ئەو لافیتە رەشانەى سیماى رەشى رژێمێکمان بیردەخەنەوە

Tuesday, 10/11/2015, 18:26

3434 بینراوە


ئێمە خەڵکى وڵاتێکین کەزۆربەى مردووەکانى جوان و هاوشێوەن، تەباو گونجاون لەگەڵ سیستمى کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى باوى کۆمەڵگە و خزم و کەسى فڵانە بەرپرس و فیسارە پیاوماقووڵو سەر بەیەکێک لەتەریقەت و رێبازە ئایینییەکانیش.
گەلێک لەزیندووەکانى ئێمە پاش مردنیان دەبنە قارەمان و لافیتەکان لەدوو توێى ئاماژەى دێڕەکانیاندا حیکایەتى جوامێرى ئەوانمان بۆ دەگێڕنەوە. لەو گچکە شارانەى کەئێمەى کوردى تێدا دەژین، بۆ هەر کوێیەک بچین، دیوارى دەیان بیناو شوێن و مزگەوتمان بەرچاو دەکەوێت کەبانگەشەى مەرگى کەسێک یان چەند کەسێک لەسەر لافیتە هەڵواسراوەکانى نووسراوەتەوە.
ئیدى ئەمە ئەو بازنەیەیە کەدەبێت تێیدا بژین و پاشان بمرین و دواجار بەهیمەتى پیاوچاکان و مەرحەمەتى خۆشنووسان لەلافیتەیەکدا یادبکرێینەوە، جا جگە لەلافیتەکانیش هەواڵى مەرگ لەرۆژنامەو کەناڵەکانى میدیاشدا بڵاودەکرێتەوە.
لەهەمووشى سەیرتر بڵاوکردنەوەى هەواڵى مەرگە، لەکاتێکدا سەماکەرێک سەما دەکات، یان گۆرانى بێژێک گۆرانى دەڵێت و لەژێر وێنە بزۆزەکەوە هەواڵەکە دەنووسرێت.
راستییەکەى ئەمە ئەو پەڕى سووکایەتیکردنە نەک هەر بەمردووەکان و خودى چەمکى مەرگ، بەڵکو بەخاوەن مردووەکانیش، لەکولتوورى کوردا روانینێکى لەو چەشنە بۆ مەرگ نییە، تائێستاش کوردە عەلەوییەکان مردن بەدنیاى چوونە دنیاى خامۆشى ناو دەبەن و بەگۆڕستانیش دەڵێن خامۆشگەو بەئەدەب و حورمەتەوە دەڕواننە کردەى مەرگ کەوەک پرۆسێسێک زیندووەکان دەباتە نێو دنیاى خامۆشى، سەربارى دژایەتى کردنى کوردە حەنەفییەکان، بۆ چەشن و شێوازى ناشتنى مردووەکانیان، هێشتاکە لەزۆر شوێن و جێگەى نیشتەجێبوونیاندا، پێش ناشتنى مردووەکانیان پێخەف و سەرین لەنێو گۆڕەکانیاندا دادەنرێت، وێنەو کەل و پەل و شمەکى کەسە ئازیزەکانیانى لەگەڵ دەنێژرێت. لێرەدا دەبینین لەکولتوورى ئێمەى کورددا ئەگەر کوردە عەلەوییەکان بەنمونە وەربگرین، تێڕوانینێکى تر هەیە کەدیارە لاى ئەوان کەسى مردوو چووەتە دواقۆناغى خەوتنى ئەبەدى خۆیەوەو شوێنى خۆى لەدنیاى خامۆشاندا کردووەتەوەو ئیدى دەبێت لەگوڵ و گوڵزارى خامۆشگەکەدا چاوەڕێى هاتنەوە ژیانى ئەو ببینەوە.
مەرگ بەتەسەوورى ئەوان شتێکى ترسناک نییە، چونکە تەنها گۆڕانى قۆناغێکە بەقۆناغێکى تر کەبۆخۆى جەوهەرى بەردەوامى ژیانە. لاى کوردە یەریسانییەکانیش مەرگ کۆتایى نییە چونکە بەدۆناو دۆنى رۆح جارێکى تر کەسى مردوو دەگەڕێتەوە بۆ نێو ژیان.
زەردەشتیەکانیش بەمەبەستى نەگەڕانەوەى جەستەى گەنیووى مردووەکانیان بۆ نێو خاک و خۆڵ، لەسەر چیایەک مردووەکانیان جێهێشتووە، تاباڵندە گۆشتخۆرەکان جەستەکە بخۆن و دواتر تەنها ئێسکەکانیان ناشتووە، پاش ئەوەى خستوویانەتە نێو کوپەڵەکەیەوە.
هەموو ئەو نمونانەى کەئاماژەمان پێدا بۆ ئەوە بوو کەبزانین مەرگ لەکولتوورى کورددا چ پانتایی و جێگەو شوێنێکى داگیرکردووە، راشکاوانە ئەوە دەبینینەوە کەمەرگ ساتەوەختى تێڕامان و بێدەنگى بووە.
ژاک دریدا گوتەنى:( فێربوونى ژیان فێربوونى مەرگە).
واتە دەبێت لەدەرەوەى ژاوەژاوى هەوڵى شێواندن و سڕینەوەى مەرگ خۆیەوە، تەسەوور و دنیابینییەکى ترت هەبێت، تابتوانیت راڤەى خودى ژیان خۆى بکات.
جا لێرەدا بەو مەبەستەى لەباسەکەمان لانەدەین، دەگەڕێینەوە سەر دەستپێکى هاتنە ناوەوەى کولتوورى لافیتە نووسین و راگەیاندنى ریکلامییانەى مەرگى مردووان لەم پانتاییە جوگرافییەى کەئێمەى تێدا دەگوزەرێین. دەبینین لەماوەى جەنگى هەشت ساڵەى( ئێران-عێراق)دا، ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکى بەرچاو کەوتە روو، بەو پێیەى لەو سەردەمەدا بەدەر لەمەرگى ئاسایى، مەرگێکى زۆرە ملێ هەبوو، هەر بۆیە بەعسییەکان بۆ رەواندنەوەى ترس و خۆف لەمەرگ و فۆبیاى کوژران، ئەم شێوازە بانگەشەو لافیتە نووسین و بڵاوکردنەوەى هەواڵى کوژراوەکانیان، وەک سونەتێک هێنایە ئاراوە. ئیدى بەپێى ئەو لافیتانە هەموو ئەوانەى کەبەزۆر لەلایەن خودى رژێمى ئەو دەمەدا لەجەنگدا بەکوژران دەدران، ناویان بەپاڵەوان و قارەمان دەهات.
لەکاتێکدا ئەو کەسانەى کەلەمیانى دژایەتیکردنى رژێم و دام و دەستەکەیدا گیانى خۆیان دەبەخشى و شەهید دەبوون، پرسە بۆ گرتنیشیان قەدەغە بوو. راگەیاندنى مەرگى ئەوان لەپۆستەرەکاندا دەخرایە روو، کەبەنهێنى دەبووایە لێرەو لەوێ هەڵبواسرایە. لێرەوە ئەو حەقیقەتەمان لا رووندەبێتەوە کەلافیتەکان سیماو سیمبۆلى باڵادەستى رژێمێکى دیکاتۆر بوو، لەکاتێکدا پۆستەرەکان سیمبۆلى ئۆپۆزسیۆن و هێزى بەرەنگاربوونەوە بوو، بۆیە هەردەم خەڵکە داخ لەدڵەکە پۆستەرەکانى بەجوان دەهاتە بەرچاو و لافیتەکانیش بەناشرین.
جێگەى سەرسامییە گەر بڵێین کوردێکى خاوەن کولتوورێکى تایبەت بەمەرگ هێندە کەوتبێتە ژێر کاریگەرى کولتوورى بەعسەوە، لەرووى درێژەپێدان بەنووسینى لافیتە نووسین و هۆکارەکانى تر لەراگەیاندنى مەرگى مردووەکانیان. کەهەر پاش راپەڕین لافیتەکان جارێکى تر ئێمەیان بەو دنیا ناشرینەى پێشووەوە گرێداو هەروەک ئەوەى هیچ نەگۆڕدرابێت و هێشتاکە لەو سەردەمەدا بین.
ئاستەمە بیر لەوە بکەینەوە کەبۆ ناوى گیان بەختکەرانێکى کورد کەدواى راپەڕین لەهەندێک پێکدادان و شەڕى نێوان کوردو رژێمدا کوژراون، لەسەر لافیتەکان نووسرابێتەوە، ئەگەر هەر مەبەست لەراگەیاندنى کوژرانى ئەوان بووبێت، ئەوە دەبوو شێوازێکى تر بەکاربهێنرێت.
ناکرێت بەهەمان خەتى خۆشنووسان و لەسەر هەمان لافیتەى رەش حیکایەتێکى جیاواز بگێڕیتەوە.. دەبوو لانى کەم جیاوازییەک هەبێت، ئەمە لەکاتێکدا کەکردەى راگەیاندنى مەرگى مردووەکان بۆ خۆى شوێنى پرسیارە؟!.
رەنگە جوانترین جیاوازیش ئەوە بایە کەهیچ لافیتەیەکى بۆ هەڵنەواسیت، دەبا بەشێوەو چەشنێکى تر لەیادەوەرى ئێمەى کورددا جێى خۆى کردبایەتەوە.
لەئێستادا لافیتە نووسین و چەشنەکانى دیکەى راگەیاندنى میدیاتیکیانەى مەرگ، بۆتە بەشێکى جیانەکراوەى کولتوورى کوردى ئەم دەڤەرەو تابڵێى بەرەو ئایندەیەکى ترسناکمان دەبات، سەیرە تۆ بەرادەیەک لاساییکەرەوە بیت، کەهەموو ناشرینییەکانى دەرەوەى خۆت بێ پرسیار بهێنیتەوە نێو خۆتەوەو هەموو جوانییەکانى نێو خۆت بێ دوو دڵى تووڕ بدەیتە دەرەوەى خۆت.
گەر بڕوانینە دیوێکى ترى مەرگ لەکولتوورى کورددا بەگشتى، گەرچى خودى ئەو کولتوورە هیمۆژینەو بەدەر نییە لەناکۆکى وجیاوازى، دەبینین خەسڵەتێکى داستان ئامێزانە لەخۆ دەگرێت، هەر بۆنموونە بەسەردولکە حیکایەتى کەسى مردوو دەگێڕدرێتەوەو دەنگ و وشەو دێڕەکانى، وێنەو دیمەنە جوداو جیاوازەکانى ژیانى کەسى مردوومان لابەرجەستە دەکات و جارێکى تر بەچەشنى تراژیدیاکانى گریک لەنێو زەینماندا دەیژێننەوە.
تەنانەت ئەگەر کەسە مردووەکەشمان نەناسیبێت، سەردوولکەکان لەڕێى وێناندن و بەرجەستەکردنەوە بەومان ئاشنا دەکات. سەردولکە و لایلایەکردن بۆ مردووان، هەوڵێکى موزەیفانە نییە بۆ جوانە پیشاندانى مردووەکان، هێندەى ئەوەى یادەوەرییەکانى ئەو کەسەى کەمردووە، بەناکۆکى و جودایى و هەڵوێستە جیاوازەکانیشیەوە دێتە بوون. دەکرێت سەردولکە لەشوێنێکدا باس لەتووڕەیى کەسەکەو دواتر ماجەراکانى ئەشق و خۆشەویستى و لەجێگەیەکى تریشدا باس لەکین و رکى دەرهەق بەکەسێک یان دەسەڵات و دەستەو تاقمێک، یان زۆر شتى تریش بکرێت، دەبینیت لەساتەوەختێکدا رانەگیراویت و بەتەواوەتى لەنێو کەشى هێنانەوە بیرى مردووەکەدایتو بەشوێن دۆزینەوەى ماناى ژیانى ئەو و خۆت و کەسانى ترو مەرگیاندا وێڵیت.
بەبیرهێنانەوەى جارێکى ترى گوتەکەى ژاک دریدا" فێربوونى ژیان فێربوونى مەرگە"، بەبەراورد لەگەڵ ئەو کەشەى کەپێشتر کورد بۆ مردووانى سازیداوە، هەست بەجۆرێک لەهەوڵدان دەکەین بۆ فێربوونى مەرگ یان فێربوونى ژیان، لەرێى ئەو بۆشاییەى کەخودى کەشەکە لەزەینى زیندووە ئامادەبوواکاندا دروستیکردووە، لەکاتێکدا لەئێستاى دنیاى لافیتەکان و راگەیاندنى میدیاتیکییانەى مەرگى کەسانێک و مەراسیمى پرسەکان بۆشاییەک نامێنێتەوە بۆ تێڕامان. خودى مەراسیمەکە تەنها بانگهێشتێکە بۆ ئاگادارکردنەوەو کۆکردنەوەى زۆرترین زیندوو..ئیدى لەنێو قەرەباڵغى ئەو حەشامەتەى کەدێتە نێو پرسەکەو وێنەگرتنى ڤیدیۆیى و زۆر شتى تر کەبەکولتوورى کورد نەیارە. ساتەوەختێک نامێنێتەوە نەبۆ خاوەن مردووەکەو نەبۆ ئامادەبووانیش تاشتێک بیر لەماناکانى مەرگ و ژیان بکەنەوە، یان بۆ چرکەساتێک رۆبچنە نێو یادەوەرییەکان. ئیدى لەزۆرێک لەپرسەکاندا کەلەئێستادا بۆتە باو بوونى کامێراى ڤیدیۆ و وێنەگرتنى بەشێوەیەکى بەرچاو دەبێتە مایەى دابڕانت لەخۆت، چونکە لەساتەوەختێکدا وێنە دەگیرێت، کەبەهیچ کلۆجێک شوێنى وێنەگرتنى تێدا نابێتەوەو چەند بیریشى لێبکەینەوە لەو هۆکارى ئەو وێنەگرتنە تێناگەیت، چونکە لەوێدا خودى کامێراى ڤیدیۆکە دەبێتە بابەت و هاوێنەکەشى دەبێتە ئەو چاوەى کەبەردەوام چاودێریى هەر یەکێکمان دەکات. کەسیش نییە پرسیار لەوە بکات ئەم وێنەگرتنە چۆن چۆنى بووە بەشێکى گرنگى ئەو مەراسیمەى کەوەک خۆى جێگەى پرسیارە، شایانى باسە گەر لێرەدا ئەو راستییە وەبیر خۆمان بهێنینەوە کەزۆرێک لەمردووانى دنیا هێشتاکە بەهەمان دەستوورى لەپێشینەى خۆیان مامەڵە لەگەڵ مردووەکانیاندا دەکەن و لەو بارەوە نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەرى هیچ کامێک لەشێوازو رێوڕەسمەکانى تر، چونکە تێڕوانین بۆ فڵانە داب و نەریت، یان فیسارە بەشى کولتوورت، لێکۆڵینەوە دەرحەق بەوەى کەپێشتر بۆ هەبووەو دواتر بۆ نەماوەو هۆکارەکانى چى بوون، هەموو ئەمانەو زۆر وردەکارى تریش دەبێت ببێتە جێگەى قسەو باس. بۆ دەبێت هێشتاکە جولەکەکان هەڵگرى هەموو ماکە جیاکەرەوەکانى خۆیان بن و دەیان سیمگەو سیمبۆل و داب و نەریت تا ئێستا وەک خۆى پارێزرا بێت و نەکرێت دەیان پرسیارى لەبارەوە نەکەیت.
هەر بۆ نموونە لەکاتى مردنى مردووەکانیاندا هەموو ئاوێنەکانى نێو ماڵەکەیان رووپۆش دەکەن، یان هەرگیز لەکاتى خەوتندا قاچیان بەرەو دەرکەى ئەو ژوورەى کەتێیدا دەخەون درێژ ناکەن، بەڵکو سەریان رووەو دەرکە دەکەن. ئەکەر لەجێگەشدا مردن ئەوە یەکسەر کەسانى مردووەکە ئاراستەى قاچى مردووەکە دەگۆڕن بەچەشنێک کەقاچى رووەو دەرکە بێت و هەر ئاواش لەدەرکەى ژوورەکە دەیبەنە دەر. ئەمە سەربارى ئەو حیکایەتە میتۆلۆژییەى کەلەخۆى دەگرێت، وەک دیاردەیەک حیکایەتى جیاوازى ئەوانمان بۆ دەگێڕێتەوەو دەمانباتەوە بۆ نێو قوڵاییەکانى مێژوو و کولتوور و فەرهەنگى ئەوان.
لەکاتێکدا ئێزیدى و عەلەوى یەریسانییەکان بوونەتە پارێزەرى زۆرێک لەو سیماو خەسڵەتانەى کەکوردى پێ دەناسرێتەوەو لەوانەى ترى جیاى دەکاتەوە، لەهەمان کاتیشدا ژمارەیەکى زۆرى کورد دەستبەردارى زۆرێک لەو بەهاو چەمکانە بوون، کەڕەگ و ریشەى بەمێژوویەکى دێرینیاندا رۆچووە.
" میهرداد.ئیزەدى" لەکتێبى کوردەکان-دا، زۆرر بەوردى کەسایەتى کورد دەناسێنێت و ئاماژە بەناکۆکییەکانى ناوەوەى دەدات و بەشێوەیەکى گشتى سەبارەت بەکورد پێى وایە کەکورد تەنها ئەو کاتانەى کەزۆر و زەبر و زەنگى لەگەڵ بەکاردەهێنرێت، یاخى دەبێت و ناچێتە ژێر بار و وەک خۆى دەمێنێتەوە و کولتوور و خەسلەتە نەتەوەییەکانى خۆى دەپارێزێت. ئەگینا ئەگەر وازى لێ بهێنیت و بەنەرمى و نیانى لەگەڵى بجووڵێیتەوە، هەر بۆخۆى بەلاساییکردنەوەو چاولێکەرى دەبێتە ئەوى تر و خودى فەرهەنگ و کولتوورى خۆى لەبیر دەچێتەوە. هەر بۆنمونە میهرداد لەکتێبەکەیدا ئاماژە بەو بنەمالانەش دەکات، کەبێ ئەوەى کەس لاقەى کردبێتن لەنێو نەتەوەکانى تردا تواونەتەوەو دەسبەردارى کوردبونى خۆیان بوون.
هەر خودى میهرداد ئاماژەش بەوە دەکات کەلاوازترین کەلتوور و فەرهەنگ کاریگەرى لەسەر کورد هەبووە، وەک نمونەیەکیش ئاماژە بەکاریگەرى کولتور و فەرهەنگى لاوازى تورک دەکات لەسەر کورد، ئەمە بێجگە لەکاریگەرى ئایینى کەلەسەردەمى عوسمانییەکانەوە تا ئێستا توانراوە ژمارەیەکى زۆر بەرچاوى کورد بهێنرێتە سەر مەزهەبى( سونى-حەنەفى).
جا سەیر لەوەدایە کەکورد گەرچى دەرکەکانى ئاوەڵا بووە بۆ هاتنە ناوەوەى کولتوور و فەرهەنگە جیاجیاکان، بەڵام زیاتر شتە ناشرینەکانى وەرگرتووەو کەم جار شتە باش و جوانەکانى لەخۆ گرتووە. رەنگە ناشیرنترین خەسڵەتێکى کولتوورى و فەرهەنگیشى لەکوشتنى مێینەدا خۆى ببینێتەوە، کەتا ئێستاش بەهەمان پێودانگى پێشینەى خۆى مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا دەکات و تێکەڵى ئێستاى لەگەڵ دنیاو تێکەڵیى دنیاش لەگەڵى هێشتاکە نەیگۆڕیوە.
لەکاتێکدا گرنگترین خەسڵەتە فەرهەنگى و کولتوورییەکانى کەخودى مامەڵەکردنێتى لەگەڵ مردووەکانى و راڤەى مەرگ و تێڕامانێتى لەبوون و عەدەم و هەموو ئەمانەش لەفەرهەنگ و کولتوورى کورددا ئامادەگى هەیە، کەچى لەئێستادا بەشێوەیەکى بەرچاو فەرامۆش کراوەو بەدەیان شتى ناشرین پڕکراوەتەوە، تازەترینیان پرسەگێڕانى نێو چادرە گەورەکانە، کەلەنێو کوچەو کۆڵان و شەقامەکاندا هەڵدەدرێت.
جا ئەوەى کەلەم دەڤەرەى ئێمەدا بۆتە شتێکى باو و ئاسایى نەک هەر لەزۆر شوێنى ترى دنیادا بوونى نییە، بەڵکو لاى هاوڕەگەزەکانى خۆشمان هێشتاکە نەزانراوە، هەر بۆنموونە کوردەکانى باکوور، نە لافیتى بۆ مردووەکانیان دەنووسن و نەوێنەى ڤیدیۆیى پرسەو حەشامەتى ئامادەبووان دەگرن و نەوەک مەراسیم دەڕواننە خودى ئامادەبوونیان لەپرسەکاندا و نەبۆتە مەراسیمیش، ئیدى ئەوان کارێکیان بەکۆکردنەوەى زۆرترین ژمارە لەخەڵک نییە، تا وەک لاى ئێمە رایبگەیەنن.
ناکرێت لەپاڵ لافیتەى بانگەوازى کۆمپانیاو دەزگاکان و لافیتەى ریکلامکردن و لافیتەکانى تردا، کەشوێنێکیان لەسەر دیوارەکان نەهێشتۆتەوەو دار و بەردیان داپۆشیوە، تۆش هەواڵى مەرگى مردووەکەى خۆت لەپاڵ یان لەژێر یان لەم سەرو ئەوسەرى لافیتەکانەوە هەڵبواسیت، دیارە کێشەکەش تەنها لەشوێنى هەڵواسینى لافیتەى تایبەت بەمردووەکاندا نییە، تۆ پاش بینینى چەند لافیتەیەکى جۆراو جۆر کەهەر یەکێکیان سەرنجت بۆلایەک رادەکێشن، لەپڕ لافیتەى مردووەیەکیش دەبینیت، کەتەنها بەڕەنگ لەلافیتەکانى تر جیاوازە، ئەگینا هەردووکى هەر ئاگادارکردنەوەو راگەیاندن و بانگهێشت کردنە.
رەنگە کەسانێک هەبن و بڵێن، باشە ئەى چۆن دۆست و برادەرانى کەسە مردووەکە ئاگادار بکرێنەوە. دیارە هەر چۆن دۆست و هاوڕێیانى کەسە مردووەکانى شارێکى وەک ئامەد ئاگادار دەکرێنەوە، بەبێ لافیتەى رەش و شێوازەکانى ترى لەمەڕ خۆمان، لەکاتێکدا هیچ شارێکى ئێمە هێندەى ئەو شارە لەڕووى ژمارەى دانیشتووانییەوە قەرەباڵغ نییە!؟ ئەمە تەنها دیوێکى رووکەشى مەسەلەکەیە، ئەگینا لەپشت نووسینى لافیتەو بڵاوکردنەوەى هەواڵى مەرگى کەسانێک، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا پێشیینەیەکى بەعسییانەو تێڕوانین و دنیابینییەکى فاشیانە هەیە، کەزادەى زەمەنى جەنگى هەشت ساڵەى رژێمى پێشووى عێراقە.
لەهەمووشى ترسناکتر ئەوەیە، کەئەم لافیتەو نووسین و رێوڕەسمەى کەباسى لێوە دەکەین، بگوێزرێتەوە بۆ نێو کوردەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان و بۆ هەتا هەتایە ببێتە بەشێکى جیانەکراوەى پرسەگێڕانمان. ئێمە لەکاتێکدا لەهەوڵى سرينةوةى سیماکانى بەعسداین لەنێو خودى ئەم دەڤەرەداو لێرەو لەوێ بەردو دارێک ئەوانمان بیر بخاتەوە لادەبرێت، ئیدى ئەم هەوڵدانە لادانى زۆر پەیکەر و فولکەو دەستکاریکردنى زۆر شتى ترى گرتەوە. لەکاتێکدا هێشتاکە لەوە بێخەبەرین کەبەعس لەبەرفراوانترین دەروازەوە هاتۆتە نێو فەرهەنگ و کولتوورمانەوەو هەموو تێڕوانینى ئێمەى سەبارەت بەمەرگ و پرسە ژێر و ژوور کردووەو شارەکانى ئەم دەڤەرەى لێکردووینەتە یەک پارچە لافیتەى رەش، کەئێمەش لەجێى نەهێشتنیان دەیان ئیزافەمان خستۆتە سەر.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە