بیرەکانی قەڵاچوالان، یان گۆڕی بەکۆمەڵی بێسەروشوێنەکانی دەستی یەکێتی

Tuesday, 01/09/2015, 12:39

5186 بینراوە


دوو ڕۆژ لەمەوبەر چووم لە گۆڕەپانەکەی بەردەرکی سەرا، تا پێنج دەقە پشوویەک بدەم و ئەگەر هاوڕێیەک، ناسراوێکیشم بینی، دەمەتەقەو دەردە دڵێک بکەین. ئەملاولایەکم کرد و چاوێکم گێڕا، کەسم نەبینی بیناسم. بە بەردەم دووکەسدا تێپەڕیم، هەر لەسەر قەراغە کۆنکریتییەکان دانیشتبوون گفتوگۆیان دەکرد. لەوکاتەی بە بەردەمیاندا تێپەڕیم، هەستم کرد، باسی قەڵاچوالان دەکەن. پێم وابوو گفتوگۆیەکی ئاسایی نێوان دوو هاوڕێیە، بۆیە بایەخم پێنەدان. منیش وتم با لەسەر ئەم کورسیە کۆنکریتییە چوارگۆشەیە پشوویەک بدەم. کورسییەکە دەکەوتە نزیکەی دوومەتر پشت ئەو دوو کەسەی دانیشتبوون. هەندێ کەسی تریش لەوێ بون. بەڵام وا هەست دەکەم من لە هەموویان نزیکتر دانیشتبم لەو دوو کەسەوە. هەناسەیەکم نەدابوو مێشکم خستە چووە سەر گفتوگۆکەیان. یەکێکیان بە پێکەنینێکەوە وتی "وەڵا گرتبوویانن و هێنابوونیان بۆ ئەوێ. لەوێ کوشتمانن و خستماننە ناو یەکێک لە بیرەکانەوە" . ئەوی تر خیرا قسەکەی لێوەرگرتەوەو وتی "باشە، باشە، هێواش."  لەوکاتەدا تووشی ناجێگرییەکی دەروونی سەیربووم. بەو گەرمایە هەستم دەکرد دەست و قاچم دەتەزن. بەپەلە لە جێگەکەم هەستام و شوێنەکەم بەجێ هێشت. تا گەیشتیشمە ماڵەوە هەستم دەکرد هاوسەنگیم تەواو نییە.
ئاخر نەهەقم نییە. تا ئێستایش دەیان خێزانی قوربانیانی شەڕی ناوخۆ ڕۆڵەکانیان بێسەروشوێنن. دوو مانگ لەمەوبەر هەواڵی کەیسی کوشتنی دووبرا بەناوەکانی هەردی و هونەر جەمال سەعید و کەسێکی تر بەناوی نامۆ لە هەندێ لە میدیاکانەوە بڵاو بووەوە. هەروەها ڕاگەیەنرا کە تا ئێستایش کەسوکاری قوربانییەکان بۆ تەرمی کوڕەکانیان دەگەڕێن.
ئەوەی لە بەڵگەکەدا دەبینرێ لوتکەی بێ ئابڕوویی و ستەمکاریی دەزگاکانی ئاسایشی یەکێتییە بەتایبەتی و دەسەلاتدارانی ئەم هەرێمەیە بە گشتیی. سەیر بکەن، ئاسایشی سلێمانی لە یەک ڕۆژی ساڵی ٢٠٠٣دا سێ کەسیان تیرۆرکردوە و دوای سێ ساڵ لە تیرۆرکردنیان داوا لە پزیشکی دادوەری دەکەن وەفاتنامە بۆ قوربانییەکان بکەن و شوینی ناشتنیان بە کەسوکارییان بلێن.
تەماشابکەن مرۆڤ لای ئەم دەزگایانە چەندە بێ قیمەت و بێ بەهایە. هەروا بە سادەیی و بە دوو دیڕ نووسراوێک ئاراستە بکەیت و بنووسی کە لەیەک ڕۆژدا "کوژران"! یان دوو نەگەری پیاوکوشتن هێندە سادەیە لەلایان و بە پیکەنینەوە باسی کوشتن و بێسەروشوێنکردنی کوڕی خەڵک دەکەن. ئاخر ئەمانەی باسیان دەکەن و لەبارەیانەوە دەنووسن مرۆڤ بوون، خۆ ئەمانە مرۆڤ بوون. بزن و مەڕ نەبوون، تا هێندە بێ بەها بن. 
لای ئەم دڕندانە، چەند سادەیە ژیان لە مرۆڤ بسەنیتەوە! چەند سادەیە دایکێک یان باوکێکی ڕیش سپی،  سێ ساڵی ڕەبەق بێ هەواڵ لە کوڕەکەی بهێڵیتەوە! چەندە سادەیە خوشکێک لە چاوەڕوانی براکەی، هاوسەرێک لە چاوەروانیی هاوژینەکەی، یان منداڵێکی بێ ناز سێ ساڵ لەچاوەڕوانیی باوکیدا بهێڵیتەوە! دواجاریش بە ئەستۆی ورد و دەروونی داڕزاوت داشۆراو لە هەموو ڕەوشت و ویژدان و قیمەتێکی مرۆڤانە، تەنها بۆ ڕاییکردنی کەسوکارییان، داوا لە دەزگایەکی یاسایی بکەیت دۆکیومێنتی مردن و زانیاریی ناشتنییان بە خێزانی قوربانییەکان بدەن. ئەم سیناریۆ بێ مانایە لە کاتێکدایە کە ئەو دەزگایە نەتەرمەکانی بەدەست گەیشتووە، نەناشتوونی، هەروەکو لە پەراوێزی نووسراوەکەدا دەردەکەوێ.
ئەمە تەنیا تنۆکێکە لەزەریایەک تاوانی ئەم حزبانە. مەگەر هەر خۆیشیان بزانن چەندین بیرییان لە قەڵاچوالان لێداوەو پڕیانکردوون لە تەرمی دەیان کەس کە بەهۆی جیاوازیی بیروڕایانەوە ، هاوشیوەی هونەر و هەردی گرتوویانن، یان ڕفاندوویانن، دواتر بەو شیوەیە بیسەروشوێنیان کردون. کەچی تا ئێستایش بنەماڵەکانیان لە چارەنووسیان بێ ئاگان و هەر چاوەروانن ڕۆڵەکانیان ڕۆژێک بگەڕێنەوە ماڵ. 
کامەیە مافی مرۆڤ؟! کامەیە ئازادی؟! کامەیە ئاسایشی سەرو ماڵی هاوڵاتی؟!  
نەفرەت لە خۆتان و بەرنامەو فیکرو ڕێبازتان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە