مێژوی ڕۆمان و فارسەکان و سوڵتانەکانی ئومەوی و عەباسی و عوسمانی سەدان نمونەی لەو جۆرەی تیادایە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم ڕوسیای تەزاری و ووڵاتانی بەشدار لە جەنگی جیهانی یەکەم هەر هەمان مەترسی دەرەکیان دەکرایە بیانو بۆ سەپاندنی ویست و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و سەرکوتکردنەوەی بزوتنەوەی دیموکراتی یان بزوتنەوە کرێکاریەکان.
ئێرانی ئاخوندەکان سەردەمانی شەڕیان کردە باشترین فرسەت بۆ لەناوبردنی تەواوی نەیارانی فارس و ئازەری و کورد. وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ هەر شەڕ و تەقاندنی فیشەکێك بەرامبەر ئیسرائیل گەلانی خۆیان لە خوێندا گەوزاندووە بەناوی هەلومەرجی شەڕ و یەکێتی ڕیزەکانی گەل و پاراستنی جەماوەری عەرەبی و ئومەی ئیسلامی لە زایۆنیستەکان.
با دوور نەڕۆین سەرانی بەعس لەسەردەمی شەری ئێراق ـ ئێران دا گەورەترین تاوانیان بەرامبەر دانیشتوانی شارەکانی خوار و کوردستان ئەنجام دا بەناوی ئەوەی وڵات لە شەڕ و مەترسی دەرەکیدایە و هەموو ڕێگایەکیان بە مەشروع و ڕێپێدراو زانی.
هەر کاتێك لە ڕووبەڕوبونەوەی پێشێلکاریەکان قسە دەکرێت یان سکاڵا دەبرێتە بەر دەزگا جیهانیەکان یان باسی موچە و گوزەرانی خەڵك دەکرێت، یان باس لە مانەوەی مەسعود بارزانی و خۆسەپێنیەکانی دەکرێت، ئیتر پیاوان و بەکرێگیراوانی دەسەڵات و بنەماڵە دووبارە هەلومەرجی نالەباری ئەمڕۆی کوردستان و مەترسی داعش وەکو شریتێکی سینەمایی دەخەنەوە بەرچاو ونمایشی دەکەن. لە کاتێکدا هیچ یەکێک لە قەیران و کێشەکان لە دوور و نزیکەوە پەیوەندیان بە شەڕی دەرەکی و داعشەوە نییە.
زۆر جار چارەسەرنەکردنی قەیرانەکان لە خزمەتی ئێستا و داهاتوی داعش و داعشیەکان دایە نەك چارەسەرنەکردنیان و هەڵپەساردنیان. داعش لە زۆر بواردا کراوەتە پردێکی پەڕینەوە و بۆ خۆدەرباز کردن و بازدان بەسەر لە قەیرانەکاندا بەکاربهێنرێت. هەلومەرج دەکرێتە پاساو بۆ پێشێلکاریەکان و پابەند نەبون بە ئەرکە نیشتیمانیەکان و پەنابردنە بەر دوژمنان بۆ بڕیاردان لە بری خەڵك و جەماوەر. پیاوان و پارتەکانی دەسەڵات داعش دەکەنە هۆکاری نەهامەتەکان لە کاتێکدا خۆیان بە کرداری هۆکار و سودمەند بون لە سەرکەوتنەکانی داعش.
پەلاماری داعش بۆ سەر شەنگال و هەڵاتنی ئابڕوبەرانەی میلیشیاکانی پارتی و ئەنجامی ئەوەش کوشتن و کۆیلەکردنی سەدان ئێزیدی و ئاوارەکردنی هەزاران بووە خێر و بەرەکەت و بەسەر پارتی دا داباری.
لە بواری پەیوەندیە دبلۆماسی و نێودەوڵەتیەکان پیاوانی بەناو دبلۆماتکاری پارتەکانی دەسەڵات بونەتە جێگای سەرنج و هەندێك دەرگای دەزگا گرنگە جیهانیەکانیان بۆ واڵا بۆتەوە. سەردانی سەران و وەزیران و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دیموکراسی و یەکێتی ئەوروپا بۆ کوردستان لە هەموو سەردەمێك زیاتر لە گەشەدایە. زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپا بەئاگا و لە تێروانین بۆ بەرژەوەندیەکانی وڵاتان و نەتەوەکانی خۆیان و یەکلایەنانە دەربڕین دەدەن و داوای هەموو یارمەتی و هاوکاریەك دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان. لەکاتێکا هەموو هاوکاری و پشتیوانیەکی بێ مەرج و گوشار، دەچێتە خانەی هاوکاری و پشتیوانی تەنهاو تەنها بۆ دەسەڵاتداران، نەك خەڵکی کوردستان.
بە دڵنیاییەوە هیج هێز و لایەنێك و هیچ پشتیوانی و هاوکاریەکی دەسەڵات زوو یان درەنگ ناتوانێت ڕیگر بێت لە وویستی جەماوەر و لە مێژوی کۆن و نوێدا هەرگیز ناڕەواییەکان بەسەر جەماوەردا تێنەپەڕیون و تێناپەڕن.
پارتی وەکو زۆر لە دەسەڵاتدارانی زۆر بەهێز و تواناتر و زۆر ترسناکتر نایەوێت لەو ڕاستیانە بگات و هەمو هیوای خۆی خستۆتە سەر پشتیوانیە دەرەکیەکان ئیتر لە هەر ڕژێمێکی تاوانکار و لە هەرسوچێکی دونیاوە بێت.