کەی پەیامەکە دەگات بە پارتی دیموکراتی کوردستان ؟

Tuesday, 29/09/2015, 18:04

2337 بینراوە


گەل دەتوانێت پەیامی راستەقینەی خۆی بگەیەنێتە هەر حزبێک لە رێرەوی بەرژەوەندی گشتی دەربچێت، ئەمە لە وڵاتێکی دیموکراسی و مەدەنی دروستدا کە  زەمینەیەکی لەبار هەبێت بۆ گەیاندنی هەر پەیامێکی راستەقینەی هەڵقوڵاوی ناخی میلەت  .  هەر میلەت دەتوانێت لەبەرامبەر دیاری وخەڵات کردن لەسەر شکستەکان سزای هەموو لایەنەێک بدات کەلە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی  سەرکەوتو نەبووە، تەنانەت لە کوردستانیشدا بینیمان کە چۆن خەڵکی کوردستان سزای هەنگاوە هەڵەکانی یەکێتی نیشتمانی دا و لە هەڵبژاردنەکاندا گەراندیەوە بۆ حزبی سێیەم و دواتر دانی بەهەڵەکانی نا و ئێستا دەیەوێت بگەرێتەوە رێرەوی راستەقینەی حزبایەتی و پشت بەگەل بەستن دوور لە بۆغرایی و لە خۆبایی ، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت خۆی لە زۆرێک رەفتاری نابەجێ و بەرژەوەنخوازی تەسک  قوتار نەکردووە  . 
 دیارە بە بونی حزبی رکابەر و کەش و هەوایەکی لەباری ناوچەیەکی فراوانی کوردستان، توانرا بە هەڵبژاردن پەیامی دروست بگات بە یەکێتی و تا رادەیەک دەرس و پەندی لێوەربگرێت .
 لێرەدا ئەگەر بەراوردێکی وەزعی ئێستا و سیاسەت و  رەفتاری پارتی لەگەڵ ئەوسای یەکێتی و گۆرانکاریەکان و چۆنێتی گەیشتنی پەیامی خەڵک بکەین، دەتوانم بڵێم لە بارودۆخی ئەمرۆ و سیاسەتی پارتی و چۆنێتی مامەڵە کردنی لەگەڵ پرسەکان و ئاستی باوەربونی بە دیموکراسی و رای گەل، لەم کاتەدا گەیاندن و تێگەیشتن لە پەیامی خەڵک زۆر قورسترە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی لەوانە :
1- بەهەر شێوەیەک بێت پارتی لە هەڵبژاردنەکان ئەوەندە سورە لەسەر هێنانی دەنگی زیاتر بەهەر نرخێک بێت بە ساختەی ئاشکراشەوە، ئەوەندە باوەری بە خودی هەڵبژاردن نیە، لەبەر ئەوەی لە بناغەدا حزبەکە لەسەر بنەماڵەیی دەروات و هیچ پرۆسەیەکی دیموکراسی لە نێوخۆی خودی حزبەکە بەدیناکرێت و، ئەمەش لە راییکردنی دەسەڵاتی پارتی لە هەرێم بە روونی رەنگی داوەتەوە . 
2- پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە حزبی قائید دەزانێت، بۆیە بروای بە هاوبەشی نیە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا و ئەگەر بۆی بکرێت و بارودۆخ رێگەی پێ بدات بۆ چەندین ساڵ سیاسەتی نائاسایی فەرز دەکات و خۆی لە سەرجەم ئەرکە دیموکراسی و یاساییەکان دەدزێتەوە  .
3- بروای بە دەستاودەست کردنی دەسەڵات نیە، کە سەرکیترین بنەمای دیموکراسیە لە دونیادا( ئەمە ئەوە ناگەیەنێـت کە لایەنەکانی تر لە دیموکراسیدا عەیار بیست و چوار بن ) .
4- پارتی لە هیچ کات و شوێنیکدا رەخنەی لەخۆی نەگرتووە و دانی بە شکستی خۆی نەناوە، لە هیچ بوارێکدا و تا ئێستاش بەم هەموو قەیران و شکستهێنانەی دەسەڵاتەکەشیەوە شانازی بە وەزعی کوردستانەوە دەکات .
5- بە هەموو رێگەیەک و هەر جۆرە رەفتارێک بێت، پارتی دیموکرات ناهێڵێت پەیامی خەڵک دەنگ و رەنگی هەبێت و کاریگەریی لەسەر حزبەکەی هەبێت، لەبەر ئەوەی پشت بە دەسەڵاتی نهێنی و زاڵبونی دەزگای پاراستن و کردەوەکانی هەیە و تەنانەت لە کارە نێوخۆییەکانی حزبەکەشدا پشت بەم دەزگایە و ترس و تۆقاندن دەبەستێت .
6- ناهێڵێت بە هیچ شێوەیەک شەفافیەت رۆڵی خۆی هەبێت و دەیەوێت حزبی موحافزکار و نهێنیپارێز و توند و نەبونی ئاشکراکاری زاڵ بێت و، لەوێشدا دەبینین کە چۆن ئەم بۆچون و رەفتارانە زاڵە بەسەر حکومەتێکدا کە پارتی دەسەڵاتی یەکلاییکرەوەی  تێدا هەیە .
بۆیە، پارتی لە زووەوە لە پەیامی خەڵک تێگەیشتوە و دەزانێت کە پێگە و جەماوەری و خۆشەویستی لە ناوخەڵکدا لە چ ئاستێکدایە و پێوەر و داتای لەبەردەستدایەبەڵام کاری پێ ناکات، بەبەڵگەی ئەوەی هەر حزبێک لە پارتیەوە نزیک بێت چەند لە جەماوەرێتی و لایەنگرانی کەم دەکاتەوە . بەڵام بە حوکمی ئەوەی بروای تەواوی بە ترس و تۆقاندن و نەهێشتنی رادەربرینی راست و دروست و بوار نەدان بە رەخنە و دەنگی نارازی تەنانەت لە نێو حزبەکەی خۆیدا دەروات، چۆن رێگە بە رەخنە و  گەیشتنی پەیامی راست دەدات ، ئەوەی شتێکی نەبێت چۆن دەتوانێت بیبەخێت . بۆیە بەکورتیەکەی گەیشتنی پەیامی راستی خەڵک و دەرس وەرگرتن لە راوبۆچون و رەخنەی خەڵک لەسەر پشتی کیسەڵ دەگاتە پارتی . دەنگدانەکانی داهاتوش سەلمێنەری ئەم قسەیەی ئێمەیە، بەڵام چارەسەر چیە؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە