پرسی کورد و دوژمنە هەجۆرەکانی،وانەیەک نییە،من لێرەدا پێشکەشی خوێنەری بەڕێزی بکەم،لێ ئەوەی ناکرێ لەبیرمان بچێ، داواکاریی یەکریزیی و یەکگرتوویی و بەرنامەی ووردە،لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی بآسووری کوردستان بە تایبەت و هەموو کوردستان بە گشتی. پەنابردن بۆهەر موزایەدەیەکی سیاسی و هەوڵی پاشقول و تۆماری شکست لەسەر یەکتر و تینووبوون بە خوێنی یەکتر و چاوشارکێ لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و بەخدا و دیمەشق لەسەر حسابی ئەسڵی کێشە نەتەوەییەکەمان،یاری بەئاگرە و دەرئەنجام خۆسووتان و دۆڕان و ریسوابوون و رووزەردییە لای کورد و مێژوو..بۆیەکا پێویستە لەسەر هەموو لایەک بەوپەڕی بەرپرسانەوە،مامەڵە لە نێوخۆ و لەگەڵ دەرەوەدا بکەن. ئیدی چرکەساتی ئەوە هاتووە،لە مێژووی خوێناویمان و ئەو هەموو تراژیدیا و بەسەرهاتە دڵتەزێن و تاڵانەوە،بە درێژایی ٢٧٠٠ ساڵ زێترە،پەڕۆیەک دڵسۆزانە بۆ لێوە فێربوون دابدڕین و وانەیەکی ئاقڵانە فێربین و چیدی رێگە بە ژیانی بندەستی و ژێر چەپۆکی ستەمکاران بە خۆمان رەوا نەبینین.
یەکخستنی گوتاری کوردی و یەک سەنگەری لەبەرامبەر داگیرکەراندا،دەرچوون لەم تاقیکردنەوە و قۆناخە سەختەدا،کە سەدساڵ بەسەر رێکەوتننامەی ستەمکاری و رووڕەشی سایکس ـ پیکۆدا ،تێدەپەڕێ و کورد و کێشە رەواکەی ،سەرنجی جیهان و ناوەندەکانی بڕیاردان و زلهێزەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە،دەرفەت و ئاسۆیەکی روون و گەشی باشتری خستۆتە بەردەم گەلەکەمان،تا بە ئاواتە پیرۆزەکانی لە کوردستانێکی ئازاد و یەکسان دا شاد بێت..