پرۆژەی دەستور و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێكەوە لە پەرلەمان خوێندنەوەیان بۆ بكرێت

Saturday, 22/08/2015, 20:57

2022 بینراوە


بۆ دەربازبون لەم قەیرانە سیاسی و یاساییەی لە نەبونی دەستور و جێگیرنەبونی هەر جۆرێك لە سیستمی سیاسی لە كوردستان،  تێیكەوتوین، دەكرێت ئەم گەرم و گوری و مكوری و جەخت كردنەی لایەنەكان بكرێتە سەرەتایەكی خێرا بۆ دەربازبونی هەرێم لە گرێكوێرە و ئاڵۆزیە یاسایی و سیاسیە بەردەوامەكانی و، بە  كۆمەڵێك یاسا، باری نالەباری هەرێم راست بكرێتەوە و هەنگاوەكانی داهاتوو رێكبخرێتەوە و هەرێم بەرەو  رێرەوی یاسایی بونی زیاتر ببرێت . لەم رۆژانەدا گفتوگۆیەكی زۆر گەرم و چروپر لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت وسەرجەم لایەنەكان  مكورن لەسەر تێپەراندنی ئەم یاسایە لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە دەستوری هەرێم و كۆتایی هاتن بە ماوەی ئامادەكردنەكەی بدرێت  .
هەموان لەو باورەدان كە بێ متمانەیی  باڵی بەسەر هەموولایەكدا كێشاوە و ، لە قۆناغێكداین كە رۆڵی جەماوەرێتی هەر لایەنێك و هەر هەنگاوێكی لایەنەكان لەمەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كاریگەری خۆی لەسەر رێژەی جەماوەریبونیان بە جێ دەهێڵێت و، ئەم تێروانینەش رۆڵی كارای خۆی دەگێرێت لە هەنگاو و گفتوگۆ و هەڵوێست وەرگرتنیان لە نێو وتووێژەكاندا .
هەڵوێست لە مانەوەی سەرۆكی هەرێم یان نەمانەوەی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی، یەكێكە لە بابەتە هەستیار و گرنگەكانی بۆچونی هەر لایەنێك و حساباتی گەورەی خۆی دەوێت، بۆ ئەوەی هەر لایەك بە بێ زەرەر لێی دەربچێت . بەلآم ئەوەی ئاشكرایە كە هیچ لایەك ناتوانێت بە پێچەوانەی هەڵوێستەكانی پێشوی هەنگاو بنێت و ئەگەر تێروانینی جەماوەر لەبەرچاو نەگرێت، جەماوەریبونی بە رێژەیەكی زۆر گەورە  دەدۆرێنێت، لەبەر ئەوەی لەم كاتەدا ئەم مەسەلەیە وا چارەنوسسازە بۆتە خاڵی یەكلاكەرەوەی سیاسی و،لێرەشدا رێژەی جەماوەرێتی زۆر پەیوەست بووە بە شێوە و جۆری هەڵوێست  لەمەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و مانەوەی یان نە مانەوەی بارزانی لە سەر كورسیەكەی .
بۆ دەربازبون لەم ئیحراجیە، بێ ئەوەی زەرەرێكی گەورە لە هیچ لایەنێك بكەوێت و ئەم وەزعە جێی خۆی لە كاروانی بە یاسایی بون و دیاریكردنی  سیستمی سیاسی كوردستان بە ئەرێنی بە جێ بهێڵێت ، دەبێت راستە رێگایەك بگیرێتەبەر كە نە شیش بسوتێت ونەش كەباب، لەو بەینەشدا دەكرێت هەردوو یاسای سەرۆكایەتی و دەستوری هەرێم و  درێژ كردنەوەی ماوەی ئامادەكردنی دەستوری هەرێم و، كۆتایهێنان بە پێی رێكەوتنەكانی ئەم كۆبونەوانە و رازیبونی پەرلەمان، زۆرێك لە پرسەكە ئاسان دەكات و بێ متمانەییش ناهێڵێت . بۆیە دەبێت كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ درێژكردنەوەی ئامادەكردنی دەستور و خێراكردن و دەستوبردكردن لەو پرۆسەیە هاوكات لەگەڵ ئامادەكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بێت و، برگەو بەندەكانی ئەم یاسایە وەك خۆی لە دەستوردا جێگیر بكرێت و هاوشان لە گەڵ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمان تێپەرێنرێت و، دواتر لە كاتێكی دیاریكراودا بخرێتە بەردەست جەماوەر بۆ راپرسی . لەو نێوەشدا كەس سڵ لە چەواشەكاری و فرت و فێل ناكاتەوە و هەنگاوەكان مەیسەر دەبن . هەر بۆیە بێ ئامادەكردنی دەستور لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا، ئەگەر هەنگاوەكانی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم  بەتەنها پێشبخرێت، ئەگەری گەورەیە كەسەركەوتو نەبێت، لەم حاڵەتەشدا  كاریگەری سەلبی بێ متمانەیی رۆڵی خۆی لەسەر گفتوگۆكان بەردەوام دەبێت . بۆیە پێداگری چوار لایەنەكە لەسەر جێگیركردنی دارشتنی برگەكانی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە دەستوردا، هیچ ئیحراجیەك بۆ هیچ لایەك ناهێڵێت و كایگەری ئەرێنیش لەسەر لیژنەی ئامادەكردنی دەستور دەبێت و رۆڵی خۆی لە خێرا بەرێوەچونی كارەكانیان و لەسەر بارودۆخی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستانیش دەگێرێت . لەم بەینەشدا رێژەیەكی گەورەی  گرێكوێرەی برگە و بەندەكانی  پرۆژەی دستور و سیستمی سیاسی كوردستان  بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر دەبێت و لەوبارەشەوە كۆتاییهێنان بە پرۆژەی دەستور ئاسان دەبێت و دەتوانرێت لەگەڵ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بخرێتە بەردەست پەرلەمان . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە