مرۆڤایەتی لەنێو فاشیزمێکی بێ پەردەدا دەژی!

Sunday, 15/11/2015, 20:46

2564 بینراوە


مرۆڤایەتی لەنێو فاشیزمێکی بێ پەردەدا دەژی!
لەدوای ڕوداوەکانی یازدەی سێپتێمەری دوو هەزارویەکەوە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەم سەر زەمینەدا خراونەتە نێو بەرداشی تیرۆریزمێکی پلان بۆ داڕێژراوەوە کە خودی زلهێزانی جیهان داڕێژەری ئەو پلانە گڵاوانەن. تەواوی گروپە تیرۆریستیەکانی ئیسلامی سیاسی و چونە پێشی پێگەی باڵی ڕاسیزمی قەومی، خۆی لەنێو ئەو پلانەی زلهێزانی جیهاندا حەشار داوە. چونکە ئەوە زلهێزانی کاپیتاڵیزمن هەڵسوڕێنەری جەنگە بەردەوام و قازانج هێنەرەکانن بۆ ڕژێمەکانیان و بکوژیشن بۆ گیان و ژیانی هاوڵاتیانی بێ دیفاع.
لەم سەدەی بیستویەکەدا،دەرئەنجامی قەیرانە ئابوریەکان کە خودی سیستەمی حاکم بەرهەمهێنەرین،بوون بەبەڵایەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر ژیانی ملیاردەها لە مرۆڤی زەحمەتکێش و کارگەر،لێرەدا ئەوەی چاوەڕوانی لێ دەکرێت،تەنها هێنانی تەنگەژە و کارکردن دەبێت لەسەر مەدی ڕاسیستی قەومی و دینی،تا لەو ڕێگایەوە،پەردە پۆشی قەیران و قازانجە سەرسوڕهێنەرەکانی پێ بکەن.
جەنگی بێ کۆتایی کە دوای ئەو مێژووەی سەرەوە ئیشارەم پێدا،تا ئێستا بەردەوامه و قەیران و مەینەتیەکانیش هەر ڕوو لەسەر دەکەن. لێرەدا دەکرێت چ دەر ئەنجامێک وەدەست بخرێت،بەغەیری ئاڵۆزی و مەدی بێهودەیی نەبێت. خۆ دەکرێت بپرسین؛ئەگەر ڕاسیزمی دینی و قەومی لە بەرژەوەندی کاپیتاڵیزمی چەتەدا نەبێت،بۆچی ڕێگری دەکەن لە شۆڕش و خەباتی ئازادیخوازانەی ئەو چینە کومەڵایەتیەی کە دەیەوێت ژیانێکی یەکسان و ئازاد فەراهەم بکرێت بۆ گشت مرۆڤایەتی؟ئاخۆ سەرانی زلهێزانی جەی بیست کە ئێستا لە ئەنتاڵیای تورکیا لە کوبونەوەدان،لە پێناو کام بەرژەوەندیدا گفتوگۆ دەکەن؟ئاخۆ ئەوە بەڕاستیانە کە دەخوازن بنەماکانی تیرۆر لەنێو ببەن؟یان تەنها ئەوە بۆ کوێر کردنی ڕای گشتیەو دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە درێژە بە سیستەمە چەتەکەی خۆیان بدەن؟ 
ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی ئیسلامی سونی کێ لە پشتیەوەیەتی بەڕاستەوخۆ؟ ئاخۆ ئەو سەرۆکەی کە ناوی ئەردۆ داعشە و ئێستا ئەو سەرۆکانەی داوەت کردوە بۆ وڵاتەکەی،بەڕاستەوخۆ هیدایەت کەری داعش نیە؟ئاخۆ سەرانی وڵاتانی کەنداو کە ئێستا لە تورکیان کۆی تێچووی ئیمکاناتی مادی بەداعش نادەن؟ئاخۆ فاشیزمی بێ پەردە لەمە ڕوونتر دەبێت چۆن بێت؟ کوا سەرانی زلهێزی کاپیتاڵیزم مانای شەرم کردن دەزانن؟
ئەو هاتوو هورایەی بۆ قوربانیانی پاریس بەڕێخراوە،تەنها درۆیەکی گەورەیە لەلایەن سەرانی دەوڵەتی فەرانسە و گشت جیهانەوە؟کوا ئەوان خەمیان لای پاراستنی ژیانی مرۆڤەکانە؟ گەر وابوایە،نەدەبوو ئەبوبەکەر بەغدادی لەنێو زیندانی ئەمریکایەکاندا ئازاد بکرایە و ڕێکخراوی داعشی بەڕێ بخستایە؟
هیچ مرۆڤێکی واقیع بین لاری لەوەنیە کە داعش بنەماکانی ئاینی ئیسلام جێبەجێ دەکات و لەسەر ئەو ڕێڕەوە بەموو لای نەداوە،بەتایبەتیش بۆ مەزهەبی سونی، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە شیعیزمیش باشتر بێت لە سونیزم. دیسان دەبێت بپرسین لە نێو پێشوە چونی مەدی فاشیزمیدا کێ قازانج دەکات؟ئاخۆ تەنها ئەو چینە چەوسێنەرە نین کە دەسەڵاتیان لە ژێر دەستدایە؟ئاخۆ لە پێشوەچونی فاشیزمی مەزهەبی و قەومیدا هاوڵاتی سادە هیچ سودێکی مەعنەوی پێ دەگات؟بێ گومان نەخێر،بەڵکو تەنها نائارامی و ترس و دڵە ڕاوکێی بۆ زیاد دەبێت و مرۆڤەکان لە سەر ڕەنگی پێست و قژیان دەکرێن بەدوژمنی یەکتر و بێ بڕوایی تەواو باڵ دەکێشێت بەسەر ژیانی ڕۆژانەیاندا.
ئەگەر زلهێزانی جیهان و بەناو بەرەی دژی داعش بۆخۆیان داڵدە دەری فاشیزمی داعشی ئیسلام نین،بۆچی پایتەختەکەیان کە ڕەقەیە ژێراو ژوور ناکەن؟ئاخۆ بڵێیت ئەوانی زلهێز لەخەمی ئەو خەڵکە سڤیلەی ڕەقەدا بن بۆیە پەنا بۆ ئەو کارە نابەن؟هیچ کات خەڵکی سیڤیل بەهای نەبوە لای زلهێزانی سەرمایەداری،بەڵکو ئەوە ئەوان بوون کە هەمیشە خەڵکی سیڤیلیان کردۆتە سوتەمەنی لەپێناو بردنە سەری مەبەستە قازانج هێنەرەکانیان.
سەدان هەزار لەمرۆڤی سیڤیل لە سوریا لەگەڵ ماڵ و ژیانیاندا سوتێنراو لەنێو بران،لەپێناو کام ئامانجدا بوو؟ئاخۆ زلهێزان گەر خۆیان بەرهەمهێنەری دیکتاتۆرەکان و ئیسلامی توند ڕەو نەبن لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،بۆچی کاتێک کۆمەڵگا ڕادەپەڕێت دژی ئەو دوو لایەنە،ڕاستەوخۆ دەکەونە وێزەی جەماوەری ڕاپەڕیوو،وە دەست دەگرنە پشتی ئەو دوو دڕندەیەو گڵۆپی سەوزی بۆ دادەگیرسێنن تا بەئارەزووی خویان کوشت و بڕی کۆمەڵگا بکەن!؟
مەخابن،ئێمە لەنێو فاشیزم ترین قۆناخ وسەدەدا دەژین. چونکە لەڕێی گڵۆباڵیزم و لەنێو بردنی کۆی سنورەکان،بۆ خودی بەرەی چەتەی کاپیتاڵیزم ئارەزوو مەندانە تەراتێن و جەنگی خۆیان دەبەنە پێشوو،لە بنەوەیش کۆمەڵگاکان لە ڕێی جەهلی ناسیۆنالیستی و دینیەوە دەکەن بەگژ یەکدیداو و ئەوانیش لەسەرەوە دەست لەنێو دەستن. مەخابن جیهان،تەنها چەتە بازرگانەکان و دەزگا هەواڵگریەکان بەڕێوەی دەبەن و ئەوانی تر تەنها ڕۆبۆتن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە