ئیدى چۆن سەرجەم کایە و بوارەکانمان سەقەت و ئیفلیج و ماڵوێرانى دەستى خەڵکانى ناشى و کارنەزانە، ئاواش ئەم بوار و کایە فەرهەنگى و ئەدەبى و هونەرییەى ئێستاى کورد، کەسەرجەم هۆکارەکانى خستنەڕوو و هێنانەکایەى لەبەردەستدایە، کەچى ئەوەى کەدەیڵێت و دەیڕێسێت، جا ناوى هەرچییەکى لێ بنێت، لەخۆى و ئەوانەى دەورى زیاتر کەسى پێهەڵناخەڵەتێ، چونکە دواهەمین قسە ئایندەیەکى دوور و خوێنەرە جدییەکانى دەیکات، واتە ئەوە ئێمەین لەئێستادا دەتوانین راڤەى جدییەت و ناجدییەتى ئەدەبیات و مەعریفە و فەرهەنگى پێشترى هەرشوێن و جێگەیەک بکەین کەمەبەستمان بێت و بمانەوێت.
هەر بۆ نموونە ئەو چەشنە عەشق و عەوداڵبوونە هێجگار قووڵە ئیگۆییانەى "غەزالى" لەسەردەمى خۆیدا، ئەوە نەبووە کەئێمە ئێستا لەپێناو رۆچوونە نێو دنیا تایبەتەکەى ئەوەوە، سەوداسەر و عاشقى دەبین و ساڵانێکى تەمەنمان تەنها لەخوێندنەوەى کتێبەکانیدا دەبەینەسەر.. زەمەنێک زۆربەى کتێبەکانى ئەم زاتە بەناوى کوفرەوە سووتێنراوەو تا ئێستاش ئەوانەى دژایەتى دەکەن، هێجگار زۆرن.
جا گەڕانە حەقیقییەکى "غەزالى" لەپاش تەمەنى کامڵبوونەوە دەست پێدەکات.. وەک مەعلومە لاتان، ئەو خەتیب و خاوەن مەدرەسەو کەسێکى ناسراوى بەغدا بووە، کەچى ناتوانێت بەو هەموو گومانەوە چیتر بهێڵێت خەڵک وەک ئیماندارێکى گەیشتووە یەقین بیبینن.. ئیدى سەفەرى دوور و درێژى گەڕانى.. بەتەنهایى تەیکردنى چیاکان و قووڵایى دۆڵەکان و بێکۆتایى بیابانەکان و نەترسانى لەنەزانراوەکانى رێگەوبانە سامناکەکانى سەردەمەکەى، شایەتى راستگۆیى بیروباوەڕ و تێفکرینە قووڵەکانى دەدەن، کە بەکتێبى :
"فریادڕەس لەگومڕایى" دێتەوە نێو دنیاى نووسین و هەر لەو کتێبەیدا سەربارى خۆپاراستنى لەنەگوتنى نهێنییەکانى دنیاى سۆفییان و عارفە راستەقینەکان، بەڵام ئاماژە بەڕاستگۆیى و قووڵى خوداپەرستن و هەندێک شتى دیکەی زۆر گرنگ دەدات، کەپەیوەستە بەتواناى نائاسایى و قودرەتە غەیبییەکانیانەوە؟!
جا هەرچەندە حەز دەکەم زیاتر باس و خواسى ئەو دنیا پڕ نهێنى و سەیر و سەمەرەیەى عارف و سۆفییە حەقیقییەکانت بۆ بگێڕمەوە، بەڵام سنوورى نامەکەو کاتى هەردووکمان رێنادات و هەر بۆیە دەگەڕێمەوە سەر رۆمانەکەتان، کەتوانیویەتى خۆى لەکوشتنى حەللاج و سەهروەردى و هێنانەناوەوەى دنیایەک پرسیارى شاراوە بدات، گەر لەرووشدا ورووژاندنى ئەم جۆرە پرسیارانە، لەکایەیەکى ئیلحادیدا هەڵبسووڕێت، یان وابێتە پێشچاو، بەڵام لەحەقیقەتدا ئیمانێکى خەفى لەپشت دێڕەکانى رۆمانەکەتەوە خۆى حەشار دەدات، هەروەک دەڵێن، هیچ شتێک هێندەى کوفر و ئیمان نزیک نییە، یان با بڵێین زۆر لەوانەى کەپێیان وابووە، لەنێو ئیماندان، بەدەر لەویست و زانینى خۆیان، نغرۆى خمخۆرکى کوفربوون و بەپێچەوانەشەوە، حەللاج-ێک کەدەڵێت: