مەسعود بارزانی چاوەڕوانە کە زوو دەنگی پێبدەنەوە، تا دەوڵەتی کوردی رابگەیەنێت

Friday, 21/08/2015, 11:25

4851 بینراوە


مەسیح ئاوا وەسێتی کرد : هاوڕێ نزیکەکانت خۆشبوێت وەک چۆن خۆتت خۆشدەوێت، بەڵام چۆن دەتوانی ئەوانی ترت خۆشبوێت، ئەگەر تۆ خۆتت خۆشنەویستبێت؟ 
 بەداخەوە ئاواتی پیاوە قەزمەکە نەهاتەدی، کاتژمێرەکە لای داو دەوڵەتەکەت دروست نەبوو، هەرئەوەنا تۆ لەدوای خۆت سوکایەتیت بەهەموو شتێک کرد، ئێمە دەبێ سوپاست بکەین زۆر گومانت بۆ کردین بە یەقین، زۆر مەلەفی تەم ومژاویت بۆ ڕوونکردینەوە و داتە دەستمان.
 تۆ لە درکاندنی نهێنی کەسەکاندا کۆمەڵێک کەسی پوچت پێناساندین، شاعیری پوچ، دادوەری خوێڕی، پیاوی ئاینی کەڵەکچی و بازرگان، سیاسەتکاری ترسنۆک، مارکسی بێهەڵوێست، ڕۆماننووسی درۆزن، گۆرانیبێژی فاسد.مامۆستای زانکۆی ڕەوشت نزم، جاسوس، پیاوکوژ، تاڵانکەر، ئەنفالچی، پەرلەمانتاری بێموراڵ.سوپاس بۆ تۆ کە ئەوەت پێ وتیین کە ئەوە تەنیا خۆت نییت ترسنۆک و خائین و بێوێژدان و دز و ناپاک..بەڵکو بەهۆی سازانەکانتانەوە هەموو ئەمانەت پێناساندین.
 لەم ڕۆژانەدا سەرگەرمی خوێندنەوەی کۆمیدیا کەی "دانتی ئەلیگیێری"م لە گەشتەکەی دۆزەخیدا.دانتی بەر لە٨٠٠ساڵ زیاتر ووشە گەلی وەک " دەستدرێژی کەر، فێڵباز، لەندەهۆز، خائین، فێڵباز، بێناموس، ڕاوێژکاری ساختە، دز، مامەڵەچی ناڕاست و، دزی ماڵی میللەت، فرۆشیارانی ماڵ و پایەی ئاینی، دەستدرێژی کەر بۆ سەر خوا، بۆسەر خەڵک، کفرکەران، پارە پەرست و بگۆڕی قسەکان.خائینانی نیشتمان.میوانکوژ، تەنانەت جنێوی وەک گەوادیشی بەکار هێناوە، کە من هەموو ئەم خەسڵەت و رەوشتە ناشرینانە لەناو بەرپرس و دەسەڵاتدار و ئەندامانی حیزبەکان و پیاوە ئاینی و روناکبیر و کاربەدەسەتەکاندا دەیان بینم.
 دانتی ڕێگەیەکی تری گردە بەر بۆ دۆزەخ بۆ ئەوەی بەچاوی خۆی ڕۆحی گوناهبارەکان ببینێ.تۆش ئەی مەسحود بارزانی، ئەی پیاوەقەزمەکە تۆش وەرە وەک دانتی : بەر لەوەی جێمان بهێڵی و بچیت بۆ دۆزەخ لێرە لە سەر ئەم نیشتمانە ئەتکراوەمان، بەخۆتەوە هەموو ئەو ووشەگەلەی کە ئێوە پێی دەڵێن جنێو لە بەر جەستە کردنی واژۆکان و مەجلیسی شورا و مێزگرتنەکانتاندا کە ئەوانەت پێناسانین.کەسانێک واژۆیان بۆ تۆ کردوە کە ببیتەوە بەسەرۆک وەک ئەو کەسانەن کە دانتی لەگەشتەکەی دۆزەخیدا دیداری کردوون.من لێکچونێک لە نێوان تۆ و دانتییدا دەبینم.دانتی بەخەیاڵی شاعیرانە کە بۆ دۆزەختی کردووە، ئەو گەواد و نیشتمانفرۆش و دز و دیندارە ساختەچیانەی پێناساندوین، تۆش لەماوەی حوکمداریدا لەم نیشتیمانەدا کە کردووتە بە دۆزەخ هەموو ئەو کەسە بێئابڕو دزو نیشتمانفرۆش و ترسنۆکانەی وەک خۆتت پێتناساندین.دەستخۆشیت لێدەکەم، ئەی پیاوە پیرەکە، تۆ جەستەت پیر، ناخت پیر، چاوەڕوانیت پیر، دەوروبەرت پیر، وەکو سەرۆکێک خەونێکی جوانت بۆ ئەو میللەتە پێ نەبوو، جگە لە تاڵانی و پڕکردنی گیرفانی عەشرەت و جامانەسوورەکانی دەوروبەرت، گیرفانی هەموویانت پڕکرد، ئەی سەرۆکە پیرەکە تۆ خەونێکی جوانت پێ نەبو بەڵا و دەستی ناپاکی تۆ کە بەرۆکی گرتووین.
 خوێنەرێک نامەیەکی بۆنووسیوم و دەپرسێت "تۆ ووشەی قەزم بۆ بەکار دەهێنی داخۆ ئەوەسوکایەتی نییە "؟ منیش لەوەلامدا ووتم : من قەزم وەک فۆڕم سەیر ناکەم بەڵکو وەک ڕۆح سەیری ووشەکەکە دەکەم، سەرۆک کە دەمژمێری سەرۆکایەتی تەواو بووە، قەزمی ڕۆحی هەیە، دەبێت خۆی بدۆزێتەوە.کەسێک خۆی بەسوپرمان بزانێت دەبێت ڕۆحێکی قەزمی هەبێت، کە سوپرمان نەبێت و وا لەخۆی بڕوانێت.چونکە دەبێ بیری بخەمەوە هەرچی ڕووبدات ئەوە تۆ بەرپرسیاریت لێی، خۆشەویستی لای ئەم پیاوە غایب بوو ئەو هیچ هەوڵی نەدەدا میکانیزمێک بدۆزێتەوە لەنێوان خۆی و خەڵکدا، قەتیش نەم بیستوە هەوڵی خۆگۆڕینی دابێت، هەرکەسی بینیوە ستایشیان کردوە بۆیە ئەم بەو قەزمی ڕۆحەیەوە ئیتر سەرۆکتان نییە.لەگەڵ ئەوەشدا من هەرگیز سەردەنشتی ناکەم چونکە ئەوە ماوتسیتۆنگ بوو ووتی : " سەرکردە ڕەنگدانەوەی خەڵکە " تۆ کە بویت بەسەرۆکی ئەو هەرێمە ئەوە خەڵک بوو تۆی گەیاندە ئەو پلەیە بۆیە هەموومان دەزانین قەزمی ڕۆحی مرۆڤی کۆیلەو دەستلەسەر ئەژنۆ و کوڕنوشکەر بەرهەم دەهێنێت.
 لە کاتژمێرەکەت مەڕوانە ئیتر تۆ ئەوە نیت شەڕەفی دروستبونی دەوڵەتی کوردی هەڵگری، من دڵنیام ڕۆژێک دێت گەلی ئێمەش دەگاتە سەرفرازی، ئەودەم ئەگەر کۆیلەبوون لەناخی خۆماندا تێک نەشکاندبێت، کەسانێک دێن دەڵێن سەرۆکە قەزمەکە ئاواتەکەت هاتەدی، ئەوە خەونی ئەو بوو، ئێمە هەنگاومان بۆی نا! نووسەر و روناکبیری خوێڕی ئەگەر تێکنەشکێنرێن، ئەوە لە ئیستاوە مێژووت وا بۆ دەنووسنەوە! کە تۆ لەژیانتا هەوڵی شتێکت نەداوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە