چەندین بەڵگە لەسەر ساختەکاری ئاکەپە ئاشکرا دەبن - دۆسیەی تایبەت

Tuesday, 03/11/2015, 21:03

2406 بینراوە


ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئاکەپە ساختەکاری گه‌وره‌ی لە هەڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی تورکیا کردوە.
چەندین بەڵکە لەسەر ساختەکاری ئاکەپە لە هەڵبژاردنی یەکی نۆڤەمبەردا ئاشکرابووە، بەتایبەتی لەو جێانه‌ی که‌ دەنگی هەدەپە یەکەم بووە هەزاران بەڵگە لە دەستی ناوەندی قەیرانی هەدەپەدایە کە ساختەکاری ئاکەپە دەسەلمێنێت.
بەپێی ئەو بەڵگانە لە میدیاکانی تورکیا و ناوەندە ڕەسمیەکاندا بڵاوکراوەتەوە ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکە لە چەندین ناوەندی دەنگدان سندوقی دەنگدان تەنها بۆ ئاکەپەیەکان دانراوە، ئاکەپەییەکان لەو سندوقانەدا دەنگیان داوه‌ یان دەنگی زیادەیان خستۆتە نیو سندقەکانەوە ئەمە لە کاتێکدا کە ڕۆژێک بۆ دەنگدان مابوو.

لەناو ئەوانەشدا سەرۆک شارەوانی ئاماسیای ئاکەپە هەیە کە ڕۆژێک پێش هەڵبژاردن دەنگی داوە و وێنەکەی خۆشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی داناوه‌ نوسیویەتی "باشترینیانم هەڵبژارد".
لە ئێوارەی 01.11.2015 واتە ڕۆژی دەنگدانە و لەکاتی کردنەوەی سندوقەکاندا، بەمەبەستی شاردنەوەی ساختەکاریەکانی ئاکەپە، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ناونیشانی ئەنجامی هەڵبژادنەکانی تورکیای لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی سڕیەوە.
دەستەک ڕایگەیاندوە کە بەشی بینینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 26 هەمینی پارلەمانی تورکیای لەسەر ماڵپەڕەکەیان داخست ئه‌وه‌ش بووه‌ مایه‌ی گومان لای سه‌ردانکه‌رانی مالپه‌ره‌که‌.
به‌پێی ڕاگەیاندنەکانی ناوەندی گشتی هەدەپە له‌ شارەکانی ئەستەنبوڵ، کۆنیا، بورسا، ئەدەنە، میرسین، ئیزمیر، مانیسیا، ئەسکی شەهیر، ئەنتالیا و بەگشتی لە 120 شار و ناوچە و ناوەند، ئاکەپە ساختەکاری گه‌وره‌ی کردوە لە دزینی کیسەکانی دەنگدان، ڕێگرتن و گرتنی دەنگدەران و دورستکردنی ئاستەنگی بۆ دەنگدەر و تیمەکانی چاودێری بگرە تا دەگاتە گۆڕینی دەنگەکان، ئاپەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا، پێشێلکاری مەزنی ئەنجامداوە.

هەدەپەش ڕایگەیاندوە کە ئەوان هەوو بەڵگەکانیان لەدەستدایە و دیدەنە لایەنی پەیوەندیدار.
هاوکات ناوەندی قەیرانی هەدەپە لە ئیستەمبوڵ ڕایگەیاندوە کە زۆربەی ڕاپۆرتەکان و ئەنجامە بەراییەکانی ئێستای هەڵبژاردنەکان ناکۆکن.
(ئۆزلەم سەزەر) ئەندامی ناوەندی قەیرانی هەدەپە ڕایگەیاندوە لە ئستەمبوڵ و لە هەرێمی دووی بەیرام پاشای لانی کەم ١٢، ناوچەی بەشکیتاش پێنج، بەیئۆغڵوو سێ، فاتیح پێنج سندق زیاتر هەن کە ئەنجامەکانی لەگەڵ ڕاپۆرتی دەستەی باڵای هەڵبژاردن دا ناکۆکن  و جیاوازیەکی گەورە لە نێوان دەنگەکاندا هەیە.
لەشاری دیلۆک (عەنتاب) کەوەک ناوەندێکی چەتەکان ناسراوە، وێنە و دیمەنی ڤیدیۆیی ئاشکرابوو کە تیایدا گروپێک بەوتنەوەی دەنگی ئەڵاهو ئەکبەر دەنگەکانیان کۆکردوەتەوە و لە کیسەی سپیدا دەیبەن بۆ ناوەندێکی دیکە بۆ گۆڕینیان.
 
ئەو گروپە بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی و ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەربە دەزگای خزمەتگوزاری گوندەکانن، دەنگەکانیان بردوە و بەوتنەوەی دروشمی (ئەڵاهو ئەکبەر) لەگەڵ دەنگەکاندا چوونەتە ناوەندێک تا دەستکاریان بکەن و بیانگۆڕن.
لە زۆر ناوەند به‌ بیانوی گواستنەوە ده‌نگه‌کان دراونەتە پۆلس و بەپێی شایەحاڵەکان و وێنە و دیمەنەکان، پۆلسی و ئاکەپە پێکەوە کارتەکانیان گۆڕیوە و دەنگی ئاکەپەیان تێکردوە.
لە بەدلیس لە زۆربەی گوندەکان، ژمارەی کارتەکانی دەنگدان لە ژمارەی دەنگدەران زیاترە و بۆنمونە لە گوندی ئوستایاڵی سەر بە ناوچەی مۆتکی بەدلیس لە سندوقی ژمارە (1078) دا کە دەبوو 29 کارتی دەنگدانی تێدا بێت 45 کارتی دەنگدان بینراون.
لە ناوچەی قلابانی شرناخ، رێگری لە شاندی چاودێری سویسری کراوە، بچێتە ژمارەیەک ناوەندەوە و شایەتحاڵانیش رایانگەیاند، بەڵگەیان هەیە لەو ناوەندانەدا ساختەکاری گه‌وره‌ کراوە و جێگۆرکێ بە دەنگەکان کراوە.
شاندی نێونه‌ته‌وه‌یی چاودێری هەڵبژرادنەکان ، لە ناوچەی نسێبینی مێردینەوە ڕایگەیاند: ئاستەنگی، گەمارۆدانی ناوەندەکانی دەنگدان لەلایەن پۆلیسەوە ئێمەی دوچاری شۆک کرد.
(سیلیڤی ژانی) چاودێری فەرەنسی رایگەیاندوە: هێزە ئەمنیەکانی تورک، ڕێگەیان بە شاندی نێوەدەولەتی و دەزگاکانی راگەیاندن نەدا بچینە ناوەندەکانی دەنگدان و ئەوەش پاکی و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی تورکیا دەباتە ژێر پرسیارەوە.
لە بەردەم زۆرێک لە ناوەندەکانی دەنگدان، ئۆتۆمبێلی بێژمارە ئامادەکرابوون و لەڕێیانەوە کیسەکانی دەنگدان براون و گۆرانکاری لە دەنگەکانی ناویاندا کراوە و بەتایبەت لە شارەکانی ئاگری و ئەردەهان و قارس ئەو کارەکراوە و بەڵگە لەبەردەستدان.
لە زۆر شوێن ئەندامان، لایەنگران، کارمەندانی سەربازی و حکومی سەر بە ئاکەپە زیاتر لە چەند جار دەنگیان داوە و وەک نمونە، دوو کارمەندی ئاکەپەیی لە سندوقی ژمارە (11119) ی شاری ترابزۆن، زیاتر لە 8 جار دەنگیان داوە و لەو بارەشەوە بەڵگە هەن.
ئەندامی شاندی چاودێری ئەوروپا ماتینا میشێلس دەڵێت:" کردەوەگەلێکیان لە پۆلیسی تورک بینیوه‌ مایەی سەرسوڕمان بوون، لە شاری ئامەد و دەوربەری دیموکراتی ڕیشەکێش کراوە و ئەوەش پاکی و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردنی خستۆتە ژیر پرسیارەوە".
لە وان و ناوچەکانی بەرپرسانی ئاکەپەیی لەگەڵ پۆلیس بەچەکەوە چوونەتە ناوەندەکانی دەنگدان و هەڕەشەیان لە خەڵکی و چاودێرانی سەرسندوقەکان کردوە و ساختەکاریان لە دەنگەکاندا کردوە.
 
لە ناوچەی پایزئاوای وان، سەرۆکی ئاکەپەی ناوچەکە خالید تۆکتاش بە چەکەوە چۆتە ناوەندەکانی دەنگدان و چەکیشی لە چاودێرانی سەرسندوقەکان ڕاکێشاوە و کارمەندێکی سنودقی دەنگدان بەناوی یوسف ئاسڵان کە نەچۆتە ژیر باری هەڕەشەکان و رێگەی پێنەداون ساختەکاری بکەن، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و بەوەش ڕێیان بۆ ساختەکردن کردۆتەوە.
لە ناوچەی بۆجای ئیزمیر، نەرمین سەڤیم کە بەرێوەبەری خوێندنگەی سەعادەت ئەمیرە و هەدەپەیی بووە و رێگەی نەداوە ئاکەپە لە سندوقەکاندا ساختەکاری بکات، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، تا نەبێتە ئاستەنگ لەبەدەم ساختەکاری ئاکەپەدا.
هەڵبەتە بە چەند رۆژێک بەر لە هەڵبژرادن، کەسایەتی بەناو دەنگی نێو تویتەر فوئاد ئەڤنی کە فۆلۆەرەکانی، دەیان لیست و سەدان ناوی سەر بە ئاکەپەی بڵاوکردۆتەوە کە لە رۆژی دەنگداندا دەنگ و سندوق دەدزن.
ناوبراو  ناو و پاشناوی دزەکانی ئاکەپە، ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانی شار بە شار بڵاو کردۆتەوە.
ئەمانە و دەیان ساختەکاری و پێشێکاری دیکە وایان کردوە دەنگەکانی ئاکەپە بەرز ببنەوە و دەنگی ڕکابه‌ره‌کانی دابه‌زن، ئامانجی سه‌ره‌کیش ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ هەدەپە بەربەستی لە سەدا 10 دەرباز نەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە