پشتی سەر و مافی مرۆڤ. !

Saturday, 07/11/2015, 21:16

2271 بینراوە


لەگەڵ ئەوەشدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا  یاسا سەروەرە و ئازادی بێ سنورە و مافی مرۆڤ  لە هەموو ڕوویەکەوە  پارێزراوە و ماناو بەهای تەواوی خۆی هەیە ،  بەڵام کاتێک کەسێک تاوانێک ئەنجامدەدات ،  جا تاوانەکەی گەورەبێت یان بچووک ،  دزیی بێت یان کوشتن ،  تاڵانی بێت یان ڕاوڕووت ،  دەزگای ئاسایشی ئەو وڵاتە  لە سەر شاشەی  تەلەڤزیۆنەکانەوە  چەندین جار  دەمووچاوی تاوانبارەکە دەخاتە  بەرچاوی  هاوڵاتییەکانی  تا بە تەواوی بیناسن .  ئەمەش چەند  سوودێکی بۆ بەرژەوەندی گشتی هەیە ،  یەکەم : کاتێک  ئەو کەسە ماوەی سزای خۆی تەواودەکات  و دەگەڕێتەوە  ناو کۆمەڵگا ،  هاوڵاتییان دەیناسنەوە و بەردەوام بە چاوی شکوگومانەوە سەیری دەکەن و خۆیانی لیێ بەدوور دەگرن ،  چونکە زۆرجار تاوانبار تۆبە ناکات و تاوان لە دوای تاوان دووبارە و سێ بارەی دەکاتەوە ...  دووم :  دەرخستنی دەمووچاوی تاوانبار لە ڕێگای شاشەکانەوە بارێکی دەروونی ئاڵۆز و ناخۆش بۆ تاوانبار و بنەماڵەکەی دروستدەکەن و هەست بە کەمیی و شەرمو سەرشۆڕیی دەکەن ،  ئەمانەش هۆکارێکن کە کەسانی تر کەمتر بیر لە تاوان بکەنەوە ،  بەمەش ڕێژەی تاوان بەرەو  کەمبوونەوە دەڕوات .
ئەوەی سەیرە لەم هەرێمە  بێ سەروبەرەی ئێمەدا ،  کە نە یاسا سەروەرە و نە ئازادی بەرقەرارە و نە مافی مرۆڤ پارێزراوە ،  کاتێک کەسێکی بێ  پشتوپەنا تاوانێک دەکات ،  گورج دەیهێننە سەر تەلەڤزیۆن و  لە جیاتی ئەوەی دەمووچاویمان بۆ دەربخەن  تا هەموومان  بیناسیین ،  کەچی بە بیانووی ئەوەی ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن  و تاوانبارەکەش مرۆڤە ئەوا دێن پەیتا پەیتا پشتی سەریمان بۆ دەردەخەن  تا کەسمان نەیناسیینەوە ،  خۆ ئەگەر تاوانبارەکە پشتوپەنای هەبێت و سەر بە دەسەڵاتدار بێت ئەوا  پشتی سەریشی دەرناخەن  و هەر زوو  تاوانەکەشی دیزەبەدەرخونە دەکەن ،  بەمەش تاوانباران لە ناو کۆمەڵگاکەماندا بزردەبن و  لەوانەشە تاوانی گەورەی  پڕ مەترسی بە دوای  خۆیاندا  بهێنن  . 
ئەوەی شایانی باسە حکومەتە ساواکەمان بە شانۆگەریی ( پشتی سەر )  دەیەوێت وا خۆی نیشانی دنیا بدات کە ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت و  وڵات شامی شەریفە و  لە بواری مافی مرۆڤدا بۆڕیی ئەمەریکا و ئەوروپایداوە  و زیاتر لەوان  لە خەمی مافی مرۆڤدایە  ، کە دیارە هەمووشمان دەزانیین ئەمە درۆیەکی شاخدارە و تەنها خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتییان و دنیای دەرەوەیە ، چونکە  ڕاستییەکان وەک خۆر دەدرەوشێنەوە  ،  ئاخر هەر دوێنێ بوو لە بەردەمی زانکۆی هەولێردا و لەسەر وتارێک  ناودەمی زەردەشتی فریشتەیان پڕکرد لە فیشەک ،  هەر دوێنێ بوو  گوڵە هەنارێکی  جوان و بێگەردی وەک     ( دوعا ) یان تا مردن  بەردەبارانکرد ،  هەر دوێنی بوو سنگی پڕ باوەڕی سۆرانی مامە حەمەیان خڵتانی خوێنکرد ،  کەچی لەسەر شاشەکان  نە دەمووچاوێکمان بینی و نە پشتی سەری تاوانبارێک ، ئیتر کامەیە ئازادی و کامەیە مافی مرۆڤ ،  سەرباری ئەمانەش ئەوەتا  سەرۆکێکی ناشەرعی لەسەر کورسییەک  ڕێگا لە سەرۆکێکی شەرعی پەرلەمان دەگرێت و پەڕلەمانی میللەتێک پەکدەخات وڵات ڕووبەڕووی مەترسی و قەیرانی گەورە و گران دەکاتەوە ،  ئیتر کامەیە ئازادی و کامەیە یاسا و مافی مرۆڤ ؟! .  لە تاو برسێتی و هەژاری  خەڵکی   بێ دەرەتانی بێ مووچە ، کە شێوی شەویان نییە دەڕژێنە سەر شەقامەکان تا داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن ،  کەچی بە فیشەک وەڵامدەدرێنەوە .  لەوانەیە ئەو تفەنگ بە دەستانە هەمان ئەو تاوانبارانە بن کە لە ١٧ی  شوباتدا دەیان کەسی وەک ڕێژوان و زمناکۆ و سورکێو  گەرمیانیان  شەهید کرد ،  جا  چونکە دەمووچاویانمان لە شاشەکانی  تەلەفزیۆنەوە  نەبینییوە نەمانناسیون و  بەردەوام بۆ گیانی میللەتە کڵۆڵەکەمان پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگە ...  جا  ئەگەر ڕاستدەکەن و ڕێز لە ئازادی دەگرن و بە تەنگ  مافی مرۆڤەوەن ،  دە فەرموو  هەر چۆن ڕۆژانە لە شاشەکانی تەلەفزیۆنەوە سەدان جار دەمووچاوی سەرۆکە ناشەرعییەکە و کوڕ و برا و برازا و هەزار خزمەکەیمان پیشاندەدەن و وامان لێهاتووە لە تاریکیشدا نەجمەکانی سەرشانیان دەناسیینەوە ، دە ئاواش دەمووچاوی تاوانبارانیشمان پێ نیشانبدەن  تا ئەگەر سەرلەنوێ  لەسەر مافی ڕەوای  خۆمان و سامانی دزراوی وڵاتەکەمان  و هانینی سوپای داگیرکەران بە کۆمەڵ  ڕژاینەوە سەر شەقامەکان  خۆمانیان لیێ بپارێزین . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە