یەکگرتووی ئیسلامی لە نێوان ڕەحمەت یا نەفرەت ؟

Saturday, 22/08/2015, 21:03

2147 بینراوە


لە ڕاستیدا هەندێکجار دیموکراسیەت باجی زۆر گەورە بە کۆمەڵگا دەدات، بۆ نمونە ئەو کارە نابەرپرسانەی هەندێك لە پەرلەمانتارانی یەکگرتوو لە ١٩ی ئابدا ئەنجامیاندا و بایکۆتی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانیان کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ئازادن وسیستەمی دیمۆکراسی ڕێگەی پێداون کە ئەو کارە ئەنجام بدەن.
١٩ی ئاب یەکێ بوو لەو ڕۆژە مێژووییانەی کە دەکرا تێیدا بە شیوازێکی سیستماتیك عەقڵیەتی خێڵ سالاری و ڕەگو ڕیشەی دیکتاتۆریەت وحیزبی قائید و پاشاگەردانی لە کوردستان لە گۆڕ بنرێت. وە لە جێگایدا سیستەمێك بێتە ئاراوە کە دژ بە هەموو ئەو پڕەنسیپانە بێت، کە تێیاندا مرۆڤەکان وەك وکۆیلە بە بنەما دەگیرێن. بەڵام بە داخەوە بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەکگرتوو  لەو ڕۆژەدا بوونە قەڵغان لە بەردەم قەڵای دیکتاتۆریەتد و بە ناوی دیمۆکراسیەتەوە خەونی میللەتێکیان لە گۆڕ نا .
من باسی پارتی ناکەم چونکە پارتی بۆ خۆی خاوەندارێتی ئەو قەڵایە دەکات و هەمیشە لە هەوڵی بە کۆیلە کردنی کۆمەڵگاو پاسەوانی زیاتردایە بۆ پاراستنی ئەو قەڵایە، وە لە هەمانکاتیشدا باسی بزوتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعی و نوێنەری کۆتاکان ناکەم، چونکە باوەڕم وایە ئەوانە هەر پارتین ولە مەبدەئی سیاسی و ئایدۆلۆژیاندا هیچ جیاوازیەکیان لە گەڵ پارتیدا نیە و هەمیشە وەك پاسەوانی پادشای ئەو قەڵایە دێنە پێش چاو.
لە مێژووی سیاسی گەلی کورددا زۆر هێزی سیاسی و زۆر کەسایەتی هەن، کە خیانەتیان  دژ بە گەلی کورد ئەنجام داوە و بوونەتە هۆی ماڵوێرانی بۆ نیشتمان، بەڵام هیچ کام لەو خیانەتانە بە قەد خیانەتەکەی ١٩ی ئابی پەرلەمانتارەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کاریگەری لە سەر نیشتمان جێنەهێشتووە . چونکە ئەو پرسەی لەو ڕۆژادە لە ژێر خوێندنەوەی دووەمدا بوو، کە پرسی هەمواری سەرۆکایەتی هەرێم وگۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی بوو بۆ پەرلەمانی.
پرسێك بوو هەوێنی ئاسۆی ڕوونی ٥ ملیۆن هاونیشتمانی لە خۆگرتبوو، تەنانەت لە ژیانی ئەو مرۆڤانەش کەوا ئیستا کۆیلەن وزنجیرەکانیان دەپەرستن.
زۆر مرۆڤی بچوك هەن لە ڕۆژانێکی سەختدا نەبێت، لێیان تێ ناگەیت ونازانی کە چۆن ئەرزشێکیان هەیە.
١٩ی ئاب ئەو ڕۆژە بوو ئەرزش وکەسایەتی ئەو مرۆڤە بچوکانەی بۆ دەرخستین و پێی ووتین کە کێن ئەوانەی وەك سەرەتان لە لاشەی نیشتماندا هاتوو چۆ دەکەن .
زۆر جار ڤایرۆسێکی بچوك دەچێتە لاشەی مرۆڤێکی گەورە و وێرانی دەکات ودەیڕزێنێت، ئەو پەرلەمانتارانەی یەکگرتوش هەمان ئەو ڤایرۆسەن کە لە لاشەی نیشتماندا بونیان هەیە و هاتوچۆ دەکەن.
بە داخەوە هێشتا مرۆڤگەلێك هەن باکیان بە گریانی نیشتمان نیە، هێشتا زۆرن ئەوانەی نایانەوێ بتەکان بڕوخێنن. هێشتا ماون ئەو جەللادانەی فو لە چراو ئاسۆ و ئومێدی نیشتمان دەکەن و نایانەوێت هەرگیز هەڵبێت.
حەق وایە یەکگرتوی ئیسلامی نەفرەتبارانی ئەو مرۆڤانە بکات  کە شوناسی ئەویان هەڵگرتووە
بەر لەوەی هەرکەسێك پێناسەیان بکات، بۆ خۆی وەك گەورەترین خیانەتکاری ئەم سەدەیە بیانناسێنێت و لە حیزبەکەی خۆی دەریان بکات.
گەر هەوڵێکی لەم جۆرە لە لایەن ئەو حیزبەوە لە ئارادا نەبێت، ئیتر هەموو ئەو توانجە شەخسیانەی لە یەکگرتوو دەگیرێن، دەبنە توانجی گشتی ولە ئایندەدا تەواوی باجەکەی وەردەگرێت.
من دەستخۆشیم بۆ مرۆڤە بەهەڵوێست وخاوەن کەرامەتەکانی نێو یەکگرتووهەیە، بە ڕاستی ئەوانە مرۆڤی گەورەن و جێگای ڕێزن، بەڵام خەم دەخۆم کە لە پاڵ ئەواندا و لە ژێر یەك چەتری سیاسیدا مرۆڤ گەلێك هەن سیاسەت دەکەن، بۆیە دەبێت یەکگرتوو لەوە تێ بگات  ئەوانە نەك مافی سیاسەتکردنیان نیە، بەڵکو پێویستە لە سیاسەتدا وەدەریان بنێ و بە نەفرەتیان بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە