11/09/2001ڕۆژێک کە ئاراستەی جیهانی گۆڕی!

Sunday, 13/09/2015, 14:41

2349 بینراوە


ئەمڕۆ 14ساڵ بەسەر 11/09/2001 تێ دەپەڕێت. ئەنجام دانی ئەو تاوانە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت،بەتەواوی ڕوون نیە کە کێ لەپشتی پلانەکەیەوە بوە. بەڕووکەش وا دەردەکەوێت کە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەل قاعیدە ئەنجام دەری تاوانەکە بێت. دیارە لەو ڕۆژەدا زیاد لە سێ هەزار مرۆڤی بێتاوانی ئەمریکی بوون بە قوربانی و هەزارانی تریش بریندار بوون. تا ئێرە بینینی ڕووداوەکە بە ڕووداوێک دەبینرێت و تاوانێک ئەنجام درا،بەڵام لەپشتی ئەو پلانە دڕندانەیەدا دەوڵەتی ئەمریکا چ ئامانجێکی پێکا.
بۆ دەوڵەتی ئەمریکای یەک ڕەقیب لە جیهانی دوای ڕوخانی بلۆکی شوورەوی،دەست کراوەی خۆی باشتر بۆ دەهاتە بەردەم تا چۆن بخوازێت وا دەست وەرداتە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و بۆخۆی بەتەنها بتوانێت پارسەنگی هێز بەلای خۆیدا بشکێنێتەوە. جەنگی ئەفگانستان و عێراق،لەدوای یازدەی نۆ تا ئێستا درێژەی هەیەو ملیۆنان لە مرۆڤی سیڤیل باجەکەیان دا،بەڵام هێشتا جەنگ لە سەرەتای خۆیدایە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی گەورە هێشتا دوور مەودایە لە چارەسەری و بەقەولی دەوڵەتی ئەمریکا گواستنەوە بەرەو دیموکراسی و چەسپاندنی مافی مرۆڤ.
ئەو نەخشە ڕێگایەی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەیانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین،نەک ناتوانێت ڕێگا چارەسەری و ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو کۆمەڵگایانە بنیات بنێت،بەپێچەوانەوە،بووە بەمایەی ئاشوبێک کە تا دێت تونێلە تاریک بوەکە درێژتر دەکاتەوە. چونکە دەست پێشخەری دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرپاکردنی جەنگ،نەک لەبەر ڕزگار کردنی کۆمەڵگاکانی ئەفگانستان و عێراق بوو بێت لە دەستی ئەل قاعیدە و دیکتاتۆریەت،بەڵکو قوڵ کردنەوەی ئەو پێگانە بوو بۆ دڕێژتر کردنەوەی مەینەتیەکان بەشێوازێک کەسەر لەبەر دەرکردنی زۆر زەحمەت تر بێت. ئەوە چواردە ساڵ تێپەڕ دەبێت و قەیران و جەنگ هەر بەردەوامە و ڕێگا چارەیش هەر لەخەونێک دەچێت. 
هیچ کاتێک نەبوە دەوڵەتێکی داگیرکار و زلهێزی ئیمپریالیستی هەنگاو بنێت بەرەو ڕزگاری ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەژێر دەستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندان، چونکە کارێکی وا ڕێگای تێ ناچێت. بەرپاکردنی جەنگی کاول کاری لە دوای یازدەی سێپەمبەری دوو هەزار و یەک،بۆ قوڵتر کردنەوەی قەیرانەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات بوە و بردنی ژێر زەمینە بەپیتەکەی لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زلهێزانەوە. لەدوای ئەو مێژووە، نەخشە ڕێگایەک داڕێژراوە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاو زلهێزانەوە،کە پێ دەچێت بەنەخشە ڕێگای سەدە ببینرێت،چونکە پێداویستی پەیدا کردنی مەوادی خاو لە شێوەی نەوت و پێک هاتەکانی،ڕەنگە لەهەرکات زیاتر پێویستی حەیاتی ئەم سەردەمە گلۆباڵە بێت. بۆیە ژیان کردن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا تا دێت بەرەو بێهودەیی و نائارامی زیاتر دەچێت و لەبری لەناو دانی قاعیدە،سەدان قاعیدەی تریان درووست کردوە،کەدواتر ڕوون دەبێتەوە کە کۆی ئەو گروپە تیرۆریستیانە پەیوەندیان لەگەڵ ئامانجەکانی دەوڵەتی ئەمریکاو زلهێزانی جیهاندا هەیە.
لەم سەدەیەدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا کە ڕێگا چارە بۆیان هەڵپێکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و هەنگاو نانیانە بەرەو کرانەوە و بنیات نانی کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسیەتی خۆبەڕێوەبەری،لەبەرانبەر ئەو ئامانجە مەزنەدا، ڕاسیزمی مەزهەبیان زیندوو کردوەتەوە لەگشت ڕۆژهەڵاتداو بەو تلیاکە گێژکەرە،جەنگێکی بێ کۆتاییان بەرپا کردوە. کەواتە ئەو باجەی کە خەڵکی سیڤیل دەیدات لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،بەرهەمی ئەو پلانە نەگریسەی دوای یازدەی سێپتێمبەری دوو هەزار و یەکەو، گەر شۆڕشێکی ڕزگاریخوازانەی کۆمەڵایەتی نەیەتە مەیدان،ئەوا ئەم سەدەیە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەتاریکترین سەدە دەبینرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە