لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش مەحمود سەنگاوەیەکان زۆرن!

Saturday, 05/12/2015, 1:14

3683 بینراوە


مێژوو هات ونەهات نازانێت، کە مێژووکە هات دەبێ گوێی لێ ڕابگری. یان مێژوو کە چوو، پێویستە ئەزموونی لێ وەربگێرێ. کۆمەڵگای کوردەواری قەت نەیتوانیوە بە سەر ئەو کەند و کۆستانەدا سەربکەوێ کە بە دەستی نەیار و بە دەستی خۆمان چێ کراون. بۆ بێ بەختی نەتەوەی کورد سەرکردەکان کە لە دایک دەبن وپاشان مەزن دەبن لە جیاتی ببنە لەمپەرێکی کوردخوازانە دژی دوژمن، رێک دەبنە دێوجامەیەک و لە گیانمان بەردەبن.!
زۆرجار شەرم دەمگرێ لە چۆنیەتی دروستبونی سەرکردە وئەو حیزبەی سەرکردە پێشهەنگی بۆ دەکا تا رزگارمان بکات. ئەوەی کە لە سەدەی رابردوودا دوژمن لێی کوشتووین بە مافی خۆی زانیوە. ئەوەی کە حیزب و سەرکردە بە کوشتی داوین جێگای پرسیار و نەهامەتییە. هەتا ئێرە جگە لە دوژمن/ دوو / کەس، یەکیان سەرۆک عەشیرەی بارزانی وئەوی دیش جەلال تاڵبانییە کە رێک دوو هیندی داگیرکار تاکی کوردیان بە کوشت داوە، یان بۆ خۆیان کوشتوویانین. پاشی ٢٤ساڵ تەمەنی دەسەڵاتی کورد بڕۆن چاولێبکەن چمان بۆ بەرهەم دێنن.
سەرتۆپی هەموو نەهامەتیەکان رووناکبیر و نووسەری کوردە لە باشووری وڵات. بەسەر دووناوچەدا دابەش بوون ولەئاست رووداوەکان قڕوکپ چاویان لە دەستی ئەو دەسەڵاتەیە کە لە سەرناوی/ کوردایەتی / ئەوە ٢٤ساڵە سەددام ئاسا دەمانچەوسێننەوە! تۆ بڵێی کوڕەکانی دیکتاتۆڕ، عەشيرەی بارزانی، منداڵ و ژنە سێبەرەکانیان قەت نۆکاویان  خواردبێ؟ کاتێک کە خێزانەکانیان دووگیان بوون؟ (من باسی ئەو٢٤ساڵە دەکەم). کاوە گەرمیانیان تیرۆرکرد، شیرینیان تیرۆر کرد، ئامەدیان تیرۆر کرد! دایکی خۆگێیەکی وەک مەحموود سەنگاویش ئێستێ بۆتە قارەمانی شەڕ دژی داعش! ئەدی کۆمەڵگای نەخۆش چۆن دەبێ بۆ پێم ناڵێن؟
ئەوەی کە ئێستێ بۆتانی دەگێڕمەوە، قەتم پێ خۆش نەبووە باسی بکەم بەڵام لە سێهەمین ساڵەهاتی تیرۆری کاوە دا مەجبوور بووم بۆ یەکەمجار وەبیرخۆمی بێنمەوە. تا بزانین لە وڵاتی رۆژدا جارێ مەحمود سەنگاویەکان تەواونابن. پاسدارو بەسیج (حەشدی شەعبی ئێرانی) لە شاری مهاباد کوچە وکۆڵانیان تەنیبوو شار گیرابووە، جار جارلە سەر ناوی (پێشمەرگە) جموجۆڵێکی بچووک دەبینرا. خەڵک هەتا رادەیەکی زۆر لە مەنگەنە کەوتبوون. نەیاندەوێرا قسەی دڵی خۆیان بە ڕاشکاوی بێننە سەرزار.هەم لە دەوڵەت دەترسان وهەمیش لە حیزبەکان، نەکا ناو و ناتۆرەیان بەسەردا بسەپێنن.! لە هەر کۆڵانیكدا شەوانە تەقە کرابا بۆ بەیانی پاسدارێکی زۆر ئەو گەڕەکەیان دەتەنی  گەمارۆیان دەدا و ماڵ بە ماڵیان ورد ورد دەپشکنی!
" بەڵگەیەک بۆ کوشتنم"
دوای نانی نیوەڕۆ لای ئێوارە لە گەڵ منداڵانم چووینە ماڵی دۆستێکمان و شەوێ لەوێ ماینەوە. بۆ بەیانی هەمیسان لای ئێوارە بەرەو ماڵ داگەڕاین. دوور و نزیک بووینەوە دیتمان کۆڵان قەرەباڵغە و پاسدارەکان کون بە کون ماڵەکان دەگڕێن. پیاوەکانیان لە جێیەکی کۆڵان کۆکردبۆوە و ژن ومنداڵی هەژاریش لە ژووری ماڵەکاندا راگیرابوون. منیشیان وەک ئەوانی دی جوێ کردوە بەرەو ژووری ناو ماڵەکەم چوونە ژوورێ! من هیچم لە خۆمدا شک نەدەبرد. هیچ بەڵگەیەک نەبوو کە بیدۆزنەوە  و وەک تاوانبار بمگرن. ئەو دۆخە دووکاتژمێری خایاند وکۆتایی پێهات.
ماوەی دوو حەوتوو تێپەڕیبوو، رۆژێک لە ماڵەوە دانیشتبووم ، خێزانم بە ئاسپایی بانگی کردم وگووتی تا چێشتخانە وەرە! پێم سەیربوو! لە کاتی ئاڵووێرکردنی قاپ وقابڵەمەکای ناو چێشتخانە لە ژێر یەکێک لە قابڵەمەکاندا (بەڵگەیەکی) دۆزیەوە کە ئەگەر ئەو کات پاسدارەکان دۆزیبایانەوە هەر لەبەر دەرگای ماڵەوە تیرە بارانیان دەکردم. بەڵگەکە حاشاهەڵنەگربوو، لە هیچ دادگایەکدا، لەلای هیچ دادوەرێک نەمدەتوانی ئیسپاتی کەم کە ئەو بەڵگەیە هی من نییە! چوون لە ماڵەکەی مندا دۆزرابۆوە.
وەرن سەیری ئەو رۆژگارە بکەن. هاوڕەگەزی خۆت، هاوزمانی خۆت، هاونیشتمانیی خۆت، هاوشاری خۆت،  کە بۆ رزگاری زەحمەتکێش و رەنجدەر تێدەکۆشێ وخۆی بە رزگاریدەر پێناسە دەکا، تەڵەت بۆ دانێتەوە تا بەدەستی دوژمن بە کوشتت بدا، چون وەکی ئەو بیر ناکەیەوە و رەخنەی لێدەگری! ئەو شەوەی کە ئێمە لە ماڵ نەبووین لە کاتی نیوە شەودا و بە دزیی خۆیان خزاندبوو ناو ژووری ماڵمان ئەو بەڵگەیان دانابوو تا لە وەها رۆژێکدا بکەوتە دەست دوژمن و لەسەری لەدار بدرێم!
جیرانەکەمان هەستیان بە چوونی ئەو دوو کەسە کردبوو بەڵام وایاندەزانی میوانن و ئێمەش لە ماڵەوەین. زانیم کار کاری کێیە. تا بەیانی نەمانتوانی رازێین. ئەمن وئەو کارە! ئەمن کەرەسەی مرۆڤ کوشتن! دەمزانی دوکانەکەی لە کوێیە. بەڵگەکەم هەڵگرتوو چوومە لای. قەت نەیتوانی ئینکاری بکا، دامەوە دەستی وهەڵیگرت!. چوون ئەو کەسەی کە لە گەڵی بوو لە نزیکەوە دەمناسی. بە ئارامی لە لای ڕۆیشتم وهیچم نەکوت. ئێستێ نزیکەی ٣٤ساڵ لەو رووداوە تێدەپەڕێ. ئەو کەسە بۆ خۆی و بنە ماڵەکەی خەریکی کۆکردنەوەی سامان و پارەیە لە شاری مهاباد. منی رەبەنیش لە هەندەران چاوەڕوانی ئەوەم ئاخۆ رۆژێک دادێ بتوانم بگەڕێمەوە زێدی خۆم؟ مەحمود سەنگاوی لە حیزبێکدا بەرپرسە، کە جەلالی کورد کوژ رێبەری دەکا. ئەوانەی رۆژهەڵاتیش هەر بە فیتی ئەو کورد کوژە ٣٣ ساڵ دەبێ لە زڕەگوێز ، گوێزان لەسەر کۆشی بارزانی تاڵەبانی دەژمێرن. چارەنووسی نەتەوەیەک سەنگاوەییەکان بە دەستیەوە بگرن هەر ئەوەی لێ شین دەبێ کە گەنجی ئەو وڵاتە هەزا هەزار روو لە غەریبی بکا و بارزانیش قەراردادی (پەنجا ساڵەی) نەفت لە گەڵ دڕندەترین دوژمن مێژویی کورد واژۆ بکا. لە ساڵەهاتی تیرۆری  ئەو کاوە گەرمیانی نەمرەدا جگە لەوەی برینی ئەو تیرۆرە دووبارە هەڵەسوونە دێنێتەوە و خەم تان پۆی ژیانی بنەماڵەی کاوەی شەهید دەتەنێ چیدیکەمان لە دەست ناهاتووە. کاوەگەرمیانی دەسەڵاتداری کورد تەڵەی بۆ راخست. بۆ منیش کورد دەیخواست بە دەستی نەیار وەسەر تەڵەم پەڕێنێ و بە کوشتم بدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە