بزووتنەوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پشوویەکی درێژخایەندا دەرفەت و مەجالی باشی هەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت پلانێکی تۆکمەدابڕێژێت سەبارەت بە چۆنییەتی و بەرەو پێش چوونی خەبات و تێکۆشانی خۆی لەو بەشی کوردستان، پرۆژەیەکی مۆدێڕن و تێئۆرییە نوێیەکانی جولانەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی و مافەسەرەتاییەکان دەیانتوانی بە هەست کردنی ئاستی وشیاری و تیگەیشتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو بەشە لە نیشتمان و تواناییەکانیان کە بێ گومان لە ئاستێکی بەرزدایە لە رۆژهەلاتی کوردستان و بە کارهێنانیان لە پێناو مافە رەواکاندا گۆرانکاری جیاواز و جۆراوجۆر بە خۆیەوە ببینێت و خۆی لە ناو خەڵکی کورستان و خەڵکی کوردستان لە ناو خۆیدا ببینێتەوە، بەڵام مخابن دوور کەوتنەوە لە ئەسڵی خەبات واتە ویست و خواستی کۆمەڵانی خەڵک و، پشت بەستن و تێکەلاو بوون بە لایەنی جۆراوجۆر کە ئاکامەکەی لێکدابڕان و لێکترازانی لایەنە سیاسییەکان بوو،بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرەو قەیران بردوو بە هۆکارگەلێکی دیار و نادیار خۆی لە ئەسڵ و ئەرکی خۆی دوور خستەوە و پاراستنی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان و پاریزگاری کردن لەو دەسکەوتانە یەکێک لە بیانووەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە تا ئیستاش هیچ کاریگەری و دەسکەوتێکی بۆ بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان تیدا بە دی ناکرێت.
لەم چەند دەیەیەدا کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی رۆژهەڵات سیاسەتی چاوەڕوانی و بیانووی پاراستنی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستانی کردووەتە هەوێنی کاری سیاسی خۆی ئیتر ناتواندرێت حاشا لە راستییەکان بکرێت، نارەزایەتی و ویست و خواستی کۆمەڵانی خەڵکی باشوور باس لە شتی دیکە ئەکەن، کاتێک سەرکردایەتی و لایەنە سیاسییەکانی باشوور خۆیان ئەرزش و نرخی دەسکەوتەکانی خۆیان نازانن و ئامادەن لە پێناو دەسکەوتی حیزبیدا بیخەنە مەترسییەوە ئایا ئەرکی ئێمە وەک بزووتنەوەی رۆژهەڵات بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستا کۆتایی پێنایەت؟ ئایا پێویست ناکات بگەرێنەوە بۆ سەر ئەسڵ و خەت و مەشی سیاسی خۆمان و ئەرکەکانمان؟ ئایا ئەم دۆخەی باشووری کوردستان ناتوانێت هەوێنی عەقلییەتێکی خەباتی راستەقینە بێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە کۆتاییدا تێکنۆلۆژی و کۆشک و تەلاری هیچ وڵاتێک خزمەت بە بزووتنەوە و گەنج و لاوی ولاتەکەی من ناکات کە پۆل پۆل وڵات و ئۆردووگاکانی بۆ چۆڵ ئەکەن و هەندەران و ئاوارەیی بە باشتر ئەزانن لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئاوەدانی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی رزگاریخواری نەتەوەیی، کە هیوادارم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەیەکی جیاواز و تایبەت بکات لە هەمبەر یەک ریزی و تەبایی و کۆتایی بەو لیکدابرانانە بهێنن و بە یەک ریز و تەبایی وەرە و ئاواتەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بهێنە دی و تیکەلاو بە ویست و خواستی کۆمەڵانی خەڵک بن، بریار و پاڵپشتی هەر وڵات و بزووتنەوەیەک کۆمەلانی خەڵکن ئەمە ئەسڵی خەباتە چ سیاسی بێت چ کۆمەڵایەتی یا خۆ رزگاری.