لە ئەمڕۆدا، گەندەڵی بووە بە ویردی سەر زمانی زۆربەی خەڵکی و، بۆتە باسوخواس و مانشێتی راگەیاندن و میدیاکانی جیهان، بۆتە بابەتێکی کاریکاتێری لای وێنەکێشان ..
گەندەڵی زەقترین دیاردە و، کوشندەترین پەتای جیهانییە، کە ساڵانە سەری بە هەزاران کەندەڵکار دەخوات .. هیچ توێژ و چین و کۆمەڵگایەکیش، دەوڵەمەندبن یا هەژاربن، پێشکەوتووبن یا دواکەوتووبن، خاوەنی هەچ شێوازێکی دەسەڵات و حوکمڕانی بن، یا هەچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییان هەبێ .. بە شێوازێک و بە رێژەیەک لە گەندەڵی بێبەش نین، هەیانە کەم و هەشیانە پشکی شێریان لە گەندەڵیدا هەیە و، بۆنی بۆگەنییان دێ ..
گەندەڵی رەگی مێژوویی کۆنی هەیە .. چەندین دیکتاتۆری ملهوڕ و لە خۆبایی، چەندین دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای خۆسەپێن و زۆردار .. لە نێوان خۆیان و گەلەکانیاندا، شوورەی قووڵ و، دیواری سەختی ستەمیان دروستکرد .. پەخشان و تەخشانیان بە دارایی گشتی وڵاتەکانیانەوە کرد .. بەڵام لە ئەنجامدا سەری خۆیان و نۆکەرەکانیان تیاچوون و باجی لەخۆبایی و تاوانەکانیان دانەوە و، چوونە زبڵخانی مێژووەوە .
لە ئەمڕۆشدا گەندەڵی بوونی هەیە .. دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای لە خۆبایی و ستەمکار و باسمێڵ دەسەڵاتیان قورخکردوون و دەستیان بەسەر سامانی گشتیدا گرتووە و لاناچن .. بەڵام ئەنجامی ئەم شا و فەرمانڕەوا و ستەمکارانەش، لە ئەنجامی شای ئێران و سەدام و موعەمەر قەزافی و زین العابدین و حوسینی موبارەک و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و ستەمکارانی تر باشتر نابن .
مەترسییەکان و ئاسەوارە زیانبەخشەکانی گەندەڵی، لە زیانەکانی نەخۆشییەکانی ئایدز و شێرپەنجە و، لە مەترسییەکان و لە تاوانە قێزەوەنەکانی تیرۆر کەمتر نین .. بە پلەی یەکەمیش هەژاران و ستەملێکراوان دەبنە قوربانی و، باجەکانی گەندەڵییەکان دەدەنەوە .. گەندەڵی شوێنەوارێکی زەقی نەرێنی، سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رەوشتی و رۆشنبیری و کارگێڕی و راگەیاندنی لێدەکەوێتەوە .
لە رۆژهەڵاتدا بە گشتی و، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی، لە بەر قورخکردن و خۆسەپاندن و شێوەی دیکتاتۆرییانەی حوکمڕانی و، دەسەڵاتی رەهای حوکمی بنەماڵە و .. لادان لە دەستوور و لە یاساکان و لە چەمکەکانی ئازادی و دیموکراتی و، بەزاندنی سنووری بەها رەوشتی و مرۆییەکان .. بۆتە لانکەی گەندەڵی بۆ حوکمڕانی دیکتاتۆری.
تا ئەمڕۆ گەلی پێناسەی جۆراوجۆر بۆ گەندەڵی کراوە، هەموویان لەسەر مەبەستێکی هاوبەش یەکدەگرنەوە .. هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە : " گەنـدەڵی بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی پۆست و نفووز و، لە مەحسووبیەت و مەنسووبیەت، لە دزی و لە بەفیڕۆدانی دارایی گشتی " . لە پێناسەیەکی تردا : " گەندەڵی بریتییە لە پێبەندنەبوون بە یاسان و دەستوورەوە ـ یا یاسا و دەستوورهەر بزرن ـ لە پێناوی بەرژەوەندیی سیاسی یا ئابووری یا کۆمەڵایەتیی تاک یا گروپێکی دیاری کراو .
٣ـ کارتێکردنی گەندەڵی لەسەر نیزامی سیاسی : گەندەڵی شوێنەوارێکی خراپی لەسەر نیزامی سیاسی دەبێ، لەسەر شەرعییەتی و سەقامگیری و ناوبانگی، نەبوونی ئازادی و دیموکراتی و ئازادیی راگەیاندن، پێشێلکردنی چەمکەکانی مافی مرۆڤ، نەبوونی یەکسانی و دادپەروەری، نەبوونی روونی ـ شەفافی ـ و نەکرانەوە و نهێنی لە کارەکانی حکوومەتدا .. تەنانەت بڕیارە چارەنووسازەکانیش تاکڕەوانە بڕیاری لێدەدەن، بە پێی بەرژەوەندیی کەسی، بێ ئەوەی گوی بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بدەن، سەرهەڵدانی رکبەری و توندوتیژی لە نیوان لایەنە سیاسییەکاندا .. دامەزراوە گشتی و مەدەنییەکان لاواز دەبن، دەبێتە هۆی ناوزڕانی نیزامی سیاسی و، لاوازبوونی پەیوەندییەکانی، لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەکرێ یارمەتی ماددی و قەرزی بدەنێ، گەر یارمەتیشی بدەن، کومەڵێک مەرجی بۆ دادەنێن کە پێشێلکاریی سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتیان تێدایە، لاوازبوونی دەزگاکانی چاودێری و لێپرسینەوە .. نەبوونی هاوپەیەمانی و هەمەهەنگی سیاسی لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا، لە ئەنجامی بڕوا و متمانەن نەکردنیان بە یەکتری .
گەنـــدەڵیی سیاسی :
گەندەڵیی سیاسی، مەترسیدارترین گەندەڵییە و، سەرچاوەی هەموو گەندەڵییەکانی تر و هەموو کارەساتەکانە .. لە هەموو ئەو لێکۆڵینانەوەی کە دربارەی گەندەڵی کراون .. گەندەڵیی سیاسی دەخەنە لووتکەی قوچکەی گەندەڵییەوە .. دوابەدواشیدا گەندەڵیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رەوشتی و راگەیاندن و رۆشنبیری و گەندەڵییەکانی تر دێن.