ئایلان گەر شەپۆلەکان نەبونایە

Saturday, 05/09/2015, 9:40

3344 بینراوە


چاوەکانمان ئامڕازێکی زۆر بەهێز ترن لە چاو گوێکانمان، چونکە شتێک، کە بتوانین بەشێوەیەکی گرافیکیی تەماشای بکەین و درەنگیش لەهزرماندا کاڵ ببێتەوە وێنەیە.
هەموومان مێژووی تاوانەکانی جەنگیزخان، تەیموری لەنگ، نادرشا، تەنانەت ئەدۆڵف هێتلەریشمان بیستوە لەگەڵ سەدام حسێن و ئەسەد، شای ئێران و خومەینیش، بەڵام هێتلەر لەڕێگەی وێنەکانەوە کەمتر لەهزرماندا کاڵ دەبێتەوە، چونکە وێنەکان زیاتر کاریگەرترن لەچاو چیرۆکەکان کە زۆر بەتراژیدیایی باسی قوربانییەکان دەگێرنەوە.
لەوەتای دەریای ئیجە هەیە سەدان بگرە هەزاران قوربانی لە ناویدا گیانی بۆتە خۆراکی ماسییەکان، بەڵام چونکە لاشەی قەراغ دەریاکە یان ناودەریاکە وێنەی نەگیراوە، تەنها لە هەواڵێکی لۆکاڵی زیاتر تێنەپەڕیوە، بەڵام ئایلان وێنەی لاشە بچکۆلانەکەت وەک بۆمبێکی ئەتۆمی دەنگی دایەوە، وێنەکەت هەموو مێژووی سیاسەتی پێنج هەزار ساڵی لەبەر دەم پرسیارێکی موڕاڵییدا ڕاگرت ، وێنەکەت بەهەموو جیهانی ووت ئەم سەرزەمینە چ دۆزاخێکە بۆ مرۆڤەکان، کە نیشتمانیان نییە یان لە شەڕدا ژیان دەکەن و دیکتاتۆرێک بەرۆکیان بەرنادات؟
 ئایلان تۆ تەنها شەوێک لە سەرفەرشی لمەکە ڕاکشایت وچویتە خەڵوەتەوە، چویتە ناو تەنیایی خۆتەوەو، تۆ پەیامێکت بە هەموو جیهان دا، بە تەنیا شەوێک قسەت نەکرد، چونکە زانیت سبەی کە بێن و بتبینن تۆ قسەدەکەیت، ئەوکاتە دەتگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگا. تۆ دەتزانی زمان کۆمەڵگایە، بۆیە بەتەواویی بێدەنگ بوویت، لەڕێگەی بێدەنگی و خەوەقولەکەی سەر لمەمروارێکەتەوە هەموو چیرۆکی تراژیدیای دنیای لە خۆیدا مەڵاس دابوو، بویتە حیکایەتوانێک بێ ئەوەی دەم بکەیتەوە.
ئایلان ئەمڕۆ کۆمەڵگا جەستە بچکۆلەکەتیان شاردەوە هەرتۆ نا جەستەی غالبی برات و ڕێحانی دایکتیش بوو، ئێوەیان گەڕانەوە بۆ کوبانی. بۆیە جەستەکان حەشار دەدەن، چونکە کۆمەڵگا ددان بە جەستەدا نانێت، ئیتر جەستە، کە گیانی تێدا نەبوو بێ کەڵکە و دەبێت حەشار بدرێت، یان بسوتێنرێت، بەڵام وێنەکەت بووە کاریزمای هزری مرۆڤایەتیی و مێدیاکانی جیهان هەمووی باسی منداڵێکی سێ ساڵ دەکەن، کە لەقەراغ دەریایەکدا ڕاکشاوە. ئەو منداڵە بە خاکەنازێکی نایلۆنەوە قەڵایەک لە لم دروست ناکات، ئەو ڕاکشاوە بە مرۆڤایەتی دەڵێت بوەستن، ئیتر هەتاو مەکەن وخۆتان مەدەنە بەرخۆ، چەترە ڕەنگاوڕەنگەکانتان بپێچنەوە، خۆراک و خواردنەوەکانتان فڕێدەنە دەریاکەوە، کتێبەکان و چاویلکە ڕەشەکانتان بەرنە مۆزەخانەکان، دەرپێ و مەمکدانەکانتان توڕهەڵدەن، کرێمی هەتاوەکانتان وازلێبهێنن، تۆپ و ڕیشە و شەبەکاکان بپێچنەوە، من ئایلانم کەوتمە ڕێگە، تا منیش ڕۆژێک بێت وەک ئێوە چێژ لە دەریا ببینم، لەگەڵ ماسییە ڕەشە بچوکەکەی بێرەنگیدا تۆزێ دەسبازی بکەم لەناو دەریادا، منیش وەک ئەو بۆ نهێنییەکانی ژیان بگەڕێم. منیش ئەمویست وەک ماسییەڕەشەکە شوناسێکم هەبێت، شوناسێک ناسنامەمی پێبناسمەوە .
هەموومان بیردەکەینەوە سەرمان بۆتە سەنتەرو هزرمان وێنەیەک داگیری دەکات، مەرگێک چیدەکات؟ فۆتۆگراف دەبێتە پاڵەوان، پۆلیسێکی قەراغی دەریا دەبێتە "بابەنوئێل" کە لاشەکەی لەسەر دەستە، سیاسییەک کە چاوەکانی دەسڕێت دەبێتە فریادڕەس، مەلایەک کە یاسین دەخوێنێت دەبێتە نوێنەری خوا و دەپاڕێتەوە لە گوناحی ئایلان خۆشبە خودایە مەلاکە دەڵێ: خودایە "ئایلان" ببەخشە ئەوسواری بەلەمێکی هەڵەببوو. دەشزانین منداڵ هەست دەکات لە دڵەوە، ئێمە بیر دەکەینەوە کاتێک هەست دەکەین بە جودایی و تەنیایی دەمێنینەوە . لە هەرکوێیەک کە ژیان دەستدرێژ دەکات ، مەرگ لەوێیە، مەرگە وەفاترین بونەوەرە بە چرکەش لێمان جودا نابێتەوە، ئێمە کە دەچینە دەریاوە مەرگ بێ ئەوەی مەلە بزانێت لەگەڵمان دێت، کە بە چیادا هەڵدەگەڕێین ئەوە مەرگە بێ ئەوەی شاخەوانی کردبێت لەگەڵماندا دێت، کە نان دەخۆین لە تەنیشتمان دادەنیشێت بێ ئەوەی دەست بۆ لوقمێک خۆراکمان ببات، کە دەشخەوین لە تەنیشتماندا دەڕازێت ئەو ناخەوێت، ئەو لە ئێمە دەڕوانێت جێمان ناهێڵێت، کە دەشچینە شەڕەوە ئەو بێ ئەوەی بترسێت، بێ ئەوەی چەکێکی پێ بێت  لەگەڵماندا دێتە ناو شەڕەکەوە، ئەو گوێ بەوە نادات ئێمە چەند بزێویی دەکەین لە ژیاندا؟ لەگەڵ دێینە دنیاوە مردن لەگەڵماندا دەبێت، ئەگەر مەرگ ئەوشەوە ئایلانی جێبهێشتایە کێ دەیزانی ماسییەکان چۆن ئایلەندیان دەخوارد؟ ئەگەر شەپۆلەکان هیمەتێکیان نەکردایە و لاشەی ئایلانیان لە دەم ماسییەکان نەسەندایە، کام لە ئێمە چیرۆکی مەرگێکی وا گەورەمان دەبیست؟
ماوەتەوە بڵێین لە مەرگێکی وادا مرڤایەتی چی فێردەبێت؟
ئێمە وەک کورد چی فێردەبین؟
ئایا فێردەبین، کە ئیتر یەکمان خۆش بوێت؟
نیشتمان جێگەیەکە بەمردویش بێت دێینەوە لای، کە هاتینەوە با ڕووی بێت لە ئامێزمان بگرێت وشەرمەزاریی نەکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە