کوردستانپۆست قوتابخانەیەک بۆ فێربوون، پەروەردەیەک بۆ یاخیبوون


کۆبانێ پایتەختی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتیە

Tuesday, 09.15.2015, 15:33

1101 بینراوە


١٥/٠٩/٢٠١٥تێپەڕ بوونی ساڵێک دەگەیەنێت بەسەر هێرشە شکست خواردوەکەی داعش و گشت هاوپەیمانەکانیدا بۆ سەر کوبانێی هێمای قارەمانێتی و گیان فیداکارێتی.
بۆ دەوڵەتی ئەردۆ داعشی سونی مەزهەب،ئەوەی لێی دەترساو لێی دەسڵەمیەوە پارتی کرێکارانی کوردستان بوو،چونکە باش لە پەیام و خەباتە مەزنەکەی ئەو پارتە تێگەیشتبوون و باش خوێندنەوەیان بۆ کردبوو،کە ئەم پارتە وەک پارتە کوردیەکانی هەرێم نیەو ناکڕدرێت. هەرواش دەرکەوت. پێکاکا،بەخۆی و سەرۆکە بەند کراوەکەیەوە،تەواوی قۆناغی خەباتیان لەپێناو بەئاگا هێنانەوەی کۆمەڵگای کوردی و خەڵکی ئازادیخوازی تورکیادا بوە تا چیتر ئەو زوڵم و زۆرەی دەوڵەت قبوڵ نەکەن و ڕاپەڕن دژی کۆی ناعەدالەتیەکانی دەوڵەت. لەوێدایە کەچیتر پێکاکا وەک پارتێکی ناسیۆنالیست نەبوو،هێندەی بوە بەپارتێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز.
دەوڵەتی تورکیای ئەردۆ داعش،لەدوای ئەوەی خەڵکی ناڕازی سوریا دژی دەوڵەتەکەی ئەسەد ڕاپەڕینیان کرد و ڕژانە نێو شەقامەکان،وەئاراستەکە وا دەچوە پێشەوە کە دوور بێت لە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە. دواجار،وە دوای خوێن ڕشتن و دەربەدەری ملیۆنان لەخەڵکی سوریا،ئاراستەی ڕاپەڕینە جەماوەریەکە گۆڕا و دەستێوەردانی ناوچەیی و جیهانی تێکەوت. تائێرە ئاستی کێشمەکێشە بنەڕەتیەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا ئاسایی بینراوە. بەڵام کاتێک خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر سایەی پارتی پەیەدەدا شۆڕشیان بەرپاکرد و ئیعلانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی خۆسەریان کرد،ئیتر بۆ دەوڵەتی ئەردۆ داعش گشت هاوکێشەکان چونە نێو قۆناغێکی هستیریەوە،چون تادوێنێ تەنها پێکاکا سەرئێشەکەی بوو،وائێستا پێکاکایەکی دیکەیشی هاتوەتە تەنیشتەوە. ئەوەی بۆ ئەو دەوڵەتە دڕندەیە سەرمایەداریە ناسیۆنالیست دینیەی ئەردۆ داعش کاری دەست بەجێ و بێ چاوەڕوانی کردن بوو لەوەی چۆن دەست وەرداتە ڕۆژئاوای کوردستان،پلانی بێوەستان بوو بەدژی ئەو شۆڕشە مەزنەی هاتبوە بەرپابوون لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.
داعش،بێجگە لەوەی پرۆژەیەکی دینی سیاسیە بۆ نێو پرۆژەی نەخشەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوین،وە چۆنیەتی بەکارهێنانی بەدژی دەسەڵاتی دەوڵەتی چەتە گەرێتی شیعە مەزهەبی ئێران و عێراق،بەهەمان شێواز،ئەو پرۆژە ڕەشەش بوو بۆ بەکارهێنان و لەنێو بردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان. داعشی چەتەی ئیسلامی سونی،بێ پشتوپەنا نەبوە لەناوچەکەدا،بەڵام ئەو لایەنەی کەزۆرترین و بێپەردە ترین کۆمەکی بەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە مەزهەبیە داوە،تەنها دەوڵەتە چەتەکەی ئاردۆغانی فاشی بوە.
شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان،هەروەک بومەلەرزەیەکی مەزن خۆی نیشان دا لەگشت ناوچەکەو جیهاندا،شۆڕشێک کەچیتر لەو کۆ مێژوەی ڕابردوی نێو بزوتنەوە قەومی و دینیەکانی ناوچەکە نەبوو،بەڵکو ئەم شۆڕشە، ئێجگار جیاواز بوو لەگشت پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەییەکانەوە. شۆڕشێک کە پێگەی تاک و کۆی هەستاندەوە بۆ ئەو ئاستەی کەتوانا مەزنەکانی خۆی ببینێت و چیتر ژیانی کۆیڵایەتی بەڕەوا نەبینێت. شۆڕشێک پێگەی هێزوئیرادەی ژنی گەڕاندەوە بۆ هەیبەتی مرۆڤ بوونی خۆی و خەباتی پێکەوەیی ژن و پیاوە بەڕێزەکان لەو کومەڵگایەدا کارێکی وا خێرای کرد کە گشت جیهان پێیان سەرمەست بێت. هەر خودی ئەو بنەما پیرۆز و یەکسانیخواز و مرۆڤ دۆستیە بوو،کە وای لەدەوڵەتەکەی ئەردۆ داعش کرد، کە لەژێر پلانێکی گڵاودا،چەتەکان ئاراستەی هێرشەکانیان بگۆڕن بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ کرا بەجێگەی ئەو پەلامارە دڕندانەیە.
دوای زیاد لە سێ مانگ بەرگری قارەمانانەی شۆڕشگێڕانی کۆبانێ و پەیەدە،توانرا کۆبانێ بکرێتە گۆڕستان بۆ چەتە گەلی داعشیەکان. شەڕڤانان داستانی وامەزن و مێژووییان تۆمار کرد بەچەکە سادەکانی نێو دەستیانەوە،کە گشت جیهانی سەردەستی وا لێکرد،بێنە وەڵام و کۆمەک بەشەڕڤانان بکەن. 
کۆبانێی هێمای بەرگری و چۆک دانەدان لەم سەدەی بیستویەکەمەدا،ناسراوترین جێگای ئەم سەرزەمینەیە،ئەویش تەنها لەڕێی ئەو پەروەردە مەزنەی کەڕابەرانی شۆڕش پێشکەشی گەل و کۆمەڵگایان کردوە. شۆڕشێک تەنها تەمەنی چوار ساڵە،بەڵام لەتەوای جیهانداو لەنێو گشت بەرەی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی جیهاندا،بوە بە ناسراوترین شۆڕش.
ئەو مەزنایەتیە بوو کە گشت بەرەی تاریک پەرستی ناوچەکە لەکۆیەکی ناجوامێرانەدا یەکیان گرت و لەڕێی داعشەوە پەلاماری دەسکەوتەکانی شۆڕشیان دا،بەڵام خۆش بەختانە، هێزوئیرادەی شۆڕشگێڕان هێندە بەرز و بەئیرادە بوو،توانی گشت ئەو بەرە دڕندەیە ڕیسوا بکات و تەنها حاڵەتی هستێری زیاتریان بۆ بمێنێتەوە.
کۆبانێ ئیتر ئەو جێگا پڕ لەشانازیەیە کە لەمێژووی ئێستاو ئایندەدا،تەنها هێمایەکە بۆ ڕوناکی دژی تاریکی،یانی جێگایەک کە ڕوناکی و ئارامی بڵاو دەکاتەوە بۆ گشت ئەو جێگایانەی کە تاریک پەرستان تاریکیان کردوە.
کۆبانێ پایتەختی پاراستنی کەرامەتی گشت مرۆڤایەتی ئازادیخواز و یەکسانیخوازە لەهەر کوێیەکی ئەم سەر زەمینەدا بن. 
چەتە گیرفان بڕەکانی بەرەی سەرمایەداری ڵەناوچەکەدا، کەگشتیان داعش ئاسا لەسەربڕینی کۆمەڵگادا درێغیان نەکردوە،بوون بەو هۆکارەی واجەنگە خوێناویەکانیان ڕانەگرن و تا ووزەی دڕندانەیان تێدایە لەکوشتوبڕی کۆمەڵگا دەست هەڵ نەگرن.
بۆیە بۆگشت بەرەی چەوساوەی نێو کۆمەڵگاکان ئەرک و پێویستیە کە بەرگری لە شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان و خەباتی مەزنی پێکاکا بکەن و هەوڵی گواستنەوەی ئەو شۆڕشە بدەن بۆ گشت جێگاو ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین. 
بەسەرکەوتنی بەرەی پێکاکا،دەتوانرێت کۆتایێ بەڕەشی داعشی مرۆڤ خۆر و هاوپەیمانەکانی بهێنرێت. سەرکەوتوو بێت شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان.
بژی کۆبانێی ڕەمزی قارەمانێتی و فیداکاری بەدژی گشت بەرەی چەتەی داعشیزمدا.




(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 3/5)