پەنابەری یان حیکایەتسازی وخراپبەکارهێنانی سیستەم و سیخوڕی؟!

Wednesday, 16/09/2015, 21:46

4450 بینراوە


ئەمڕۆ کەسانێکی بێشومار میدیاکان بە گشتی و میدیای کۆمەڵایەتیان بەتایبەتی کردۆتە سەکۆی بانگەواز و خۆدەرخستن لە ژێرناوی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و ژنان و منداڵان و لاواز و پەنابەران بەتایبەتی. دیاردەیەکی کۆمێدی ـ تراژیدیە کە تەنانەت ئەوانەی خۆیان پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤن، دێن لە میدیاکاندا لە بەرگی پێچەوانەی کردارەکانیان خۆیان نمیاش دەکەن. پڕڕویی گەیشتۆتە ئەوەی کە تەنانەت پیاوان و بەرپرسانی باڵای دەسەڵات باس لە مافی پەنابەران دەکەن و فرمێسکی تیمساح بۆ قوربانیەکان دەرێژن. لەکاتێکدا خۆيان بونەتە هۆی دروست کردنی لێشاوی کۆچکردن. 
دانیشتوان و بەتایبەتی گەنجان و مرۆڤدۆستانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستی و ئایدیالیزم و سۆزی تا ئاستی خۆشباوەڕی بە گەرمیەوە پشتیوانی مادی و مەعنەوی کۆچبەران دەکەن . 
پارت و لایەنە چەپ و راستەکان بە شێوازی جیاواز و بە ڕادەی جیاواز ڕاستەوخۆ دژ بە کۆچکردوان و پەنابەران ناوەستنەوە. ئەگەرچی هیچ لایەنێکیان بە ڕاشکاوی هاندەر و خۆشحاڵ نین بە هاتنی پەنابەران. بەڵام ڕێگا بە خۆیان نادەن لە بەندەکانی ڕێکەوتنەکانیان لە یەکێتی ئەوروپادا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان لابدەن. یان بە لایەنی دژە بێگانە و دژە پەنابەران لەقەڵەم بدرێن. 
لەم سەردەمەدا کە باری گوزەرانی کرێکاران و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ئاستێکی باشدایە و جیاوازیەکانی نێوان دەوڵەمەند و هەژاران لە کەمبونەوەدایە. پارت و لایەنە چەپڕەوەکانی ئەوروپا  لە مەیدانی خەباتی کرێکارانی ئەم وڵاتانەدا بوارێکی فراوانیان بۆ نەماوەتەوە کە بەرنامەی کاری بەرگری لە کرێکاران و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵ بکەنە قولاپی ڕاکێشانی دەنگدەران، بۆیە ئێستا بە ناوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافی پەنابەرانەوە دەنگدەران و لەگەڵیاندا دەنگی بێگانەکانی هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی ئەوروپایی بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن.
راستڕەوە ڕەگەزپەرستەکان بە بێ ئاشکرا و لە ڕێگای خۆپێشاندان و پەلامار و گڕبەردانە کەمپەکانی پەنابەران  دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر کۆچبەران و پەنابەران دەردەبڕن و کۆچبەر و پەنابەران لەیەکتری جیاناکەنەوە.
 هەندێك لە لایەنە ڕاستڕەوە میانەڕۆکان لەترسی لەدەستدانی دەنگدەرانی ناڕازیان لە دیاردەی کۆچی بە لێشاو زیاتر بەئاگان و سنوردارانە پشتیوانی لە هاتنی کۆچبەران و پەنابەران دەکەن. هەندێك جار لە قاڵبی مرۆڤدۆستی مۆراڵی دەبەنە دەرەوە و وا پێشانی هاوڵاتیانیان دەدەن کە کۆچبەران فاکتۆری بەسودن بۆ ئابوری و داهاتوی وڵات.
لە نێوان چەپ و راست و لێشاوی سۆزی کوێرانە دەنگانێکی بوێر و ئەقڵانی هەن کە بە ڕێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتیەکان خۆیان ڕادەستی راو بۆچونی سۆزی ڕوت ناکەن و هێشتا پێداگرن لەوەی کە مافی پەنابەری سیاسی و مرۆیی تەنها ئەوانە بگرێتەوە کە ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لە مەترسیدا بوە. 
پشتیوانان و دژەکانی کٶچکردوان بونەتە دوو ئۆردوی دژبەیەك، هەرلایەنێکیان  دەیەوێت بە شێوازێك سودی لێ ببینێت و رای دەنگدەران بەلای خۆدا بکێشێت. 
 لەم سەردەمی لێشاوی کۆچکردنە بە کۆمەڵەدا ، پەنابەری بۆتە سەرچاوەیەکی گەورەی بەدەست هێنانی دەسکەوت و ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لەو ڕێگایەوە دەچێتە گیرفانی مافیاکانی مامەڵە بە مرۆڤەوە. قاچاخچیەکان تەنها کاریان ئەوە نەماوە کە پەنابەران بە شێوازی نامرۆڤانە و پڕ مەترسیانە بپەڕێننەوە بەڵکو کاری پەساپۆرتی تەزویر و ناسنامەی تەزویر دەکەن و پەنابەران بە شێوازی لێکۆڵینەوە و حیکایەتەکان (کەیسەکان) ئاشنا دەکەن. 
ئەوەی لە هەموان ئاشکرایە ژمارەیەکی زۆرکەمی یان دەتوانرێت بوترێت دەگمەنی پەنابەران مەرجەکانی پەنابەری سیاسیان تێدایە بەپێی ڕێکەوتننامەی جنێف. بەو مانایەی ئەو پەنابەرانە بەهۆی ئایین، ڕەگەز یان ڕەوتی سیاسی و ئایدۆلۆژیان ژیانیان لەمەترسیدا بوبێت. لەم دەیەی دواییەشدا مەیلی سێکسیش کراوەتە هۆکارێك بۆ مەترسی بون لەسەرژیان، هەربۆیە زۆر لە پەنابەران خۆیان بە هاورەگەزباز لەقەڵەم دەدەن.هەروەها کێشە کۆمەڵاتیەکان و مەترسی کوشتنی شەرەف بۆتە هۆکارێکی تری گرنگ بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری. 
 زۆربەی ئەو پەنابەرانەی ڕو لە ئەوروپا دەکەن جا ئیتر لە ئێراقەوە بێت یان لە سوریاو ئەفغانستانەوە، تەنها گەیشتنیان بە وڵاتانی دراوسێ یان ناوچەیەکی تری وڵاتەکەیان بەسە بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت. ڕەوتی بە کۆمەڵی پەنابەران و خۆخستنە باوەشی مەترسی مەرگی دەریا و لۆریە بارهەڵگرە داخراوەکان کوشندەکان بە پلەی یەکەم ڕاکردن نیە بۆ ڕزگاربون لە مەرگ بەڵکو چاوبڕینە لە ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خێزانەکانیان. 
زۆربەی چەپڕەوەکانی ئەوروپا و دونیا بەگشتی لەوە دەدوێن کە هاوکاری پەنابەران و دەرگا کردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا بە ڕویاندا هاوکاری و بەرگری لە هەژارانی ئەو وڵاتانەیە. بەپێچەوانەوە هەژاران و چینەکانی خوارەوەی ئەو وڵاتانە هەرگیز ناتوانن بیر لە هاتنە ئەوروپا بکەنەوە لەبەر ئەوەی ئاستەمە بتوانن خاوەندی چەندین هەزار دۆلار بن بۆ خەرجی ڕێگا و قاچاغچیەکان (کە لە نێوان 10 تا 25 هەزار دۆلاری تێدەچێت) . ئەوانەی دەتوانن بگەنە ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی ووردە بۆرژوا و توێژی مامناوەندین. کرێکاران و هەژاران و بێدەرامەتەکان و دەستکورتانی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتانە، جێگایان تەنها ئۆردوگا و کەمپەکانی وڵاتانی دراوسێیە و تەنانەت ئاستەمە بتوانن شوێنەکانی داڵدەدانیان جێبهێڵن و نانێکی چێتخانەکان بخۆن. یان چارەنوسیان بونە قوربانیە لە نێو سەنگەرە جیاوازە دژ بەیەکەکاندا. ئیتر هەر لە داعش و فاحشەوە تا سەربازانی ڕژێمەکەی ئەسەد و سوپای ئێراقی و میلیشیا سونە و شیعەکان و پێشمەرگە و شەرڤانان ( بە چاوپۆشین لە ڕەوایی یان نارەوایی سەنگەرگیریەکانیان) .
بە کورتی ئەو پەنابەرانەی دەتوانن بگەنە ئەوروپا ئەو کەس و چین و توێژانە نین کە زۆرترین گوشاری سیاسی و ئابوریان لەسەربێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویست بێت بە پلەی یەکەم هاوکار و پشتیوانیان بێت. 
سەرباری تەواوی ئەم ڕاستیانەش با سەیرێکی دەوروبەری خۆمان بکەین و بپرسین ئایا ئەو پەنابەرانەی بە حیکایەتە هۆنراوەکانەوە هاتونەتە ئەم وڵاتانە دەتوانن یان توانیویانە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای ئەوروپاییدا بگونجێنن؟ یان دونیایەکی تایبەت بە خۆیان پێکدەهێنن و نەوەکانی داهاتوشیان بە ئاراستەی خۆدوربگیر لە کۆمەڵگای ئەوروپی پەروەردە دەکەن؟ ئایا پەنابەران وەکو تاکێکی بەسودی کۆمەڵگا ئەوروپیەکان ڕەفتار دەکەن و ڕۆڵی خۆیان دەبینن ؟ بونیان کاریگەری ئەرێنی سیاسی و ئابوری لەسەر ئەم وڵاتانە دەبێت یان بە پێچەوانەوە ؟ 
دیارە خۆگونجاندن یان نەگونجان لەگەڵ تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایانە کارێکی ئاسان نیە و زۆرجار یەکلایەنە نیە و لایەنی بەرامبەریش واتە هاوڵاتیانی ئەسڵی وڵاتەکە ئامادەییان نیە بۆ پەسەندکردنی بێگانەکان. ئەمەش تاوانبارکردنیان نیە بە ڕەگەزپەرستی بەڵکو جیاوازیەکانی ئایین و کولتور و زمان و نەریت و پاشکۆی پەروەردە بون لە کۆمەڵگا و ناوەندی جیاواز دا بەربەستن لە ڕێی نەوەی یەکەمدا بۆ تێکەڵبون و خۆگونجاندن  بەو کۆمەڵگایانە. ئەوەی کە گرنگترە لەو خۆگونجاندنە کۆمەڵایەتیەی نەوەی یەکەم، خۆگونجاندن و ڕێزگرتنە لە یاساکانی ئەم وڵاتە و خراپبەکارنەهێنانی هاوکاریە کۆمەڵایەتیەکانە و فێڵنەکردنە بەمەبەستی وەرگرتنی هاوکاری و دەسکەوتی مانگانەی زیاتر و ناڕەوا. بەداخەوە بە پێی ئاگاداری نزیکم لە زۆربەی کۆچبەرانەوە ژمارەیەکی بێشوماریان بە چەپ و ڕاست لە هەوڵی خراپبەکار‌هێنانی سیستەمی سۆسیالی ئەم وڵاتانەدان. 
من لێرەدا چەندین نمونە دەهێنمەوە لەسەر کوردانی باشور لە بەلجیکا کە چۆن بەردەوام خەریکی خراپبەکارهێنانی سیستەمی هاوکاری کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتەن. لە کاتێکدا ئەم وڵاتە لەچاو ئەڵمانیا و بەریتانیادا زۆر سەختگیرترن و کۆنترۆڵ و چاودێریەکان گەلێك بەهێز و جدی ترن و سزاکان توند ترن. ئاشکرایە کوردانی باشور بەهۆی ڕاهاتنیان بە گەندەڵی و فروفێڵی دەسەڵاتی حیزبە بۆگەنەکانی هەرێم و گەندەڵیان لێرەش بەهەمان بیرکردنەوە و ڕەفتار مامەڵە دەکەن. زۆر بەئاگا و بەرنامە بۆداڕێژڕاو ساختەچێتیەکانیان بە پشتیوانی حیزبەکانی دەسەڵات و تەنانەت. چاوپۆشی و ئاسانکاری حیزبەکانی دەسەڵات و نوێنەرایتی حکومەتی هەرێم و سەفارەتی ئێراقی لە بەلجیکا ئەنجام دەدەن .
1ـ ژمارەیەکی زۆری کوردانی باشور سەرباری ئەوەی لای دەزگا تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان ژن ومێردی شەرعی و یاسایی یەکترین. لەم وڵاتەدا بە جیاواز خۆیان دەناسێینن، بەو مەبەستەی  2 مانگانەی جیاواز و دوو خانوی سۆشیالی جیاواز وەربگرن. یەکێك لە خانوەکان بە شێوازی ڕەش و نایاسایی دەدەنەوە بە کرێ. کاتێك کە ژنەکانیان منداڵی نوێی دەبێت بەو مەبەستەی کە خەرجی مانگانە لە پیاوەکە نەسەنرێت، باوکی منداڵەکەی ئاشکرا ناکەن و وا پێشان دەدات کە لە نەناسراوێك و لە پەیوەندیەکی یەکجارەی سێکسی دا سکی پڕ بووە. 
2ـ لە یاسای باجی بەلجیکادا پێویستە هەرکەسێك خانو زەوی لە وڵاتێکی تر هەبێت ئاشکرای بکات. بە پێی ئاگاداریەکانی من زیاتر لە نیوەی ئەوانەی 15 سالە لە بەلجیکا دەژین بەلایەنی کەمەوە خانویەك یان پارچە زەویەکیان لە کوردستان هەیە و لە کاتی پڕ کردنەوەی فۆرمی باجی ساڵانەدا دەزگاکانی حکومەتی بەلجیکایلێ ئاگادار ناکەنەوە، لەترسی ئەوەی کەمێك لە دەسکەوتیان وەکو باج بدەن بە دەوڵەت ئەرکی هاوڵاتیان بەجێبگەیەنن. بێگومان ئەوانەی مانگانەی هاوکاری سۆشیال وەردەگرن کە خۆیان ناویان لێ ناوە (ڕاتب یان موچە و معاش!!) هەرگیز ئەو موڵکەکانیان ئاشکرا ناکان. لەبەر ئەوەی بە پێی یاسا کەسێکی وەرگری هاوکاری لە سۆشیال لە هەر وڵاتێکی دونیا دا کەمترین موڵکی هەبێت تەواوی مانگانەکەیان لێ دەبڕدرێت و خانوی سۆشیالیان لێ دەسەندرێتەوە. یەکەمین مەرجی کرێ یان کڕینی خانوی سۆشیال ئەوەیە کە ئەو سودمەندە لە هیچ شوێنێکی دونیادا خاوەندی خانو زەوی نەبێت.
3ـ بە پێی یاساکانی بەلجیکا وەرگرتنی موچە و دەسکەوت لە وڵاتێکی تر ڕێگە پێدراوە لە پاڵ وەرگرتنی موچەی کاری بەلجیکا بەڵام جێگای سزادانە ئەگەر هەر موچە یان دەسکەوتێك لە وڵاتانی تر وەربگیردرێت و لە فۆرمی باجدانی ساڵانەدا ئاشکرا نەکرێت. بەڵام دەزگای سۆشیال ئەگەر ئاگاداربێت لە وەی یەکێك لە سودمەندەکان موچەی لە وڵاتێکی تر هەیە ڕاستەوخۆ یارمەتی مانگانەی ڕادەگیرێت و سزای دەدات و خانو پەناگای سۆشیالی لێ وەردەگرێتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئەم وڵاتە لە پاڵ موچەی کارەکەیان یان مانگانەی سۆشیال یان مانگانەی بێکاریان موچەی خانەنشینی پێشمەرگەیی یان فەرمانبەری یان موچەی بندیواری وەردەگرن . تەنها لە ناو ئەندامانی پارتیدا کە ژمارەیان نزیکی 300 کەس دەبێت 106 کەسیان لەو جۆرە موچانەی هەیە. زۆربەی ئەوانەی تریش لە هەوڵ و خەونی وەرگرتنی زەوی و موچەدان لە داهاتوی دوور یان نزیك و ئەو خەون و هیوایە لەناو پارتیدا هێشتونیەتەوە. جێگای شەرمەزاریە بۆ سەرانی ئەو پارتە و بەتایبەتی سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی کە ڕاستەوخۆ ئاگاداری چەندین کەسی بەلجیکایە کە موچە و ئیمتیازاتیان دراوەتێ لەکاتێکدا خۆیان و بنەماڵەکانیان نەك هەر پێشمەرگە نەبون بەڵکو ڕابوردوی جاشێتی و خیانەتیان لەکەس شاردراوە  نیە. 
4ـ هەندێك لە کوردانی ئەم وڵاتە پێیەکیان لە کوردستانە و پێیەکیان لە بەلجیکایە . لە کوردستان کار و فەرمانبەری یان بازرگانی و کاسبیان هەیە و لێرەش مانگانەی سۆشیال یان بێکاری و خانوی سۆشیال . لەو چەند مانگ یان چەند هەفتەیەی گەڕانەوەیان وەکو ماڵی دوهەم و شوێنی سەفەر و گەشتیاری ئەو خانوانە بۆ مانەوەیان بەکاردەهێنن یان دەیدەن بە کڕێی نایاسایی. هەندێکیان هەرخۆیان بە تەنها ئەم سەفاومەروایە دەکەن هەندێکیان بە منداڵ و هاوسەرەکانیانەوە.
5ـ لە ناو سەدان پەنابەری کوردستانی باشور و ئێراقیەکان دا ئەوانەی کێشەی ڕاستەقینەی سیاسیان هەبوبێت بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و ئەوانی تر بەگشتی کەیسەکان یان حیکایەتەکانیان دروستکراون و زۆرلەیەکچون و بونەتە بابەتی گاڵتەوگەپ و نوکتەی فەرمانبەرانی دەزگای پەنابەری بەلجیکا.  
6ـ ئەو پەنابەرانەی کە ئەندامانی پارتی و یەکێتین زۆربەیان گوایە لەدەست پارتی و یەکێتی ڕایانکردووە و ژیانیان لە مەترسیدا بووە. هەر هەمان ئەوانە لێرە جگە لەوەی بونەتە دز و ساختەچی پلەیەك و دەسپانکەرەوەی موچەی سۆشیال و لە هەمانکاتدا بندیوار هەر ئەوانەش بونەتە ڕاپۆرتنوس و سیخوڕ و مەسینەهەڵگر و لە باشترین حاڵەتیان دا سەرشۆڕی ئەو پارت و لایەنانەی دەسەڵات. هەر ئەوانەش کە بەیانیان دەسپانکەرەوەی سۆشیالن ئێواران لە فەیسبوکەکانیاندا بە قات و بۆینباخەوە چاوپێکەوتن و کۆبونەوە حیزبیەکانیان پێشان دەدەن و سەردانی نوێنەرایەتی سەفارەتی ئێراقی دەکەن و خۆیان وەکو بزنزمان و دبلۆماتکار نمایش دەکەن. لە ناو پەنابەران و ئەندامانی پارتیدا لە ناوچەی بەلجیکا کادرانێكیان هەیە کە جگە لە کارە ناڕەوا و ساختەکاریەکان کاری قاچاخچێتی نێوان بەلجیکا و بەریتانیا یان تورکیا و یۆنانیش لە پاڵەوە دەکات. 
7ـ زۆر لە پەنابەرانی باشوری کوردستان لە ڕێگای دکتۆرە گەندەڵە بیانیەکانەوە ڕاپۆرتی نەخۆشی بۆخۆیان دروست دەکەن تا بەو هۆیەوە پارەی پەککەوتەیی (معوق) وەربگرن. بەشێك لە کوردەکان لەڕێگای ئەو ڕاپۆرتانەوە توانیویانە کارێکی زۆر ئاسانیان بە پارەیەکی باشتر لە ئاسایی پێبدرێت. بەشێکی تریان  بەیەکجاری بونەتە معەوەق و کارناکەن . تەنانەت بە هۆی گوایە ئازاری پشت و قاچ و ....هتد یانەوە لە کاتی سەردانەکانی دەزگای سۆشیال گۆچان و دارشەق بەکاردەهێنن و لە کاتی سازکردنی ئاهەنگەکانی حیزبەکاندا سەرچۆپیگری هەڵپەرکێکانن!!. جگە لە پشت و قاچ و قۆڵ یەشان، نەخۆشی دەرونیش بۆتە ڕێگایەکی تری خۆ دزینەوە لە کار و هەر جارە ناجارێك یەکێك لە ئەندامانی ڕەوەندی کوردی ئەم وڵاتە خۆی نیوەشێت دەکات ودەیکاتە سەرچاوەی ڕزق و دەسکەوت.                                          بە کورتی بەشێکی لەبەرچاو لە ئەندامانی ڕەوەندی کوردی ئەم وڵاتە معەوەقی جەسەدین یان شێت و نەخۆشی دەرونین. با بەرامبەریان ناڕەوایی نەکەم و بڵێم بەشێك لە ڕەوەندی کوردی (خاوەند پێداویستیە تایبەتیەکانن!!). سەیر ئەوەیە لە نێو ئەوانەدا چەندین ڕەخنەگری توند و زماندرێژو چالاکوان و دژە گەندەڵەیش هەن. 
8ـ لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا هەمان ئەوانەی گوایە لە دەسەڵاتی هەرێم ڕایانکردووە، لێرە لە بیرۆی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و بیرۆی حیزبە تاوانبارو گەندەڵەکانی ناو دەسەڵات و تەنانەت سەفارەتخانەکان دا بە شێوازی ڕەش و نایاسایی کار دەکەن و دەسکەوت و مانگانەی دوهەم لە پاڵ مانگانەی سۆشیال و بێکاری وەردەگرن.
9ـ زۆرترین کەیسی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەتی کوشتنی شەرەف حیکایەتی بێبنەما و دروستکراون. دەسەڵاتی پیاوسالاری و زەبروزەنگی کۆنەپەرستانی پیاوی ڕۆژهەڵاتی لە ئاستێکدایە کە کچان و ژنانی قوربانی ڕاستەقینە ئاستەمە بتوانن خۆیان لە کوشتنی شەرەف قوتار بکەن و خاکی هەرێم و تەنانەت چواردیواری ماڵەکەیان بە سەلامەتی جێبهێڵن، بەتایبەتی ئەگەر دەسەڵاتی ناوچەیی پشتگوێیان بخات. چەندین نمونەی زیندومان هەیە کە ڕێکخراو و چالاکوانەکانی بەلجیکا و ڕێکخراوە ناسراوەکانی ژنانی هەرێمی کوردستن  خراونەتە ئەو باوەرەی کە فڵان کچ یان فڵان ژن ژیانیان لە مەترسی کوشتندا بووە لە لایەن باوك و براکانیان.بەڵام لە ڕاستیدا باوك و براکانیان تەنها شانۆگەریانە ڕۆڵی هەڕەشەکاریان لای نوێنەرانی ئەو ڕێکخراوانەی بەرگریکار لە مافی ژنان پێشانداوە. پاش وەرگرتنی مافی پەنابەری هەر هەمان ئەو بەناو " قوربانیانە" بە زەردەخەنەیەکی گاڵتە جاڕیەوە پێیان ووتوین : ( ماڵتان ئاوا بێت بۆ هاوکاری و پشتیوانیتان بەڵام بەخوا هەموی حیکایەتی دروستکراو بوو، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ باوك و براکانماندا نیە و بۆ هاوکاری ئێمە ئەو هەرەشانەیان لی کردوین !!). 
10ـ جێگای سەرسوڕمانە کە سەدان هەزار لە پەنابەران لە دەست ڕژێمە گەندەڵ و دکتاتۆرەکان وڵات بەجێدەهێڵن. زۆربەی پەنابەرانی کوردی باشور ئەوە دەخەنە ڕوو کە ژیان و شەرەفی خۆیان و هاوسەرەکانیان لە مەترسی دەسدرێژی بەرپرسان دا بووە . کاتێك دەگەنە ئەم وڵاتانە و مافی پەنابەرێتیان دەدرێتێ ، زۆربەیان دەبنەوە سەرشۆڕی هەمان ئەو دەسەڵاتە و پارتەکان. زۆر لەوانەی کە گوایە مانەوەیان لە کوردستان هەرەشە بووە بۆسەر ژیانیان ، پاش وەرگرتنی مافی پەنابەری بە ماوەیەکی کورت بە پاسپۆرتە ئێراقیەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێم و لە پەیجی فەیسەکانیان دا لەبەر دەرکی سەرای سلێمانی یان لەبەر قەراتێ خۆیان نمایش دەکەن وەك ئەوەی ئەو پارت وبەرپرسانەی کە هەرەشەی کوشتنی لێ کردون دڵیان نەرم بوبێت، یان ڕێکەوتنی عەشایەریان لەگەڵدا کردبن!!  لە باشترین حاڵەتدا ئەو زۆرلێکراوانەش کە  ناچنە خزمەت پارتەکانی دەسەڵات هێندە سەرکزدەبن کە بۆ ناڕەزایی بەرامبەر ڕەشەکوژی کەسانی وەکو زەردەشت عوسمان  و کاوە گەرمیانیش هیچ ڕێکخراوێکی چالاکی کوردی هیچ وڵاتێكی ئەوروپا نەیتوانیوە و ناتوانێت دوو دەرزەن لەو بەناو پەنابەرانە خۆپێشاندان بخاتە سەر شەقامەکانی ئەوروپا. جا نەخوازەڵا بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر گەندەڵیەکان و کەڵەگاییەکانی وەکو سەپاندنەوەی ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکە سکرابەکەی هەرێم. بەتایبەتی لەو کاتەوەی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان گرتووە بە کڵاوەکەی خۆیانەوە و گوایە دبلۆماتکارانە سیاسەت دەکەن، دەنگی نارەزایی بە تەواوی کز و خامۆش بووە.
دەرئەنجام ئەو پەنابەرانەی کوردستانی باشور و ئێراق و زۆر لە پەنابەرانی سوریای ڕاکردو لە جەنگ. دەتوانن سەلامەتی ژیانیان لە وڵاتانی دەوروبەر بپارێزن و گوزەرانێکی پەنابەری و ئاسایی بکەن. زۆربەی زۆریان پەنابەری ئابورین نەك سیاسی و زۆربەیان حیکایەتساز و ناڕاستن لەگەڵ خۆیان و دەزگاکانی پەنابەران دا . لە نێوان ئەوانەشدا زۆریان لە بیر و پلانی مشەخۆری و خراپبەکارهینانی سیستەمی سۆشیالی ئەم وڵاتەدان کە ناڕاستەوخۆ دەبنە بار بەسەر شانی کەسانی کارکەر و چالاك و باجدەری ناو کۆمەڵگا. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە بونی پەنابەرانی بە لێشاوی ئابوری دەبنە بەربەست و جێگرەوەی پەنابەرانی ڕاستەقینەی سیاسی و مرۆیی کە لەدەست دەسەڵاتە دکتاتۆرەکانی دونیا خۆ قوتار دەکەن و لە وڵاتانی دروسێشیان دا ناتوانن بمێننەوە. ( بە دڵنیاییەوە شتێکی ڕێکەوت نەبو کە کەسێکی وەکو من پاش چەندین ساڵ کاری نهێنی لە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و بەرپرسیارێتی پۆلێکی ڕێکخراوەیی و نەچون بۆ سەربازی و خۆشاردنەوە لە حکومەتی بەعس و لەهەمان کاتدا خۆ حەشاردان لە خودی یەکێتی نیشتیمانی باڵی ئەوکاتەی تاڵەبانی ـ نەوشیروان بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە ئەڵمانیا ٣ جار داوای پەنابەریم پەسەند نەکراو ناچار کرام بە پەنابەری لە بەلجیکا) پەنابەرانی سیاسی ڕاستەقینە  بە ناچار ڕو لەم وڵاتانە دەکەن بۆ ئەوەی سەرباری پاراستنی ژیانیان درێژە بە خەباتیان بدەن دژ بەو دەسەڵات و کەس و سیستەمە تۆتاڵیتاریانەی کە بونەتە هۆکاری پەنابەریان، نەك بۆ خۆشگوزەرانی و مشەخۆری و بونە پاڵپشتی حیزبە گەندەڵ و تاوانبارەکان و سیخوڕی بەسەر هاونیشتمانانیانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە