هاوڕێتی راستەقینە، واتا هاوبەشیکردن و لەیەکگەیشتن و هاوبڕوایی و هاوسۆزی و هاوخۆشەویستی و هاودڵسۆزی و هاوڕێزییە، لە نێوان دوو کەس یا زیاتردا .
هاوڕێتی راستەقینە، پیرۆزترین و جوانترین و بەسوودترین و پاکترین و بەرزترین پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە لە نێوان ئادەمیزاد دا .. کە لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژان و ساڵاندا، هاوڕێتیش رەسەنتر و بەهێزتر و قووڵتر دەبێتەوە .. زیاتریش رەگ ئەستوور دەبێت .
مرۆڤ هەر بە ماکی (غەریـزی) و سروشتی، کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بە تەنها بژی .. گەر وابوایە نەیدەتوانی خێزان و کۆمەڵگا و شار و شارستی و پێشکەوتن پێکبهێنێت .
هاوڕێتی راستەقینە رووەکێکە، کە بە دڵسۆزی و بە خۆشەویستی و بە هاوڕێزی و بە نیازپاکی ئاو دەدرێ و، لەسەر خۆی دەڕوی و باڵا دەکات .
هاوڕییانی دڵسۆز ئەو هاوڕێیانەن، کە لە خۆشی و لە ناخۆشیدا، لە شایی و لە شیندا، لە شێنەیی و لە تەنگانەدا .. یەکتری بەسەربکەنەوە و، فریای یەکتری بکەون .
لە لای منداڵان، بیرۆکەیەکی سەرەتایی دەربارەی واتای هاوڕێتی گەڵاڵە بووە .. ئەوان وای لێکدەدەنەوە کە هاوڕێ، هەر مرۆڤێکە کە خۆشیانی بوێ .. هەر کەسێکە یاری و بەزمی خۆشیان لەگەڵدا بکا .. سەرەتای هاوڕێتی لە لای منداڵان، بە خۆتەنی دەست پێدەکات، بە خاکی و، بە سادەیی و، بە نیازپاکی، وەک دڵەپاکەکانی خۆیان، بە نزیک بوونەوە لە یەکتری و، بە گوزارشتکردن و دەربڕینی سۆزداری و، بە رۆژ باش و بە چاکوچۆنی و رێزگرتن و رۆخۆشی و، بە جۆرێک لە تایبەتمەندی هاوڕێتی لە نێوان منداڵانی هاوتەمەن یا نزیک هاوتەمەندا، چەکەرە دەکا و دەڕوێت .. لەگەڵ کاتدا، ئەم پەیوەندییە پێشدەکەوێت و، بەهێزتر دەبێت و، تا دەبێتە هاوڕێتییەکی راستەقینەی گیانی بە گیانی .. بۆیە بەهێزترین و پاکترین هاوڕێتی، ئەو هاوڕێتییەیە کە لە قۆناخی یەکەمی تەمەنی منداڵیدا دروست دەبێت .. کە رەنگدانەوەی دڵپاکی و نیازپاکی منداڵانی پێوە دیارە .. دەشێ ئەم هاوڕێتییەش رێکەوتی بێت، بە هۆی پێکەوە یاریکردن دروست بووبێت، یا لە ڕێی پەیوەندیی خزمایەتییەوە، یا پەیوەندی دراوسێتی، یا تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی گەڕەک یا قوتابخانەدا، یا بە هۆی هاوڕێتی منداڵانی هاوڕێکانی دایکان و باوکان و، خوشکان و براکان و، تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی خێزانانی تردا، یا بە هۆی هەر رێکەوتێکی تر .. بە ئازادی و بە ئاسانی هاوڕێتی لە نێوان منداڵاندا دروست بووبێت .. ئەوەش بزانن کە هاوڕێیانی خراپ، چاوگەی ئازار و زیان و لە رێ دەکردنی منداڵانی ترن .. کورد دەڵێ : " هـاوڕێی بەدخوو، نەشت سووتێنێت رەشـت دەکات " .