گەورەم

Friday, 21/08/2015, 22:30

2948 بینراوە


سەرمان سوڕماوە
نازانین لە کوێوە هاوتویت
ڕۆحی فریشتەکانیت یان ئەهریمەن
پەیامی ئاشتیت یان زەوی پڕ دەکەیت لە جەنگ
وەک خانی و کانت لە عەقڵ وردەبیتەوە
یان هەر بەدوای نەخشەی دارستانەوەیت
وەک ڕۆژ زەوی گەرم دەکەیتە
یان وەکوو هەورەڕەشە
بەری خۆرمان لێدەگریت
لەبەرامبەر ناحەزدا هەر دەڵێی بەوریت
وەکو خودا هەموو ساتێک
لە هەموو بەرەیەکی خەنگیت
هەموو بەیانی یەک لەگەڵ منداڵانی بێباوکدا ڕۆژ دەکەیتەوە
وەکو کۆتری ئاشتی
شەیدای باڵە فڕەی ئاسمانیت
کە گوێمان لێتدەبێت
وا دەزانین مۆتسارد و بیدهۆفن بەیەکەوە
ئاوازی دونیاکان دەهۆننەوە
فەرمودەکانت وەکو نۆتەی تاساو
هەردەم خەیاڵی ئەستێرەکان دەشەمزێنن
بە سەماو هەڵپەڕکێ
زەماوەندی ئەبەدیەت دەگێڕن
وەکو پەپولەیەکی تەتەر
تۆراو
بەسەر سەرمانەوە دەخولێیتەوە
داوای ئەبەدیەت بوونمان لێدەکەیت
هەموومان مەستین بە خەیاڵت
ئێمە گەر تۆ نەبێت
وەکوو خۆڵ با هەڵمان دەگرێت
بەسەر قیامەتدا دەمان بارێنێت
تۆ سەلاحەدین و نالیت
تۆ پێغەمبەری ڕۆژهەڵاتیت
فریادڕەسی زەردەشتیت
کوڕ و کچەکانت
قەڵغانی ئێمەن
هەموو بەیانیەک دەچنە ناو دڵی شەهیدانەوە
بەرلەوەی ئەوان بڕۆن
دێنە ماڵی ئێوە
داوای کفنی سور دەکەن
ئێوە خواکانی بەرزاین
ڕوباری ڕۆژئاوان
هەموو بەیانی یەک وەکو ڕۆژ هەڵدێن
ئیوە نەبن ئێمە تۆفان دەمان باتەوە
شەقاری سەرما دەچێتە ناو ناخمانەوە
پاشام دەزانم حەزتان لە گوڵی سوورە
مارەکانت عاشقی مەم و زینن
ئەوکاتەی خوێنی زەردەشتیان خواردەوە
هەموو خوێنی ئێمەتان خواردەوە
ئەوکاتەی زەردەشتان شێواند
هەموو دایکانی کوردستانتان بە نەعلەت کرد
ئەوکاتەی نەوەکانت ملیۆنان دۆلاریان بە قومار دۆڕاند
هموو هەژاری کوردستانتان برسی کرد
لەبەرامبەر ئێوەدا
ئێمە شەرم دەکەین
لەسەر شەرەفی تۆ گەورەم
گەریلای ئاسمانەکان
وەکوو ڕەهێڵە
بارین بەسەر ماڵدا
بە پرچی ڕەشماڵیان
ئاوازی قارەمانی دەهۆننەوە
مەخابن ئەوان ئێستە میوانن
خۆفرۆشەکانی ڕابردوش خاوەن ماڵن
فەرموودەکانت
وەکو ئاوازی فێڵاوی
خەیاڵی ئەستێرەکان دەبڕنەوە
گەورەم پیاوەکانت
شەقاوەکانی ئەمنەسورەکانت
چیدی لە کوڕ و کچی ئەم نیشتیمانە بەرمەدە
گەورەم ئەڵێن ئێوەش کرێچین
وەکو کاوەی ئاسنگەر
لە ناو قەڵای ‌قوڕدا داژین
منداڵەکانت کرێی پاسیان پێ نی یە
تا ئێستا خەون بە سواری فڕۆکەو و بەهەشتی پاریسەوە دەبینن
هەموو شەوێک لە حەمرین و قەندیل ڕۆژ دەکەنەوە
ڕقیان لە ‌قەڵاو تەلاری تورانە
گەورەم ئێوە بارانن
دەشتی دڵی ئێمە سەوز دەکەن
خواکان سەریان سوڕماوە
لەوەی تۆ نابیتەوە بە خوا
گەورەم
با بۆ ئەبەد تۆ سەرۆک بیت
با کوڕەکانت بۆ ئەبەد ڕابەربن
با کجەکانت بۆ ئەبەد فریشتە بن
گەورەم کە پیاوەکانت دەنێریت
تا منی کوڕە شەهید
وەکو زەردەشت و کاوە و سۆران
گوڵباران بکەن
با گوڵاڵە سورە نەتۆرێنن
ئەزانم حەزتان لە ڕەنگی سورە
حەزتان لە گەردنی کجە ئەنفالکراوەکانە
گەورەم گەر پیاوەکانت
هاتن
وەکوو زەردەشت مەم ڕفێنن
ئاوها سەرشۆڕانە مەمتۆرێنن
وەکوو داعش سەرم بپەڕێنن
بەڵام
ڕووی خۆتان وەکوو ئەوان مەشێوێنن
بۆیەک جار ڕووی پیرۆزی خۆتان
نیشانی سێبەر بدەن
تا ئێمە جیدی قەدری ڕۆژ لەیاد نەکەین
گەورەم ئەزانم ئێوە بەدیلتان نیە
وەکوو خوا
هاوتاتان نیە
شەریک دروستکردن بۆ جەنابتان
کفرە
گەورەم ئێوە لەسەروی حەقیقەتەوەن
سەرتان لە ئاسمانەو
پێتان لە قوڵای دەریاکاندایە
گەورەم 
هەموو شەوێک لە خەونماندا
تۆ لە پێش پێغەمبەر و سەلاحەدین و قازیەوەیت
وانەی دونیا و قیامەتیان پێدەڵێیتەوە
گەورەم نەکەی وەکوو قازی
بەجێمان بهێڵیت
ملی خۆت بکەیت بە سێدارەدا
چونکە ئەوکاتە
قەد لێت خۆش نابین
گەر ئاوها ئاسان بەرۆکمان بەردەیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە