مەسعود بارزانی و زۆری تر لە سەرانی کوردستان دەستیان لەهەر پۆست و دەسەڵاتێك گیردەبێت ئەوا سەرباری ئەوەی تا ئەکاتەی لە جوڵان و زمان دەکەون و پیری و نەخۆشی توشی خۆ تەکردن و خۆ پیسکردنیان دەکات، کەچی هێشتا بە سەرۆك و سکرتێری گشتی دەمێننەوە . لە هەمان کاتدا ئەو ئارەزوە شێتگیریەیان بۆ ئەو سەرۆکایەتیە وەکو منەت بەسەر ئەندامان و خەڵکی کوردستاندا دەفرۆشنەوە . ئەم پیاوە بە ناوەرۆك بچکۆلانەیە نزیکەی چل ساڵە سەرۆکی بێ بەرامبەر و بێ مشتومڕی پارتیە. لە تەواوی کۆنگرەکانی پارتی دا وەکو ئەکتەرێکی شانۆیی فاشیل ڕۆڵی دڵفراوان و کورسی نەخوازی بینیوە و بەزۆر و گریان و پارانەوەی مەسینە هەڵگرانی حیزبەکەی سەرۆکایەتی پەسەند کردۆتەوە و پیاوێکیان وەکو بەدیلی ئەو بۆ نەدۆزراوەتیەوە. ئێستاش دیسانەوە هەمان ڕۆڵی نالەبار و سواو چەندین بارە دەکاتەوە و دەڵێت: “بە هیچ شێوەیەكیش داوام نەكردووە من لە پۆستەكەدا بمێنم. هەموو جۆرە بۆچوونێكیش ڕەت دەكەمەوە كە پێیان وایە من بەدیلم نییە“. دەربڕینی یەکەمت سەرتاپای درۆ و شانۆگەریە . دەربڕینی دوهەمت زۆر ڕاستە و تەنها و تەنها دەستوپیوەند و پاشکۆکانی پارت و بنەماڵەکەت ئەو دەربڕینە دەجون و دەجونەوە کە جەنابتان بێ بەدیلە جا ئەگەر میللەتێك بەدیلی بۆ کەسێکی وەکو تۆ نەبێت کە سەرتاپای کار و ماوەی دەسەڵاتت شەرمەزاری و بەدبەختی و قەیرانەکان بووە بۆ خەڵکی کوردستان، دەبا ئەو میللەتە بەشەو و ڕۆژێك بە ئەتۆمی لەناوبچێت و بێدودڵی میلەتێکین شایانی ژیان نین.
بارزانی دەڵێت: “لە درێژەكێشانی ئەو بارودۆخە زۆر نیگەرانم... بە تایبەت كە قەیرانی قووڵ بەرۆكی كوردستانی گرتووە،كێشەكان لەگەڵ بەغدا و قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و لێشاوی ئاوارەكان و لەسەرووی هەمووشیانەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش“ ئەگەر ڕاستێشی بکردایە و نیگەران بویە دەبوایە بیوتایە:( لە کردارە نالەبارەکانی خۆم و برازا بازرگانەکەم و کوڕە مراهیقەکەم و پارتەکەم و بنەماڵەکەم و شەریکە ستراتیجیەکەم و حکومەتە بنکە قەڵەباڵغ و بێ ڕەخنەگر و بێ ئۆپۆزسیۆنێکی باش کە چاودێر و ڕاستکەرەوە ی دەسەڵاتێکی دزێو بێت زۆر نیگەرانم). کام یەکێك لە قەیرانەکان ئەوانەی ناویان هێنراوە و دەیانی تر سیاسەتە چەوتەکان یان دزی و گەندەڵی و ناڕەواییەکانی بارزانی و بنەماڵە و پارتەکەی شەریکە ستراتیچیەکەی هۆکارەکانی و دروستکەری نیین ؟ کام قەیرانە هەیە بۆ دەسەڵاتداران خێروبەرەکەت نەبوبێت و بۆ خەڵکی کوردستان برسێتی و دواکەوتویی و ئاوارەیی و برینداری و شەهید بون نەبوبێت؟