خوێنەوەیەکی کورت بۆ بیرەوەرییەکانی"عوسمانی حاجی مەحمود"

Wednesday, 08.26.2015, 19:02

9675 بینراوە


تاکە شتێک که‌ زۆر گرنگه‌ خه‌ڵکی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌بکه‌ین، ئەوەیە کە فێریان بکەین چۆن بتوانن ناسنامه‌ی خۆیان بپارێزن.(کونفۆچیۆس)
دوای چەند ساڵ لەبێدەنگی کاک "عوسمانی حاجی مەحمود"  لە  ٢٨.٧.٢٠١٥ بە شەش بەش بیرەوەری ٣ساڵ ژیان و گوزەرانی خۆیانی بۆباسکردین، وەک پارتیزانێکی دوای ئەنفال، لە ژێر ناونیشانی " پاش "ئه‌نفالی 3" بڕیاری مانه‌وه‌و خۆڕاگری " لەڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاو کرایەوە، هەر لەو کاتەشدا یەک دوو بەشی هەمان بیرەوەریش لە کوردستانپۆست بڵاو کرایەوە.
کاتێک من دەستم کرد بە خوێندەوەی بیرەوەرییەکە، سەیرم کرد کاک عوسمان باس لە شتگەلێک دەکات، کە لەهەر جێگەیەکی تری ئەم دنیایەدا ئەمە ڕووی بدایە بەدڵنیاییەوە، دەبووە کەرەسەی مێدیاکان و دەیان فلیم و کتێبی لێ بەرهەم دەهات، هەر هیچ نەبوایە دەبووە کەرەسەی مێزگرتن لەناو کەناڵی تەلەفیزۆنەکانەوە، داوا لە خاوەن نووسینەکە دەکرا بێت تیشکی زیاتر بخاتە سەر ئەو قوربانیدانە و ئەو ئازایەتییە، کە ئەو جەوامێرانە لەو ڕۆژە تاریکانەدا ئەنجامیان داوە کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە.
کاک عوسمان دەڵێ:
گه‌رمیان یه‌كێك بوو له‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌پاش ئه‌نفالی سێ تا ڕاپه‌ڕین له‌ساڵی 1991دا پێشمه‌رگه‌ی به‌ به‌رده‌وامی لێمایه‌وه‌.
بەر لەوەی دەستبکەم بە نوسینی تێبینییەکانم لەسەر بیرەوەری ئەم پیاوە، کە بێدەنگی ڕەوشتێکی پێداوە کە کەمتر دەربکەوێت، یان هەر دەر نەکەوێت و هەمیشە وەک مرۆڤێک خەریکی بیرکردنەوەیەک بێت و خەمێک داگیری کردبێت، وەک ئەوەی بیەوێت زیاتر خۆی بناسێت، ئەو پیاوە دەڵێ تێڕامان دەکات، یان ئاڵۆزی ڕووداوەکان داگیری کردوە، بۆیە هەمیشە گوێدەگرێت و کەم قسەدەکات و لە مێدیاکانەوە دەرناکەوێت، کاتێکیش چیرۆکی ژیانی خۆی دەنووسێتەوە ئێمە لامان سەیر دەبێت...! دەپرسین ئەی بۆچی تاکو ئێستا ئاوا بێدەنگ بوویت؟
نووسەر لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکەیدا دەڵێ: پشتم بە سەرچاوەی ئەو ڕۆژمێرەش بەستووە کە خۆم ڕۆژانە تۆمارم کردوە، منیش دەڵێم یەکێک لە باشترین نووسینەکانی "ئارنیستۆ چی گڤارا" ڕۆژانەکانی "پۆلیڤیا "یە کە کاسترۆ پێشەکی بۆ نووسیوە و دەڵێ گیڤارا: لە کاتی شۆڕشی کوباشدا، هەرکاتێک دەوەستاین تاپشوبدەین، گیڤارا دەفتەرێکی بچوکی دەردەهێنا و دەستی دەکرد بە نووسینی یاداشتی ئەو ڕۆژەی لێمان دەگوزەرا، ئەو گوێی بەماندووبون نەدەدا.خۆزگە کاک عوسمانیش بەهەمان شێوە، لەجێگەی نووسینەوەی ئاوا پچڕ پچری ئەم بیرەوەرییە، هەموو شتێکی ڕۆژانە هەر نەبوایە هەفتانە بۆ بگێڕینایەوەوە، ئەو دەم ئەم بیرەوەرییە دەبوە شاکارێکی هێندە مەزن کە مێژووی ئەم ووڵاتە شانازی پێوەبکردایە، ئێستاش هیچ لە ناوەڕۆکی ئەم بیرەوەرییانە کەم ناکاتەوە، بەڵام کاتێک مرۆڤ دەیخوێنێتەوە خواستیارە بزانێ پارتزانەکان چۆن نانیان خواردوە، چۆن خۆیان شتوە، چۆن کاتە دوورو درێژەکانیان بەسەر بردوە ؟ من بەر لەماوەیەک نامیلکەیەکم خوێندەوە کە سەربازێکی ونی تر بیرەوەری خۆیمان بۆدەگێڕێتەوە، کە چۆن بۆلای پارتیزانەکان چووە.ئەویش "هاوڕێ سوپا"یە و گەرمیانییەکە قوربانی بەهەمووشتێک داوە "بیرەوەری دارکنارەکە" کە لە ناو بیرەوەری ئەم پیاوەدا جگە لەوەی کاک عوسمان بەسەر بیرەوەرییەکدا چۆتەوە، هەروەها کاک عوسمان کارئەکتەرێکی زیندووی ناو ئەم بیرەوەریەی "هاوڕێ سوپا"یە.
لەناو ئەم نامیلکەیەدا ئاماژە بەژیانی پارتیزانەکان دەدات و ئەویش چیرۆکی بیرەوەری پارتیزانەکان دەوڵەمەند دەکات.
ئەوەی جێگەی ئاماژە پێدانە لێرەدا ئەوەیە، کاتێک "هاوڕێ سوپا " خۆراک بۆ پارتیزانەکان دەبات دەبێت خۆی یەکەمین جار لە خۆراکەکەی بخواردایە، بۆ ئەوەی پارتیزانەکان دڵنیا بوونایە لەوەی کە خۆراکەکە پاکە و زەهری تێدا نییە، بڕوابوون لەو کاتەدا لەژێر تاقیکردنەوەدابووە.هەموو شتێک لەو کاتەدا دەبوو لەژێر چاودێری و گوماندا بوایە، بۆ خاتری ئەوەی هەرزان پارتیزانەکان شەهید نەبن.
لە دوای ئەنفالی سێ"١٢" پێشمەرگە بڕیاری مانەوە دەدەن لەگەرمیان."سۆن تزو" ئەو پیاوەی کتێبی "هونەری جەنگ"ی نووسیوە دەڵێ : "زۆربەی خەڵکی پەی بەوە نابەن، چۆن لەهەندێک حاڵەتدا سەرکەوتن بەر لەدەسپێکی شەڕدا بەدی دێت".
بڕیاردان و مانەوە لەو کاتەدا کە هەموو شتێک هەرەسی هێناوە خوێن لەهەموو لاشەی نیشتمان دەچۆڕێت، خۆفرۆشی لە لوتکەی هەڵچوندایە، بێمتمانەی و خۆپەرستی گومان، ڕوخانی دەرونی تاک بەتاکی گەلێکی تەنیوە، جاسوس و کوشتی یەکتری و فریودانی یەک و برسێتی و تینوێتی، دابڕان هتد...لەو کاتەدا تۆ بڕیار بدەی بمێنیتەوە و بەرگری بکەیت، مانای سەر کەوتنی پیش شەڕە، لەکاتێکدا بەعسییەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوون و لەشەڕی ئێران عێراقیش مەرەخەس ببوون، سوپایەکی پڕچەک و لەشکرێکی بێشوماریش لە جاش و خۆفرۆش لەخزمەتیاندا بووە، ئەمان بڕیاری مانەوە دەدەن، بیرکەنەوە ساڵی ١٩٧٥ کاتێک ئاشبەتاڵ بوو دێهاتەکان دەستکاری نەکرابوو، گەر خەڵکانێک هەبوونایە بڕیاری بەرگری و مانەوەیان بدایە مێژوو بەجۆرێکی تر دەنوسرایەوە بۆمان.
یەکێک لە بڕیارە ژیرەکانی ئەم گروپە هەڵبژاردنی ئەو ناو چەیە بوە کە خۆیان وەک بەری دەستیان شارەزای بوون، بۆیە مانەوەیان لێرە کارێکی چاک بووە، پاشان لە هونەری شەڕدا هەمیشە نزیک دوژمن مانەوە پارێزراوتر دەبیت، لەوەی زۆر دووربکەویتەوە، دوژمن دوور بەدواتدا دەگەڕێت و باوەڕی نییە تۆ لە بن دەستیدا بیت.
کاک عوسمان دەڵێ:" له‌و ڕۆژانه‌دا كۆی دیمه‌نه‌كه‌ بریتی بو له‌وێرانی ‌و سوتماك‌ و دێهاتی ڕه‌ش داگه‌ڕاو كه‌ مایه‌ی خه‌مێكی قوڵ بوو بۆ هه‌موومان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ پێویستمان به‌پشودرێژیی‌ و ئیراده‌ی به‌هێزو چاوه‌ڕوانی خوڕاگرانه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌مان هه‌ڵبژاردو له‌سه‌ری به‌رده‌وام بوین.له‌و كاته‌دا هه‌ستم به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌ركێكی قورس كه‌وتوه‌ته‌ سه‌رشانی هه‌موومان‌ و پێویست بوو به‌رامبه‌ر به‌و ئه‌ركه‌ شتێك بكه‌ین.له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌م به‌بیرداهات ‌و له‌خۆم پرسی: "ئایا ناكرێت له‌ناوچه‌ چۆڵكراوه‌كاندا بمێنینه‌وه ‌و درێژه‌ به‌شۆڕش‌و پێشمه‌رگایه‌تی بده‌ین"؟.
دیارە ئەوەش دەڵێ کە من تەنها نەبووم بەڵام، ئەو بۆخۆی وابیری کردۆتەوە، بۆیە دەستی کردۆتە پرسیارکردن لە پێشمەرگەی تریش، بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەن.پارتیزانەکان دەستیان کردوە بە تاقیکردنەوەی ئەزمونێکی نوێ، کارێک کە پیشتر لەهیچ جێگەیەکی کوردستان تاقی نەکراوەتەوە، هەمیشە هێزی پێشمەرگە لە ناو خەڵک و لە دێهاتە ئاوەدانەکاندا بووە، بەڵام ئێستا دێهات نەماوە ئێرەش چۆڵەوانییە و دێهاتەکانیش لەگەڵ زەویدا تەختکراوە، خۆراک چۆتە قاتی، پەیوەندی پچڕاوە و دەستت بەهیچ ناگات، بەڵام بڕیار دەدەیت بمێنیتەوە.
ئەوەی زۆر ئازایەتییە لەم کاتەدا ئەوان چاوەڕوانی سەرکردایەتی نابن کە بڕیاریان بۆ بدات چی بکەن ؟ بەڵکو خۆیان بڕیار دەدەن کە بمێننەوە دوای پەیوەندی بەسەرکردایەتییەوە دەکەن، ئەوان خۆیان دەبنە بەرپرسی چارەنووسی خۆیان، ئەوەش ئەزمونێکی ترە.بەڕاستی دەبێت ئامەژە بە فلیمێک بدەم کە چەند منداڵێک دەکەونە جەنگەڵێکەوە و لەوێ سەرکردە چۆن دروست دەبێت خۆی نمایش دەکات فلیمەکە باسی مێژووی شەڕی جیهانی دووەم دەکات.
ڕژێم زۆربەی ڕۆژەکان کێوماڵ دەکات، کانییەکان زەهراوی دەکات، هەموو ئەو شتانەی کە بەسوود دەبوون بۆ ژیان لەناوی دەبات، جاشەکان لێرەو لەوێ لە خیانەت کردن بەردەوامن و کەرەسەی گوندەکان دەدزن و کۆدەکەنەوە و لە شەڕەکاندا دژی پارتیزانەکان بەشدار دەبن.کەسانێک بۆ ئەوەی پێستی خۆی ڕزگار بکات، خێزان و منداڵی هاوڕێکەی شەهید دەکات و دەچێتەوە بۆ لای ڕژێم و دەبێتە خزمەتکاری.واتە لێرە چاوت بە چیرۆکی خیانەتکردنیش دەکەوێت و هەڵوێستەت پێدەکات.
ناخۆشی ئەم بیرەوەرییانە لەوەدایە کە کاک عوسمان پێمان ناڵێ دوای چارەنوسی ئەم جاسوس و خۆفۆشانە بەکوێ گەشت ؟ بڵێ ئەوانیش تێکەڵ نەبووبن لەگەڵ پێشمەرگە خانەنشینکراوەکاندا و موچەخۆربن ؟
پاشان کاتێک ڕژێم دەزانێت بەڵێ لە کوردستان کەسانێک بڕیاری مانەوەیان داوە، بۆیە یەک دووجاران لێبوردنی گشتی دەردەکات، داخۆ لەم کاتانەدا پارتیزانەکان چۆن بەرخوردیان لەگەڵ یەکتردا کردوە؟ لەیەک ترساون داخۆ ختورە بە دڵی کەسیاندا هاتووە.لەو کاتەدا چۆن یەکتریان قبوڵکردوە ؟ شەڕیان بووە لەیەک زویربوون ؟ چۆن نیگابانیان کردوە، باوەڕ بەیەکبوون چۆن بووە ؟ گومان لەکویێ ژیانیاندا خۆی حەشارداوە؟
کاک عوسمان باسی دوو پارتیزانمان بۆ دەکات کە خەڵکی دوا گوندی کوردستانن لەسنوری حەمرین گوندی "نارێن" کە دەکەوێتە بناری چیای حەمرین، پاشان چیرۆکی پیاوێکی جوامێرمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن خۆی کردۆتە قوربانی ئەویش" كاك شێخ حسێنی هه‌زاركانی " کاتێک ئەم چیرۆکە دەخوێنیتەوە هەست دەکەیت ئاهێک لەمرۆڤی کوردا ماوە، دەبوو سینەماکارێک ئەم چیرۆکەی بکردایەتە فلیمێک کە ببوایەتە جێگەی سەرسوڕمانی جیهان لەئاست مەردی ئەم پیاوەدا، بەڵام کوا ئێمە بەدوای کەرەستەی هونەری ڕەسەندا دەگەڕێین؟
دوای ئەوە کاک عوسمان باسی سێ قۆناغی جودامان بۆ دەکات کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بەسەر گوزەرانی ئەو پارتیزانانەدا هاتووە.ژمارەی پارتیزانەکان گۆرانیان بەسەردا دێت، کەم دەکات و زیاد دەبێت.بەڵام ئەوەی جێگەی داخە زۆر لەوانە شەهید دەکرێن لە شەڕی ناوخۆدا، ئەوە خاڵێکی زۆر سەرنج راکێش بوو بۆمن وەک خوێنەرێکی ئەم بیرەوەریانە.
خاڵێکی تر کە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کاک عوسمان مجامەلەی کەسی نەکردوە، ئەوەش خاڵێکی زۆر پۆزەتیفانەیە کە ئازایەتی تێدایە، بۆ نمونە ئەوانەی تەسلیم بوونەتەوە ئەم فەرامۆشی نەکردوە دەڵێ تەسلیم بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەش دوایی لەڕاپەڕیندا هەمان کارئەکتەر شەهید دەبێت.
چیرۆکی زامداربوونی کاک ئازادی سەگرمە و براو خوشکەزاکەی بۆ خۆی کەرەستەی نووسینی شاکارێکە کە دەکرێ قسەی لەسەر بکەین، ئەویش بردنی بریندارێکی سەرکردەیە بۆ ناو جەرگەی ڕژێم و بۆ پایتەختی سوڵتان لە بەغداد.بیرمە کاتێک "کاک ئازاد "بە دوودارشەقەوە گەڕایەوە لە قاسمەڕەش بۆی باسکردین کە چۆن بردویانە بۆ بەغداد.
مارپێوەدان و زەهراوی کردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کارێز و کانییەکانیش قوربانی خۆی خواستوە تەنانەت پەلەوەرەکانیشی کوشتوە، کێ بوون کامەخۆفرۆش بوو سەرچاوە ئاوەکانی زەهراوی دەکرد؟ ئەوەش لە نادیاردا ماوەتەوە.
ئەشکەوتی داری خلە: داڕمانی ئەشکەوتێک و زیندە بەچاڵکردنی پۆلێک پێشمەرگە تراژیدیایەکی تری ناو ئەم بیرەوەرییانەیە، ئەگەر ئەو دوو پارتیزانەی تر خەریکی پەیوەندیکردن نەبوونایە بە جیهاز، ئەوە بۆ هەتا هەتایە ئەوانە ڕوفاتیشیان نەدەدۆزرانەوە و کەسیش لە نهێنی مەرگی ئەوانە تێنەدەگەیشت و ڕەنگە وەک ناپاکێکیش هەژمار بکرانایە.
زۆربەی فلیمەکان کە سەیر دەکەین چیرۆکی کەسێکە یان کۆمەڵێکە کە لە گەشتێکدا ڕووداوێکیان بەسەر هاتووە، نوێترین فلیم کە دیم ١٢٧کاژمێر بوو، گەنجێک بەردێک دەستی دەگەزێت و ئەویش ناچار دەبێت دەستی خۆی ببڕێت، دەبێتە باشترین فلیمەکانی ساڵ.سەیربکەن ئەشکەوتێک دەڕوخێت بەسەر پۆلێ پارتیزاندا و بێدەنگ دەڕوات و کەس باسی ناکات.
ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو بۆ من ئەوەبوو بۆ یەکەمین جار بوو بزانم کە کاک عوسمان باوک و برایەکی شەهید بوون بەدەستی "موجاهیدنی خەڵق " لەگەڵ ٢٥پێشمەرگەی تردا، مجاهیدین ڕێخراوێکی تیرۆرستی دژی ئێرانە و لە نیشتمانی ئێمە لەگەڵ ڕژێمی سەدامدا هاوشانی ئەوان دژی گەلەکەمان بووە.ئەوەی لای من جێگەی نیگەرانییە تاکو ئێستا ئەم کەیسە واتە کەیسی کۆمەکی موجاهید بۆ سەدام نەکراوەتە بابەت و ڕانەکێشراون بۆ بەردەم دادگا، لەکاتێکدا کورد باڵادەستە لە بەغداد و سەرۆک کۆمار کوردە و جێگری سەرۆک وەزیرانیش هەر کوردە، دەیان گزیر و وەزیریشمان هەیە، بەڵام کەس باسی ئەم کەیسەی نەکردووە، یان ئێمە نەمان بیستوە.
بەر لەوەی کۆتایی بە م نوسینەبێنم دەمەوێت باسی چیرۆکی وەفای سەگەکەش باس کەم کە لە ناخەوە منی هەژان دوایش هەمان سەگ بۆ ئەوەی خاوەنەکەی جێنەهێڵێت لەبرسا ئەویش گیان دەسپێرێت، دیارە ئێمە چیرۆکی ئەو سەگەشمان بیستبوو کە قەپ دەکات بەدەمی ئەو شۆفڵەدا کە دەیەوێت خانووی خاوەنەکەی بڕوخێنێت.بەڵام ئەو چیرۆکە زیندوەی کاک عوسمان باسی دەکات، خوێنەر لەبەردەم ویژداندا رادەگرێت.
قۆناغی سێهەم کاتێک دەست پێدەکات کە ڕژێمی بەعس، کوێت داگیر دەکات، ئینجا پارتیزانەکان ڕەوتی ژیانیان دەگۆرێ و لەشارەکان هێزی "سرک" سوپای ڕزگاری کوردستان دروست دەکەن لە ئۆردوگا و شارەکانی نیشتمان.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو بۆ من ئەوەیە کە نووسەرانی ئێمە نایەن لەسەر بابەتێکی وا بنووسن، کە پڕێتی لە خۆبوردەیی و قوربانیدان و باسی تاریکترین کاتێک دەکات لە مێژووی باشوری نیشتمان، بەڵام لەسەر دەیان شتی پوچ و بێکەڵک قسەدەکەن و لاپەڕە ڕەش دەکەنەوە.لەهەمووی سەیرتر لای من بێدەنگی "یەکێتی نیشتمانی کوردستان" و مێدیای ئەم پارتەیە! لەکاتێکدا نووسەر نەیشاردۆتەوە کە ئەو مێژوە پڕشنگدارە مێژووی یەکێتییە، بەڕێزیشەوە باسی کارەکتەرەکانی دەکات لەناو بیرەوەرییەکەیدا.من لای خۆمەوە دەستخۆشی لە کاک عوسمان دەکەم کە بێبەشی نەکردین لە بیرەوەرییەک کە هەموومان دەبێ شانازی پێوە بکەین.