دوو دیکتاتۆری هاوشێوە

Tuesday, 13/10/2015, 22:25

4830 بینراوە


ئەگەرچی نەژادی هیچکامیان تورک نییە بەڵام هەردوکیان دڵسۆز بە تورکن ، یەکیان بە ڕەچەڵەک لاز و ئەوی دیکەشیان بە ڕەچەڵەک کوردە، کەسی یەکەم هەموو گەلی لازی لە خشتە بردووە بۆ خزمەتی تورک، کەسی دووەم هەموو کوردی کۆیلە کردووە بۆ خزمەتی خێڵەکەی و خێڵەکەشی خستۆتە خزمەتی داگیرکەرانەوە . هەردوکیان شەیدای کورسی و پارەن ، هەردوکیان دەستیان بە خوێنی کورد سورە، هەردوکیان دژ بە خۆپیشاندانی هێمنانەن و جەلادەکانیان بەردەدەنە گیانی خەڵکی ڕاپەڕیو . یەکەمیان هەڕەشە دەکات و  فەرمان بە پۆلیسەکانی دەدات کە چ ژن بێت و چ منداڵ دەستی لێ نەپارێزن ، دووەمیان هەڕەشەی باجدان لە گەل دەکات و فەرمان بە میلیشیاکانی دەدات کە ڕێگە نەدەن جەماوەر زیاتر دەنگ هەڵبڕن . بڕوانە ئەم لینکە :
هەردووکیان هاوکاری چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلام(داعش)ن و بە ڕوکەشیش خۆیان بە یەکەم دژبەری دەوڵەتی ئیسلامی ناودەبەن ، دوو کەسی ڕاستڕەوی ناخ سەلەفی دژ بە ئازادین ، یەکەمیان بۆ دژایەتیکردنی کوردان لە دەرگای هەموو دەوڵەتان دەدات، دووەمیان بۆ دژایەتیکردنی کوردان بۆتە چاوساخی هەموو داگیرکەران ، یەکیان پەرلەمانتاران زیندانی دەکات ، دووەمیان هەم پەرلەمانتار و هەم وەزیرەکانیش شاربەدەر دەکات ، یەکەمیان تەنها ئازادی زەوت دەکات ئەوی دیکەیان هەم ئازادی و هەم قوتی خەڵکی لەناو دەبات ، یەکەمیان دەڵێت هەموو شتێک لە پێناوی تورکدا ، دووەمیان دەڵێت هەموو شتێک لە پێناو بنەماڵەدا، یەکەمیان مشتی لە ژیانەوەی سەڵتەنەتی عوسمانی خۆش کردووە، دووەمیان مشتی لە بە دەسەڵاتگەیاندنی نەوە پێنج شەش ساڵیەکەی خۆش کردووە . بڕوانە ئەو ڤیدیۆیەی سەرەوە.
یەکەمیان لە هەوڵی یەکخستنی هەموو تورک و سڕینەوەی کورداندایە ، دووەمیان لە هەوڵی پارچە پارچەکردنی هەموو کوردستان و ئاژاوەسازکردن لە گشت پارچەکانی کوردستاندایە ، یەکەمیان گۆڕستانی شەهیدەکان وێران دەکات ، دووەمیان تەرمی شەهیدەکان شوێنبزر دەکات و ڕێگە نادات گۆڕیشیان هەبێت . یەکەمیان هەموو سەرزەمینی ئیسلامی بە تاپۆی تورک دەزانێت ، دووەمیان هەموو کوردستان بە تاپۆی بنەماڵەکەی دەزانێت ، یەکەمیان لە هەوڵی تاڵانکردنی گەلانی ناوچەکەدایە بۆ بەرژەوەندی تورک ، دووەمیان لە هەوڵی هەڕاجکردنی سەر زەوی و ژێر زەوی کوردستاندایە بۆ خزمەتکردن بە داگیرکەران . یەکەمیان لە ڕێگەی چەتە ئیسلامیەکانەوە خۆپیشاندانەکان خەڵتانی خوێن دەکات ، دووەمیان لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان دەگۆڕێت و خەڵتانی خوێنیان دەکات . بڕوانە ئەم لینکە : 
یەکەمیان ئەوەی تورک بێت لە خۆی نزیک دەکاتەوە ، دووەمیان مستەشار و بەکرێگیراوە داڵدەیان دەدات ، هیچ کامیان وەک مرۆڤ لە ئافرەت ناڕوانن ، یەکەمیان لە پێناوی تورکدا ئامادە نییە دەستبەرداری بستێک لە کوردستانی داگیرکراو بێت، دووەمیان لە پێناوی دژایەتیکردنی لایەنە کوردیەکاندا چارەکێکی باشووری کوردستان تەسلیم بە داعش دەکات ، یەکەمیان لە هەوڵی کۆڕەو پێکردنی ئێزدیەکاندایە ، دووەمیان لە هەوڵی ئەنفالکردن و سڕینەوەی یەکجارەکی ئێزدیەکاندایە . یەکەمیان بە ناوی تورک و ئیسلامەوە لە هەوڵی کۆیلەکردنی کورداندایە، دووەمیان بە ناوی شۆڕشگێڕێتی و کوردایەتیەوە لە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانی کوردستاندایە . یەکەمیان ئەگەرچی کەسی دووەم بە سەرۆک خێڵێکی دواکەوتوو دەزانێت بەڵام بۆ دژایەتیکردنی کوردان فشار دێنێت تاکو هەر بە دیکتاتۆری سەر کوردان بمێنێتەوە ، دووەمیان هەم کەسی یەکەم وەک خوداوەندێک دەبینێت و هەم بە فریادڕەسی کوردانیش پێناسەی دەکات، هەردوکیان دژ بە دەستکەوتەکانی ڕۆژاوای کوردستانن ، هەردوکیان داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکەن و هەزاران کردەوەی دیکتاتۆریانەی هاوشێوەی دیکەش .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە