ساتەوەختێکى بێئاگایم

Thursday, 12/11/2015, 22:03

2782 بینراوە


لەپەنایەکى دوورەدەستى شوێنێکدا دانیشتبووم کە پێدەچوو پێشتر شوێن دەرکەیەکى گچکە بووبێت و دواتر پڕکرابێتەوە، مابەینى بەردەکانى هێشتاکە پڕنەکرابوونەوە.
کەمێک لەسەرووى شوێنجێگەى کۆنە دەرکەکە دەلاقەیەکى تێکرابوو، دوو کۆترى سپى لەوێوە سەرەتاتکێیان لەگەڵ دەکردم.
ئەو دەستنووسەى کەکەسێکى نەناسراو دابوویە دەستم، بەرگێکى رەنگ رەشى چەرمینى هەبوو، بەبۆیەکى سپى و بەخەتى فارسى لەسەر بەرگەکەى نووسرابوو:" پەڵە خەونەکان-نووسینى:س".
لاپەڕەکانى بەچەشنى هەڵبەزین و دابەزینى دڵى نەخۆشێک رەشکرابوونەوە، هەندێک لاپەڕەشى راست و چەپى بەسەردا هێنرابوو، هەندێکیشى لێکرابوونەوە، دوا لاپەڕەى دەستنووسەکەش ئیمزاى-س-ى پێوە بوو.
کاتێک سەرم هەڵبرى و روانیمە دەور و پشتى خۆم، هەموو ئەوەى پێشترم وەک خەونێک هاتە پێشچاو، چونکە وێنەى خۆمم لەئاوێنەى دەستەراستى ئۆتۆمبیلێکى مۆدێل کۆندا بینییەوە، بێجگە لەمن و شۆفێرەکە سێکەسى دیکەشى تێدابوو. راستەوخۆ دەیانڕوانییە وێنەیەکى هەڵواسراوى بەشى ناوەوەى سەرجامى پێشەوەى ئۆتۆمبیلەکە و شۆفێرەکەش بەبێچاوترووکاندن دەیڕوانییە هەمان وێنە، چەند لەوێنەکە وردبوومەوە هیچى ئەوتۆم نەبینى تابزانم چییە. هەموو ئەوانەى لەنێو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون، لەکەسى ئاسایى نەدەچوون، بێجووڵە و پەیکەر ئاسا لەیەک خاڵیان دەڕوانى. کاتێک وردتر روانیمە ئۆتۆمبیلەکە هەرچەندە لەشوێن خۆى نەدەجووڵا، بەڵام دیمەنەکانى دەور و پشتى هەروەک ئەوەى لەجووڵەدا بێت دەگۆڕدران. جار جارە خێرا دەگۆڕان و هەندێک جاریش هێواش دەبوونەوە.
ئۆتۆمبیلەکە بەنێو شارۆچکەیەکدا تێپەڕى، لەهەموو سووچ و قوژبن و کووچە و کۆڵان و گۆڕەپانێکدا، پەیکەر و وێنەى کەسێک دووبارە دەبۆوە. هیچ بوونەوەر و زیندەوەرێکم لەو شارۆچکەیەدا نەبینى، تەنها شتێک کەوەک هێماى زیندەگى لەو شارۆچکەیەدا هەبوو، وێنەیەکى هێجگار گەورەى کاڵوکرچى درەختێک بوو کە پێدەچوو نیگارکێشێکى زۆر نەشارەزا لەرۆژگارێکدا کردبێتى و کەسانێک لەبەر هەر هۆیەک لەو شوێنە هێجگار دیارەى شارۆچکەکەدا و بەو دیوارە بەرزەدا هەڵیانواسیبێت.
پاش تێپەڕکردنى شارۆچکەکە ئۆتۆمبیلەکە هاتەوە سەر شاڕێگەى سەرەکى و بەلۆفەکانى چیایەکى بەرزدا هەڵگەڕا و دواى ماوەیەک گەیشتە سەر لوتکەى چیاکەو شەومان لێداهات. ئۆتۆمبیلەکە لەبەردەم کۆشکێکدا راوەستا کە لەنهۆمە بەرزەکانیدا یەک دوو چرا دەسووتان. ئەوان پاش دابەزینى شۆفێرەکە دابەزین و لەتاریکاییەکەدا ونبوون، پاش ئەوەى قەیرێک بەسەرسامییەوە روانیمە ئەو شوێنەى کەنەمدەزانى کوێیە، منیش وەک ئەوان دابەزیم. 
دارستانێکى بەسام و چڕوپڕ چواردەورى کۆشکەکەى دابوو، نەمدەزانى بەرەو دارستانەکە ملبنێم یان بەرەو کۆشکەکە بچم. هەر چۆنێکبوو رێگەى نێو دارستانەکەم گرتەبەر و پاشئەوەى تاوێک هەنگاومنا، هەستمکرد بنی پێیەکانم دێشێ، بەچەشنێکى زۆ نائاسایى گێژم، بۆ ساتەوەختێک وامزانى ناتوانم لەوەزیاتر بەسەر پێوە رابوەستم، بەڵام هێندەى نەبرد هەموو شتێک ئاسایى بۆوە و کەوتمە رێ. پرسیارەکان لەمێشکمدا هێندە زۆربوون وا باشتربوو فەرامۆشیان بکەم و بەشوێن وەڵامیاندا نەگەڕێم، هەرچەندە ئاستەمیش بوو وەڵام بۆ هیچ کامێکیان بدۆزمەوە.
لەنێو دارستانە چڕوپڕە تاریکەکەدا، بێجگە لەبینینى سێبەرى تارماییەکان، گوێشم لەدەنگى هانکە هانک و هەناسەبڕکێى چەند شتێکبوو. دەبوو نەترسم و هەنگاو بنێم. پاش ماوەیەکى نەزانراو لەرۆیشتن، کەوتمە نێو کۆمەڵێک دەوەنى چڕوپڕ، کەلەتەوابوونیاندا کانییەک هەبوو، کاتێک کانییەکەم بینى ئەوەم بیرکەوتەوە من هەر لەسەرەتاوە تینوومبووە و ویستوومە قومێک ئاو بخۆمەوە، لەسەر عەردەکە راکشام و دەمم لەکانییەکە وەردا. بەڵام هەروەک ئەوەى وێنەیەکى بەدەست کێشراوبێت قوومە ئاوێک چییە نەهاتە دەممەوە، بەڵام کەلێى دووردەکەوتمەوە دەبووە کانییەکى راستەقینە و کرمۆکە و زیندەوەرە ئاوییەکانى ناوى دەکەوتنە جووڵە و ئاوێکى سازگارى لەبەر دەڕۆیشت.  
دارودرەخت و گژوگیاى نێو دارستانەکەش کە دەستى منیان دەگەیشتآ، لەجێى خۆیان وەک وێنەیەک رادەوەستان و نەرمى و نیانیان تێدا نەدەما. لەنێو دارستانێکى پڕ وێنە و دیمەنى جۆراوجۆردا وێڵ و ئەوداڵ بووبووم.
لەهەر رێچکەو رێگەیەکى دارستانەکەوە رێگەم بگرتایەتە بەر، دەچوومەوە بەردەم کۆشکەکە. پاش ئەوەى بێهوودە دەیان جار بەنێو دارستانەکەدا گوزەرمکرد و تێپەڕیم، بەپلیکانەیەکى دوورودرێژدا رێگەى کۆشکەکەم گرتەبەر. بەدرێژایى شەو پلیکانەکانم بڕى و لەبەرەبەیاندا خۆم لەبەردەم یەکێک لە دەرکەکانى کۆشکەکەدا بینییەوە، هەرچەندە وەک ئەوەى دەرکەکە داخراو بێت،  زۆرم لێداو چاوەڕێمکرد. بەڵام دواتر ئەو راستییەم لائاشکرا بوو کە هەر لەسەرەتاوە بەکراوەیى جێهێڵرابوو. هێدى هێدى دەرکەکەم تەواو خستە سەرپشت و چوومە نێو هۆڵێکى گەورە، هۆڵەکەم تێپەڕکرد و بەپلیکانەیەکى تەسک و تروسکدا چوومە نهۆمى دووەم و لەوێدا خۆم بەرانبەر سآ هۆڵى گەورە بینییەوە، تەنها یەکێکیان بەرەو خۆى کێشیکردم کە لەسەرى نووسرابوو:"کتێبخانە"، چوومە ژوور و کەوتمە تاوتوێکردنى کتێبەکانى، سەرجەم کتێبەکانى مێژوویى بوون، بەڵام لەشوێنێکى کەمێک نادیارى کتێبخانەکەدا بۆ جارى دووەم دەستنووسى:"پەڵەخەونەکان" م ، بەرچاو کەوت، لەسەر کورسییەکى لەتەختە دروستکراوى نزیک مێزێکى شووشە دانیشتم و کەوتمە خوێندنەوەى دەستنووسەکە.
 نازانم چەند لاپەڕەى دەستنووسەکەم خوێندبۆوە، کاتێک هەستامە سەرپآ و لەپەنجەرەى بەشى دەرەوەى کتێبخانەکە نزیک بوومەوە و روانیمە دەرەوەى کۆشکەکە، لەشوێن جێگەى دارستانەکەدا پانتایى بیابانێکم کەوتە پێشچاو کە قوولەیەکى سپى لەنێوەڕاستیدا بەئاسماندا چووبوو. کەسێکى دەمامککراو بەپەیژەیەکى هەڵپەسێراو بەقوولەکەدا بەرەو سەر سەردەکەوت و بەو شێوەیە بەردەوامبوو تا گەیشتە بەرزترین ئاستى قوولەکە، ئەودەم دەستنووسێکى بەرگ رەشى چەرمینى لەهەگبەکەى دەرهێنا و لەنێو ئەو سندووقەى نا کەلەسەر قوولەکە راگیرابوو.
ساتەوەختێک دیمەنەکە لەبەرچاومدا وەکخۆى مایەوە، پاشان قوولەکە و سندووقەکەى سەرى بەچەشنى وردە کاغەز دابارینەخوار و نەشمزانى کەسەکە چى لێبەسەرهات. روانیمە دەستنووسەکە کەپێشتر لەسەر مێزەکە جێمهێشتبوو، لەجێى خۆیدا نەمابوو، هەموو سووچ و قوژبنێکى کتێبخانەکە و تەنانەت نێو هەموو چەکمەجە و دۆڵابەکانیشى بەشوێندا گەڕام بەڵام نەمبینییەوە.
    کۆشکەکەم جێهێشت و دواى ئەوەى گەیشتمە سەر هەمان کانییەکەى پێشووى نێو دارستانەکە. بۆ تاوێک رۆچوومە نێو خەونە ساتێکى خۆڵەمێشى و رەنگە قەیرێکیش ئاگام لەدەور و بەرى خۆم نەمابێت. کاتێک بایەکى سارد بەئاگاى هێنامەوە، هێشتاکە لەنێو ئۆتۆمبیلە مۆدێل کۆنەکەدا دانیشتبووم و سەیرى گۆڕانى وێنە و دیمەنە گۆڕاوەکانى دەوروپشتى خۆمم دەکرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە