ئەی برسیە ژینتاڵەکان! کە هەر دەچن

Friday, 25/09/2015, 18:14

3072 بینراوە


ئەو دەمەی نەوت و گازی کوردستان بێ هیچ ئاگاداریەکی کورد و بێ هیچ پرس و ڕایەک بە کورد لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە دەفرۆشرا و پارەکەی دەدرا بە نوێترین چەک و  لە جەستەی شەتەک و ماندوی گەلەکەمان تاقیدەکرایەوە، (عبداللە پەشێو) ی شاعیری ناوداری گەلەکەمان لە ساڵانی ١٩٧٠ دا چامەیەکی نووسی لە سەر ئەم بابەتە و ئەم چەند بەیتەی خوارەوە گەوهەری پڕواتای شیعرەکەی دەردەبڕێ:
منداڵەکان ! ئەی برسیە ژینتاڵەکان
لە سەر سینگە نەوتاویەکەی بابەگوڕگوڕ
نزیک تاڤگەی سەرەوژوری زێڕینی گڕ
گلکۆیەکی بچکۆلەم دی، لێی نوسرابوو
ئالێرەدا منداڵێکی چاوگەشی کورد 
لە برسا مرد
ئەوانەی ئیمڕۆ بونەتە خۆراکی  ماسیی دەممشاری  دەریاکان ، ئەوانەی ئیمڕۆ بونەتە نێچیری پەیمانی درۆ و بەڵێنی بەهەشتیی دەستە و تاقمە قاچاخچیە بێویژدانەکان، ئەوانەی لە ڕەشبینی و نائومێدی و توڕەیی لە دەسەڵاتی کوردی خۆشبڕوا و بێئاگا لە مەترسیەکان وەک مەڕی بێدەسەڵات  لە لایەن مافیا فرەنەتەوەییەکانەوە خرانە ناو ئوتۆمبیلی سەهۆڵستانی تایبەت بۆ قەل و قاز و مریشک و پاش چەند کاتژمێرەێک بونە چلورەی بێگیان، ئەوانەی... ئەوانە هەر هەمان منداڵەکانی ناو ئەو شیعرەن، بەڵام  ئەمانەی ئێستا لە دەست زوڵمی چینی فەرمانڕەوای داگیرکەری عەرەب ڕاناکەن کە بێکار و برسی و ڕوت و قوتی کردبن. نەخێر ئەمانە بێزار و وەڕس ، بێکار و هەژار ، بێلانە و ماندو لە بەڵێنە سەدجار دوبارەبووەکانی دەسەڵاتی کوردی ڕادەکەن، ئەمانە لە دەست چەند سەد کوردێک هەڵدێن کە بە سەدان فڕوفێڵی یاسایی و نایاسایی، بە نهێنی و بە ئاشکرا ، بە خۆشی و ئاشتی یا بە هەڕەشە و توندوتیژی، بەڵێ! چەند سەد کوردێک کە بەناوی شۆڕشگێڕانی دێرینی شاخ بەشی هەرەزۆری داهاتی نەوت و گازی کوردستانیان بۆ خۆیان بردوە و ئەمێستاش بەردەوام دەیبەن و دەیانەوێ لە داهاتوشدا هەر بە تەنیا بۆخۆیانی بەرن.هەمو ئەوانەی ئیستا بە نیازن بەرەو ئەوروپا هەڵبێن ، ئەوانەی ئێستا بەڕێوەن و لە هەر کوێ گیراینکردوە، ئەوانەشی گەیشتونەتە وڵاتانی پەنابەروەرگر و داوای پەنابەریان کردوە دەبێ ئەم ڕاستیانە بزانن و چاو و گوێی خۆیانی لێدانەخەن: لە جیهانی ئیمڕۆدا بە کوردستانی خۆیشمانەوە بناغەی نەگۆڕی هەمو ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان سود و دەسکەوتە ماددیەکانە، مرۆڤی ئاوارە بۆ قاچاخچیەکان پێش ئەوەی مرۆڤ بێت پارەیە و پاروی چەورە ، ئاوارە بەرەو هەر وڵاتێک بڕوات پێش هەموشتێک وڵاتەکە هەوڵدەدات ئاگرە سورەکە لە خۆی دور ڕابگرێ! ئەگەر نەیتوانی و هاتە ناوی ئینجا هەوڵدەدات کەمترین پارەی تێبچێت و هەرچی زوترە لەکۆڵ خۆی بکاتەوە و بە پێی یاسا پاش ماوەیەک دەریبکات یا ناڕاستەوخۆ بە سەختکردن و تاڵکردنی ژیان وا لە  پەنابەر بکات خۆی وڵاتەکە جێبێڵێ ، بۆیە هیچ سەیر   نە بوو دوێنێ  ئەو نۆزدە  پەنابەرەی دوای چەند هەفتەیەک لە بەسەربردنی ژیانێکی کولەمەرگی لە کەمپێکی پەنابەران لە ئەڵمانیا لە سەر داوای خۆیان حوکومەتی ئەڵمانیا ناردنیەوە هەرێمی کوردستان و زۆر بە خراپی باسی بارودۆخی خۆیان کرد لەو کەمپە. ئاوارەبوون ئەزمونێکە بە هێندەی خودی کۆنیی مرۆڤایەتی کۆنە ، کوردیش وەک نەتەوەیەکی زیندو و کۆڵنەدەر بە شێکە لەم ئەزمونە. ئاوارەی کورد لە هەر قۆناغیکی ئاوارە ییدابێت: گەیشتبێتە مەبەستی خۆی یا بەڕێوەبێت یا گەڕابێتەوە کوردستان،  زۆرگرنگە سادە و خۆشبڕوا نەبێت، لە بڕیارەکانیدا لێگەڕێ ژیری و ئاوەز بڕیاربدا نەک هەست وسۆز وهەڵچون و لاساییکردنەوەی کوێرانە. هەروەها زۆرگرنگە ئاوارەی کورد لە هەرکوێ بێت تێبکۆشێت بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە ناڕەوا و نادیموکرات و دواکەوتوەی ئێساتای هەرێمی کوردستان کە هۆی سەرەکیی ئاوارەبوونەکەیەتی، بیگۆڕێ بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراتیی پەرلەمانی کە نەوت و گاز و داهاتەکانی تری کوردستان بە شێوەیەکی ڕەوا وا دابەش بکات کە کۆمەڵ نەبێت بە دو بەشەوە، چەند هەزار دۆلار ملیۆنێر و ملیاردێرێک لە لایەک، چوار پێنج ملیۆن نەدار و دەستکورت و هەژاریش لە لاکەی تر..    

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە