دەردی میلاک

Thursday, 01/10/2015, 17:18

3454 بینراوە


لە ساڵی ١٩٢١ دا لە لایەن بەریتانیاوە  بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق درا ،  بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنێکی بنەرەتی دروستکرا بۆ دەستنیشانکردنی  پادشا و دانانی دەستورێک بۆ عیراق و دامەزراندنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان  بۆ بەڕێوەبردنی ئەو  دەوڵەتە تازەیە .  ئەو لیژنەیە لە ژێر سەرپەرشتی شارەزاکانی ئینگلیزدا کۆڵەکەکانی دەوڵەتیان دەستنیشانکرد ، کە یەکێک لەو کۆڵەکانە بریتی بوو لە دانانی  میلاک  بۆ هەموو دامودەزگایەک  لە دیوانی پادشایەتییەوە تا پچوکترین فەرمانگەی خواری خوارەوەی . بە کورتی میلاک ژمارە و پلە و ئەرک و سنوری مووچە  و دەسەڵاتی کارمەندان دەگرێتە خۆی  .  ئەمە سەرباری ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و ڕادەی شارەزایی .  لە دانانی میلاکدا بەرژەوەندی گشتی لە بەرچاو دەگیرێت و ناکرێت بودجەی تەرخانکراوی  میلاک  لە داهاتی ساڵانەی وڵات زیاتر بێت ،  ناکرێت میلاکی دەزگایەک لە سەروو پێویستی خۆیەوە بێت .  بە کورتی میلاک کۆڵەکەی ڕاگرتنی هەموو دامودەزگایەکی دەوڵەتە .  کاتێک پلەی بەتاڵ لە میلاکدا دەبێت ،  ئەوا دەکرێت ئەو پلەیەی پڕ بکرێتەوە ، خۆ ئەگەر نەبوو ناکرێت کارمەندی تازەی بخرێتە سەر ، چونکە  ساڵانە بە پێی پلەکانی ناوی بودجەی بۆ تەرخاندەکرێت .  میلاک بە پێی یاسا رێکدەخرێت و زۆر وردەکاریی گرنگیش لە خۆی دەگرێت ،  بۆ نموونە ناکرێت  ئەندازیارێکی یاریدەدەری تازە لە پلەی ئەندازیاردا دابنرێت ،  یان پاسەوانێکی تازەی بێ ئەزمون بکرێت بە پاسەوانی پێشکەوتوو ، چونکە ساڵی خزمەت و شارەزایی و سنوری مووچەی ئەو  ناونیشانانە جیاوازن .  بە پێی یاسا  ئەندازیاری یاریدەدەر پاش سێچوار ساڵ دەتوانی پلەی ئەندازیاری وەربگرێت ئەویش بەو مەرجەی لە میلاکدا پلەی چۆڵی ئەندازیار هەبێت و ئەو کەسەش شیاوی ئەو پلەیە بێت و لە لایەن سەرووی خۆشییەوە پشتگیریی تەواوی کرابێت  ،  دیارە بۆ پاسەوانەکەش هەروایە .
لە دوای ساڵی ١٩٢١ وە  ساڵانە  هەموو وەزارەتێک و سەرتاپا دامودەزگاکانی عیراق لە لایەن لیژنەی شارەزای تایبەتەوە بە میلاکدا چوونەتەوە و بە پێی پێویست گۆڕانکارییان تێدا کردووە و لەبەر ڕۆشنایی  پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاشدا قەبارەی پچکۆلەکراوەتەوە و بە پێی یاسا رێکخراوە و توانیویانە میلاکی نایاب و ناوازە دابنێن و لەو بوارەشدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق سەرکەوتووبوون .  بەڵام لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی هەرێمدا و لەبەر ئەوەی هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی سەرکردەکانمان پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بووە ،  ئەوا شتێک نەماوە ناوی میلاک بێت ،  بەمەش یەکێک لە کۆڵەکە هەرە ئەستوورەکانی کارگێڕیی وڵاتیان ڕوخاندووە  بە ڕادەیەک ئەمڕۆ  نە بڕوانامە و شارەزایی قورسایی خۆیان ماوە  و نە  ساڵانی خزمەت و سنوری مووچە و ئەرک و فەرمان  .  بەمەش پاشاگەردانییەکی گەورەیان دروستکردووە و کەسانی نەشیاویان بە زۆر و زۆرداری خزانۆتە  پۆستی هەستیار و گرنگەوە  و وڵاتیان گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە ڕەشەی ئەمڕۆمان . 
ئەوەی شایانی باسە ڕەنگە بە درێژایی مێژووی عیراق ڕستەی:  (بەدەر لە ڕێنماییەکان)  بەکارنەهێنرابێت ،  چونکە رێنمایی پاشکۆ و پەرژینی یاسایە و بۆ چەسپاندن و سەروەری  یاسا دادەنرێت ، کەچی سەرکردەکانی کورد بۆ سڕکردنی یاسا و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و کاولکردنی وڵاتی کورد ئەو ڕستەیەیان داهێناوە و هەزاران هەزار جار بەکاریان هێناوە .  بەو ڕستەیە سەدان کەسیانکردووە  بە وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕیوەبەری گشتی ،  مردووی پەنجا ساڵەی ناو گۆرستانەکانیان بە پلەی وەزیر و ڕاوێژکار خانەنشینکردووە   بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمانە یەک سەعات کاریان کردبێت ،  یان  ناویان لە لیستی میلاکی فەرمانگەیەکداهەبووبێت .  بەو ڕستە ناقۆڵڵایە هەزاران هەزار دۆنم زەویان بە تاڵان بردووە .  من  بە چاوی خۆم میلاکم بینیوە لە ژێر پێڵاوە لاستیکە قوڕاوییەکانی سەرکردەکانی شاخدا پلیشاوەتەوە .  ئەی ئەگەر وانییە ئەو هەموو بندیوارانە لە کویێوە هەڵقوڵان . ئەی ئەگەر وانییە چۆن فرووج فرۆشێکی بێ بڕوانامەی سەردەمی بەعس کراوە بە ڕاوێژکار .  ئەی ئەگەر وانییە چۆن چایچی دیوانی وەزارەتێک پلەی بەڕیوەبەری چایچی  بۆ داتاشراوە .  یان لە چ وڵاتێکی دنیادا ژمارەی دانیشتووانەکەی پێنج ملیۆن کەس بێت ،  کەچی یەک ملیۆن و چوارسەدهەزار فەرمانبەری هەبێت  و تەنها ٧٠٠ هەزاریشیان دەوامی خۆیان بکەن  و حەوت سەدهەزارەکەی تریشیان  پاڵیان لیێ دابێتەوە و بەبێ ئەوەی تەنها دڵۆپێک ئارەق بڕێژن لە لیستی مووچەدا بن .  باشە ئەمە چ نەگبەتییەکە یەخەی گرتووین و  میللەتەکەمانی کردووە بە میللەتێکی تەمەڵی بەرخۆر .
کاتێک لە سەدەی بیستویەکدا  کورد دەبینیین بەمجۆرە سەقەتەی ئەمڕۆ حوکمڕانی دەکات  بە تەواوی لە مێژووی کۆنی خۆمان  دەکەوینە گومانەوە ،  گومانێکی ئێجگار تاڵ بە ئاشکرا پێمان دەڵێ : حوکمرانی ئەمڕۆمان ئاوێنەیەکی باڵانمای ئەمارەتە کۆنەکانی کورد  و حوکمرانییە تەمەن کورتەکانی ڕابوردوومانە ،  ئەگەنا دەبێت نهێنی ئەوە چیبێت ،  کە ئەمارەتەکان و حکومەتە تەمەن کورتەکان بەرگەیان نەگرت و بە زەبری زەمانە یەک لە دوای یەک  ڕوخاون و تلیسانەوە و ئاواتمان نەهاتەدی و زیاتر لە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە نەمانتوانیوە وەک میللەتانی دنیا دەوڵەتێکی  یەکگرتووی سەربەخۆ و  ئاوەدان  لەسەر خاکی خۆمان دابمەزرێنیین و دوور لە ترسی  بۆمبای ژەهراوی و دەرد و بەڵای ئەنفال بە ئازادی  و بەختیاری بژین . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە