رۆژی لەدایكبونی نیچیرڤان و جەژنی هەژاران

Wednesday, 23/09/2015, 20:32

3279 بینراوە


سوپرایسێكی هاورێیانە و جوان، تابلۆیەكی بە واتا و گەورە و فراوان، كێكێكی نەرم و نیان، نەبونی موچە و هاتنی جەژنی قوربان، نەبونی غازی  چیشتلێنان و بێهیوا بونی ماڵ و مناڵان، تەنانەت گرانبونی تەماتە و باینجان، هاتنەوەی تەرمی كۆچبەر و شەهیدان، دەسەڵاتی كوردی نەبای دیوە و نە باران، هەر بژی  سەرۆك وەزیران .  
لە كاتێكدا هەموو حكومەتەكانی دونیا لەگەڵ وەزعی گەل و بارودۆخی هاونیشتمانیان لە كارلێكدان و لەگەڵ خەڵكدا هاوخەم و هاوسۆز و هاوران  . بەدەر لە بارودۆخی گشتی هیچ رەفتارێكی نامۆ نانوێنن، لەدونیادا نیە گەل برسی بێت و حكومەت لەبیری شتە تایبەتەكانی خۆی بێت و وەك ئەوەی گەل تێرو خۆحاڵە، لە هیچ كونو قوشبنێكی ئەم سەر زەمینە نیە لە بۆنەگشتیەكانی گەل و نیشتمان وەك ئەم دوو جەژنەی كە بۆتە نەریتێكی خۆشحاڵی گەورە و مناڵی ئەم كوردستانە، خەڵك دڵتەنگ وخەمبار بێت وحكومەتەكەی سەرقاڵی بۆنەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانەكەی بێت .. حكومەتێك لەگەڵ ئازار و مەینەتیەكانی خەڵكەكەی خۆیدا نەبێت و خەریكی كار مناڵ ئاسا بێت، چاوەرێی چی لێ دەكەیت . 
وەزیری دارایی سەر بە حزبێكە شەو ورۆژ رەخنە دەگرێت، كە تا دوێنی دەیوت هیچ خەتایەكی من نیە موچەم پێ دابین ناكرێت  و من لەگەڵ داواكاریەكانی خەڵكدام، ئەمرۆ دیاری دەبەخشێت بە سەرۆك وەزیرانەكەی لە رۆژی لەدایكبونیدا و هەست و نەستی ئەم گەلەش چش . لەولاشەوە جەنابی جێگری سەرۆك وەزیران، سۆپرایسێك بۆ سەرۆك وەزیران ئامادەكات و حزبەكەشی دەڵێت هیچ رۆڵێكم لە حكومەتدا نیە و موچە لای من نیە و دەرس و پەندم لە رۆژانی رابردوو وەرگرتووە . دەبو حەملان ئەو تابۆیەی ببەخشتێتە ماڵە شەهێدێك و قوبادیش سوپرایسی كێكەكەی بۆ لەدایبكونی مناڵە شەهێدێك بە دیاری ببردایە، ئەمەش كار و شتی شەخسی نیە  وەك بەهانەی بۆ دێننەوە  و، لە بینای ئەنجومەنی وەزیرانەكەدا رەفتاری وا دەكەن و، بۆ پێشوازی خەڵكی نارازی تەنانەت راوێژكارێكتان لەوێ نیە، بۆ ماوەی حەفتا و شەش رۆژ پرۆتستۆ و بایكۆتان كرد و  كۆبونەوەیەكتان تێدا نەكرد .. 
ئا لەم كاتەدا كە ئەو وێنانە دزەی كردووە تە نێو خەڵك ئەگەر بە ئەنقەستیش بوبێت و لایەنێك قازانجی لێ ببینێت، بەڵام ئەوە راستیەكەیە و دەركەوتوە كە كەس لەم دەسەڵاتە لەگەڵ خەم و خەفەت و بارودۆخی خەڵكدا ناژیت و میللەت لە شوێنێك و حكومەت لە شوێنێكی تردایە . بۆیە هیچ بەهانەیەك بۆ كەس مەهێننەوە و قسەی بێ واتا دادی هیچ كەس و حزبێك نادات و سەرجەم لایەنەكان بۆ خەڵكیان سەلماند كە نە خەڵكی میلەتپەروەری شیاو لە شوێنی خۆیدا دانائەنێن و نەئاگایان لە هیچ پێداویستیەكی خەڵك هەیە و، مەودای نێوان دەسەڵات و خەڵك ئەوەندە فراوانە كە بە هیچ كامیان ناتوانن پینە و پەرۆی بكەن و ئامانجەكانی خەڵكی رەشو روت لەبەرچاو بگرن ..بەم زوڵم و زۆر و بێ منەتیەی دەسەڵاتی كوردستان،  بە سەرجەم حزبەكانیەوە، ئوەمان بۆ دەسەلمێنێت، كە شایانی فرێدانە، جا بە هەر كەس و لایەنێك و بەهەر شێوەیەك بێت .بۆیە شۆرشێكی هەمەچەشن بە هەر شێوەیەك بكەوێتەوە لە پێشەوەی پێویستیەكانی لە ناوبردنی ئەم جۆرە دەسەڵاتەیە، تا بەم حزب و لایەن و كەسانەی كوردستان بەرێوەببرێت، چاوەرێی لەمە خراپتر دەبین . ئەوەی سونەتی ژانە و دەبێت رووبدات، لە هەلێكی گونجاودا چاوەرێی تۆڵەی خەڵك بن كە چارەنوستان لە دكتاتۆرەكانی دونیا باشتر نابێت و، لە حاكمە زۆر زاڵمەكانی جیهان خراپترتان لێدەكات . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە