بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە مەچنە دەرەوە.


ڕێز له‌ ئیراده‌و فه‌رهه‌نگی كاكه‌ییه‌كان بگرن !!

Saturday, 11.28.2015, 20:23

1146 بینراوە


كاكه‌ییه‌كان خاوه‌نی دیینی میترایی بوون كه‌ دینی ئارییه‌كان بووه‌ زیاتر له‌ (4500  ( ساڵ به‌رله‌مڕۆ به‌ده‌ركه‌وتووه‌ ، میترایی دینی میتانیه‌كان بووه‌ ، كه‌ به‌ره‌چه‌له‌ك كوردی ره‌سه‌نن ، هاوبه‌شی لێكچونێكی زۆر له‌ نێوان دینی كاكه‌یی و زه‌رده‌شتیدا  هه‌یه‌ كه‌ ئه‌توانم بلێم له‌یه‌ك چاوگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ، دینیی كاكه‌ی كۆنتره‌ له‌ دینیی زه‌رده‌شتی ، كاكه‌ییه‌كان زه‌رده‌شت به‌ پاكترین و بیگه‌ردترین وینه‌باس ده‌كریت ، دینی كاكه‌یی و زه‌رده‌شتی له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ هه‌لقولاون كه‌ له‌ سئ ڕواڵه‌تدا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانیش : ڕاستگۆیی و به‌رچاو فراوانی و دینداری ، كاكه‌ییه‌كان خاوه‌نی هه‌ستێكی مرۆڤدۆستین زیان ناگه‌یه‌نن به‌ هیچ بونه‌وه‌ریك ، به‌ دارودره‌خت به‌ ڕێگاوبان به‌ ژینگه‌ ، هه‌میشه‌ پاریزه‌ری سروشتن ، نه‌ك ویرانكردنی .
له‌كوردستان كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ دۆخێكی زۆر دژواردان  ، هه‌میشه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر شوناسیان ، چونكه‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومی زانستی نیه‌ كه‌ جگه‌له‌  پاریزگاركردن له‌ دینیی كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان  ، ببیته‌ فاكته‌رێك بۆ گه‌شه‌كردن و نه‌شونمای دینی له‌ ناو ژینگه‌ی كوردیدا ، كاكه‌ییه‌كان زاده‌ی هه‌لومه‌رجی میژووی جیۆسیاسی و دیموگرافیای كوردستانن ، واقیع و ئه‌گۆمینتی مێژووی باشترین وه‌ڵامه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌لێن : كاكه‌ییه‌كان كوردنین !!
كورد له‌سه‌ر خاكی خۆی پیویستی به‌ رۆحییه‌تی پیكه‌وه‌ ژیانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان ، به‌ جیاوازی ئیتنیی و ئاینیی و ئایدۆلۆژیاو سیاسییانه‌وه‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر نا كورد قیزه‌وترین سیاسه‌تی ته‌به‌نی كردووه‌ له‌ نیو كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی  ( ئیزیدی و كاكه‌ی  و كلدو ئاشوری و هتد ) .
به‌رگریكردن و پاراستنی دینی كاكه‌ییه‌كان ، به‌رگریكردنه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی دیموكراسی و ئینساندۆستی و وه‌فاداری بۆ خه‌بات و تیكۆشان و ناسنامه‌یان ، ڕاستیه‌كان به‌ هیچ هێزو گروپ و لایه‌نێكی سیاسی ئاوه‌ژوو ناكرێت ، پێكه‌وه‌ ژیان دروشم نیه‌ ، فه‌رهه‌نگێكی دیموكراسیه‌ و پێویستی به‌ كرداره‌ ، پراكتیزه‌كردنی كردار عه‌مه‌ل و هه‌نگاوی جدی پێویسته‌ ، له‌ڕابردوو هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی كاتێك گڵۆڵه‌یان كه‌وتووه‌ته‌ لێژی ، وه‌یان توشی ئیشقاقی سیاسی و لێكترازان بوون ، له‌ پێناو هه‌ڵسانه‌وه‌و ڕاستكردنه‌وه‌ی باری خواری خۆیان كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌كانیان به‌كارهیناوه‌ وه‌یان 180  پله‌ بایان داوه‌ته‌وه‌ به‌لایاندا !!
هه‌ربۆیه‌ كاكه‌ییه‌كان كاڵای ده‌ستی هیچ هێزێكی سیاسی نین بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی باری خواری خۆیان به‌كاریان بهیێن ، كاكه‌ییه‌كان خاوه‌ن ئیراده‌ و فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به‌ خۆیانن ، ده‌بێت رێز له‌ ئیراده‌و فه‌رهه‌نگی كاكه‌ییه‌كان بگیرێت ، نه‌ك ئیراده‌ی سیاسی فه‌رزبكرێت به‌سه‌ریاندا ، پێكه‌وه‌ ژیانی ئاین و ئاینزاكان ، نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان ، هیزو گروپ و ریكخراوه‌ سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و كلتورییه‌كان به‌ ته‌واوی جیاوازییانه‌وه‌ ، به‌شێكی هه‌ره‌گرنگی فه‌رهه‌نگی دیموكراسیه‌ت پێك ده‌هێنن ، كه‌ ئه‌وه‌ش خه‌ون و خولیای هه‌موومانه‌ پێكه‌وه‌ له‌ مالێكی ئارام و پڕ له‌ ئاسایش و هێمندا  بگوزه‌رێین .
ئه‌وه‌ی له‌ شنگال روویدا په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شه‌ به‌ نێوچاوانی ئه‌زمونی سیاسی و حوكمڕانی و حوكمڕانانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ، چونكه‌ ته‌سلیم كردنی شنگال به‌دڕنده‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ، جا له‌ ژێر په‌رده‌و چه‌تری هه‌ر لایه‌نێكدا بێت ، بێ شمه‌رمییه‌ ، بئ ئینسافییه‌ ، كه‌ به‌رامبه‌ریان كرا ، ده‌بوو لانیكه‌م به‌رله‌هاتنی داعش بۆ شنگال كوردانی ئیزیدی له‌ پێناو پاراستنی شكۆو هه‌یبه‌ت و شوناس و ناسنامه‌و شه‌ره‌فیان بگوازرانایه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر كه‌ ده‌ستی داعشیان پئ نه‌گات  .
خۆئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیاسه‌تمه‌دارانی كورد خۆیان به‌به‌پرس بزانیبایه‌ ، ده‌بوو ئیستا له‌به‌رچاوی هه‌مووان و ڕای گشتی ئه‌وانه‌ی شنگالیان به‌م كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ برد ، شه‌رمه‌زارو ڕیسوا و شاربه‌ده‌ر بكرانایه‌ ، نه‌ك پله‌و پۆستیان پئ بدرێت !
له‌كۆتایدا ده‌لێم ئیمه‌و كاكه‌ییه‌كان یه‌ك سه‌نگه‌رین بۆ به‌رگریكردن له‌ شوناس و ناسنامه‌ی كوردایه‌تیمان  ، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ تێكۆشان و خه‌بات ، له‌ پێناو پێشكه‌شكردنی قوربانی و قوربانیدان بۆ دوباره‌ زیندووبونه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كلتوری و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تیمان .