پاراستن و گەشەپێدانى ژینگەى کوردستان، ئەرک و بەرپرسیارێتە، ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتیەش دەکەوێتە ئەستۆى هەموو تاکێک بەبێ جیاوازى ڕەنگ و زمان و ئاین، چونکە ئێمەى مرۆڤ خاوەن یەک زەوى و خاوەن یەک ئاسمان و خاوەن یەک ڕەگەزى ئاوین.
لەم نێوەندەشدا گروپ و هێزى جودا جودا هەن خۆیان لەم بەرپرسیارێتیە قوتار دەکەن، وەک ئەوەى زەویەکى تر و ئاسمانێکى تر بوونى هەبێت، دژ بەژینگە و ژیانى مرۆڤایەتى کاردەکەن و لەگەڵ هەرچرکەیەک، کانییەک و لەگەڵ هەر خولەکێک هێلانەى باڵندەیەک و لەگەڵ هەر کاتژمێرێک ڕووبەرێکى سەوزایى لەناو دەبەن؟!!
لەبەرامبەر ئەم گروپ و هێزە دژ بە مرۆڤایەتیەدا، هێزێکى تر و گروپ گەلێکى تر بونیان هەیە، کەلە ژێر ناو و چەترى جیا جیادا کاردەکەن، دیارترینیان "پۆلیسى دارستان و ژینگەیە" سەرەڕاى شەونخونى و ماندووبوون و تێکۆشانى ئەم هێزە خاکیە، پاپەند نەبوون و خۆدزینەوەیان لەیاسا و بەرپرسیارێتى ژینگەیى.. شایەنى هەڵوێستە لەسەرکردنە، بەپێى یاسایى پاراستن و چاککردنى ژینگە، هەرکەس و لایەنێک ببێت بەهۆکار بۆ تێکدان و شێواندنى ژینگەى کوردستان، بەتایبەت ببێت بەهۆکار بۆ لەناو بردنى ڕووبەرەسەوزاییەکان، ئەرکە لەسەر پۆلیسى دارستان و ژینگە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات و ڕاپێچى دادگا یان بکات، بەڵام بەپێى کام یاسا؟ کام ڕێنمایى وەزارەت؟ پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى خۆى لەم ئەرکە دەدزێتەوە؟؟ بۆچى بۆشایى یاسایى دروست دەکات؟ بۆچى دەرفەت بۆ ناحەزانى ژینگە دەڕەخسێنێت ڕۆژانە دەست درێژى بکەنە سەر ژینگە؟؟