پارتیەکان! دەوڵەت وا دروستناکرێت!

Friday, 21/08/2015, 11:50

3020 بینراوە


پیاوێک لە حەوشەکەیدا درەختێکی سێوی دەبێت، منداڵەوردکەی دراوسێی دەکەونە دزینی سێوەکانی، بۆ ئەوەی بیانترسێنێ و ئیتر نەیەنەوە تابلۆیەک لە تەنیشت درەختی سێوەکەی دادەنێ و لە سەری دەنوسێ : وریابن! بە دەرزی ژەهرم کردۆتە ناو یەکێ لە سێوەکانی سەر درەختەکەم، شەوی دواتر منداڵەکان دێنەوە بۆ سێو لێکردنەوە تابلۆکە دەخوێننەوە و کەس ناوێرێ سێو لێبکاتەوە چونکە نازانن کام سێوی سەر درەختەکە ژەهراوی کراوە، بەڵام ئەمانیش تابلۆیەک لە تەنیشت درەختەکەوە دادەنێن و لەسەری دەنوسن: وریابە! سێوە ژەهراویەکە بوبە دوان! کاردانەوەکانی پارتی لە سەر کێشەی سەرۆکایەتی و سیستمی حوکم لە باشترین شرۆڤەدا کاردانەوەیەکی منداڵانە و بێهودە بون، لە خراپترین شرۆڤەشدا کاردانەوەیەک بون کە شارەزەردەواڵەی بیرەوەریە ناخۆشەکانی شەڕی براکوژی و کولتوری ئاغایەتی و خۆسەپاندنی لە دڵ و دەرونی خەڵک دەهوروژاند. خۆنواندنی سەربازی بە دەوروپشتی پەرلەمانی کوردوستان و هەڕەشەکردن لە پەرلەمانتاران و سوکایەتیکردن بە پەرلەمانتارانی گۆڕان لە بازگەی دێگەڵە و تەقەکردن لە مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر مشتێکن لە خەرواری کاردانەوە نەک هەر منداڵانەکانی پارتی بەڵکو ترسناکەکانیش، ترسناک نەک هەر بۆ  گەلەکەمان لە هەرێمی کوردوستان بەڵکو بۆ هەمو نەتەوەی کورد. پارتی کە ئەو کاردانەوە هەڕەشەئامێزانەی کرد لەدڵی خۆمدا وتم بەس نەبو پارتی فڕۆکەی میک و فانتۆمی نەبو! پارتی تاکەی لە خەون و خەیاڵە خۆش و مەستکەرەکانی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ بەئاگا نایەتەوە؟ پارتی تا کەی تێناگا کە ئینسانی تاکی کورد لە ئیمڕۆدا زۆر زۆر جیاوازە لە هی ئەو سەردەمە کە پارتی وەک تەنیا حیزبێک لە کوردوستانا لە ترۆپکدا پێکی سەرکەوتنی دەنۆشی، تاکی هۆشیاری کورد ئیمڕۆ بە هۆی ئینتەرنێت و یوتیوب و سەدان کەنالی تەلەفیزۆن و کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارەوە ئاگاداری کوردوستان و دنیایە ، تاکی کورد ئیمڕۆ بە هەمو کیشوەرەکانی ئەم گۆی زەویە پەرش و بڵاوبۆتەوە و ئازادە لە وەرگرتنی زانیاری و دەربڕینی ڕاوبۆچونەکانی. مەگەر پارتی نازانێ کە هەزاران کورد هەیە بزوتنەوەی گۆڕانیش بە خائین دادەنێ کە بەشداریی لەم  حوکومەتە پڕلە قەیرانەدا کردوە؟ پارتی تا کەی تێناگا یا نایەوێ تێبگا کە ئەم قەیرانەی ئیمڕۆ کوردوستانی تێکەوتوە بەرپرسیارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان نیە، نەوشیروان مستەفا و هیچ سەرکردەیەکی سیاسیی تری کوردوستان نیە، بەتەنیا مەسعود بەرزانی خۆیشی نیە، بەڵام پارتی و سەرۆکەکەی دەتوانن بەشێکی زۆر گرنگ و بریاردەربن لە چارەسەری قەیرانەکان چونکە بەو عەقڵیەتە خۆسەپێن و خۆبەهەموشتزانەی کە هەیانە پارتی و سەرکردەکانی بەشێکی گەورە و سەرەکین لە کێشەکانی کوردوستان. وەک چیرۆکەکەی سەرەوە پێمان دەڵێ : کێشە و قەیرانی نێوان لایەنە جیاوازەکان بە فڕ و فێڵ و ڕق و کینە و هەڕەشە و توندوتیژی و شەڕ چارەسەرناکرێ، بەڵکو بە وتووێژی عەقڵانی و ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانەی دور لە نیفاق و مەرایی چارەسەردەکرێن. لە دوای ٢٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٥ وە پارتی ناتوانێت و نابێت وەک پێش ئەو ڕۆژە زۆربەی دەسەڵاتەکانی حوکومەتی هەرێمی کوردوستانی لەدەستابێت، ئەمە گەوهەر و ناوکی مەسەلەکەیە . لە ڕاستیدا دەبوایە ٢٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٥، ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ بوایە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە