فانتازیاى چوونە دەرەوە لە ئیسلام یان ئیماژێکى نوێى ئیسلامى سیاسى

Tuesday, 10/11/2015, 15:32

2069 بینراوە


(پاش خوێندنەوەى گفتوگۆیەکى عادل باخەوان کەلەژمارە-357- ى هاوڵاتى-دا بڵاوبۆتەوە، بەپێویستم زانى لەدەرەوەى فانتازیاو فەزاى بەجوان پێناسەکردنى A.K.P، هەندێک راستى بخەمە روو) ناکرێت لەنێو خودى جەنجاڵیى میدیاتیکى ئێستاى دنیاو پانتایى میکرۆڤیزیۆنى و فانتازیاو فەزاى ریکلامکردن بۆ هەر شتێک کە مەبەست بێت تەرویجى بۆ بکرێت و بەسەر خەڵکیدا بسەپێنرێت، بەتەواوى لەخودى سیناریۆ سیاسى و کۆمەڵایەتى و فیکرییەکانى سەردەم حاڵى ببین.. چونکە هەردەم دیوێک یان چەند دیوێکى شاراوەو پەنهان هەیە.
بۆیە دەبێت پەى بەو شاراوەو پەنهانانە بەرین، تابتوانین شتێک لەمەسەلەکان حاڵى ببین و باشتر و چاکتر وێنەو دیمەنەکان ببینین.
دەستەو نەزەر بوونى عادل باخەوان لەئاست عەزەمەتى سەڵتەنەتى A.K.P و سەرسامبوونى، جێگەى سەرنج و پرسیارە، دەبوو لەپشت هالە و کردنە سیمبۆلى ئەو پارتە راستییەکانى بدیایە.. ناکرێت پارتێکى سیاسى هێندە کامل و جوان بێت، وەک ئەو باسى لێوە دەکات.. لەگفتوگۆکەیدا A.K.P –ە بەئیسلامى دەرەوەى ئیسلام لەقەڵەم دەدات و تەنانەت پێشی وایە لەداهاتوویەکى نزیکدا زۆر پارت و حیزبى ئیسلامى کوردستان ، پارتى ناوبراو دەکەنە ئەلگۆ و مۆدێل.
ئاشکرایە هەر موسڵمانێک لەوە حاڵییە کە قورئان کەلامى یەزدانە و حوکم و رێساو رێنماییەکانى مانیفیستۆى ئیسلامەو جێگەى مشتومڕ و گفتوگۆ نییەو هەر ئەمەشە کەئیسلامى سیاسى وەک میتۆدێک پەیڕەوى لێدەکات.
بۆیە ناکرێت و ناشێت تۆ ئیسلام بکەیتە بنەماى دروستکردنى حیزبەکەت و ئەندامەکانت فێرى نوێژو رۆژوو بکەیت و حیجاب بەسەر کچان و ژنانى نێو حیزبەکەتدا بسەپێنێت و حوکمەکانى دیکەى ئیسلام جێبەجێ نەکەیت و لەپێناو بەرژەوەندى و مانەوەى خۆتدا بەهەموو شتێک قایل بیت، کەبەهیچ کلۆجێک لەگەلڕ پرەنسیپ و میتۆدى تۆدا ناگونجێت.
جا ئەم فانتازیاى چوونە دەرەوە لەئیسلامە تەنها ئیماژێکى نوێى ئیسلامى سیاسییە بۆ چەواشەکردنى نەیارانیان لەکاتێکدا پێموانییە بتوانن موسڵمانێکى ئاسایى بەوە قایل بکەن کەئەمان ئیسلامیشن و لەهەمان کاتیشدا لەدەرەوەى ئیسلامیشدان.
شایانى باسە A.K.P لەیەکەمین هەڵبژاردنیدا یەکێک لەبەڵێنەکانى لابردنى یاساى قەدەغەکردنى حیجاب بوو لەقۆناغەکانى خوێندندا. بەڵام کاتێک دێتە سەر حوکم و ئەو بەڵێنەى جێبەجآ ناکات و قسەى خۆى ناباتە سەر، ئەمە بەتەواوى دیماگۆگیەتەو شتێکى بآ مەڵامەتیش نییەو پەیوەستە بەدەیان رێککەوتننامەى نهێنى پشت کەوالیسى نێوان A.K.P و زۆر هێزو لایەنى ناوەکى و دەرەکى، ئەگینا دەچێتە ئەقڵى کێوە پارتێک پێشتر ناوى نەبووبێت و لەپڕ لەهەڵبژاردنەکانى پێشوودا زۆرینەى دەنگ بەدەست بهێنێت؟!.. لەکاتێکدا ئەمە پێش وەخت لەلایەن زۆرێک لەتوێژەرو نووسەرە سیاسییەکانى تورکیاو دەرەوەى تورکیادا زانرابوو.
ئەمە جگە لەو راستییەى کە A.K.Pدرێژکراوەى پارتەکەى ئەربەکان-ە، کەخودى ئەو زاتە مامۆستاى تەیب رەجەب ئەردۆوان بووە، وەک وەفایەکیش بۆ مامۆستاکەى بەزیادکردنى بڕیارێک لەیاساى تورکیدا، لەزیندانیکردن و لێپێچینەوە رزگاریکرد.. بەپێى ئەو یاسایە هیچ سیاسەتمەدارێکى سەرو حەفتا سالڕ ناخرێتە زیندانەوە، لەکاتێکدا ئەربەکان بەپێکەوەنانى سەروەتێکى بێشومار و دروستکردنى چەندین گروپى مافیایى تاوانبار بوو، کەلەئێستادا خودى ئەردۆوان بەهەمان تاوان تاوانبارە.
باخەوان لەگفتوگۆکەیدا باس لەسیکویلاریزەکردنى ئیسلام دەکات و دەیەوێت فەزاو فانتازیایەکى نوێى چوونە دەرەوە لەئیسلاممان لەبەرچاودا بەرجەستە بکات و وامان تێبگەیەنێت، کەشتێکى تر هەیە جیاوازە لەئیسلامى سیاسى و A.K.P-ەش باشترین ئەلگۆیەکى ناوبراوە.
لەکاتێکدا ئەو حیزبە وەک هەر حیزبێکى ناسیۆنالیستى تورک، دەڕوانێتە کێشەى کوردو هەندێک سووکە ریفۆرمى رووکەشیانەش سەبارەت بەکورد کەئەمڕۆ لەگۆڕێدایە تەنها بۆ رازیکردنى ئەوروپایە، تابتوانێت شتێک زیاتر لەیەکێـتى ئەوروپا نزیک ببێتەوە، بەڵام دیارە لەگەلڕ هەر دەستبەردانێکى ئەوروپا لەتورکیا، ریسەکە دەبێتەوە بەخورى و هەموو شتێک نەک هەر وەک خۆى لێدێتەوە بەڵکو خراپتریش دەبێت.
ئەمەش لەمێژووى هەشتا ساڵەى حکومەتى تورکیادا گەلێک جار روویداوەو هیچ کاتێکیش ریفۆرم دەرمانى دەردى کوردى تورکیا ناکات.
ئەمە جگە لەوەى کەناوبراو بەهیچ شێوەیەک باس لەدۆزى کوردى تورکیاو کاریگەرى A.K.Pبەباش یان بەخراپ لەسەرى ناکات.
شایانى باسە عادل بەهەڵە A.K.P- ى بە( پارتى دادو گەشەپێدان) گۆڕیوە کەلەڕاستیدا( پارتى دادو رابوون)ە.
ئەمە جگە لەوەى (لایکlaik)ى کردووەتە زاراوەیەکى جوداو جیاواز لەسیکوێلەر، لەکاتێکدا laik ى تورکى هەر سیکوێلەر-ەو لەسەرجەم فەرهەنگە ئینگلیزى و تورکییەکاندا بەرانبەر بەیەک دەنووسرێن.
ناوى Erdoganیش بەهەڵە بەئەردۆگان ناودەبات، کەدیار پیتى(g) لەوێدا بەتورکییەکەى یومشاگ گێ-یەو بە گ و غ ناخوێنرێتەوە و بەو شێوەیە دەنووسرێت ودەخوێنرێتەوە کەپێشتر ئاماژەم پێدا.
دەبێت ئەو راستییە وەبیرى عادل باخەوان بهێنمەوە کە A.K.P پێش رووخانى رژێمى بەعس لەعێراقدا، هەر کەزۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێنا و حکومەتى دامەزراند، خێراترین کارى ناردنى"ئوێزمەن"ى نوێنەرى بوو بۆ لاى "سەدام حوسێن"، تاپشتگیرى خۆى و پارتەکەى پآ رابگەیەنێت، چونکە لەدیدگەى راستەقینەى A.K.P- وە، سەدام حوسێن- ى ( سوننى حەنەفى) نزیکترین دۆست و هاومەزهەبیان بوو.
شاراوەش نییە میدیاو کەناڵەکانى سەر بەو حیزبە بەمەبەستى کارکردنە سەر راى گشتى ئێستاشى لەگەڵدا بێت شین و شەپۆڕ بۆ گرتن و کوشتنى تیرۆریستانى عێراق دەکەن و هەرگیز بەتیرۆریستیشیان ناو نابەن، لەکاتێکدا دەبێت هەموو دنیا لەبەرخاترى تورکیا بەپارتێکى کوردى چەکدارى دژ بەتورکیا بڵێت تیرۆریست!؟
لەسایەى A.K.Pدا راشکاوانە شۆڤێنیترین بڕیارى دژ بەکورد بەئیزافەکردنى دەیان بڕگەى تر دەمەزەرد کرانەوە، هەر بۆ نموونە قەدەغەکردنى جارێکى ترى رەنگەکانى ئاڵاى کوردستان، لەهەر جل و بەرگ و ئاڵاو وێنە و تاد..تائێستاش گڵۆپەگانى ترافیکى تورکیا بەپێچەوانەى هەموو دنیاوە تا لەئاڵاى کوردستان نەچن رەنگى سەوزیان تێدا نییە.
عادل باخەوان سەبارەت بە A.K.Pدەڵێت:
( لەبرى بانگەشەکردن بۆ جێبەجێکردنى شەریعەت و کوشتنى ئەو کەسانەى کەئایینیان دەگۆڕن و فەرزکردنى حیجاب بەسەر ئافرەتانداو داخستنى دیسکۆتێکەکان و تاد..هەموو تواناکانیان مۆبۆلیزەکرد بۆ وەڵامدانەوەى کۆنکرێتییانەى قەیرانەکانى دۆزینەوەى کار بۆ بێکارەکان و دابینکردنى خانوو بۆ بێخانووەکان و ئاوادانکردنەوەى ئاواداننەکراوەکان و دروستکردنى سەنتەرى کۆمەڵایەتى بۆ بێنەواکان..تاد).
لەدانەخستنى ( دیسکۆکانەوە) دەست پێدەکەم، شایانى باسە پاش دەسەڵاتگرتنە دەستى A.K.Pبەپێى ئامارێک، ژمارەى دیسکۆو باڕو مەلهاکان زۆر لەپێشتر زیاتر زیادیکردووەو زۆربەشى ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانى A.K.Pخاوەنین، دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت دیسکۆو باڕو مەلهاکان شادەمارى سەرەکى و گرنگى ئابووریى تورکیان و ئەمەش لەتورکیادا بەئاشکرا باسیان لێوە دەکرێت.
تەنانەت رۆژنامەنووسانى تورکیا بەسێکتۆرى"توریزم" دەڵێن سێکتۆرى"لەشفرۆشى"، بۆ ئەمەش سەدان باندى تایبەت هەن، بۆ هێنانى سەدان کچ و ئافرەتى روس و ئۆکرانى و رۆمانى و تاد..بۆ نێو تورکیاو کارپێکردنیان لەو بوارەدا.
لەئێستاشدا خودى A.K.P لەوەدا بەشدارەو دەستکەوتێکى باشیشى چنگدەکەوێت، هەر ئەمەشە هۆکارى دانەخستنى دیسکۆو باڕو مەلهاکان، نەک وەک ئەوەى کە باخەوان ئاماژەى پێدەدات. جێگەى پرسیارە بڵێین ئەگەر تورکیا دەوڵەتێکى سێکوێلەرە، بۆ دەبێت هیچ لێپێچینەوەیەکى دەرحەق بەبکوژانى عەزیز نەسین نەکردبێت و تەنانەت نەشیهێشتبێت وەک هەواڵێکیش بڵاوبکرێتەوە، لەکاتێکدا میدیاى تورک کێچێک دەکاتە گاو هەردەم دەم بەهاوارە.
شایانى باسە پاش ئەوەى عەزیز نەسین و چەند رۆژنامەنووسێک لەئوتێلێکى سیواس- دا بەتەماى سازدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى و پاشانیش رێپێوانێک بوون، دژ بەو زەبرو زەنگەى کەعەلەوییەکان بەگشتى و کوردە عەلەوییەکان لەو دەڤەرەدا رووبەڕووى دەبنەوە.. ئەم رووداوەش لەسەردەمى ئەربەکان- دا روویداو تاقمێکى ئیسلامى سەر بەناوبراو گڕیان بەردایە ئوتێلەکەو عەزیز نەسین- یش یەکێک بوو لەو نووسەرانەى کەلەوێدا گیانیان لەدەستدا، ئەمە جگە لەئابلۆقەدانى ئوتێلەکەو بەردەبارانکردن و هوتافکێشان و هەڕەشەو گوڕەشەیان.
سەیرە بڵێین دەوڵەتێکى بەناو سێکوێلەرى وەک تورکیا چاوپۆشى کردووە لەو ئیسلامییانەى کەبەڕۆژى رووناک هێرشدەکەنە سەر رۆژنامەنووس و نووسەران و دەیانکوژن، ژونکە دیارە لەدیگەى ئەوانەوە عەلەوییە غەیرە سونییەکان، کافر و مولحیدن.. بەدرێژایى هەشتا ساڵەى حکومەتى تورکیى جێگەى عەلەوییەکانى تێدا نەبۆتەوە لەکاتێکدا بەڕێژە25 % ى هاووڵاتیانى تورکیان.. راشکاوانە دەتوانین بپرسین کامە سەرەک کۆمار و سەرۆک وەزیران و کاربەدەست و ژەنەڕالڕ هەیە عەلەوى بووبێت، ئەمە هەر لەسەردەمى ئەتاتوورک- وە هەر وابووەو هەمیشە تورکە سوننى حەنەفى- یەکان کاربەدەست بوون، ئیدى ئەو ئیماژەى کەسانێک بۆ ئەتاتورکى دروستدەکەن و وەک کەسێکى سێکوێلەر دەیناسێنن، جێگەى مشت و مڕە.
لەکاتێکدا ئەو زاتە لەساتەوەختێکى مێژووییدا کەدنیاى تورک نغرۆى شکست بوو بوو، جگە لەهەرەشەى دەرپەڕاندنى ئەو تورکەى کەئێستا لەتورکیادا هەیە، پەناى بۆ هەندێک ریفۆرم و گۆڕینى پیت و جل و بەرگ و شتى لەو بابەتە بردو ویستى بۆ رۆژئاواى بسەلمێنێت کەئیتر ئەوان دابڕاون لەکوشت و بڕى چەند سەدەیەکى عوسمانییەکان و دەیان دزێوى ترى ئەو دەسەڵاتە.. هەر خودى دەسەڵاتى A.K.P – یە کەتائێستاش ددان بەکوشتنى میلیۆنێک ئەرمەنى و سى هەزار کورددا نانێت و پێیوانییە لەهیچ سەردەمێکدا تورک کارێکى واى کردبێت.
پێموایە ئەگەر قورئانیش بۆ خودى ئەردۆوان بهێنن، سەد جار دەستى دەخاتە سەر و هەزار جار سوێند دەخوات و دەڵێت: شتى وا هەرگیز رووى نەداوە.. مەگەر سیاسەتى پارتەکەى و بەرژەوەندییەکانى وابخوازێت کەددانى پێدا بنێت. لەکاتێکدا ئەو مێژووە بۆ خۆى حەقیقەتێکەو بەهەموو تورکیش ناسڕێتەوە!؟.
ئەگەر سیکوێلەریزمى تورکیا ئایین و دەوڵەتى جیاکردبێتەوە، بۆ دەبێت لەقۆناغى جیاجیاى هەشتا ساڵەى تەمەنیدا، بەڕادەى جینۆساید هێرشى کردبێتە سەر جەعفەرى و ئێزیدى و عەلەوى و یەریسانییەکان و بەدەیان گوندى رووخاندبێتن و بەسەدان کەسى لێکوشتبێتن!؟ پێموایە عوسمانییەکانیش هەر هێندەى ئەوانیان کردبێت!؟
تائێستاش سەربارى گوشارى ئەوروپا لەسەر تورکیا بەتەواوى رێینەداوە عەلەوى و ئێزیدى و گروپە ئایینیەکانى تر ماڵى جەم و پەرستگەو شوێنى تایبەت بەخۆیانیان هەبێت.
ئەمە لەکاتێکدا ئیسلامە سونییەکانى تورکیا جگە لەئەوقاف و دەیان دەزگاى دەوڵەتى کەپشتگیریان دەکات، بودجەیەکى زۆریشیان بۆ تەرخان کراوە کەزۆر زیاترە لەو بودجەیەى کەبۆ خوێندن و بارى تەندورستى و زۆر پێداویستى تر خەڵکى تورکیا تەرخانکراوە.. ئەمە جگە لەڕێپێدانى دەوڵەت بەکردنەوەى سەدان قوتابخانەو ناوەندى و دواناوەندیى وەک ( ئیمام خەتیب) ى کوڕان و کچان، کەکچان لەحیجاب کردندا ئازادن و وانەى ئایینى تێدا دەخوێنرێت.
لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە کەلەکاتێکدا دەرچووى ئەم قوتابخانەیە دەبێت پاش تەواوکردنى خوێندنى ببێتە مەلا و مامۆستاى قورئان و وانەى ئایینى بڵێتەوە، بەڵام پاش دەرچوونى A.K.P لەهەڵبژاردنەکاندا بڕیارێکى دەرکرد، تایبەت بەوەرگرتنى دەرچووانى ئیمام خەتیب لەزانکۆکاندا، کەبۆخۆى لەرووى دیراسییەوە دوو دنیاى جیاوازن.. ئەمە جگە لەبڕیارى دامەزراندنى دەرچووانى ئەم قوتابخانەیە لەزۆر کارى جیاجیاو گرنگدا کەهیچ پێوەندییەکى بەپسپۆڕى و تواناى ئەوانەوە نییەو تەنانەت دەبێتە مایەى کێشەش، هەر بۆ نموونە دەرچووانى ئیمام خەتیب لەبوارى کەشناسیدا تەعین کراون و پاش خەمڵاندنێکى هەڵەى کەشوهەوا کەبووە مایەى زیانێکى گەورە بۆ خەڵکى زانرا زۆرێک لەوانەى کەلەوێدا کار دەکەن دەرچووى ئیمام خەتیب- ن و سەر لەو جۆرە کارانە دەرناکەن، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەى سەر بەپارتەکەى ئەردۆوان- ن لەوآ تەعین کراون.
جا تۆبڵێى هەموو ئەو راستیانەى کەلەسەرەوە بەکورتى خستمانەروو نەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى کەلەپشت ئەو دەوڵەتە بەناو سیکوێلەرەى تورکیاوە، هەردەم ئەقڵیەتى (سونى-حەنەفى)یانەى عوسمانییەکان کار دەکات و ئیدامەیەکى پەنهانە بەزەمەنێ:ى بەسەرچوو، دیارە هەموو ئەو گێرمەو کێشەو بگرە بەردە موزەیەفانەى کەگوایە لەنێوان دەوڵەت و ئاییندا هەن و میدیاکانى تورک دەیان حیکایەتى بەبەردا دەکەن.. تەنها بۆ پەردەپۆشکردنى ئەوەیە کەلەراستیدا لەپشت کەوالیسەوە بووکەڵە و موهەریجە سیاسییەکان دەجووڵێنێت.
ئەگەر رۆمانى بەفر-ى ئۆرهان پامووک بخوێنینەوە زۆر راستیمان لەو بارەیەوە لا رووندەبێتەوە، دەوڵەت کارى بەزۆربوون و تەشەنەکردنى ئیسلامیەتە لەتورکیا، هەروەک چۆن سەردەمانێک لەگەرمەى بەرەوپێشچوونى pkk لەسەر ئاستى جەماوەرى دەوڵەتى تورک لەپشت کەوالیسەوە حیزبوڵلاى لەناوچە کوردنشینەکاندا دروستکردو توانى بەپارە خەڵکێکى زۆر لەخۆى کۆبکاتەوەو کارى سەرەکیشى کوشتنى ئەندام و هەوادارانىpkk بوو، بەچەشنێک کەتەواوى خێزانێک سەردەبڕان و تائێستاش ئەوەى لەو سەردەمانەدا روویداوە پەردەپۆشکراوە.
چۆن دەوڵەت کارى بەتەشەنەسەندنى ئیسلامییەتە ئاواش ئیسلامییەکان پێویستیان بەفۆبیاو ترسان لەدەوڵەتە و ژەنەڕاڵەکان هەیە، تابتوانن وەک ئۆپۆزسیۆن و نەیارى دەوڵەت بێنە گۆڕەپان و راى جەماوەرى داخ لەدلڕ بەلاى خۆیاندا رابکێشن و بەمەش باشترین دەنگ بۆخۆیان کۆبکەنەوە، ئیدى هەموو ئەوەى کەلەو پانتاییەدا روو دەدات گەمەیەکى ناشرین و کۆمێدیایەکى قێزەوونە بۆ تەفرەدانى جەماوەر.
سەبارەت بەئەردۆوان-یش دەبێت رۆحى دیکتاتۆرییانەى ئەو زاتەمان لەبیر نەچێت و ئاماژەش بەو راستییە بدەین کەسەدان رۆژنامەنووس بەسایەى سەرى ئەوەوە لەسەر کار لابراون، دەیان کارمەندى تەلەڤزیۆن و کەناڵە جیاجیاکانى میدیاو دەزگا رەسمییەکان دەرکراون و لەشوێنیان کەسانى سەر بە A.K.P-ە دامەزرێنراون.
هەر بۆ نموونە کەناڵێکى وەک( ستار) ى تورکى کەخاوەنەکەى(جەم ئوزان)بوو، ناوبراو سکرتێرى ( پارتى لاوە)و یەکێکە لەسەرمایەدارە ناسراوەکانى تورکیا، بەڵام پاش ماوەیەک لەدژایەتى کردنى ئەردۆوان و پارتەکەى، لەکەناڵى ( ستار)ەوە..بەچەشنێک کەوتنە تەنگ پێهەڵچنینى مەگەر هەر ئەوەبێت کەنەیانکوشتبێت، ئەگینا مالڕ و موڵکیان هەراجکردو دەستیان گرت بەسەر سەرمایەکەیداو باوکیان زیندانى کردو براکەشیان لەتورکیا وەدەرنا.
جا ئەمە ئەو دیموکراتییەت و ئازادییەى ئێستاى تورکیایە کەبەداخەوە زۆرێک لەرۆشنبیران و سیاستمەداران هەردەم وەک فیردەوسى دیموکراتیزم و سیکوێلەریزم ئاماژە بەتورکیا دەکەن.
دیارە نموونەى دەستدرێژکارى و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لەلایەن A.K.P-ەوە گەلێک زۆرن، هەر بۆ نموونە کاریکاتێریستێکیان دایە دادگاو دنیایەک گێچەڵیان پێکرد تەنها لەبەر ئەوەى وێنەى ئەردۆوان- ى لەشێوەى پشیلەدا کێشابوو..لەکاتێکدا لەدنیاى داخراوى عەرەبدا چەندین جار بەکاریکاتێر سەرکردە عەرەبەکانمان بینیوە کەکراونەتە حوشتر و شتى لەو بابەتەو هیچ لێپێچینەوەیەکیش بەرانبەر کاریکاتێریستەکان نەکراوە، دیارە ئەگەر کرابێتیش بەو پێیەى ئیدیعاى دیموکراسییەت ناکەن، ئەوە بەئاسایى وەردەگیرێت.. بەڵام ئێمە لێرە قسە لەسەر تورکیایەک دەکەین کەخۆى لەئەوروپا لێ بەپێشترە لەپەیڕەکردنى دیموکراسییەت و پێشێلنەکردنى مافەکانى مرۆڤ.
ئاماژە بەنمونەیەکى تر بدەم رۆژنامەیەک لەسەر ئەوە داخرا کەوێنەى ژنى ئەردۆوان-ى بڵاوکردبۆوە لەکاتێکدا سەرۆک وەزیرانى یۆنان ماچى دەکات، ئەمەش لەسەردانى ئەردۆوان و ژنەکەى بۆ یۆنان روویدا.
رەنگە ئەم جۆرە ماچانەش بەپێى راوبۆچوونى عادل باخەوان بچنە خولگەى ئیسلامى دەرەوەى ئیسلام و ئیدى رێپێدراوبێت بۆ هەر کەسێکى سەر بەپارتێکى ئیسلامى هەموو ئەو شتانە قبوولڕ بکات کەبەپێى ئیسلام گوناهە.. یان رەنگە سەرۆک وەزیرانى یۆنان لەلایەن ئەردۆوان-وە بەکەسێکى مەحرەم سەیر بکرێت و پێى ئاسایى بێت لێو بەکوڵمى ژنەکەیەوە بنێت.
سەبارەت بەسیستمى تەقلیدى و شێوازى کۆنى بەحیزبیکردنى جەماوەرو راکێشان و کۆنتڕۆڵکردنى ژمارەیەکى زۆر لەخەڵکى لەلایەن A.K.P-ەوە، ئەگەر مەبەست بێت لەبارەیانەوە بدوێین، رەنگە بەچەند وتارێکیش نەتوانین بەتەواوى باسى لێوە بکەین.. سەیرترینیان هەوڵدانە بۆ دروستکردنى شوێنى تایبەت لەنێو ئاپارتمانەکاندا بۆ نوێژى جەماعەت و قسەو باسى ئایینى، بەمەش بەتەواوى نەک هەر کۆنتڕۆڵى گەڕەکانیان پێدەکرێت بەڵکو خودى گەڕەکەکانیش دەکەنە شوێنى چاودێرى نەیارەکانیان و زانیارى کۆکردنەوە لەسەریان.
ئەمەیە واقیعى ئەو A.K.P-یەى کەعادل باخەوان دەیخاتە دەرەوەى ئیسلام، جا ئەگەر لەروو ماچکردنى ژنەکەى لەلایەن سەرۆک وەزیرانى یۆنانەوە پێ قبووڵ بێت، ئەوە لەژێرەوە بەواتاى وشە ئیسلام دەباتە نێو مالڕ و ئاپارتمانەکانى خەڵکییەوەو بەخۆشى بێت یان بەترشى دەیسەپێنێت.
تێگەیشتن لەم تابلۆیە بیرکردنەوەیەکى قووڵى ناوێت، هەر کەسێکى سادەو ساکاریش لەئیزدیواجیەتى ئەو حیزبە تێدەگات و لێى حاڵى دەبێت.
نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت، تەزکییەو تەزکییەکارى A.K.P بۆ هەر کەسێک کەمەبەستى بێت دابمەزرێت، یان پرۆژەیەک هەڵبسووڕێنێت، تەنانەت بۆچوونە دەرەوەى وڵات و سەفەرکردنیش، بەپلەى یەکەم کاریگەرەو دەچێتە پێش هەر کەسێک کەئەو تەزکییەى نەبێت.
باخەوان دەڵێت:
(پرۆسێسى بیناکردنەوەى پانتاییە گشتییەکانى ئەم وڵاتە بەسەر بەهاو نۆرمە سیکوێلرەکان تابینە قاقاى لەشکستدا نوقمبووە)..
لەراستیدا تورکیا بەوتەى ئیسماعیل بێشکچى کۆڵۆنیایەکى نێو دەوڵەتییە، جابۆیە شکستى تورکیا لەوەدایە کەقەرزارىI.M.Fەو ناچارە پابەندى هەموو بڕیارەکانى ئەوان بێت، هەر ئەویشە بڕیار لەسەر هەموو کاروبارێکى ئابووریى نێو تورکیا دەدات، هەر لەدیاریکردنى ژمارەى ئەو کارمەندانەى کەساڵانە دەبێت فائیز بکرێن تادەگاتە بوارى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى.
لەکاتێکدا باخەوان دەڵێت:
( ئەم پارتە وەک فریادڕەسێک دروست دەبێت و لەپێناوى رزگارکردنى سیکوێلەریزاسیۆن لەشکست، دێت و رەهەندێکى ئایینى پآ دەبەخشێت).
جا لێرەدا دەبێت ئەوە وەبیر خۆمان بهێنینەوە، کەى بیستراوە سکوێلەریزاسیۆن پێوسیتى بەڕەهەندێکى ئایینى هەبێت، تالەشکست رزگارى بێت و بۆ دەبێت A.K.Pئەو فریادرەسە بێت لەجێى جێبەجێکردنى میتۆدى ئیسلام و کاربۆکردنى، سیکوێلەریزمى تورکى لەشکست رزگار بکات و شەوق و نوورى خۆى پێبەخشێت؟!..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە