ئایا لەبەر لەنجەو لارەکەیەتی، یان لەبەر دەنگەکەی؟

Friday, 28/08/2015, 17:40

11987 بینراوە


لە سەرەتای دەرکەوتنی لەنجەوە بەتەما بووم چەند سەرنج و تێبینییەك بنووسم بەڵام گووتم با پەلە نەکەم و کەمێك ئارام بگرم و بزانم لەنجە چییە و کێیە و چی دەکات؟
ئێستا کەمێك تێگەیشتم و دەمەوێت وەکو گوێگرێك و هاوڕەگەزێك و وەکو کوردێك سەرنج و بۆچوونەکانی خۆم لەسەر خاتوو لەنجەی گۆرانیبێژ دەرببڕم. سەرەتای لەنجە ئەوە بوو کە کەوتە سەروگوێلاکی گۆرانییە ڕەسەنە کۆنەکان، ئەو میلۆدییانەی کە کەوتوونەتە یادەوەریەکانی خەڵکەوە. لەنجە هەستا بۆ گەرم کردنەوەی کۆمەڵێك گۆرانی نایابی هونەرمەندە نەمرەکان، وەکو هونەرمەند ماملێ. لەنجە لەم هەنگاوەیدا ئەوە نەبوو کە گۆرانیەکان بەچێژتر یان باشتر بڵێتەوە، ئەوەی ئەو مەبەستی بوو تەنها ناساندن و نامیش کردنی خۆی و خۆدەرخستنی خۆی بوو. بەڵێ لەو هەنگاوەیدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، ئەویش بە هۆی هاوکاری ئەو گەنجە تار ژەنەوە بوو کە زەواجی لەگەڵدا کرد و ماوەیەك پێکەوە بوون. کەسێك کەمێك زەوقی گوێگرتنی تەواو بێت و گوێ لەو گۆرانیانە بگرێت کە لەنجە لاسایی کردوونەتەوە دەزانێت کە ئەو خانمە نەیتوانیوە هیچ نوێکارییەك یان گۆڕانکارییەك و  چاکسازیەك لە گۆرانییەکەدا ئەنجام بدات، بگرە لە زۆر شوێندا لەهەیبەتی گۆرانییەکەی کەم کردۆتەوە، بۆیە من لام سەیرە ئەگەر گوێ لە لەنجە بگیرێت  و گوێ لە ئەسڵی گۆرانییەکە نەگیرێت واتە ماملێ وەکو نموونە. 
دوای ئەوەی لەنجە بەم میلۆدییە ڕەسەن و خۆشانە خۆی خستە مەیدانەکەوە، وا دیارە ئێستا سەرچاوەی سەرکەوتنی خۆی لە هەرێم دۆزیبێتەوە و سپۆنسەری باشی بەدەست کەوتبێت، هەربۆیە پشتی کردە کوڕە گەنجەکەی هاوسەری دووەمی و ئێستا لەنجە خان سەرقاڵی کارە هونەرییەکانێتی. کۆمەڵێك پرسیار هەن کە مرۆڤی هۆشیار زوو هەستیان پێ دەکات. باشە لەنجە بەو توانا دەنگیە کەمەی کەهەیەتی و بەو ماوە کەمەی کاری کردووە، هۆکار چییە کەوا لەلایەن گرووپێکی چاکی موزیکەوە پاڵپشتی دەکرێت و کۆنسێرتی بۆ ساز دەکرێت، یان کلیپی بۆ ئامادە دەکرێت. هەموومان دەزانین ئەم کارانە هەمووی پارەی تێدەچێت. ئایا هۆکارەکەی ئەوەیە کە لەنجە هێندە دەنگی خۆشە؟ یان هێندە لە گۆرانی ووتندا بە توانایە؟ من وەکو خۆم بۆ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە دەڵێم نەخێر. من پێم وایە لەنجە لە مکیاج کردن و لە خۆگۆڕیندا توانایەکی باشی هەیە و ئەگەر سەرنج بدەین توانیویەتی خۆی زۆر باش نمایش بکات، بەمەش خاڵی لاوازی کۆمەڵگاکەی ئێمەی گرتووە. خاڵێکی تری گرنگ لەو هەڵتۆقینەی لەنجە ئەوەیە کە خۆی بە جل و بەرگی کوردی و ڕەسەنەوە نمایش دەکات و گۆرانییە ڕەسەنە کوردییەکان دەڵێتەوە، بۆیە توانیویەتی سۆزی خەڵکی سادە بە گشتی ڕابکێشێت.خاڵێکی تر زۆر گرنگە ئەوەیە کە لەنجە بە هەستی پیاوانە گۆرانی دەڵێت. ئەو زیاتر گۆرانییە پیاوانەکان دەڵێتەوە ئەمەش ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە کە ڕاستگۆ نییە لە گەڵ هەست و نەستی خۆیدا. بۆ نموونە خانمە گۆرانیبێژ فرمێسك چەند گۆرانییەکی جوانی هەیە کە لە ناخی خۆیەوە دەریان دەبڕێت، بەڵام لەنجە هەستەکانی ماملێمان بە دەنگی خۆی پێ دەڵێت کە یەکناگرنەوە.
لەنجە، وەکو چۆن دەڵێن "تۆ مەیکە خوا دەینێرێت" ، خوا ناردوویەتی بۆ ئەو و هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە بۆ کەسێکی وەکو ئەو، ئەو هەرێمە سەرجەم جومگەکانی بەدەستی کەسانێکەوەن کە عەقڵیان یان لە کۆشیاندایە یان لە گیرفانیاندا، بۆیە دەیان کەسی بە توانا و هونەرمەند پشتگوێ خروان و لەنجە خانیش دەبێتە گوڵی مەجلیس. بەڵام ئەوەی لە داهاتوودا دەیبینین ئەوەیە کە ئەم خانمە  وەك هەر لەسەرەتاوە هیچی پێ نەبووە لە داهاتووشدا هیچی پێ نابێت بۆ هونەری گۆرانی کوردی و ئەوەی کە ئەویش بیری لێناکاتەوە هونەری کوردییە، چونکە هیچ توانایەکی دەنگی و هونەری نییە. من حەزم دەکرد هونەرمەندە موزیکژەنەکانی کورد ڕاستگۆیانە لەسەر ئەم جۆرە دیاردانە قسە بکەن و سەرنجی خۆیان بڵێن، بەڵام مەخابن ئەوانیش لەبەر موجامەلە و پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانیان بێ دەنگ دەبن.
لە کۆتاییدا هیوادارم توانیبێتم کەمێك تیشك بخەمە سەر کارەکانی ئەم خانمە و ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارەی کە مانشێتی ئەم نووسینەیە، دەست کەوتبێت.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە