ئەز لێرەدا لە بایەخی جوگرافیایی و ئابووری و کاتالۆنیا،بە خۆیی و ٧،٥ ملیۆن دانیشتوانەوە و بوونی زێتر لە ٥٨٦ کۆمپانیای زەبەلاح و بوونی کارخانەی جیهانی وەک: مانگۆی رستن و چنین،ناتوراڵی گاز و فۆلکس ڤاگۆنی ئوتومبێلەوە، هیچ نموونەیەک ناهێنمەوە. بەڵکو لە چەند گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەرنجێکی کورت لەم هەنگاوە گرنگە دەگرم،کە مخابن وەک پێویست نەبووە کەرەسەی باس و خوێندنەوەی ڕژد،لە میدیای کوردیدا.بە گشتی رۆشنبیرانی کورد، ئاوڕی پێویستیان لەم پرس و پێشهاتە نەدایەوە.تاوەکو سووت لە هەنگاو و ئەزموونەکەیان وەرگرین.
یەکەم: کاتالۆنییەکان ئەزموونی ساڵی رابووردووی سکۆتلەندییەکانیان لەبەرچاو بوو، باشیش ئاگاداری ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیەی واشنتۆن و برۆکسل و لەندەن و بڕەکیش هێزەکانی ناوخۆ بوون،لێ لەتەک ئەوەشدا،هەروەک ساڵی رابووردوو رایانگەیاند،کەوا کاتالۆنیا،وەک سکۆتلەندە نییە،ئەوە بوو سووربوون لەسەر بڕیار و هەڵوێستی خۆیان و ئیرادەی نەتەوەیی خۆیان خستەکار و تەواوی ئەو هەڕەشانەی مەدرید و شوێنەکانی دیکەیان نەیترساندن و سڵی پێنەکردنەوە و دەنگدانەکەیان ئەنجام دا.
دووەم: ئەم ئاریشەیە، سەلماندییەوە،کەوا پرسی نەتەوایەتی هەردەم زیندووە و دینەمۆی بزوێنەری مێژووشە. سەرهەڵدانی داوای سەربەخۆیی، لەم هەلومەرجەی نەخشەی ئەوروپا و پێکهاتە و سیستەم و چەمکی دیموکراسی،بۆ گەلێ کەس و لایەن وەک سوپرایسێکی گەورەیە وایە . خۆبەرجەستەکردنی کاتالۆنییەکان لەم فۆڕمی باڵای هەست و ناسنامەی نەتەوایەتی و شانازیکردن بە بەنەتەوەبوونیان ، ترۆپکی هەرە باڵای نەخشبوون و چلوورەبەستنی ستاتووی نەتەوەیە.
ئا لەم چرکەساتە مێژووییەدا،کە کاتالۆنییەکان خۆیان بەم چەمک و فۆرمە"نەتەوەبوون" پشت ئەستوور دەکەن،ئەوسا بوێرانە و بێ شەرم و گوێدانە هەڵوێستی وڵاتانی دیکە،پێداگریی لەسەر خواستە نەتەوەییەکانی خۆیان بە شێوازێکی شارستانێتی و دیموکراسی دەکەن.
سێیەم: هاوپەیمانێتی " پێکەوە بۆ بەڵێ"توانی هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنی،بە سووتی بڕیاری سەربەخۆیی بقۆزێتەوە و چەپەکانیش، لە هەڵوێستێکی گرنگ و چارەنووسسازدا، رۆڵی مێژوویی و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان گێڕا. بەم کارەش بارستایی خۆیان خستە تای تەرازووی سەربەخۆخوازانەوە. ئەم کارەش لە رووی مێژوویی و سیاسی و چەندایەتییەوە، سەنگ و بایەخێکی دیکەی ئەرێنی،لە زەمینەی تێکۆشانی گەلاندا، دەبەخشێ بە رەهەندە، دوورەکانی پرسی سەربەخۆیی کاتالۆنیا و پرسی نەتەوایەتی لە سەرتاسەریی جیهاندا.
شایانی ئاماژە پیدانە، کاتالانەکان، رووبەرووی جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و راگوێزان و لەسێدارەدان و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و کوشتاری جۆراوجۆری تر نەبوونەتەوە. کەچی هێندە لەسەر جیابوونەوە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان سوورن.
پێناس و ناسنامەی تێکۆشەری راستەقینەش ئەو دەم، لەمەیداندا بەراست دەردەکەوێ و دەسەلمێندرێ ، کە هەرساتێ ، نەتەوە و نیشتمان،کەوتە بەردەم دوو ڕیانی چارەنووسساز،پێویستە هەموو حیزب و کۆمەڵ و کەسێ دروشم و ئامانج و بگرە پرنسیپەکانیشی تایبەتییەکانی خۆی ، بپێچێتەوە و ببێتە سەرباز و داکۆکیکار وڵات و خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە.
ئێمەش کتومت ئەمە، لە هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنیا و تێکڕای سەربەخۆخوازەکانی کاتالۆنیادا دەبینین و دەخوێنینەوە.
" کورد نەتەوەیەکە، تا ئێستاش نیشتمانی داگیر و دابەشکراوە و رووبەرووی نامرۆڤانەترین سیاسەتی داگیرکەرانی وڵاتەکەی، لە رووی سەربازی و سیاسی و ئابووی و رۆشنبیرییەوە بۆتەوە، هەبوون و ئیدەنتیتێتی لەبەردەم ترسناکترین هەڕەشەدایە. لە هیچ یەک لەو دەوڵەتە زۆڵەکانەی کورد و کوردستانی بەسەر دابەشکراوە، خاوەنی چ مافێک نییە و تا هەنووکەش تاکە هێزێکی نەتەوەی سەردەست پەیدا نەبوو،باوەڕی بە مافە رەواکانی کورد هەبێت" .
ئەمانە و هێزە ئیخوانییەکان،یەکبینە کار بۆ کاڵکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پچڕپچڕکردنی هەستی کوردستانی و شێواندنی گوتاری نەتەوەیی و باوەڕی تاکی کورد بە خۆیی و مەسەلە رەواکەی دەکەن.
هەموو لایەنەکان،بە خۆیان میدیاکانی سێبەریانەوە و لەشکری رۆشنبیرانی هەلپەرست و بەرژەوەندی خۆیانەوە، لە هەوڵ و تەقەلای مەحاڵکردنی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدان و هەوڵیش هەیە لە پشت ئەوەوەی ئەم باسە وەک بڤە و تابوویان لێ بێت.لە ئالییەکی دیکەوە بە هەموو شیوە و شیوازێکی ناشرین و رووقایمی و نەیارانە،دژ بەم چەمک و داخوازییانە دەوەستنەوە و لە بەها و گرنگییان کەم دەکەنەوە سووکایەتی بە باسکردنی دەکەن..ئەوەتا لەسایەی ئەم کەمپینی و رٶلێ نەرێنی میدیا شڕ و گوماناوییەکاندا، خەڵکانێکی سەرلێشێواو و گەوج بوو،بە رەفتار و گوفتاری نابەجێ و دوور لە خۆشەویستی نیشتمان و خوێنی گیانبەختکردووان و ئەو هەموو کارەسات و قوربانییانەی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و ملیۆنەها کارەساتگەلی دیکە، دەڵێن دەوڵەتمان ناوێ و لەبەر ئەوەی ((معاشەکەی جوان نییە))...!! یان بە بڕوبیانووی پوچەڵ و نەزۆک و بێ ماناوە،خۆیان لەم داوا رەوایە دەدزنەوە و پێیان وایە ،هەلومەرجی سەربەخۆیی لەبار نییە و وڵاتانی درواسێمان،رازی نین.
رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و وەرچەرخان و هەڵکەوتنی گرنگی کوردستان و ئەو دیفاکتۆ خوڵقاوەی بە بۆنەی شەڕی داعشەوە،سەری هەڵداوە،فاکتەرگەلێگی گەورە و کاریگەرن،رۆژ بە رۆژ کوردستان بە هەموو رەهەندەکانییەوە تێهەڵکێشی هاوکێشە و نەخشەی ئامادەکراوی پآس سایکس پیکۆ دەبێتەوە.کورد دەبێت بزانێ چۆن لەم گۆڕەپانەدا یاری دەکات. بۆ ئەوەی یارییەکی باش بکەین و براوە بین،پێویستە وەک یەک تیمی نەتەوەیی بچینە مەیدانەوە.ئاخر تاکە چەکی دەستی کورد هەر یەکێتی و یەکێتی دەبێت .
بە کورتی هەڵمەت و کەمپینی سەربەخۆیی دەکرا و دەکرێ لەچەندین قۆڵ و کەناڵەوە کاری بۆ بکرێ..نەک وەک ئەوەی خەڵکانێ بە ئومێدی ئەوە بن، هەر بە پەیمانێکی بلفۆڕئاسا،بڕیاری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بۆ بخرێتە سەر سینی زێڕین و پێشکەشیان بکرێ...
رووداو و پێشهاتەکان بە پەلە دێنە پێشيوە و دەگۆڕدرێن و گەلێ جار بە چاوترووکانێک ،وەرچەرخانی گەورەی چاوەڕوان نەکراو،دێتە سەر شانۆی سیاسەت و دەبێت پلانت بۆی هەبیت و رووبەرووی بیتەوە...بە نموونە هاتنە پێشەوەی رووسیا لە پشتیوانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سوریا و پەیمانی چوارقۆڵی رووسیا، ئێران، سووریا و عێراق ق کلک و پێوەندەکانیان.
بۆیە،لەم هەلومەرجە ناسک و گرنگەدا، لەدەستدانی هەر چرکەساتێ،بۆ کورد،مانای کەمتەرخەمییە لە ئاست سەدەیەک کات و روودا و چارەنووسی ملیۆنەها مرۆی کورددا..
دوای ئەم بە پەلە ، خوێندنەوەی بارودۆخی سەربەخۆیی،لە دیدی کوردایەتییەوە، لای پارتەکانی کاتالۆنیا و کوردستان، تێدەگەین،لە تاقیکردنەوەی کوردایەتیدا،پارتە کوردستانییەکان،گەرچی پرسیارەکانیش سووک و سانا و روون و ئاشکرایە،کەچی لە ژێڕ سفرەوە دێنن و لە هەنووکەدا چاوەڕوانی دەرچوونیان لێ ناکرێت.
هەڵبەت ئەم راستیتانە،نابێ شتێکی دیکەشمان لە یاد بەرێتەوە، ناکۆکی و ناتەبایی و رێکنەکەوتن لەسەر ویستە باڵاکانی نەتەوەکەمان... ئاخر گەر ناتەبا و بێ بەرنامە نەبووینایە، کەسێکی وەک ئەیاد عەللاوی نەیدەگووت: من وەک پرنیسپ باوەڕم بەدەوڵەتی کوردی هەیە، لێ کام دەوڵەتی،دەوڵەتی هەولێر،سلێمانی یان قامیشلۆ...بێگومان کەسی هۆشیار،دەزانێ ئەم رستەیە هەڵگری چەند رک و کینە و شۆڤێنیزم و ناحەزایەتییە،بەڵام بە دیوێکی تریشدا نێزیکە لە راستییەکی تاڵەوە.