کێ بەرپرسیارە لەمەرگی ئەو منداڵەی ناوی ئالیانە؟

Friday, 04/09/2015, 21:16

2785 بینراوە


مەرگی پڕ لەسوێی ئەو کۆرپەیە گشت مرۆڤە ناڕازیەکان بەم سیستەمە دڕندە قازانج پەرستەی هەژاند تەنها خێڵی چەتەکان نەبێت. چونکە خێڵی چەتە گیرفان دزەکانی سەرمایەداری و ناسیۆنالیزم و ئیسلام گەراکان خۆیان هۆکار بوون لە مەرگی چاوەڕوان نەکراوی ئەو کۆرپەیەدا.
ئاخر چۆن سەرۆکی دەوڵەتە چەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری دڵیان خورپە دەکات بەبینینی ئەو دیمەنە سوریالیە،خۆ جیاوازی ئەم منداڵەو ئەو ملیۆن مناڵانەی ڕۆژانە لە برسانداو لەنێو جەنگەکاندا دەمرن و دەکوژرێن هیچ جیاوازیەک نیە. ئاخۆ دیمەنی ئەو سەدان منداڵەی لە سوریادا کوژران لەلایەن دەوڵەتە دڕندەکەی ئەسەد و بەرەی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی بەکرێگیراوی دەوڵەتەکەی ئەردۆغاندا،گشت سەرۆک دەوڵەتەکان و مافی بەناو مرۆڤ نەیان بینی!!بەڵام بۆ نەهاتن و سۆزیان نەجوڵا و هیچ کارێکیان نەکرد تا جەنگ کۆتای پێ بێنن؟! ئاخۆ دیمەنی ئەو کۆ کوشتن و سەربڕین و برژاندنانەی مرۆڤەکان کە لەلایەن داعشی ئیسلام و شیعەی ئیسلامەوە ئەنجام دەدرێت،چاوی چەتەکانی گشت دەوڵەتانی بەناو دیموکراسی ئەوروپاو جیهان نایبین،کەوایە بۆ نەهاتن کۆتایی بەجەنگەکانیان بهێنن؟ من بەیەقینەوە دەڵێم؛ مێژووی مرۆڤایەتی هیچ کات هێندەی مێژووی نیزامی سەرمایەداری دڕندە و پەلامار هێنەر نەبوە. ببینن،مێژوی ئەم سیستەمە دڕندەیە بۆ پێنج سەد ساڵێک دەچێت،بەڵام لەم کورتە مێژوەدا بەچ ئەندازەیەک مرۆڤایەتی بەرەو ڕووی چەندین جەنگی کاول کاری و ئاوارەیی و دەربەدەری کراوەتەوە.
مردنی نەخوازراوی ئەو منداڵە پەپولەیە،پەڵەیەکی ڕەشە بەنێو تەوێڵی گشت کاپیتاڵیزمی جیهانیەوە. چونکە ئاوارەبونی ملیۆنان خێزانی هەژار کراو لە سوریاو عێراق و یەمەن و لیبیاو ئەفگانستان تا دەگات بەچەندین وڵاتی دیکە،هەر هەمووی تاوانەکەی بۆ ئەو دەسەڵاتدارە مافیا خۆماڵیانە دەگەڕێتەوە کە ژیانیان بۆ خەڵکە هەژار کراوەکە نەهێشتۆتەوە. ئاخۆ گەر ئەو بەرە چەتەیە نەبێت، بۆچی لەو گشتە بەرهەمەی هەیە هێشتا زۆرینەیەک بێ نان و بێ لانەن؟هیچ بەناو نیشتیمانێک نیە لەم سەر زەمینەدا زیاد لە پێویستی خەڵکەکەی بەرهەمی نەبێت و زیاد نەبێت لەوەی گشت بەسەرفرازی لێی بەهرەمەند بن،بەڵام چونکە خێڵی چەتە حاکمیەتیان لەژێر دەستدایە،ئیتر لەوێدا ژیانیان لە زۆرینەیەک سەندۆتەوە.
مەرگی ئەو کۆرپەیەو سەدان هەزاری دیکەی مناڵانی سەرگەردان،تەنها ئەو چینە چەتە قاحبەیە لێی بەرپرسیارن. ئەو چینەی کە لەحەیبەتی گیرفانە پڕ نەبوەکانیاندا،هەرچی چەکی ماڵ وێرانەکەر هەیە بەرهەمیان هێناوە تا ئەوەی چینە چەوساوەکە لێی ڕانەپەڕن و شۆڕش نەکەن لەدژی،بەڵام تەنها چارەسەر بۆ چینی هەژار کراو، وە بەرهەم هێنەر لەم سەر زەمینەدا،بێجگە لەبەرپا کردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی هیچ چارەیەکی تری لەبەردەمدا نیە. ناکرێت چەوسێنەر و چەوساوە لەسەر سفرەیەک کۆ بکرێتەوە. هیچ کات لە ئاسمانەوە دەوڵەمەندی و هەژاری دانەبەزێنراوە،چونکە لەوێدا خودایەک نیە و تەنها بۆشایی و گەلە ئەستێرەکان هەن،ئەو خودایەی کەهەبێت و هەیمەنەتی هەبێت بەسەر ژیاندا،تەنها خێڵی چەتەی سەرمایەداریە. ئاخۆ گەر خودا هەبایە،بۆنەی توانی فریای ئەو منداڵە بکەوێت تا نەخنکێت و تەمەنی خۆی درێژە پێ بدایە؟
مەخابن،تەواوی وەکیلە شەڕەنگێزەکانی خوداو تەواوی چەتەکانی پارێزەری ناسیۆنالیزم، ئەو خێڵە تەڵەکە بازە جادوو گەرەن کە هەمیشە،بەدرۆ گەورەکانیان لەخەڵەتاندنی مرۆڤە هەژار کراوەکاندان و خۆیشیان لەهەرچی خۆشی ژیان هەیە بەختەوەرن. چونکە ئەوانی جادوو گەری ناسیۆنالیزم و ئاین پارێز،تەنهاو تەنها لەسەر خەڵەتاندنی ئەو چینە هەژار کراە دەژین و بۆخۆشیا باش دەزانن کە مانەەی چەمکەکانی ناسیۆنالیزم و ئاین لە بەرژەوەندی کام لایەندایە.
ئەم منداڵە پەپولەیەی کۆبانێ هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەو مناڵانەی لە سوریا و فەلەستین و باکور و کوێ و کوێی تردا دەمرن و دەکوژرێن، بەڵام تەنها جیاوازیەک هەبێت ئەویش ئەوەیە کە کۆبانێ قوربانی زۆری دا تاخۆی ڕزگار کرد لە دەستی چەپەڵی بەرەی داعشیە ئەردۆغانیە ئیسلامیەکان، کەچی هێشتا ئاوارەیی یەخەی بەرنادات و نەوەکانی ناچار بەهەڵاتن دەکرێن،ئەویش نەک بەهۆکاری ئەوەی خەتاکە لە پەیەدەوە بێت،بەڵکو لەژێر پلانی گڵاوی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان و بەرزانیەکەی باشووردایە،کە کار دەکەن لەسەر هەڵاتنی گەنجان و خێزانەکان تا ئەوەی لەو ڕێگاوە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و پەیەدە لاواز بکەن. ئاخۆ گەر وانەبوایە چۆن دەرگاکانیان دەخستە سەرپشت بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە ملی ڕێی هاتونەهاتی ئەوروپا بگرنەبەر؟ ئەو پلانە گڵاوەی ئەو بەرەیە،هەروەک پلانەکانی پێشوتر وایە لە بەدەستەوە دانی شەنگال و کوشتوبڕی خەڵکە سیڤیلەکەیدا لەلایەن داعشی ئەردۆغانیەکانەوە.
دەوڵەتەکەی ئەردۆغان لەنێو دەرگا کردنەوەیدا بەرەو هەڵاتنی کۆچ بەرانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریادا بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەخاتری ڕزگار بوونی ئەو هەزاران کەسە نیە لەتاو مەینەتیەکانی جەنگ،بەڵکو لەو ڕێگایەوە دەیەوێت چەپاندنێک لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست بکات لەوەی ئەگەر نەیەنە پشت داواکاری و داخوازیەکانمەوە،ئەوا بە ناردنی ئەو سەدان هەزارە لە ئاوارەکان ژیانتان لێ تێک دەدەم. دەوڵەتە فاشیستیە ئیسلامیەکەی ئەردۆغان لەو ڕێگایەوە دەخوازێت بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت. لەلایەک دەیەوێت ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرپا کراوە بەرەو لاوازی و شکست ببات،لەلایەکی دی دەیەوێت وڵاتانی ڕۆژئاوا بێنە هانایەوە و ڕزگاری بکەن لەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی تێی کەوتوە، ڕێک وەک ئەو بارودۆخ و کەشە سیاسیە قەیراناویەی بەرزانی تێ کەوتوە. شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی پێکاکا و بەرەکەی،بوە بەو بەرهەمە مەزنەی کەکاتی ڕنینەوەیەتی تا گشت بەرەی چەتەی پارێزەری خاوەندارێتی تایبەتی تێدا ڕابماڵرێت. بۆیە گشت بەرەی چەتەکانی ئەردۆ داعشی بارزانیزمیش کەوتونەتە نێو ئەو قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەوە و تەنها ڕێگا لەبەردەمیاندا بەرپاکردنی ئاشوب و خیانەت کردنە مەزنە مێژووییەکانە.
ئەو خاڵەی زۆر گرنگ و پویستە لەم کورتە نووسینەدا ئاماژەی پێ بدەم؛ دەرخستنی ڕووی چەتەیی ئەو ناسیۆنالیزم_دینیەی حاکمانی ناوچەکەیە،کەلەژێر پارێزگاری کردن لەو دوو چەمکە بەشوێن کام چەتە گەریەتیەوەن.
مەرگی ئەو کۆرپەیەی ناوی ئالیانە یان موحەمەد یان ڕۆبێرت یان سەفین، لای من هیچ کێشەیەک نیە،هێندەی ئەوەی بۆ من کێشەیە ئاستی پارێزگاری کردن بێت لە بنەما فشۆڵەکانی ناسیۆنالیزم بون و ئاینیزم گەرایی. ئەم دوو چەمکە لای من وەک ڕەگی ژێرپەنجە وان،گەر هاتوو زوو فریای بڕین و کۆتایی پێ هاتنی نەهاتیت،ئەوکات ئەو تۆ دەکوژێت و کۆتاییت پێ دێنێت. ئەوەی لەنێو مانەوەی ئەو دوو چەمکەدا سوود مەندە،تەنها ئەو بەرە چەتەیەی حاکمانی دەوڵەت گەرای ناسیۆنالیست دینی ناوچەکەن لەگەڵ چنی چەتەی ئیمپریالیزمی سەرمایەداریدا.
مەخابن،ئێمە کەوتوینەتە نێو بەرداشی هەرچی چەتەی ناسیۆنالیزم و هەرچی چەتەی ڕابەرانی ئیسلامەوە هەیە،گەر نەتوانین شۆڕشێکی هاوشێوەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین دژی ئەو بەرەیە،ئەوا ئەوانی چەتە،نە واز لەجەنگەکانیان دەهێنن وە نە ئاوارەیی بەرەی هەژاران کراویش کۆتایی پێ دێت و نەهاڕینمان لەنێو بەرداشی قازانج پەریستیەکانی ئەواندا دەوەستێت.
زۆر بێ شەرمیە کاتێک تۆ پێت ناخۆش بێت بەمەرگی ئەم پەپولەیە تەنها لەبەر ئەوەی مناڵێکی کوردە. ئاخۆ گریمان ئەوە مناڵێکی عەرەب زمان یان تورک زمان یان فارس زمان یان ئەفریکای زمان بێت یان..،،چ جیاوازیەک دەبینرێت لەوێدا!؟ ئاخۆ مناڵەکان لەماناکانی ناسیۆنالیزم بوون و ئاین گەرایی بوون دەزانن؟! کەوایە مەرگی ئەم پەپولەیە هەرکوێندەری بێت،هیچ لە بنەڕەتی تاوانباران ناگۆڕێت کە سەر بەهەرچ زمان و هەر نەتەوەیەک بێت لە بوون بەهۆکاری کۆچ و ئاوارەی ملیۆنان لە خێزانەکان بەرەو گەڕان بەشوێن، جێگایەکی ئارامدا. لای من چەندەی ناسیۆنالیزم بوون مایەی شەرمەزاریە،دوو هێندە ئاین پەرستی و هەڵدان بەباڵای مافی مرۆڤ بونەکەی لەوڵاتانی ڕۆژئاوادا ،گوایە لێرەدا حورمەتی مرۆڤایەتی پارێزراوە. ئەوە درۆیەکی گەورەیە،لەکۆی وڵاتانی ئەوروپادا ئەگەر بزوتنەوە سۆسالیست و بزوتنەوە جەماوەریەکان نەبێت،ئەوا خاوەنانی دەوڵەتی چەتەی سەرمایەداری ژیان زۆر سەختر دەکەن لەو ژیانەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا هەیە. لێرە کاتێک بڕێک ژیان هەیە،دەرئەنجامی ئەو خاڵەیە،کە ئەم دەوڵەتە چەتانە هەرچی ئەزمەی خۆیان هەیە ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەکەن و مەیدانی جەنگ لەوێ گەرم دەکەن. بڕواتان هەبێت،گەر ئەم دەوڵەتانەی ڕۆژئاوا نەیان زانیایە مانەوەی ڕەگەز پەرستی دینی و قەومی لە قازانجیاندایە،ئێستا هیچ کەسێک نەمابوو که بڕوای بەدین و قەومیەت هەبێت. بۆیە ،دەکرێت بڵێین؛مەرگی ئەو پەپولەیە، پەڵەیەکی ڕەشی ترە بەنێو تەوێڵی پارێزەرانی گشت بەرەی قازانج پەرستی دینی و ناسیۆنالیزمی و نیزامی سەرمایەداریەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە