پەنابەری یان حیکایەتسازی وخراپبەکارهێنانی سیستەم و سیخوڕی؟!
Wednesday, 16/09/2015, 21:46
4466 بینراوە
ئەمڕۆ کەسانێکی بێشومار میدیاکان بە گشتی و میدیای کۆمەڵایەتیان بەتایبەتی کردۆتە سەکۆی بانگەواز و خۆدەرخستن لە ژێرناوی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و ژنان و منداڵان و لاواز و پەنابەران بەتایبەتی. دیاردەیەکی کۆمێدی ـ تراژیدیە کە تەنانەت ئەوانەی خۆیان پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤن، دێن لە میدیاکاندا لە بەرگی پێچەوانەی کردارەکانیان خۆیان نمیاش دەکەن. پڕڕویی گەیشتۆتە ئەوەی کە تەنانەت پیاوان و بەرپرسانی باڵای دەسەڵات باس لە مافی پەنابەران دەکەن و فرمێسکی تیمساح بۆ قوربانیەکان دەرێژن. لەکاتێکدا خۆيان بونەتە هۆی دروست کردنی لێشاوی کۆچکردن.
دانیشتوان و بەتایبەتی گەنجان و مرۆڤدۆستانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستی و ئایدیالیزم و سۆزی تا ئاستی خۆشباوەڕی بە گەرمیەوە پشتیوانی مادی و مەعنەوی کۆچبەران دەکەن .
پارت و لایەنە چەپ و راستەکان بە شێوازی جیاواز و بە ڕادەی جیاواز ڕاستەوخۆ دژ بە کۆچکردوان و پەنابەران ناوەستنەوە. ئەگەرچی هیچ لایەنێکیان بە ڕاشکاوی هاندەر و خۆشحاڵ نین بە هاتنی پەنابەران. بەڵام ڕێگا بە خۆیان نادەن لە بەندەکانی ڕێکەوتنەکانیان لە یەکێتی ئەوروپادا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان لابدەن. یان بە لایەنی دژە بێگانە و دژە پەنابەران لەقەڵەم بدرێن.
راستڕەوە ڕەگەزپەرستەکان بە بێ ئاشکرا و لە ڕێگای خۆپێشاندان و پەلامار و گڕبەردانە کەمپەکانی پەنابەران دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر کۆچبەران و پەنابەران دەردەبڕن و کۆچبەر و پەنابەران لەیەکتری جیاناکەنەوە.
زۆربەی چەپڕەوەکانی ئەوروپا و دونیا بەگشتی لەوە دەدوێن کە هاوکاری پەنابەران و دەرگا کردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا بە ڕویاندا هاوکاری و بەرگری لە هەژارانی ئەو وڵاتانەیە. بەپێچەوانەوە هەژاران و چینەکانی خوارەوەی ئەو وڵاتانە هەرگیز ناتوانن بیر لە هاتنە ئەوروپا بکەنەوە لەبەر ئەوەی ئاستەمە بتوانن خاوەندی چەندین هەزار دۆلار بن بۆ خەرجی ڕێگا و قاچاغچیەکان (کە لە نێوان 10 تا 25 هەزار دۆلاری تێدەچێت) . ئەوانەی دەتوانن بگەنە ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی ووردە بۆرژوا و توێژی مامناوەندین. کرێکاران و هەژاران و بێدەرامەتەکان و دەستکورتانی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتانە، جێگایان تەنها ئۆردوگا و کەمپەکانی وڵاتانی دراوسێیە و تەنانەت ئاستەمە بتوانن شوێنەکانی داڵدەدانیان جێبهێڵن و نانێکی چێتخانەکان بخۆن. یان چارەنوسیان بونە قوربانیە لە نێو سەنگەرە جیاوازە دژ بەیەکەکاندا. ئیتر هەر لە داعش و فاحشەوە تا سەربازانی ڕژێمەکەی ئەسەد و سوپای ئێراقی و میلیشیا سونە و شیعەکان و پێشمەرگە و شەرڤانان ( بە چاوپۆشین لە ڕەوایی یان نارەوایی سەنگەرگیریەکانیان) .
بە کورتی ئەو پەنابەرانەی دەتوانن بگەنە ئەوروپا ئەو کەس و چین و توێژانە نین کە زۆرترین گوشاری سیاسی و ئابوریان لەسەربێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویست بێت بە پلەی یەکەم هاوکار و پشتیوانیان بێت.