ئەردۆغان ھەتا سەری نەدا بە عەردا ھەست بە کەوتنی خۆی ناکات !

Wednesday, 04/11/2015, 1:32

1836 بینراوە


وتارێکی گرنگی گەورە نووسەری تورک(حەسەن جەمال)ە لەسەر هەلومەرجی ئاکپەرتی پێش وپاشی هەڵبژاردنی چەند رۆژی دادێ ، کە هاوڕێی هێژا رێبوار هەمەوەندی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی..
ئەم وێنەشم داناوە ، هی قەرەیەلان و حەسەن جەمالە کە هەندێ لە قەلەمە ریسواکانی باشور ، وایان بلاوکردبۆوە کە قەرەیەلان کۆبونەوەی لەگەڵ قاسم سلیمانی کردووە ،دەشیانووت: ئەوەش بەڵگەکە!.
ئایا لە ١ ی نۆڤەمبەردا چی دێتە ئاراوە ؟
ئەم پرسیارە حاڵی حازر لە مێشکی ھەرە زۆری خەڵکدا گڕمۆڵە بووە .
بەڵام من دەمەوێت بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەست بە نوسینەکەم بکەم .
کاتی خۆی ( تورگوت ئۆزال و سڵێمان دێمرال ) یان ھۆشیار کردبۆوە ، پێیانیان ووتبوو مەبن بە سەرۆک کۆمار بە سەرۆک وەزیرانی بمێننەوە ئەگینا پارتەکانتان لەدەست دەچێت .
ھەردووکیان گوێیان بۆ ئەم ھۆشیار کردنەوە ڕانەدێرا ، ھەردووکیان لەخۆیان زۆر دڵنیا بوون .
ھەردوکیشیان بوون بە سەرۆک کۆمار و چوونە کۆشکی ( چانکایە ) ، بەڵام ھەردوکیان پارتەکەی خۆیانیان لە دەستدا کە پارتی دایکی وەڵات ( ئانەپ ) و پارتی ڕێی ڕاست ( دەیەپە ) بوو ، بۆچی بێگومان لەبەر حەزی دەسەڵاتی خۆیان .
لەم بارەیەوە ھەردووکیان توشی ھەرەس ھاتن ، پارتەکەیان ھەڵوەشایەوە و چوونە ناو دووتۆی ڕەفەکانی مێژووەوە .
ساڵی ١٩٨٥ خوالێخۆشبوو ( تورگوت ئۆزال ) سەرۆک وەزیران بوو ، ئەو ساڵە بەشداری گەشتێکیم کرد بۆ وەڵاتی یابان ، تورگوت ئۆزال و پیاوەکانی چواردەوری زۆر لە نزیکەوە مەیلیان دابوو بە پارتی لێبرالی یابان ، دەسەڵاتی پارتەکەی تورگوت ئۆزال لە ساڵی ١٩٨٠ بەدواوە بە تەنیا ببوو بە دەسەڵات و حکومەت ، لە مێشکیاندا ئەوە جەنجاڵ ببوو کە ئایا ئەو مۆدێلەی پارتی لێبرالی یابان دەبێتە مۆدێلێکی نوێ بۆ تورکیا ؟ ، چونکە پارتی لێبرالی یابان ماوەیەکی دوورو درێژ بوو کە بە تەنیا لەسەر دەسەڵات بوو ، لە پەرلەمانتەکەیاندا خاوەن زۆرینەی کورسێکان بوون ، پارتی پۆزسیۆنی یابان نەک وەک ئۆپزسیۆن کاربکات بەڵکو ئەوانیش وەک باڵێکی پارتی ناوبراو کاریان دەکرد .
پارتی لێبرالی یابان لەدوای شەڕی جیھانی دووەمدا لەبارەی ئابورییەوە ڕیفۆرمێکی وەرچەرخانێکی نوێی لە یابان دروست کردبوو ، لە مێشکی ( تورگوت ئۆزال ) دا ھەمان مۆدێلی یابانی دەسەڵاتی تاک پارتی ھەبوو ، بەڵام خەونەکەی نەھاتە دی و نەگونجاو نەکرا ، دوای ئەم گۆڕانکاریانە لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی تورکیا پارتەکەی تورگوت ئۆزال ھێواش .. ھێواش بچوکبۆوە و لەئاکامدا توایەوە .
باڵیان لێڕوا و دەروێشەکانیشیان فڕین :
سەرسوڕێنەرە !
مۆدێلەکەی پارتی لێبرالی یابان لە مێشکی ئەردۆغان و پیاوەکانیشیدایە ، ئەو لۆژیکە بەم شێوەیە دەبرێت بەڕێوە :
لەتورکیا بەرد شەق ببات چەپەکان ٣٠% دا دەنگ دەھێنن ، ئەو ٧٠% ماوەتەوە لەوانەیەئاکەپە٥٠% یان ٦٠% دەنگەکان بەدەست بخات ، ئەمەش بەمانای خۆشگوزاری دێت ، ڕەئیسەکەی ئێمە دەچێتە کۆشکەوە و کورسی سەرۆکایەتی دروست دەکات ، ئاکپیش کە زۆرینەی کورسێکانی پەرلەمان بەدەست بخات دەتوانێت ھەموو دەسەڵاتی تورکیا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە ، ئەمە خەیاڵی موتڵەقی ئەردۆغانە ، کاتێک ئەردۆغان لە ڕێفڕاندۆمی ساڵی ٢٠١٠ ، ٥٨% ی بەدەست خست و لە ھەڵبژاردنە گشتێکەی ساڵی ٢٠١١ ٥٠% ی دەنگەکانی بەدەست خست و لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریشدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ پێکھێنرا و ٥٢% ی بەدەست ھێنا ھەربۆیە دوای ئەم گۆڕانکاریانە ئەردۆغان باڵی لێڕوا ، دەروێشەکانیشی بەتەواوەتی باڵیان لێنەخشاند و بە ئاسماندا فڕاندیان ، ئەو پێی وابوو کە خەیاڵەکانی ھاتوونەتە دی ، ھەربۆیە ئەردۆغان بەو نیاز و مەبەستەوە خۆی خستە ناو دەریای ھەڵبژاردنەکەی ٧ ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ، چونکە ئەو خەیاڵی بەدەست خستنی ٤٠٠ پەرلەمانتاری ھەبوو لە پەرلەماندا ، بەڵام زللەیەکی وایخوارد کە بەرچاوی تاریک داھات و بەم شڵەژاویەوە دژ بە پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراوان بۆوە و دوستی نا بە دوگمەی دووبارە بوونەوەی ھەڵبژاردنێکی نوێ و وەڵاتەکەی کرد بە گۆمی خوێن و تورکیای ڕوبەڕووی بلۆک بوون کردەوە .
ھەدەفی ٢٧٦ پەرلەمانتار لەگەڵ داپۆشینی رووداوەکانی ١٧ و ٢٥ ی مانگی ١٢ دا گونجا :
پرسیارێک :
ئایا لە ١ ی نۆڤەمبەردا خەیاڵەکانی ئەردۆغان دێنە دی ؟ ، ئایا دەتوانێت قۆناغەکە بەلای خۆیدا وەرچەرخێنێت ؟ ..... بێگومان نەخێر .
بەدەستخستنی ٤٠٠ پەرلەمانتار ئیتر مەھاڵە ، باوکایەتی و سەرۆکایەتیەکەشی بەھەمان شێوە ئەو خەیاڵەشی ھەرەسی ھێنا ، مۆدێلی پارتی لێبرالی یابانیش چووە ناو دوتۆی ڕەفەکانی مێژووەوە ، بێگومان ئەو ھەدەفەی کە ئەردۆغان خۆی پێوە ھەڵواسیوە ئاشکرایە : 
ئەردۆغان دەیەوێت چەند پەرلەمانتارێک زیاتر لە پەرلەمان بەدەست بخات و کەمێک لەسەرووی ٢٧٦ پەرلەمانتار بەدەست بخات و بتوانێتئاکەپەلەدەسەڵات بھێڵێتەوە و لێکۆڵینەوەی گەندەڵێکەی ١٧ و ٢٥ ی مانگی ١٢ پەردەپۆش بکات ، ئەم ھەدەفەی ئەردۆغان دوورە لە بەدەست خستن ،ئاکەپەکەوتۆتە ناو ڕەوشێکەوە کە درزەکان ناشاردرێنەوە .
باشە دوای ھەڵبژاردنەکەی ١ ی نۆڤەمبەر ئاکپە چی بەسەردێت ؟ .
ئایا ئاکەپەش وەک ( تورگوت ئۆزال ) و ( سڵێمان دێمرال ) ئەردۆغانیش بەردەکەی ژێر پێی دەترازێت ؟ ، یاخود ئایا ئاکەپە بە ماوەیەکی کەمی تر وەک پارتەکانی ( ئانەپە و دەیەپە ) ی لێدێت و ئەویش دەچێتە دوتۆی ڕەفەکانی مێژووەوە ؟ .
پرسیارێکی تری زۆر ھەیە ، لەبەرئەوەی ئیتر گوێمان لە دەنگێکی زۆر ناڕەزایی دەبێت ، ھەتادێت مەترسی چارەنوسی ئەم پارتە بەرەو نادیار دەچێت ، لەم چوارچێوەیەدا لایەنەکان تادێت شوێنی خۆیان دەگرن ، تادێت لەناو ئاکپدا ڕەخنەی دژە ئەردۆغان پەیتا .. پەیتا لەزیاد بوندایە ، بەتایبەت ئەم دەنگانە لەو کەسانەوە بەرز دەبێتەوە کە پێیان دەوترێت ئەردۆغانچی ، ئیتر لەناو ئاکەپەدا ئەوانەی لەدوای ئەحمەد داودئۆغڵو وە نوێژ دەبەستن و ئەوانەشی ئەردۆغانچین لە نێوانیاندا کێشمەکێش ھاتۆتە ئاراوە کە ناتوانن بیشارنەوە .
پرسیارێک لە ئارادایە کە لە مێژەوە دەویسترێت بکرێت :
ئایا لەدوای ھەڵبژاردنی ١ ی نۆڤەمبەردا ئەردۆغان کۆنگرەی نائاسایی ئاکەپە دەبەستێت و لەجیاتی داودئۆغڵو دەشێت ( بینەلی یڵدرم ) بکات بە سەرۆکی ئاکپە ؟ ، ئایا ئەم گۆڕانکاریەی ئەردۆغان لەناو ئاکپدا درز ناخاتە ناو ڕیزەکانیانەوە ؟ ، پرسیارێکی زۆری تر ھەیە ، بەڵام سەرەتا دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی ١ ی نەڤەمبەر بین .
ئەردۆغان ئەکەوێت :
ئایا لە ١ ی نۆڤەمبەردا چی ڕوودەدات ؟ .
ئایا دووبارە بونەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیران دیتە ئاراوە ؟ ، یاخود ئاکەپە چەند پلەیەک دێتە خوارەوە ؟ .
ئەم بۆچونە ھەتا بڵێین بەھێزە .
بەڕای من شتێک ھەیە کە چەقە .
ئەردۆغان دەکەوێت 
بەتایبەت لە ھەڵبژاردنەکەی ٧ ی حوزەیرانەوە ئەم کەوتنە بەردەوامە .
بەڵام ئەردۆغان تاکو ئێستاش ھەست بەم کەوتنەی نەکردووە .
لەبەرئەوەی تاکو ئێستاش لە فڕیندایە .
کاتێک کەوتە خوارەوە ئەوکاتە ھەست دەکات کەچی بەسەردا ھاتووە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە