ناساندنى کتێبێکى کۆن ئێزیدییەت لە کۆن و نوێدا

Saturday, 24/10/2015, 16:25

2343 بینراوە


کتێبى "ئێزیدییەت لەکۆن و نوێدا"، لەلایەن یەکێک لەمیرى ئێزیدییەکان" ئیسماعیل بەگى چۆل"ەوە نووسراوەو لەسێ بەشى تایبەت بەبیر و باوەڕى ئێزیدییەکان و داب و نەریت و هەندێک لەڕووداوە مێژووییەکانیان و ژیانى یەکێک لەمیرە هاوچەرخەکانیان پێک هاتووە.
ئەم کتێبە لەلایەن یەکێک لەمامۆستاکانى مێژووى ڕۆژهەڵات لەزانکۆى بێروتى ئەمریکى، "دکتۆر قوستەنتین زریق"، لەساڵى 1934داو لەچاپخانەى ئەمریکى لەبێروت بەچاپ گەیشتووە.
"دکتۆر قوستەنتین زریق"، لەپێشەکى کتێبەکەدا و هەر لەدەست پێکەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە خودا تێکەڵەیەک لەڕەگەز و تایفە و میللەتانى جیاجیاى، بەشێوەیەکى بێهاوتا لەهەموو شوێنێکى ترى دنیا خزاندۆتە، ناوچەى موسڵى باکوورى ئێراق و بەتایبەتیش دەوروبەرى خودى شارى موسڵ، هەر لە عەرەب و کورد و سریان و ئاشورى و تورک و ئەرمەن. لە تایفە ئایینییەکانیش یەعقوبى و نەستوورى و  سونى و شیعە و کەمینەیەکى جوولەکەى جێماوى سەردەمى بەندایەتى سەردەمى بابلییەکان و هەروەها سوبى و مەندائیى و دواجار ئێزیدییەکانیش دەبینرێتەوە کە دەمێک ساڵە بوونەتە مایەى سەرنج ڕاکێشانى دنیا، بەتایبەتیش وەک زانراوە بە"پەرستنى شەیتان" ناسراون.
"دکتۆر قوستەنتین زریق"، ئاماژە بەوە دەکات کە لەنێوان خودى ئێزیدییەکاندا، هەن باوەڕیان وایە بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر "یەزیدى کوڕى معاویە"ى خەلیفەى ئەمەوییەکان و هەشن باوەڕیان وایە دەچنەوە سەر یەزیدێکى دیکە کەناوى" یەزیدى کوڕى ئەنیسە"ى سەرکردەى خەوارجیەکانى سەردەمە نێوەندەکانى ئیسلام.
ئەمە لەگەڵ بوونى ئەو بۆچوونانەى کەپێى وایە، "ئێزیدییەت" وەک ناو لەناوى شارى یەزد، یان لە"یەزدان"ەوە وەرگیراوە کە بەفارسى بەواتاى خودا دێت، یان رەنگە لە"ئێزد"ەوە هاتبێت، کە لەئایینى فارسەکاندا بەو فریشتانە دەگوترێت، کە پەیامى خوداوەندى میهرەبان بە بەندەکان دەگەیەنن، بەمەش زاراوەى "ئێزیدییەت" دەبێتە" بەندە یان شوێنکەوتووانى خودا"یان "شوێنکەوتووانى فریشتەکان".
ئیدى "دکتۆر قوستەنتین زریق"، دژواریى ساغکردنەوەى ئەسڵ و فەسڵى ئێزیدییەکان ناشارێتەوە، چونکە هەروەک خۆى ئاماژەى پێدەدات، یەکێک لەهۆکارەکانى ناتەبایى خودى ئێزیدییەکانە، سەبارەت بەسەرجەم شتگەلە تایبەتەکانى ئاینەکەیان، کە بەچەشنێک تێکەڵ بەخورافات و ئەفسانەى کاڵوکرچ بوون، کەدواجار ساغکردنەوەو یەکاڵاکردنەوەى دەبێتە مەحاڵ،
  بۆ نموونە لەکاتێکدا هەندێکیان پێیان وایە ئەوانیش وەک هەموو بنیادەمان لەباوکە ئادەمەوە هاتوون، بەڵام لەوەدا خۆیان جیادەکەنەوە و خۆیان دەکەنە خەلیفەى راستەقینەى باوکە ئادەم، کە گوایە ئەمان هەر لەخودى باوکە ئادەمەوە هاتوون، نەک دایکە حەوا، لەکاتێکدا سەرجەم میللەتانى دیکە بەبڕواى ئەوان دەرئەنجامى بەیەکگەیشتنى ئادەم و حەوا هاتوونەتە دنیا. ئەمە جگە لە بۆچوونى کۆمەڵێک لەو ئێزیدیانەى کە پێیان وایە دامەزرێنەرى ئاینەکەیان بە بنەچە دەچێتەوە  سەر "موعاویەى کوڕى سوفیان"، بەتایبەتیش ئەو دەمى "موعاویە" ژنێکى هەشتا ساڵەى خواست و ئەو ژنە بەشێوەیەکى سەیر گەنج بۆوەو بووە دایکى یەکەمین دامەزرێنەى ئاینى ئێزیدییەکان.
لێکۆڵەرێکى وەک"مێنزل" دەڵێت:
(هێشتاکە ئەسڵ و فەسڵ و گەشەکردنى ئاینى ئاڵۆزى ئێزیدییەکان یەکاڵانەبۆتەوە، بەڵام دیارە باوەڕى ئاینییان ڕەگەزى ئاینە بتپەرستییە کۆنەکان لەخۆ دەگرێت"بەڵام جودا لەو ئایینانەى کە خۆر و مانگیان پەرستووە"، ئەمە جگە لەخۆگرتنى هەندێک بڕواى زەردەشتى وەک دوالیزمى فارسى، هەروەها مانیزم"مەزهەبى مەعریفەى فارسى"و یەهودییەتیش "بەتایبەتیش لەحەرامکردنى خۆراکەکاندا" و مەسحیەتیش "بەتایبەت لەشیوى خوداوەندانەو سەردانى کڵێساکان لەکاتى زەماوەندى هاوسەرگیریدا و حەڵاڵکردنى مەى"، ئیسلامیەتیش بەتایبەت لە"خەتەنەکردن و رۆژووگرتن و قوربانى کردن و حەج و...."و سۆفیزمى رافیزییەکانیش "لە شاردنەوەى باوەڕ و مەزن ڕاگرتنى کۆمەڵێک لەشێخانى سۆفیزیم"و سوبیشن لەتەقەمووس و شامانیشن لەچەشنە ڕێگەکانى مردوو ناشتن و راڤەکردنى خەون و سەماکردندا").
هەر لەپێشەکى کتێبەکەشدا "دکتۆر قوستەنتین زریق"، ئاماژە بە حەقیقەتى پەرستنى شەیتان لەلایەن ئێزیدییەکانەوە دەکات، کە لاى ئەوان بە"مەلەک تاووس" ناو دەبرێت و لەپێناو ئەودا خودا، خالیقى ڕاستەقینەى گەردوون و سەرجەم بوونەوەران لەیاد دەکەن و ئەمە جگە لەوەى لاى ئێزیدییەکان زۆر جار پلەو پایەى شێخ "ئادى"دەگەیەننە ئاستى "شەیتان -مەلەک تاووس" و "دکتۆر قوستەنتین زریق"یش هەر لەبەرایى کتێبەکەدا راستى تەمومژاویى بوون و نادیاربوونى حەقیقەتى راستەقینەى شێخ "ئادى" ناشارێتەوە، کەئەویش وەک سەرجەم سیمبۆل و شتگەلە ئاینییەکانى دیکەى ئێزیدییەکان، ئاشکرانییە و کەس بەتەواویى بۆى ساغ نابێتەوە.
راستییەکى دیکە کەلەپێشەکى کتێبەکەدا خراوەتەڕوو تایبەتە، بەتایبەتمەندى پێشینەى ئێزیدییەکان سەبارەت بەخوێندن، کە جگە لەپیاوە ئاینییەکانیان هەر کەسێکى دیکە فێرە خوێندەوارى ببایە لاى وان بەکافر لەقەڵەم دەدرا، دیارە گۆڕانى ئەم قەناعەتە و دواتر چوونە قوتابخانەى منداڵانى ئێزیدییەکان پەیوەست بوو بەو گۆڕانکارییە مێژووییانەى کەلەدنیاو ناوچە ئێزیدى نشینەکاندا بەدرێژایى مێژوو ڕوویدا.
پاش تەواو بوونى پێشەکى کتێبەکەش، بەشەکانى کتێبەکە دەست پێدەکات، کە پێکهاتووە لەسێ بەش:
1- سەرگوزشتەى ژیانى "ئیسماعیل بەگى چۆل"ى میرى ئێزیدییەکان.
2- بیرو باوەڕى ئێزیدییەکان و داب و نەریتیان.
3- کورتەیەک لەڕووداوەکانى چیاى شەنگال.
بەشى یەکەم بەناساندن و خستنەڕووى ژیانى "ئیسماعیل بەگى چۆل"ى میرى ئێزیدییەکان، دەست پێدەکات، باس لەزۆر وردەکارى ژیانى دەکات بەتایبەتیش ئەو کچەى کەبۆ یەکەم جار لەژیانیدا حەزى لێکردووە، کەناوى "رەوشى"بووەو چۆن رەدووى کەوتووەو دواجار چۆن پاش لەدایک بوونى "عەبدلکەریمى" نۆبەرەى ژنى یەکەمى ئەمرى خواى کردووە.
ئیدى بەزمانێکى حیکایەت ئامێزانە یادەوەرییەکان درێژەى دەبێت و لەمیانى گێڕانەوەى بەسەرهات و ڕووداوەکاندا زۆر شت دەکەوێتەڕوو، وەک ئەو سەفەرە دوور و درێژەى کە"ئیسماعیل بەگى چۆل" دەیکات و چۆنیەتى مامەڵەى لەگەڵ ئەو موسڵمانانەى کە لەڕێگە پێیان دەگات، ڕاشکاوانە و بێ پەردە رک وکینەى بەرانبەر بەموسڵمانان و ئاینییان دەردەخات، تەنانەت لە شوێنێکدا بەفێڵ و بۆ مەرامى خۆى وەک موسڵمان و موریدێکى شێخ "عەبدولقادرى گەیلانى"
دەناسێنێت و ئیدى سەربارى کۆکردنەوەى پارە و داهاتێکى زۆر بەناوى ئەوەوە کە گوایە بۆ تەکیەى شێخى کۆدەکاتەوە، بۆ خۆى دەڵێت کاتێک پێشنوێژى موسڵمانانى ئەو شوێنەم کرد، لەجێى دوعا و نزا، چونکە دەمزانى تێناگەن جوێن و قسەى ناشرین و سووک و سەلیمم بە موقەدەساتى ئەوان دەدا و داوام لە مەلەک تاووس و شێخ ئادى دەکرد کە لەناویان بەرێت.
ئیدى لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە نووسەر بێلایەن و بابەتیانە نەبووە لە خستنەڕووى بابەتەکان، چونکە ناکرێت بەو هەموو رکوکینەیەى کە بەرانبەر بەئاینى ئیسلام هەڵیگرتووە، راستگۆیانە رووداوە مێژوویى و بەسەرهاتەکان و وەک خۆیان بخاتەڕوو، ئەمە لەکاتێکدا گەڕیدەیەکى موسڵمانى دیندارى وەک "ئیبن بەتووتە" کاتێک دەبێتە میوانى شێخێکى کوردى ئێزیدى ناوچەى شەنگار، زۆر بەپێزانین و رێزەوە باس لەجوامێرى و میوان پەروەرێتى ئەو شێخە ئێزیدییە دەکات.
لەدرێژەى نووسینەکەیدا "ئیسماعیل بەگى چۆل"، باس لەوە دەکات کە چلۆن لەڕێگەى سەفەرەکەیداو ئەو دەمانەى بەئێزیدییەکانى شوێنانى دیکە گەیشتووە، ئامۆژگارى کردوون کەجل و بەرگى رەگ نیلى و کراسى مل کراوە لەبەر نەکەن، سەربارى نەخواردنى کاهوو و کەلەرم، کەدیارە ئەمانەو زۆر شتى دیکە لەئایینى ئێزیدییەکاندا دەچنە ڕیزى شتە حەرامەکانەوە، تەنانەت وەک لەلاپەڕە 15ى کتێبەکەدا هاتووە، داوا لەئێزیدییەکان دەکات:
(ئەوەى کاهوو و کەلەرم لەکێڵگەکانیاندا چێنراوە، دەبێت لەئێستاوە تا دە رۆژى تر بیانفەوتێنێت و نەیانهێڵێت).
نووسەر دەرئەنجامى سەفەر و تێکەڵبوونى بەئێزیدییەکانى شوێنانى ترى دنیا و ئیرشادکردنیان، تووشى چەرمەسەرى دەبێت، تەنانەت چەند جارێک دەست بەسەردەکرێت و بەمەش زۆر لەمەرگ نزیک دەبێتەوەو دەرەئەنجامیش هەموو جارەکان رزگارى دەبێت.
لەدرێژەى باسەکاندا "ئیسماعیل بەگى چۆل"، باس لەوە دەکات چۆن خۆى دەگەیەنێتە کن دەسەڵاتى ئەو دەمى ئینگلیز و بەڵێنیان پێدەدات هاوکاریان بێت، جا دیارە بەفیعلى و عەمەلیش ئەم چەشنە هاوکارییە لەنێوانیاندا لە بگرەو بەردەیەکى سەیردا چەند جارێک چێ دەبێت.
بەهەرحاڵ دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەش وەک زۆر سەرچاوەى ترى تایبەت بەئێزیدییەکان، ناتوانێت بەتەواوى وەڵامى هەموو پرسیارە نەزانراوەکانمان سەبارەت بەئێزیدییەکان بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداو سەربارى هەر کەموکوڕییەک کەئاشکراو دیار، یان پەنهان و لەپشت دێڕەکانەوە خۆى حەشارداوە، هەر چۆنێک بێت بەقەڵەمى یەکێک لەسەرانى ئێزیدییەکان نووسراوە.
ژێدەر:  "ئێزیدییەت لەکۆن و نوێدا" /ئیسماعیل بەگى چۆل /1934/ چاپخانەى ئەمریکى-بێروت.

وێنەى سەرەوە  نووسەرى کتێبەکە: ئیسماعیل بەگى چۆل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە