یەزدانى

Tuesday, 03/11/2015, 9:36

5870 بینراوە


نووسینى: میهرداد.ر.ئیزەدى
لەتورکییەوە: یوسف عزەدین

میهرداد.ر.ئیزەدى، تاماوەیەکى نزیکیش مامۆستاى مێژو و زمانە رۆژهەڵاتییەکانى زانکۆى هارڤارد بووە.
نووسەر لیسانسى لەزانستى سیاسى و جوگرافیدا هەیە.
بڕوانامەى ماجستێرى لەگۆڕانکارى و رووداوە نێو نەتەوەییەکان و جوگرافیاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەیە.
بڕوانامەى دکتۆراشى لەزانکۆى کۆڵۆمبیا دەرحەق بەتێزەکانى سەبارەت بەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پآ بەخشراوە.
لەکۆنگرێسى ئەمریکیدا سەبارەت بەمەسەلەى کورد، دوو جار بانگهێشت کراوەو گوآ لەڕاوبۆچوونەکانى گیراوە.
بابەت و وتارێکى زۆرى لەم دوو رۆژنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە:
Kurdish Times ، Middle East Journal
ئەم کتێبەى ئامادەیە بۆ چاپ بەناوى:
A basic of the land and people of Kurdistan
یەزدانى بەواتاى "مەزهەبى فریشتەکان" دێت و لە ئێستاشدا تەواو گۆڕانى بەسەردا هاتووەو ناوى راستەقینەى خۆى وەک ئایینێک ونکردووەو یەزدانى-یش بەشێوەیەکى مەجازى بەو کەسانە دەگوترێت کەپەیڕەوى ئەو رێبازە دەکەن.
یان رەنگە یەزدانى ناوێکى دیکەى ئێزیدى بێت و هەروەک چۆن "شەرەفخانى بتلیسى" لە"شەرەفنامە"دا ئاماژەى بۆ دەکات و بە ئێزیدى ناویان دەبات. گەرچى جەخت دەکاتە سەر ئەوەى کەلەو دەمەدا"1597"ساڵى نووسینى "شەرەفنامە" زۆربەى کورد پەیڕەوى مەزهەبى "سونى-شافیعى"یان کردووە، بەڵام هەر بۆ خۆشى ئاماژە بەوە دەکات کە تا ڕابردوویەکى نزیک هەموو بنەماڵە و بنەچەکانى کورد ئێزیدى بوون.
رەنگە ناوێکى دیکەى یەزدانى-یەتیش حەق بێت کەبەواتاى رۆحى رەها دێت و هەر ئەمەشە بۆتە هۆى دابەشبوونى بەسەر سآ بەشى سەرەکیدا:
" ئێزیدى و عەلەوى و یاریسانى"، عەلەوى-یەکان لەئێستادا لەسووریا و تورکیاو بەڕێژەیەکى کەمیش لەو ناوچانەى کەعەرەبى تێدا نیشتەجێن هەن.
یەزدانى-یەکان چ لەئێستادا و چ لەڕابردووشدا باوەڕیان بەتیشکى پیرۆز و حەوت فریشتەکە هەبووە.. ژمارە حەوتیشیان بەپیرۆز زانیوەو پێشیان وابووە کەلە حەوت هێزى خراپەکار دەیانپارێزێت، جگە لەوەى قەناعەتێکى رەهایان بەلەدایکبوونەوەى چەند جارەى ئافەریدەکار هەیە.
یەزدانى-یەکان رۆح و ماتریالڕ بەشێوەیەک لەیەکدى جیا دەکەنەوە کەئیدى رۆحى رەها هیچ پێوەندییەکى بەدنیاى ماتریاڵەوە نامێنێت و پێوەى خەریک نابێت.
"حەق" یان رۆحى رەها لاى یەزدانى-یەکان وەک ئافەریدەکار مامەڵەى لەگەلڕ دەکرێت و سەبارەت بە"حەوت- ژمارەى پیرۆز"یش پێیان وایە کە لەبەرپرسى گەورەى فریشتەکان و پێنج فریشتەى دیکە و رۆحى رەها پێکدێت.
بەرزترین پلەى ئایینیش لاى یەزدانى-یەکان "باب"ە.. کە لەزمانى ئارامى کۆندا بەواتاى دەروازە دێت.
"میرزا عەلى محەمەد"  لەچەرخى نۆزدەیەمدا ژیاوەو یەکێکە لەو زاتانەى کەگەیشتۆتە پلەى باڵاى "باب-دەروازە"و دواتریش رێبازى ئایینى "بابى یان بەهائى" دامەزراندووە کەدیارە هەڵهێنجراوى بیرۆکەى ئایینى میترا-ییەکانە.. بەماوەیەکى کەم لەناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە، پاش کەمتر لەسەد ساڵێک ئینگلیزەکان لەبەسرەدا پێى ئاشنابوون.. بەهۆى ئەوانیشەوە ئەم بیرۆکە ئایینییە گەیشتۆتە ئینگیلتەرا.
یەزدانى- یەکان چەشن و شێوەى خواپەرستنیان، دوور لەخەڵکانى بێباوەڕ و غەیرەدین، بەشێوەیەکى پەنهان و نهێنى بەڕێوە بردووە، بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا بەحوکمى باوەڕیان بە"رۆحى رەها"، رێبازە ئایینییەکانى تریان جوداو نامۆ نەبینیوە.. پێیان وابووە کەپێغەمبەرەکان لەلایەن رۆحى رەها-وە بۆ رزگارکردنى مرۆڤایەتى نێردراون. هەر بۆیە بەگیانێکى دۆستانە روانیویانەتە پەیامى "موسا و عیسا و محەمەد" و هەموو جۆرە رێبازە ئایینییەکانى تریش.
ئەم تێڕوانینە نەرمونیانەى یەزدانى-یەکان بووە هۆى تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونى رێبازى دیکەى ئایینى بە رێبازەکەیان، یان بەپێچەوانەوە دەتوانین بڵێین نەرمونیانییان فاکتەرى سەرەکى پەرتەوازەبوون و پەرش وبڵاوبوونەوەى خودى رێبازە ئایینییەکەیان بوو.
شایانى باسە کە یەزدانى-یەکان سەبارەت بە دروستبوونى دنیاى ماتریاڵ و قیامەت تەواو هاوفیکرى رێبازە ئایینییەکانى ترن و ئەوەى بەلاشیانەوە گرنگە رۆژى قیامەتە.
هیچ کاتێک یەزدانى-یەکان دەستەیەکى تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارە ئایینییەکانیان پێکەوە نەناوە.. دەستەوسان و لەسەرەخۆ و بەئەدەب روانیویانەتە رێبازە ئایینییەکانى دیکە.
گەرچى دینامیکییەت لەخودى ئایینییەکەیاندا بەدى دەکرێت.. بەڵام خۆ بەدەستەوەدانیان هۆکارى سەرەکى پارچە پارچە بوون و هەڵوەشاندنەوەیان بوو.
هیچ کاتێک خەیاڵى دروستکردنى زاتێکى رەهاى هاوچەشنى "مەسیح"و شاڵاو بردنە سەر ئایینەکانى تریان نەبووە.. هەر بۆیە لەچەرخى پانزەدا عەلەوى-یەکان وەک باڵێکى جیا وەدەرکەوتن.
دەکرێت میترا-ییەکان، زۆروای-یەکان، مەزدەکی-یەکان، حوڕەمی-یەکان، قەرامیتەکان... بەباڵى جیاجیاى یەزدانییەکان لەقەڵەم بدەین، سەربارى کاریگەریان بۆ سەر مانی-یەکان و ئیسماعیلی-یەکان و دورزى-یەکان و بابى"بەهائى"یەکان و زەردەشتى-یەکان.
مێژووى دەستپێکى رێبازى میتراییەکان دەگەڕێتەوە بۆ 400ساڵى "پ.ز" واتە سەردەمى "هێلینیستک" کەدیارە لەو دەمەدا دژایەتى ئایینەکانى گریک و رۆمانەکانیان کردووە.. دواتریش بەرادەیەک کاریگەرى خۆیان سەپاندووە کەرۆمانەکان لەماوەى"274-377"ى زاینیدا لەدایکبوونى میترا-ى خوداوەندیان لە 25-12ى هەموو ساڵێکدا یادکردۆتەوە.. دیارە هەر ئەم مێژووەشە کە لاى مەسیحییەکان یاد دەکرێتەوەو بەرۆژى لەدایکبوونى مەسیح ناسراوە.
"ئێزیدییەکان-عەلەوییەکان-یاریسانییەکان" هەرسآ بەشە جیابۆوەکەى یەزدانى-یەکان تا ئێستاش لەفێستیڤاڵ و کۆبوونەوەى ساڵانەى ئایینییاندا، لەکاریگەرى "میترا-س" رزگاریان نەبووە.
سەربارى بڵاوبوونەوەى ئیسلام و کاریگەرێتى لەسەر ئایینەکانى دیکەى ناوچەکە، هێشتاکە کاریگەرى یەزدانى-یەکان لەسەر کورد بەشێوەیەکى بەرچاو لە کولتوور و فەرهەنگ و هەڵسوکەوتى رۆژانەیاندا رەنگ دەداتەوە.. راشکاوانەش لەهەڵسووڕانى ئایینى و چەشنى خواپەرستنیاندا رێزیان بەرامبەر بەشتە پیرۆزەکان هەیەو باوەڕ و قەناعەتیشیان بەمەوجودیەتى "خدرى زیندە" هەیە.
کوردەکان"یەزدانییەکان" پێیان وایە کە"خدرى زیندە" نزیک کانى و سەرچاوەکان دەردەکەوێت.. نهێنى و لوغزى "خدرى زیندە"ش لاى یەزدانى-یەکان دەگەڕێتەوە بۆ زیندووبوون و نەمردنى. پێشیان وایە ئەو سەرچاوەو رووبارانەى "خدرى زیندە" بەلایاندا گوزەرى کردووە، کیسەڵەکانى تەمەن درێژن و بەسیمبۆلێکى پیرۆزى دەزانن. لەسەرەتاکانى بەهاردا کوردە ئێزیدى و عەلەوى و موسڵمانەکان بۆ خاترى رۆحى "خدرى زیندە" بەرۆژوو دەبن، پاشان بەکۆمەلڕ و بەو بۆنەیەوە دەیکەنە جەژن.. لەکۆمەڵێکیشەوە بۆ کۆمەڵێکى تر سات و وەختەکەى دەگۆڕدرێت.
رەنگە یەکێک لەو رێبازە ئایینییانەى کەدژایەتى یەزدانى-یەکانى کردبێت، زەردەشتى-یەکان بووبێتن. پێشم وایە پاش رووخانى ئیمپراتۆریەتى "مەد"و کوژرانى دوا دەسەڵاتدارى میدییەکان" رکختى ڤێگا ئازهى زوحاک" زەردەشتییەکان جێگەى یەزدانییەکانیان گرتبێتەوەو هەر لەو دەمەشەوە دوا پاشاو دەسەڵاتدارى میدییەکان"زوحاک".. چ لاى زەردەشتییەکان و چ لاى ئێرانییەکان بەخودى شەیتان لەقەڵەم درا، وەک لەداستانە میتۆلۆژییەکەى "شانامە"دا بەبەرجەستەکراوى خودى ئەو راستییە دەبینرێتەوە لەچوواندنى خودى "شەیتان "بە"زوحاک"!؟
جێى سەرنجیشە گەر بڵێین ناوى دوا دەسەڵاتدارى میدییەکان "ئازهى زوحاک" لەلایەن "هیرۆدۆتێس"ەوە دەرئەنجامى هەڵەى زمانەوانى شێواوەو بۆتە "ئاستیاگێس".
شایانى باسیشە زەردەشتییەکان لەزۆر رووەوە لە یەزدانى-یەکان دەچن، هەر بۆ نموونە"رەبەن-راهیب"و کارمەندى تایبەتى ئایینییان نییەو پرەنسیپ و باوەڕە ئایینییەکەیان لەباوکەوە بۆ کوڕ دەمێنێتەوەو بەو شێوەیەش ئیدامەى دەبێت.
خاڵێکى هاوبەشى تریشیان ئیمان و باوەڕى هەردووکیانە بەبوون و مەوجودییەتى ئەو حەوت فریشتەیەى کەدنیا بەڕێوە دەبەن، سەربارى باوەڕى هەردوولایان بەحەوت فریشتە خراپەکە کەبەردەوام لەململانآ و دژایەتى فریشتە باشەکاندان.
رەنگە ناوهێنانى زەردەشت وەک پێغەمبەرێک، تەنها جۆرێک لەخوڵقاندن و خستنەپاڵى پرەنسیپ و باوەڕە ئایینییەکانى زەردەشتییەکان بێت بۆ زاتێک بەناوى زەردەشت-ەوە کەدیارە ئەمەش هاوکات و پەیوەست بوو بەبووژاندنەوەى بیرۆکەى "ئاریزم-ئارییەت"ەوە.
پاش 1400سالڕ لەهاوژیانى نێوان و یەزدانى-یەکان و ئیسلامەکان، لەحاڵى حازردا دەکرێت زۆر خاڵى هاوبەش لەنێوان یەزدانى-یەکان و ئیسلامەکاندا ببینرێتەوە.. بەدرێژاى مێژووش لەدوو توێى پرۆسەى نەفیکردن و دژایەتیدا، هەموو هەولڕ و تەقەللاى رێبازە ئایینییە جیاجیاکان، بۆ ریشەکێش کردنى یەزدانى-یەت بەڕێوەچووەو هەردەمیش بەردەوام بووە.
بەپێى هەلومەرجى ئابوورى ئەو کاتە مەزدەکى"یەکان کەکورتکراوەى ئاهورامەزداى زەردەشت-ییەکانە، توانییان شوێن و جێگەو دەسەڵاتى ئایینى زەردەشت-ییەکان لەق بکەن و دواتریش رابەرێکى ئایینى مەزدەکى-یەکان توانى "قوباد"ى پاشاى ساسانییەکان بەلاى خۆیدا رابکێشێت و لەسەر دەستى ئەو ببێتە مەزدەکى.
شایانى باسیشە کە مەزدەکى-یەتیش، تاڕادەیەک قاڵب و فۆرمێکى ترى درێژە پێدانى یەزدانى-یەتە، هەژار و نەدار و دەست کورت و زۆرلێکراوان بەتەواوى بوونە مەزدەکى، دیارە هۆکارى ئەمەش تێڕوانینى مەزدەکى-یەکان بوو بۆ دنیا کەپێیان وابوو ماڵ و موڵک دەبێت هاوبەش بێت و بەیەکسانى و تەبایى دابەش بکرێت.
ئەو خاوەندارێتییە هاوبەشەى کەمەزدەکییەکان باسیان لێوە کردووە، بۆتە مایەى راکێشانى سەرنجى زۆر لەپسپۆڕان و نووسەران و هەر لەم سۆنگەیەشەوە بە یەکەمین بزووتنەوەیەکى هاوبەشگەرێتى یان سۆسیالیستى-یان لەقەڵەم داوە.
پاش پاشگەزبوونەوەى "قوباد" لەمەزدەکییەت و گەڕانەوەى بۆ سەر ئایینى زەردەشتییەکان، لەسەردەمى "ئەنەوشیروان"ى کوڕیدا، مەزدەکى-یەکان دوچارى جینۆسایدێکى بێوێنە بوونەوە، بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا، بەماوەیەکى کەم پاش رووخانى ساسانییەکان بۆ جارێکى دیکە سەریان هەڵدایەوە، لەئێستاشدا هێشتاکە لەنێو خۆشناو-ەکانى نێوەڕاستى کوردستانداو لەیەکێک لەباڵەکانى ئەو عەشیرەتەدا هێشتاکە ئیمان و باوەڕى ئایینى مەزدەکییەکان بەردەوامە.
حوڕەمى-یەکانیش وەک رێبازێکى ئایینى باوەڕیان بە "دۆناودۆن" هەیەو لەڕووى هاوبەشێتى و خاوەندارێتى گشتى موڵکیەتیشەوە لەگەلڕ مەزدەکى-یەکاندا هاوبەشن هاوفیکرن.
"ناسح کورد" یان وەک "مەسعودى" مێژوونووسى گەورەى عەرەب بە"ناسر کورد" ناوى دەبات، بارەگاکەى لەئازەربایجان-دا بووەو یەکێک بووە لەسەرکردەى حوڕەمى-یەکان.
بەمەبەستى دامرکاندنەوەو لەناوبردنى راپەڕینى حوڕەمى-یەکان، لەشکرى ئیسلام بەسەرکردایەتى "موعتەسیم"ى خەلیفەى عەباسییەکان هێرش دەکەنە سەریان و بەپێى نووسراوێکى "تەبەرى" مێژوونووسى عەرەب، هێزە عەسکەرییەکانى سەر بەخەلیفە، شەست هەزار لەسەرباز و هاودینەکانى"ناسح یان ناسر" کورد دەکوژن و خودى "ناسح یان ناسر"یش ناچار دەکەن کەلەساڵى 833ى زاینیدا پەنا بۆ ئیمپراتۆریەتى بیزانس-ییەکان ببات.
سیمبۆلى مەزدەکى و حورەمى-یەکان رەنگى سوورە کەچ لەجل و بەرگیاندا و چ لە ئاڵاکانیاندا دەبینرێتەوەو بە"مرۆڤە ئاڵا سوورەکان" یان بە"مرۆڤە جل سوورەکان" ناسراون.
ئەم سیمبۆلە لەچەرخى چواردەو پانزەدا لەکڵاوە سوورەکانى عەلەوییەکاندا رەنگیدایەوەو بە"قزڵباش"یان"سەرسوور –کڵاوسوور" ناوبران.
لەچەرخى پانزەدا "محەمەد نوورباک" لەنیمچە دوورگەى عەرەبدا رێبازێکى سۆفیستى هاوشێوەى یەزدانى-یەتى هینایە کایەوە.. "شێخ ئەحمەد" لەچەرخى هەژدەدا وەک کەسایەتییەکى ناسراوى دوازنجیرەى ئەو رێبازە، نیمچە دوورگەى عەرەبى جێهێشتووەو چۆتە ئێران.
شایانى باسیشە کەلێکچوونێکى بەرچاو لەنێوان بزووتنەوەى "مەزدەکى"یەکان و رێبازە سۆفیستەکەى "شێخ ئەحمەد" دا هەیە، بەتایبەتیش لەڕووى سۆسیۆ ئیکۆنۆمیک-ەوە، ئەمە جگە لەباوەڕى هەردوولایان بەگەڕانەوەو هاتنەوەى "مەهدى" یان"مەسیح".
بەدرێژایى مێژوو ئەم رێبازە ئایینییانە دوچارى زۆر تانەو تەشەر و رەخنەى خەڵکانێک بوونەتەوە کە"یەزدانى"یەکان و عەلەوى-یەکان و مەزدەکى-یەکان و رێبازە ئایینییەکانى دیکەشیان بەمومارەسەکردنى سێکسى بەکۆمەڵ تاوانبارکردووە.
هەروەک لەمڕۆشدا خەڵکانێکى زۆرى ناوچەکە باوەڕیان وایە کەلە"ئانادۆڵى کوردستانى تورکیا"و "ئێران"دا لەشەوێکى تایبەتدا چرا دەکوژێنرێتەوەو بەکۆمەلڕ مومارەسەى ئەو چەشنە سێکسە دەکرێت، دیارە هەمان چەشنە تاوانبارکردن و تۆمەتیش عەلەوییەکانى تورکیاو سووریاو ئیسماعیلییەکانى ئەفغانستان و دورزییەکانیش دەگرێتەوەو پێشم وایە کەئەم چەشنە تۆمەت هەڵبەستن و پڕوپاگەندانە هەر لەمێژەوەو تا ئێستاش بۆ کەمکردنەوەى ئاستى ئەو رێبازە ئایینییانە بەڕێوەچووە.
ئەوەى بەلاشمەوە سەیر و سەمەرەو جێى سەرسووڕمانە، ئاماژەکردنى "هێنرى راوڵنسۆن"و "ماکدۆناڵد کینەر"و "گ.ر.درایڤەر"ە کەپێیان وابووە تا ساڵى "1912-1923" کەشێکى سێکسى لەو چەشنە بەڕێوەچووەو بەدرێژکراوەى رێبازى"میتاو ئاناهیتا"یان لەقەڵەم داوە.. ئەو دوو رێبازە ئەندامى سێکسییان پەرستووەو دەچنەوە سەر کولتوورى "سێسۆستریس".
" ماکدۆناڵد کینەر"یش وەک دەڵێت و ئاماژەى بۆ کردووە گوایە خودى خۆى بەشدارى کەشێکى لەو چەشنەى کردووە.
رەنگە هەموو ئەم پڕوپاگەندانە لەنهێنى و پەنهانى کەشە ئایینییەکانەوە سەرچاوەى گرتبێت، ئەگینا هەموومان دەزانین کەدیسپلینێکى تەواو لەبەڕێوەچوونى کەشە ئایینییەکانیاندا هەیەو نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کەلەزۆر بەشى ئەم جۆرە رێبازە ئایینییانەدا بەشداریکردنى ئافرەت تێیدا قەدەغەیەو رێى پآ نادرێت.
سەربارى ئەوەى خودى ئافرەت لەکۆمەڵگەى کوردەواریدا جێگەو شوێنێکى تایبەت و رێزدارى هەیەو رێگەپێدانى کەشێکى لەو چەشنەش ئاستەم و مەحاڵە.
عەلەوییەکان لەشوێنێکى تایبەتدا کەبە"ماڵى جەم" ناسراوە هەفتەى یەکجار کۆدەبنەوە، ساڵى یەک جاریش کەشێکى گەورەى ئایینى سازدەکرێت و بەپێى بۆچوون و پەیڕەوى هەر جۆر و چەشنە لقێکى یەزدانى کات و شوێنى سازدانى دەگۆڕدرێت.
یەزدانى-یەکان کاریگەرییەکى تەواویان هەبووە لەدروستبوونى رێبازى ئایینى ئیسماعیلییەکان-دا کەباوەڕیان بەحەوت ئیمامە. ئاشکراشە ئەم جۆرە تێز و فیکرانە لەساڵى 1501دا دەوڵەتێکى وەک دەوڵەتى سەفەوى و دەسەڵاتدارێکى وەک "ئیسماعیل شا"ى لێکەوتۆتەوە.. بەلاى عەلەوى-یەکانیشەوە "ئیسماعیل شا" کەسێکى پیرۆز و نێرداروى خودایە.
دیارە هەموو سەرچاوەو بەڵگە مێژووییەکان پێیان لەسەر ئەو راستییە داگرتووە کەچەشن و شێوەى شیعەبوونى سەفەوى-یەکان، ئەو مەزهەب و رێبازە تایبەتە ئایینییە نییە کەلەئیسلامدا بەشیعە ناسراوە.. مەبەستم ئەوەیە کەسەفەوى-یەکان شیعە نین و بەتەواویى لێوەى دوورن.. شیعەبوونى سەفەوى-یەکان بەتەواویى یەزدانى-یەتەو لەئێستاشدا وەک لقێک لەعەلەوى-یەکاندا دەبینرێتەوە.
جەعفەرى-یەتیش هەوڵ وتەقەللایەکى دیکەى یەزدانى-یەکان بوو، بۆ خۆجیاکردنەوەیان لەو عەرەب و تورکمانانەى کەبووبوونە شیعە.. هەر بۆیە بەئیلهام وەرگرتن لەناوى "ئیمام جەعفەر ئەلسادق" بە"جەعفەرى" خۆیان ناساند و وەک هەر سآ لقەکەى دیکەى یەزدانى-یەکان، "ئیمام حەزرەتى عەلى"یان پآ زاتێکى موبارەکەو نیو بەنیو رۆحى خوداى تێدا دەبیننەوەو بەگیانێکى رەهاى دەزانن.
شایانى باسیشە کەوێکچوونى نێوان بودیزم-ى هیندستان و یەزدانى-یەکان لەخاڵى باوەڕو قەناعەتیان بە"دۆناودۆن"دا بەرجەستە دەبێت و بەشێوەیەکى بەرچاو لێکچوو و هاوشێوەیە.
ژێدەر:
KurtlerMehrdad.R.IzadiDoz Yaynlaristanbul2004

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە