كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک. نیگەرانی خۆی بۆ ئەو بارودۆخەی کە لە باشور هاتۆتە کایەو، دەردەبڕێت و لەم خاڵانەی خوارەوە دا داواکاریەکانی کە پێویستن رەچاو بکرێت، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی چڕ دەکاتەوە و بانگی دەسەڵات، هێزە سیاسیەکان، رێکخراوە مەدەنیەکان و خەڵک بە گشتی دەکات:
١. پرسە سیاسیەکان و دەسەڵات لە هەرێم، دەبێ بە بەیاسا چارەسەر بکرێن و هەروەها لەسەر هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتدا یاسا سەروەربێت و کەلتوری رادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە پێی پرەنسیبەکانی دیموکراسی پەیڕەو بکرێت.
٢. گەلەکەمان لە باشور، خاوەن شکۆ و رێزن و سەرچاوەی هێز و توانای پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و نیشتیمانن. بۆیە شایەنی ئەوە نین برسی و تینوو بکرێن و بژێویان بە سیاسەت و پێکنەهاتن لەسەر چۆنیەتی دەسەڵات ببەسترێتەوە.
٣. خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەڕبڕینی کۆمەڵانی خەڵک بە هەموو چین و توێژێکیەوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان، مافێکی سەرەتایی دیموکراتیانەی ئەوانە و پێویستە لە لایەن دەزگاکانی میری بە سینگفراوانیەوە وەڵامبدرێتەوە و مافەکانیان بۆ بگەڕیندرێتەوە و ژیان و گوزەرانیان بۆ فەراهەم و خۆشگوزەران بکرێت. هەروەها لەژێر هەر بیانویەکەوە بێت، نابێت بە توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک سەرکوت و دەمکوت بکرێن.
٤. داوا لە پۆلیس، ئاسایش و هەموو هێزەچەکدارەکانی هەرێم دەکەین، کە بەرپرسیارێتی و گیانی برایەتی و ئەرکی راستەقینەی سەرشانیان مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن و بە دڵسۆزانە سەر و ماڵ و موڵکی خەڵک و گشتی بپارێزن و پەنا نەبەنە بەر بەکارهێنانی توند و تیژی و چەکبەکارهێنان. ئەوەش لەبەر چاو بگرن کە ئێمە هەمووی رۆڵەی ئەم گەل و نیشتیمانەین.
٥. داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین، هەوڵبدرێت و بەزووترین کات مووچەی فەرمانبەران و کارمەندان و خەڵکی بدرێت و هاوڵاتیان لە قەیرانی بژێوی و ئابوری رزگار بکرێن.
٦. بۆ هێورکردەنەوە و تەشەنەنەکردنی زیاتری ئەو بارگرژیانەی کە لە ئارادان. بانگی دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبی وئەهلیەکان دەکەین، بەئەرکی رۆژنامەوانی راستەقینەی خۆیان هەڵسن و داوا لە خۆنیشاندەران بکەن کە خۆپیشاندانەکان هێمن و مەدەنیانە بن و لە هۆکارەکانی ئەم رەوشە دا راستگۆیانە و هەستیارانەوە مامەڵە بکەن و تڤەنگ بە تاریکیەوە نەنێن و راستەکان وەکو خۆی بگوازنەوە.