گرنگی هاوڕێتی لە ژیانی منداڵاندا

Sunday, 25/10/2015, 12:19

5312 بینراوە


فەیلەسووفی یۆنانی (ئەرسـتۆ) دەڵێ : "گەر دەربارەی هاوڕێتی لەمن دەپرسی، ئەوەیە کە گیانێکە و لە دوو جەستەدایە"
هاوڕێتی راستەقینە، واتا هاوبەشیکردن و لەیەکگەیشتن و هاوبڕوایی و هاوسۆزی و هاوخۆشەویستی و هاودڵسۆزی و هاوڕێزییە، لە نێوان دوو کەس یا زیاتردا .
هاوڕێتی راستەقینە، پیرۆزترین و جوانترین و بەسوودترین و پاکترین و بەرزترین  پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە لە نێوان ئادەمیزاد دا .. کە لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژان و ساڵاندا، هاوڕێتیش رەسەنتر و بەهێزتر و قووڵتر دەبێتەوە .. زیاتریش رەگ ئەستوور دەبێت .
مرۆڤ هەر بە ماکی (غەریـزی) و سروشتی، کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بە تەنها بژی .. گەر وابوایە نەیدەتوانی خێزان و کۆمەڵگا و شار و شارستی و پێشکەوتن پێکبهێنێت .
هاوڕێتی راستەقینە رووەکێکە، کە بە دڵسۆزی و بە خۆشەویستی و بە هاوڕێزی و بە نیازپاکی ئاو دەدرێ و، لەسەر خۆی دەڕوی و باڵا دەکات .
هاوڕییانی دڵسۆز ئەو هاوڕێیانەن، کە لە خۆشی و لە ناخۆشیدا، لە شایی و لە شیندا، لە شێنەیی و لە تەنگانەدا .. یەکتری بەسەربکەنەوە و، فریای یەکتری بکەون . 
لە لای منداڵان، بیرۆکەیەکی سەرەتایی دەربارەی واتای هاوڕێتی گەڵاڵە بووە .. ئەوان وای لێکدەدەنەوە کە هاوڕێ، هەر مرۆڤێکە کە خۆشیانی بوێ .. هەر کەسێکە یاری و بەزمی خۆشیان لەگەڵدا بکا .. سەرەتای هاوڕێتی لە لای منداڵان، بە خۆتەنی دەست پێدەکات، بە خاکی و، بە سادەیی و، بە نیازپاکی، وەک دڵەپاکەکانی خۆیان، بە نزیک بوونەوە لە یەکتری و، بە گوزارشتکردن و دەربڕینی سۆزداری و، بە رۆژ باش و بە چاکوچۆنی و رێزگرتن و رۆخۆشی و، بە جۆرێک لە تایبەتمەندی هاوڕێتی لە نێوان منداڵانی هاوتەمەن یا  نزیک هاوتەمەندا، چەکەرە دەکا و دەڕوێت .. لەگەڵ کاتدا، ئەم پەیوەندییە پێشدەکەوێت و، بەهێزتر دەبێت و، تا دەبێتە هاوڕێتییەکی راستەقینەی گیانی بە گیانی .. بۆیە بەهێزترین و پاکترین هاوڕێتی، ئەو هاوڕێتییەیە کە لە قۆناخی یەکەمی تەمەنی منداڵیدا دروست دەبێت .. کە رەنگدانەوەی دڵپاکی و نیازپاکی منداڵانی پێوە دیارە .. دەشێ ئەم هاوڕێتییەش رێکەوتی بێت، بە هۆی پێکەوە یاریکردن دروست بووبێت، یا لە ڕێی پەیوەندیی خزمایەتییەوە، یا پەیوەندی دراوسێتی، یا تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی گەڕەک یا قوتابخانەدا، یا بە هۆی هاوڕێتی منداڵانی هاوڕێکانی دایکان و باوکان و، خوشکان و براکان و، تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی خێزانانی تردا، یا بە هۆی هەر رێکەوتێکی تر .. بە ئازادی و بە ئاسانی هاوڕێتی لە نێوان منداڵاندا دروست بووبێت .. ئەوەش بزانن کە هاوڕێیانی خراپ، چاوگەی ئازار و زیان و لە رێ دەکردنی منداڵانی ترن .. کورد دەڵێ : " هـاوڕێی بەدخوو، نەشت سووتێنێت رەشـت دەکات " . 
هاوڕێتی زۆر گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا، بە تایبەتیش زۆر گرنگترە لە ژیانی منداڵاندا .. گرنگترینیش ئەوەیە، کە هاوڕێ و دۆستی راست و دڵسۆز و دڵپاک هەڵبژێرن .. هاوڕێیانی دڵسۆز و راسەقینە ئەگەر لەبەر چاویش نەبن، بەڵام لە ناخی دڵدا دەژین .
( دیـل گـارنگی ) دەڵێ : " تا دەتوانیت هاوڕێیانی دڵسۆز پەیدابکە چونکە تا دۆستت زیاتربێت .. لە ژیاندا سەرکەوتووتر دەبیت "
فەیلەسووف و شاعیری گەورەی گەلەکەشمان ( پــیرەمێرد ) ی نەمر دەڵێ :
هــەزا دۆستت بێ هێشــتاکو کەمــە
تەنها دوژمـنێ زۆر زۆر ســـتەمــە
سەرجەم دەروونناسان و زانایانی پەروەردەش، جەخت لە گرنگی و لە سوودەکانی هاوڕێتی لە نێوان منداڵان دەکەنەوە، چونکە هاوڕێتی لە گەلێ تەگەژە و لە نەخۆشییە دەروونییەکان منداڵان دەپارێزێت .. ئەمەو لەبەر ئەوەش کە پەیوەندییەکانی هاوڕێتی ئارەزوومەندانەیە و لەسەر بڕۆا بە یەکتری و لێبووردن و هاوبەشیکردن و هاوسۆزی بنیاتنراوە .. کەسایەتی منداڵ بەهێز دەکات و، یارمەتیشی دەدات، بۆ پێشخستی پێوەرە رەوشتییەکانی وەکو واتای : یەکسانی و دابەروەری و هاوبەشی کردن و یارمەتیدان . 
گرنگترین سوودەکانی هاوڕێتی بۆ منداڵان : 
١ـ یارمەتییەکی زۆری گەشەی دەروونی و جووڵەیی و کۆمەڵایەتی منداڵان دەدات .
٢ـ کارتێکەرە لە دروستبوونی کەسایەتی ئاسایی و دروست و بەهێزی منداڵان .
٣ـ سوودێکی گرنگی هاوڕێتی ئەوەیە، کە منداڵان لە گۆشەگیری و لە دابڕان دووردەخاتەوە .. گۆشەگیریش زۆر مەترسیدارە، چونکە منداڵ دەگۆڕێت و، دەبێتە کەسایەتییەکی لاواز و بێنموود .. مەترسی ئەوەشی لێدەکرێت کە تووشی نەخۆشی 
( شیزۆفرینیا : نەخۆشییەکی هۆشییە، لە ئەنجامی ترس و بڕوابەخۆنەبوون ) ەوە تووشی دەبێت .. کە چارەسەرێکی درێژخایەنی دەوێت .
٤ـ هاوڕێتی بەسەر کێشەکانی قسەکردن و کەمدوویی دا زاڵ دەبێت .
٥ـ هاوڕێتی بەسەر شەرم و ترس و ترسی کۆمەڵایەتیدا سەردەکەوێت .
٦ـ وزە زیادە پەنگخواردووەکانی منداڵان، لە رێی یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانی دا و، بە دەرخستنی توانا و بەهرە و ئارەزووەکانی ئەو وزە زیادەیە بەتاڵ دەبێتەوە .
٧ـ منداڵان لەڕێ بڕوا و متمانەبوونیان بە هاوڕێتی راستەقینە .. راز و نیازە پاکەکانی خۆیان بۆ یەکتری باس دەکەن و .. سوود لە را و  بۆچوونەکانی یەکتری وەردەگرن.
٨ ـ هاوڕێتی منداڵان لە خۆپەرستی و لە خۆبایی و لە نێرگزییەت رزگاردەکات .
٩ـ دوور لە رق و لە توندوتیژی، منداڵان گوزارشت لە توانا و، لە چالاکییەکانی خۆیان لە ململانێی ئەرێنیدا، لەگەڵ هاوڕێکانیاندا دەکەن .. بە رووحێکی وەرزشیشەوە  ئەنجامەکان قبوڵ دەکەن .
١٠ـ منداڵان لە میانەی هاوڕێتییەوە، فێری قبووڵکردنی یەکتری دەبن و، رێز لە را و لە بۆچوونە جیاوازەکانی یەکتری دەگرن .. نایانەوەی تەنها رای خۆیان بسەپێنن .. بەڵکو سوودیش لە بەهرە و لە شارەزایی و، لە تاقیکردنەوەکانی یەکتری وەردەگرن .
١١ـ هاوڕێتی وا لە منداڵان دەکات کە بڕوایەکی زیاتریان بە خۆیان هەبێت، هەست بەوە دەکەن کە کەسانێکی نزیک پاڵپشتیانن و لێیان تێدەگەن و .. دڵنیاشن گەر پێویست بکات راوێژیان پێدەکەن و یارمەتیان دەدەن .
١٢ـ بوونی هاوڕێتی لە نێوان قوتابیان لە قوتابخانەدا .. کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە . چونکە قوتابخانە ژینگەیەکی فراوانترە .. دەتوانن بەشێکی زۆری چالاکییەکانیشیان بە کۆمەڵی و لە گروپدا ئەنجام بدەن .. ئەمەش مەودا و هەلێکی زیاتریان، بۆ هاوڕێتی و بۆ گرتنی هاوڕێی تازە بۆ دەرخسێنن .. زۆربەی هاوڕێتیش دەگەڕێتەوە بۆ رۆژان و ساڵانی قۆناخەکانی خوێندن .. بە تایبەتیش قۆناخی قوتابخانەی بنەڕەتی .
١٣ـ تێکەڵبوونی منداڵان لەگەڵ هاوڕێکانیان دا .. سەرقاڵبوونیان بە چالاکییەکان و بە یاریکردن .. لە لاڕێ بوونەوە و، لە خەیاڵکردنی بەد و لە بیری خراپ دەیان پارێزیت .
١٤ـ هاوڕێتی، منداڵان فێری هاوکاری و هەرەوەزی و خێرخوازی و پیاوەتی دەکات .
١٥ـ هاوڕێتی لە نێوان کوڕان و کچاندا، لە هەستی جیاوازی دووریان دەخاتەوە و، بڕوایان بە یەکتری زیاتر دەبێت و، هەرەس بە کوڕسالاری دەهێنێت .. لەم رووەوە قوتابخانە تێکەڵەکان ( کچـان و کـوڕان ) کە پێکەوەن .. رۆڵێکی سەرەکییان هەیە .
لە راستیدا گرنگی و سوودەکانی هاوڕێتی لە نێوان منداڵاندا، زۆر لەو پانزە خاڵەی سەرەوە زیاترن .. ئەم بابەتەش زۆر لەم کورتە باسە زیاتر هەڵدەگرێت .. ئەگەرچی تا ئێستا بە دەیان کتێب بە زمانەکانی جیهان، دەربارەی گرنگی و سوودەکانی هاوڕێتی  نووسراون . لە لایەن دەروونناسان و شارەزایانی پەروەردەشەوە بە دەیان توێژینەوەی پراکتێکی ئەنجام دراون .. بەڵام هێشتا پێویستیمان بە توێژینەوەی زیاتر هەیە . 
رۆڵێ دایکان و باوکان : 
دایکان و باوکانی بەڕێز و دڵسۆز، ئێوە ئەرکێکی پیرۆز و بەرپرسێتییەکی هەستیارتان بەرانبەر بە گۆشکردن و پەروەردەکردنی دروست و ئاراستەکردنی راست و ئامۆژگاری و چاودێریکردنی جگەرگۆشەکانتان لە ئەستۆدایە .. جا بۆ ئەوەی منداڵەکانتان، بە شێوەیەکی ئاسایی و دروست گەشەبکەن و، ببنە کەسانێکی کۆمەڵایەتی و، لە کاروانی پێشکەوتن و شارستانی و ژیان دوانەکەون و دانەبڕێن . پێویستە بە دروستی پەروەردە و رێنمایی منداڵەکانتان بکەن .. بۆ ئەوەی پشکی شێرتان لە دەستخۆشی و لە شانازیدا بەربکەوێت .. ویژدان ئاسوودە بن لەوەی کە ئەرک و بەرپرسێتی خۆتان بەدی هێناوە.  
رێ لە منداڵەکانتان مەگرن و هانیان بدەن، با بە ئازادی هاوڕێکانیان هەڵبژێرن .. مافی خۆشتانە کە بزانن منداڵەکانتان هاوڕێتی کێ دەکەن و، هاوڕێکانیان چونن .. بێگومان ئەوەش خواست و هیوای هەموو دایکان و باوکانە .. کە منداڵەکانیان هاوڕێی باش و نیازپاک و راستگۆ و دڵسۆزیان هەبێت .. بەڵام ئەگەر زانیتان هاوڕێکانی منداڵەکانتان بەدخوو و بەدرەوشت و بەرژەوەندی مەبەست و پەروەردە سەقتن و لە رێ دەرچوون و، منداڵەکانتان لەرێ دەردەکەن .. پێویستە بە هێمنی لە رێی گفتۆگۆ و ئامۆژگارییەوە زیانەکانی درێژەدان بە هاوڕێتی هاوڕێیانی خراپ، قەناعەت بە منداڵەکانتان بکەن و، تا واز لە هاوڕێتی ئەو منداڵانە بهێنن و لێیان دوور بکەونەوە .. ئەگەرچی گوناهی ئەو منداڵانەش، دەگەڕێتەوە بۆ نابەڵەدی دایکان و باوکانیان، کە بە سەقەتی و نادروستی  پەروەردە و ئاراستەیان کردوون .. یا بە هەر هۆیەکی ترەوە دووچار بووبێتن .
دایکان و باوکان، پێویستە ئێوەش خۆتان نموونە و پێشەنگ بن، لە هاوڕێتی کەسانی دڵسۆز و نیازپاک و دڵپاک .. تا منداڵەکانیشتان چاو لە ئێوە بکەن  .. پێویستە بە روویەکی خۆش و گەشەوە پێشوازی لە میوانداری هاوڕێکانی منداڵەکان بکەن .. بە گەرمی بەخێرهاتنیان بکەن .. هەوڵێش بدەن دۆستایەتی لە گەڵ خێزانەکانی هاوڕێکانی منداڵەکانتان هەبێت و .. پردێکی پەیوەندیی ئاشنایەتی و دڵسۆزی دروست بکەن .  
لە (جەژنی لە دایکبوون )ی منداڵەکانتان، رێیان لێ مەگرن با هاوڕێکانیان بانگ بکەن و ئاهەنگی خۆشیان بگێڕن .. رێش لە منداڵەکانتان مەگرن با ئەمانیش بچن بۆ جەژنی لە دایکبوونی هاوڕێکانیان .. بۆنەیەکی باشە بۆ بەهێزکردن و شیرین کردنی هاوڕێتی .
هانی منداڵەکانتان بدەن بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان، لە چالاکییە هەمەجۆرە بە کۆمەڵییەکان و لە تیپەکانی قوتابخانەکانیاندا، چ وەرزشی بن، هونەری بن، یا تیپی نواندن، یا تیپی سروود و گۆرانی بن، تیپی شایی و هەڵپەڕکی بن .. یا هەر چالاکییەکی تر بێت .. لە دەرەوەی قوتابخانە و ماڵەوەشدا، گەلێ چالاکی بە کۆمەڵ هەن .. بەشداری کردنی منداڵە چاوگەشەکانتان لە چالاکییەکانی ئەم تیپانەدا .. بوارێکی باشن بۆ ئەوەی هاوڕێیانی تازە بگرن .. کۆمەڵێک سوودی تازە و شارەزایی نوێیش بەدەست دەهێنن .
نەرویج :  (٢٤ ی/ ئوکتۆبەر / ٢٠١٥ )

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە