و پرسیاری زۆری لا دروست کردین و ئەو دەمە ئەو جۆرە ئاشتیەمان تەنها بە ئاشتی تاك لایەنە زانی . وە ئەو کات پێمان وابوو ئەوە تەنها لایەنی کوردیە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و دەوڵەوت بەگشتی و میلەتی تورك کامڵ نەبوون و باوەڕیان بەشتێك نیە بەناوی کورد و دۆزی ڕەوای.
بەداخەوە هەنووکە ئەبینین تورکیا دڕندەترین هێرشی بۆ سەر کوردی باکوور دەست پێکردۆتەوەو کەوتۆتەوە گرتن و هێرش کردنە سەر ئازادیەکانی کورد و قایم کردنیان لە زیندانەکانی تورکیا،بۆیە لەڕاستیدا ، نە ئێستا و نە لەڕابردوو و نەلەداهاتوویەکی نێزیکدا شتێك جێبەجێ ناکرێ لەڕێگای حکومەتی تورکیاوە کەلە بەرژەوەندی هەردوو گەلی تورك و کوردا بی،کەئەمەش جێگای نێگەرانیمانە و هیوامان بەگەلەکەمان لەباکوور گەورەیە و ئەزانین کەوا حکومەتەکەی ئەردۆگان جگە لە نووشتی زیاتر ناتوانێ سەرکەوتن وەدەست بینێ. وورەی گەلی کورد لەباکوور لەڕێگای سەرکردەکانیەوە لەهەڵکشاندایە و نمونەی بەرخودان و پارێزگاری لەخاك و نەتەوە کۆتایی نەهامەتیەکانە.
دووەم
پرۆسەی حکومەتی بنکە فراوان: کاتێ ئۆپۆزیسێۆن (گۆڕان و ئیسلامیەکان) چوونە نێو کابینەی بەناو حکومەتی هەرێمەوە،ئەو کات داوامان لێکردن و هۆشیاریمان دان ،کەوا هەنگاوێکی لەم شێوەیە جگە لە زەرەو بەخۆتان و بنکە جەماوەریەکەتان ،ناتوانن نەبەرنامەکانتان،نە داخۆزی شەقام و نەسیاسەتی گونجاو لەگەڵ پارتی و یەکێتی بکەن. لەمێژە زانیومانە هیچ جۆرە سیاسەتێك لەگەڵ ئەم جووت میلیشیایە ناکرێ و گۆڕانکاری تەنها خەونی شاعیرانە. هەر بۆیە گەلێ بەزوویی و هەر لەسەرەتاوە هەمان گومانمان لەو جۆرە هەڵوێستانەی بەرەی بەناو نەیار هەبوو سەبارەت بەو جۆرە هەوڵانەو کاتی خۆی ناومان نا(خۆکوژی سیاسی). بەڵێ،هەنووکە دوای ئەوەی ئەو ماوە زۆرە لەو حکومەتە بنکە فراوانەدا نەتوانرا هیچ جۆرە چاکسازی و گۆرانکاری بکرێ و باروو دۆخی کوردستانی باشوور ڕۆژ دوای ڕۆژ قەیران بەرۆکی گرتوەو تەواو تەنگی بە گەنج و لاوان کرد کەوا جارێکی تر نیشتمان چۆڵ بکەن.
لەدواهەمین قەیرانی بەناو سەرۆکی هەرێم کە مەسعود نایەوێ بەشێوەیەکی ئاشتیانە ئاڵوگۆڕ لەو پۆستەدا بکا،ئەوڕۆ ڕێگا بە ئەندام پارلەمانی گۆڕان نەدرا بچنە شارێ هەولێر و چاوەڕوان ئەکرێ هێزەکانی مەسعود جەولەیەکی تر لەشەڕی ناوخۆ کەبەهەڵە (شەڕی برا کوژی)ی پێ ئەڵێن،لە ئەجندایاندایەو چاوەڕوانی شتی گەورەتر و ناخۆشتر داهاتووی کوردستانی باشوورە. لەمەشدا بڕوای تەواومان هەیە کە دوا جار میلەت زاڵ ئەبێ بەسەر خۆسەپێنەکانی بنەماڵەی بارزانی و لەکوردستان شار بەدەر ئەکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە