ئێمە بڕوامان بە دروستبوونی رێکخراوی سیاسییە، کە کەللە سەری ئەم بەرپرسانە بخاتە زبڵدانی مێژووەوە

Friday, 28/08/2015, 21:11

4997 بینراوە


کوردستانپۆست داوا لە نووسەرە بەڕێزەکانی دەکات، کە چیدی لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و کورسییەکەی نەنووسن، ئەوەی کە  پارتەکانی باشوور لە مانگی رابردوودا کردیان هەمووی ساختە و سیناریۆ و یارکردن بوو بە عەقڵی خەڵک، خڵافاندنی نووسەران بوو، کە بۆ ماوەیەک ویستیان هەموو لایەک بە مەسەلەیەکەوە سەرقاڵ بکەن، تا کێشە سەرەکیی و گرنگەکانی هەرێم و کوردستان فەرامۆش بکرێت. دەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانن، کە ئەو پارتانەی باشوور لەگەڵ یەکتر کێشەیان نییە، ئەگەر هەشبێت کێشە و ناخۆشی نێوان مافیا و بازرگانەکانە، نەک کێشەی سیاسیی و گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەری نەهامەتییەکانی خەڵکی. سەیربکەن لەو ماوەیەدا وایان کرد کەس لەسەر مووچەی مانگانە قسە نەکات، کە کردوویانە بە وەرزی، ئیستاش دەیان بیانوو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەوەش نەدەن. ئاو و کارەبا کە شەرمە دەسەڵاتێک نەتوانێت بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابینی بکات، ئەمان خەڵکیان وا شەرمن کرد، کە چیدی باسی نەکات. سەدان لاو و گەنجی ئەو هەرێمە لە ناچارییدا رەو دەکەن، ئەمان بە مەبەست دەرگایان بۆ کردنەوە، تەنانەت  بازرگانی بە رۆیشتنەکەشیانەوە دەکەن، رێگایان داوە ئۆفیس و نووسینگە لە هەرێمەکەیان بکرێتەوە تا خەڵکی لە رێگەیانەوە یارمەتی رەوکردنیان بدەن. تورکیا کە بەهۆی شەڕی نێوان ئۆردوغان و پەکەکەوە گەشتیارانیان کەمبۆتەوە، دەسەڵاتی کوردی بە پارەی کۆچبەرە کوردەکان ئەو بۆشاییەیان بۆ پڕکردۆتەوە. بە لێشاو عەرەب روو لە هەرێم دەکات، ماڵ و موڵک و خانوو لە شوێنی کۆچپەرانیان پێ پڕدەکەنەوە، کەس لە سەرانی ئەم حیزب و دەسەڵاتە دەنگ ناکات و چاوی خۆیان لێ نوقاندووە. لە رۆژئاوای کوردستان ئەو هەموو چالاکییە دەکرێت، فڕۆکەکانی تورک بۆردومانی  کانتۆنەکان دەکات، ئەمان وایان کردووە ئەوانە لە بیر بچێتەوە . لە باکوری کوردستان گەریلاکان چالاکیی و هێرش دەکەنە سەر سوپای تورک و چەند ناوچەیەکیان گرتۆوە، نە دەسەڵاتی هەرێم، نە راگەیاندنەکانیان باسی لێوە ناکەن. ئەم دەسەڵات ناکوردییە، ئەم حیزبە خیانەتکارانەی باشوور هەموو خەڵکیان بە خۆیان و سەرۆکایەتیی کورسییە پۆخڵ و پیسەکەی هەرێمەوە سەرقاڵ کردووە.
ئێمە وەک کوردستانپۆست هەر زوو هەستمان بەمە کردووە و لەسەر پرەنسیپی کارکردنی خۆمان لامان نەداوە، هەرچەندە دەرگامان بۆ نووسەران واڵاکردووە، کە لەو بارەیەوە قسەی خۆیان بکەن، لێ خۆشمان تەنیا ئەوەمان روونکردۆتەوە کە باشترین چارەسەر نەمانی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستانە، دەبێت بڕوات و نەمێنی. ئیستاش جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، ئێمە بڕوامان بە هیچ کام لەو پارتە کوردییانەی باشوور نییە، جار جارە کە هەندێک ناکۆکی و ناخۆشی دەکەوێتە نێوانیانەوە وەکو ئەمەی ئیستا بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتییدا خۆیان لە یەکتر توڕەکردووە، هەمووی فرت و فێڵی نێوان خۆیانە، بەڵگەش ئەوەیە کاتێک باسی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن، دەڵێن مەسعود بارزانی رەوای سەرۆکایەتیی نەماوە، لە هەمان کاتدا وەزیری پێشمەرگەیان ئامادەی رێورەسمی پێشوازی وەزیری بەرگری نەرویژ دەبێت. کاتێکیش پێشمەرگە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک لە داعش پاک دەکاتەوە بروسکەی پیرۆزبایی بۆ مەسعود لێدەدات، بزووتنەوە و رێکخراوێک ئەگەر کەمێک موڕاڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیشی هەبێت بەو شێوەیە نە سیاسەت دەکات و نە رەفتاری وا دەنوێنێت، ئەگەر لە مانای شەرمی دوای درۆکردنیش بگات، چۆن هێندە بێ چاو روو دەبێت درۆی ئاوا لەگەڵ خەڵکییدا دەکات؟ ئەوان ئەگەر راستگۆ بوونایە دەبوو لە  ٢٠ی ئەم مانگەوە سەرۆک پەرلەمانەکەیان بە فەرمی نامەی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندییدارەکان بکردایە، حکومەتی مەرکەزی عێراق، سەفارەت و قونسوڵخانان، وەزارەت و بەڕیوەبەرایەتییەکانی هەرێمیان ئاگادار بکردایەتەوە و رایان بگەیاندایە کە لەو رۆژەوە مەسعود بارزانی  خولی خۆی تەواو کردووە و بە فەرمی سەرۆک نییە یان ئەگەر ئازەیەتیی و غیرت یاوەریان نەبێت، وەک پرۆتێستێک ئەو کاتەی کە سەگیان بەردایە سەر پەڕلەمەنتارەکان، لایەنی کەم هەولێریان جێ بهێشتایە و وەزیرەکانی خۆیان لەناو حکومەتەکی بنەماڵەی بارزانی بکێشایەتەوە.
ئەم دەسەڵات و پارتانە شایانی ئەوە نیین، چیدی قسەیان لەسەر بکرێت، گوێیان لێبگیرێت و خەڵکی بڕوایان پێ بکات، هەر کێشەیەکیان هەبێت، کێشەی خەڵکی نییە، بەڵکو کێشەی پۆست و گیرفانی پڕ و دڕاوی خۆیانە.
لێرە داوا لە نووسەران دەکەین، لەمرۆ بەدواوە هەرچییەک دەنووسن با نووسینەکان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بڕوات کە داوای رووخاندنی ئەمانە بکرێت.
 ئێمە لە حاڵی حازردا لەگەڵ راپەڕینیشدا نیین، چونکە لە راپەڕیندا هەر گۆڕانکارییەک روو بدات، لە نمونەی وەکو پارتە ئیسلامیی و بزووتنەوەی گۆڕان دەبنە خاوەنی و بە دەردی ١٧ی شوباتی دەبەن، ئێمە بڕوامان بە  دروستبوونی رێکخراوی سیاسییە، کە کەللە سەری ئەم  سەرکردە و بەرپرسانە بخاتە زبڵدانی مێژووەوە و دادگای گەل حوکمیان بەسەردا بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە