لە بێدەنگیدا گورچیلە کەم هەراج دەکەم

Friday, 18/09/2015, 21:37

6372 بینراوە


ئەلبێرت کامۆ لە کتێبی مرۆڤی یاخیدا دەڵێ: " ئەوەی یاخی نەبێت، نابێت بە مرۆڤ، خۆ ئێرە مەیدانی مەڕوماڵات نییە، بۆ پچکە پوش و گیایەک سەرت شۆڕبکەیت".
 بڵاو بونەوەی ئەو وێنەیە و ژمارەی ئەو تەلەفۆنە، پێمان دەڵێت لەنیشتمانی ئێمە چی دەگوزەرێت؟ ژیان دیاردەیەکی وەستاو نییە، نوسینی ئەم ڕیکلامە کە ئۆرگانی جەستەیەک هەراج دەکرێت تێدا، ڕوانین نییە لە تابلۆیەکی نەخشینراو، گوێگرتن نییە لەمۆسیقایەکی مەزن، خوێندەوەی قەسیدەیەکی"رابیندرانات تاگور" نییە، بۆیە بەبینینی ئەم شێوەیە لەتابلۆی سەر مەقەبایەکی چڵکن و خەتێکی ناشرین و شپرزە، مرۆڤ لەناخەوە هەست بەغەمگینیی و تێرامان دەکات . گەرچی ئەکرێ هەزاران مرۆڤ لەجیهاندا گورچیلەی خۆیان هەراج کردبێت و بەردەوام تا ژیان لەسەر ئەم ئەستێرەیە هەبێت بیکەن، هەندێک بۆ پارە و ڕەنگە هەندێکیشیان بۆ ڕزگارکردنی خزمێک باوکێک، دایک، ژنێک، مێردێک، کوڕێک یان کچێکیان بووبێت . بەڵام ئەم تابلۆیە لەنیشتمانێکی دەوڵەمەندا کە سامانەکەی خەیاڵییە و کەس نازانێ بۆ کوێ دەچێت ؟ خوێندنەوەی تری دەوێت و پێمان دەڵێت لێرە لەم نیشتمانە هەراج کراوەدا ژیانی خەڵک لەچ ئاستێکدایە و چیدەکەن تا بژین ؟
 گەرچی خەڵکانی زۆر هەن خۆیان لەحەقیقەتی بینراو دەپارێزن و نایانەوێت باس لەشتێک بکەن کە بوونی هەیە، بەڵام هەرچیەک بکەن ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە و حەقیقەت خۆی هەر پێیاندا دەکێشێت . 
نازانم داخۆ لەو شەقامەدا کامە بەرپرس کامە دەولەمەند گوزەری کردوە؟ وەزیری تەندروستی چۆن بەرخورد لەگەڵ دیمەنێکی وا قێزەوندا دەکات؟ ئەو چی دەڵێت، کە وەزیرە و لەنیشتمانەکەیدا لە بازاڕی ڕەشدا گورچیلە دەفرۆشرێت؟ ئەو شەقامە لای خەستەخانەی شۆڕشە لە سلێمانی ئەو شۆڕشەی بەم ئەنجامەی گەیاندین . ئەو خەستەخانەی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی و دکتۆرە قۆڵبڕەکان و سیاسییە دۆڕوەکان هەموو ڕۆژێک درۆی تێدا هەڵدەڕژێت، وا نیشان دەدەن، کە لەخەستەخانەکانی ئەورپادان یان لە نیشتمانێکی بێگێرمە و کێشەدان و بێ پرسی ئەوان تەنها گورچیلەکانە لەکۆڵان دەفرۆشرێن.
 دوایی ٢٤ساڵ لەئازادی ئەم هەرێمە، دوای ٢٤ساڵ لەحاکمێتی کورد کە بەدرێژای مێژووی ئەم دوو سەدەیە کورد یەکەمین جارە ئاوا خۆی بەڕێوە بەرێت کەچی  ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لەنائومێدی نزیک دەبینەوە، کۆچ و ڕەو بەرەو نادیار کە بۆتە مایەی سەرسوڕهێنەر و کەس نازانێ ئەم تۆفانە کەی تەواو دەبێت؟ ساختەکاری و بێ هیوایی تەنگی بەگەلەکەمان هەڵچنیوە، قەیرانی هەموو شتێکە، قەیرانی ئەخلاقە، ئابورییە، نیشتمانییە، نەوتە، کارەبایە، ئاوە، گازە، بەنزینە، کشتوکاڵە، ژینگەیە، تەندروستی یە، لەسەرو ئەمانەشەوە بێمتمانەی و  پاشاگەردانی و نەبونی ئامانجێکی ڕوون لەژیان .
 عارفی هندی ئۆشۆ دەڵێ :"حەقیقەت لای تاکەکان دێتە دی، نەک لای حەشامات، قەتبیستوتە حەشاماتێک هەموو پێکەوە منەوەربن؟". 
 کەسمان نازانین خاوەنی ئەم ژمارە تەلەفۆنە کێیە؟ ئافرەتە یان پیاوە؟ بۆچی دەیەوێت گورچیلەی خۆی بفرۆشێت ؟ داخۆ ئەمە دەڵاڵە و دەیەوێت گورچیلە بفرۆشێت ؟ کامە دکتۆر هەڵدەستێت بەم نەشتەرگەرییە ؟ لەکامە خەستەخانە  یان کلێنیک ئەم نەشتەرگەرییە دەکرێت؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن دەبێت  بەدوای وەڵامەکانیدا دەسەڵات بگەڕێت و ئەو قەیرانی ئەخلاقە  ڕاوەستێنن. 
 هەموومان دەزانین مرۆڤەکان دوو گورچیلەیان هەیە، زانستی تەندروستی ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە مرۆڤ دەتوانێت بەکورچیلەیەکیش ژیانی ئاسایی خۆی بکات . بەڵام کەسمان لەحیکمەتی ئەوە نەگەیشتوین بۆ دوو گورچیلەمان هەیە ؟ تۆ بڵێیت بۆ ئەوەبێت لەکاتی پێویستیدا بیفرۆشین؟  چاکە چیرۆکێک کە بەر لەچەند ساڵێک بیستم باسی بکەم .
ژنێک مێردەکەی لەکاروان کردن وندەبێت و دوومنداڵ بۆ ژنەکەی جێدەهێڵێت، هەژاری و نەداری تەنگ بەژنە هەڵدەکێشن، ژنەش بۆ بژێوی ژیان  دەیەوێت  یەکێک لەگورچیلەکانی بفرۆشێت، پارەکەی وەردەگرێت و کرێخانوی پێدەدات و پێداویستێکانی دەکڕێ ڕۆژی نەشتەرگەری کاتێک  نەشتەرگەری دەکەن سەیردەکەن ژنە تەنها گورچیلەیەکی هەیە .
 منداڵەکان دایکیشیان بۆ هەتا هەتایە وەک باوکیان ووندەبێت لەبەرچاویان .
 گورچیلەکانتان بۆ پارە مەفرۆشن، چونکە نازانی تۆ یەک گورچیلەت هەیە یان دوان داخۆ هەردوکیان ساغن، کە تۆ گورچیلەکەت فرۆشت ئاسانە نیشتمانیش لەبەرچاوتا هەراج بکەن .
 من زۆر خەمە ئەم خاوەنی ئەم تابلۆیە بۆ کۆچ گورچیلەی خۆی هەراج بکات و بیەوێت وڵات جێ بهێڵێت ؟ 
فاروق ڕەفیق لەقەسیدەی "گۆڕەکرمەئاڵتونێکان" دەڵێ:
 لەدورەوە ئاواتمان 
بەسێبەری دارئەرخەوان و
سپێتی کێلەکانی سەیوان
بەخامۆشی شار دەخواست
بۆنمان بەگوڵی پەشیمانێوەدەکرد
من گوڵی نائومێدیم لەئێخەدەدا
تۆش گوڵی غوربەت 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە